سەفا و مەروە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-30-19:06:00 - کۆدی بابەت: 10502
سەفا و مەروە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەفا و مەروە یان سەعی نێوان سەفا و مەروە (بە عەرەبی: الصفا والمروة، بە ئینگلیزی: Safa and Marwa) دوو کێوی بچووکی بەرامبەر یەکن، دەکەونە ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی حەرام لە شاری مەککەی شانشینی سعوودیە، دووری نێوان هەردوو کێوەکە ٣٩٥ مەترە. ڕێکردن و سەعی لە نێوان کێوی سەفا و مەروە بنەمایەکی سەرەکییە لە پڕۆسەی ئەنجامدانی حەج و عەمرە و لەلایەن موسڵمانانەوە حەوت جار لە نێوان ئەو دوو کێوە هاتوچۆ دەکرێت.

شوێنی جوگرافی

کێوی سەفا (بە عەرەبی: جبل صفاء) شاخێکە بە دووری ١٣٢ مەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کەعبەی پیرۆزەوە دوورە، سەعی و هاتوچۆ کردنی نێوان هەردوو کێوەکە لە کاتی ئەنجامدانی حەج و عەمرە لە کێوی سەفاوە دەستپێدەکات و ئەرکێکی سەرەکی ئەو دوو پڕۆسەیەیە. هاوکات لەسەر ئەم شاخە پێغەمبەر ﷺ بانگەوازی بۆ ئیسلامی لە نێو قوڕەیش ئاشکرا کردووە.

کێوی مەروە (بە عەرەبی: جبل المروة) لە بەردەڵانێکی سپی پێکهاتووە کە پێی دەوترێت "مەروو"، بە دووری ٣٩٥ مەتر لە کێوی سەفاوە دوورە، دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کەعبەی پیرۆزەوە.

سەفا و مەروە لە سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم

ناوهێنان و دەرکەوتنی سەفا و مەروە بەپێی بۆچوونی مێژوونووسان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، هۆکاری هاتوچۆکردنی نێوان سەفا و مەروە و بوون بە ڕوکن و ئەرکێکی سەرەکی لە پرۆسەی حەج و عەمرەدا، دەگەڕێتەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی هەوڵدانی دایکێک بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی. دوای لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیسماعیل خوای گەورە فرمانی بە پێغەمبەر ئیبراهیم کرد کە خاتوو هاجەرەی خێزانی و پێغەمبەر ئیسماعیلی کوڕی بباتە بیابانەکانی مەککە، بۆیە بۆ بەجێگەیاندنی فرمانی خوای گەورە خێزانەکە کۆچی شاری مەککەیان کرد، پێغەمبەر ئیبراهیم ویستی بەجێیان بهێڵێت، خاتوو هاجەر پرسی کە "ئایا ئەمە فەرمانی خوایە؟" پێغەمبەر ئیبراهیم بە بەڵێ وەڵامی دایەوە و هاجەرە خاتوون هیچ ناڕەزاییەکی دەرنەبڕی.

پاشان پێغەمبەر ئیبراهیم لە خوا پاڕایەوە و لە سوورەتی ئیبراهیم لە ئایەتی 37 باس لەو پاڕانەوەیە کراوە و دەفەرموێت: (رَبَّنَا إِنِّي أَسْكَنْتُ مِنْ ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُوا الصَّلَاةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُمْ مِنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ). واتا: په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی من وه‌چه‌کەم و خێزانەکەم له‌ دۆڵێکی وشکی بێ کشتوکاڵدا جێنشین کردووه‌، له‌ نزیک ماڵه‌ پیرۆزه‌که‌تدا له‌ (بیت الحرام)، په‌روه‌ردگارا بۆیه‌ لێره‌ نیشته‌جێم کردن تاکوو به‌ چاکی نوێژ و خواپه‌رستی ئه‌نجام بده‌ن، داواکارم دڵی هه‌ندێك له‌و خه‌ڵکه‌ که‌مه‌ندکێش بکه‌یت بۆ لایان و له‌ ڕزق و ڕۆزی جۆراوجۆر به‌هره‌مه‌ندیان بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری تۆ بکه‌ن.

