فلووت 

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2021-10-29-22:11:00 - کۆدی بابەت: 7037
فلووت 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئامێرێکی میوزیکی هەواییە، سەر بە کۆمەڵەی ئامێرە هەواییەکانە کە ئەو ئامێرانەن بەهۆی فوو پێداکردنەوە دەنگ دروستدەکەن, دەنگێکی ڕوونی ساف و گەرمی هەیە، لە ماددە گرانبەهاکان دروست دەکرێن، وەک: ئاڵتوون و زیو و پلاتین و هەندێک جاریش دار، شێوەیەکی لوولەکی هەیە و لە چەند کونێک پێکهاتووە کە دوابەدوای یەکتر ڕیزکراون و کلیلیان هەیە، بەکارهێنانی ئەم کلیلانە بۆ داخستن و کردنەوەی کونەکانە کە ئاوازی جیاوازیان پێ دروست دەکرێت.
پێکهاتەی فلووتەکان لە یەک پارچەی کانزایی بە هەمان ئەستووری دروستنەکراون، بەڵکوو لە چەند شوێنێکیدا تەنک دەبنەوە.

قۆناغەکانی گەشەسەندنی فلووت

فلووتە سەرەتاییەکان لە ئێسکی ئاژەڵ دروستدەکران، کە لە ئەوروپادا بەکاردەهێنران لە چەرخی بەردینی کۆندا، ئەم جۆرەش بە بنچینەی فلووتەکان دادەنرێت کە هیچ کلیلێکیان نەبووە و هاوشێوەی شمشاڵ بوون، فلووتەکان لە سەدەی ١٦ـیەمدا بەتەواوی ئاسایی بوون و پێکهاتبوون لە بنچینەیەکی لوولەکی و کونێکی فوو پێداکردن و حەوت کونی دیکە کە بۆ پەنجەکان دروستکرابوون، ئەم شێوازەیان تەنها یەک جۆر دەنگی تایبەتی دروستدەکرد.
دواتر لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٧ـیەمدا فلووتی شێوە قووچەکی کە یەک کلیلی هەبوو دەرکەوت، ئەم نوێگەرییەش وایکرد کە ئەم جۆرە فلووتەیان هەموو ئاوازێکی پێبژەنرێت، لە ئەمڕۆدا ئەو ئامێرە ناودەبرێت بە (بەڕوک فلووت).
دواتر 'ثیوباڵد بوهم' کە داهێنەری ئامێرە هەواییەکانە (فوودارەکانە) لە پێشانگای پاریس لە ساڵی ١٨٤٧ دا، جۆرێکی نوێی لە فلووت خستەڕوو، کە پێکهاتەیەکی کانزایی هەبوو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کلیکی پەیوەست بە کونەکانەوە، ئەم مۆدێلەیان بووە فلوتی مۆدێرن کە تا ئێستا بەکاردێت.

جۆرەکانی فلووت

جۆرەکانی فلوت بریتین لە: (C فلووت)، (ئەڵتۆفلووت)، (پیکڵۆفلووت)، (ئی بی سۆپرانۆفلووت) و (باس فلووت).
هەموو ئەم جۆرانەی فلووت بە یەک شێوە دەژەنرێن، بەوهۆیەشەوە ژەنیاری یەکێک لە فلووتەکان توانای هەیە هەموو جۆرەکانی بژەنێت، دەتوانرێت بە تەنها و لەگەڵ ئامێرەکانی دیکەشدا بژەنرێت.

  • بەناوبانگترین جۆری فلووت بریتییە لە (C فلووت) کە ناسراوە بە فلووتی ئاهەنگە ڕۆژئاواییەکان و باشترین جۆریانە بۆ فێرخوازانی سەرەتایی کە خولیای فێربوونیان هەیە.
  • دووەم جۆری فلوت بریتییە لە پیکڵۆ فلووت کە بچووکترە لە (C فلووت)، هەرچەندە خاڵی هاوبەشیان هەیە بەڵام جیاوازی دیاریشیان تێدایە، زۆربەی پیکڵۆ فلووتەکان لە دار دروست دەکرێن چونکە ئەگەر لە ماددە کانزاییەکان دروستبکرێن، دەنگێکی تیژی بەرزیان لێوە دەردەچێت کە ئەمەش گوێیەکان بێزار دەکات و کاتێک لەگەڵ ئامێرەکانی دیکەدا بژەنرێت، ڕێک ناکەوێت، ئەم جۆرەی فلووت سەرەتا قووچەکی بوو دواتر لە سەدەی نۆزدەیەمدا ڕێککرایەوە،.
  • هاوکات سێیەمین جۆری فلووت پێی دەوترێت ئەڵتۆ فلووت، کە لە (C فلووت) تەنکتر و درێژترە، بۆ ژەنینی پێویستی بە ژەنیارێک هەیە کە سییەکانی چالاک بن و توانایەکی باشی هەناسەدانیان هەبێت.
  • جۆرە ناباوەکەی فلووت بریتییە لە (باس فلووت) (بە ئینگلیزی: Bass flute) کە کەمترین خواستی لەسەرە، بەوهۆیەشەوە کەمترین ناوبانگی هەیە.
  • بێجگە لەم جۆرانەی فلووت دوو جۆری دیکە هەن پێیان دەوترێت فلوتی پلاستیکی و داری، کە پلاستیکییەکەیان جۆرێکی تایبەتە، هەرزانتر و سوکترە لە فلووتەکانی دیکە، چەندین ڕەنگی هەیە و فێرخوازێکی سەرەتایی و پێگەیشتووش دەتوانن بەکاری بهێنن.
    هاوتا لەگەڵ فلووتە دارییەکان کە لە دار دروستدەکرێن و لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی ئەمریکا و دەنگێکی هاوشێوەی فلووتە کانزاییەکانی هەیە کە تیژ و پاک و نەرمە.


سەرچاوەکان



1177 بینین