هەڵقووڵانی ئاوی بیری زەمزەم

دوای ئەوەی خاتوو هاجەر و ئیسماعیلی کوڕی بە تەنها لە مەککە مانەوە، ئەو بڕە ئاوەی کە لەلایان بوو لەگەڵ بڕی ئەو خورمایەی کە پێیان بوو تەواو بوو، بۆیە دووچاری برسێتی و تینوێتییەکی سەخت بوونەوە. خاتوو هاجەر بۆ دۆزینەوە و دابینکردنی ئاو بۆ کوڕەکەی، بە ناوچەکەدا گەڕا و نزیکترین کێو لێوەی "کێوی سەفا" بوو چووە سەری، پاش چاوگێڕانی بۆ ئاو لەوبەری کێوەکە تەڕاویلکەی بینی (تەڕاویلکە واتا تەڕاییەکی ناڕاست یان سەراب) خێرا دابەزی و چووە سەر ئەو کێوەی کە سەرابەکەی لەسەری بینی بوو کە کێوی مەروە بوو، ئەم کرداری هاتووچۆ و ڕاکردنەی لە نێوان هەردوو شاخەکە بۆ حەوت جار بەردەوام بوو و حەوت جار دووبارەی کردەوە، لەسەر کێوی سەفاوە دەچووە سەر کێوی مەروە، تاکوو لە کۆتا جار بینی کە لە نزیک کوڕەکەی و لە شوێن پێییەکانی ئەوەوە ئاوێکی سازگار هەڵقووڵاوە، هەردووکیان لە ئاوەکە تێریان خواردووەتەوە بەڵام ئاوەکە لە هەڵقووڵان هەر بەردەوام بووە، تاکوو خاتوو هاجەرە فەرموویەتی "زم زم" کە واتای "وشک بە وشک بە"ـەیە.

ئەم وشەیە سەر بە زمانی نوودییەکانە کە دانیشتووانی باکووری سوودان و باشووری میسر بەو زمانە قسەیان کردووە و خاتوو هاجەریش یەکێک بووە لەو گەلە، دواتر وشەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووەتە "زەمزەم". بەهۆی ئەم ڕووداوە و هەوڵی دایکێک بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی، خوای گەورە پرۆسەی هاتووچۆکردنی حەوت جار لە نێوان کێوی سەفا و کێوی مەروەی کردووە بە ڕوکن و بنەمایەکی سەرەکی لە ئەنجامدانی پڕۆسەی حەج و عەمرەدا.

هاتوچۆکردن لە نێوان سەفا و مەروە

هاتوچۆکردن یان سەعی لە نێوان سەفا و مەرەوەدا بنەمایەکی سەرەکییە لە ئەنجامدانی پرۆسەی حەج و عەمرەدا. "السعي" لە زمانی عەرەبیدا چەند واتایەک دەبەخشت، یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە هاتوچۆکردن یان ڕۆیشتن و ڕێکردن.

سەعی نێوان سەفا و مەروە لەکاتی ئەنجامدانی حەج و عەمرە بنەما و ئەرکێکی واجبە، واتا ئەگەر ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدەیت حەج و عەمرەکەت کامڵ نابێت، بەپێی دەقی قورئانی لە ئایەتی ١٥٨ سوورەتی البقرة خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ ۖ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِ أَنْ يَطَّوَّفَ بِهِمَا ۚ وَمَنْ تَطَوَّعَ خَيْرًا فَإِنَّ اللَّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌ)، واتا: به‌ڕاستی سه‌فا و مه‌روه‌ له‌ دروشمه‌كانی خوای په‌روه‌ردگارن، ئه‌وه‌ی حه‌جی ماڵی خوا ده‌كات یاخود عه‌مره‌ ئه‌نجام ده‌دات ئه‌وه‌ هیچ گوناهێكی له‌سه‌ر نییه‌ ئه‌گه‌ر هاتوچۆو بكات له‌ نێوانیاندا، ئه‌وه‌یشی خۆبه‌خشی ده‌كات و عه‌مره‌ و ته‌وافی زیاتر ده‌كات با بزانێت كه‌ خوا زانایه‌ بە کردەوەکانی.

شێوازی ئەنجامدانی هاتوچۆکردنەکە حەوت جارە و ڕێکردنەکە لە سەر کێوی سەفاوە دەست پێدەکات، حەوت جار هاتوچۆکردن لە نێوان هەردوو کێوی سەفا و مەروە بەردەوام دەبێت، کۆتاجار و حەوتەم جاری لەسەر کێوی مەروە کۆتایی دێت.

سەفا و مەروە لە سەردەمی قوڕەیشییەکان

لە سەردەمی نەفامی و پێش هاتنی ئیسلام قوڕەیش بتێکیان بە ناوی "ئەساف" لەسەر کێوی سەفا دانابوو، بتێکی تریشیان بە ناوی "نائیلە" لەسەر کێوی مەروە دانابوو، قورەیشییەکان بە شێوازی خۆیان تەوافیان بە دوری هەردوو بتەکە دەکرد. قوسەی کوڕی کیلاب ناودارترین سەرۆک هۆزی قوڕەیشییەکان بوو، ئەو یەکەم کەس بوو پێش هاتنی ئیسلام دەوروبەری کەعبەی پیرۆزی ئاوەدان کردەوە و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدا دروست کرد، هەر ئەویش خانووی لە نێوان و دەوروبەری کێوی سەفا و مەروە دروستکرد.

سەفا و مەروە لە سەردەمی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان

بەهۆی بنیاتنان و دروستبوونی ڕێگای هاتوچۆ و کاریگەری کەشوهەوا و لافاوەکانی شاری مەککە، بەپێی تێپەڕبوونی کات هەردوو کێوەکە بەهۆی ئەم هۆکارانەوە تووشی شکانی بەردەڵانەکانیان بوونەوە و خاکەکەیان تووشی نزمبوونەوە بوو. جێنشین و فەرمانڕەوا ئیسلامییەکان گرنگییەکی تەواویان بە نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانەوەی سەفا و مەروە داوە.

لە ڕابردوودا ڕێڕەوی نێوان هەردوو کێوەکە لە بەردەڵان و لم و خۆڵ پێکهاتبوو. لە سەردەمی جێنشینی عومەری کوڕی خەتاب فراوانکاری و نۆژەۆکردنەوەی ڕێڕەوی نێوان هەردوو کێوەکە دەستی پێکرد. له سەردەمی ئومەوییەکان و بە دیاریکراوی لە سەردەمی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان ڕووناککەرەوە لە نێوان هەردوو کێوەکە دانرا.

لە سەردەمی ئەبووعەبدوڵڵای محمەدی مەهدی جێنشینی عەباسییەکان، فراوانخوازییەکی زۆری لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ و مزگەوتی حەڕام کرد و یەکەم کەس بوو کە بڕیاریدا ڕێڕەوی نێوان سەفا و مەروە و ناوچەکەی لە بەردەڵان پاک بکرێتەوە و خاکەکەی ڕێکخرا. لە ساڵانی نێوان ١٩١٦ بۆ ١٩١٧ لەسەر بڕیاری شەریف حسێنی مەککە ڕێڕەوی نێوان سەفا و مەڕوە دوای ئەوەی خۆڵ و لم بوو چیمەنتۆ کرا و بنمیچ و سەقفی پارێزی بۆ دروستکرا. لە سەردەمی بنەماڵەی ئال سعوودەکان فراوانکاری و نوژەنکردنەوەی سەفا و مەروە گەیشتە لوتکە و گرنگییەکی تەواوی پێدرا.


سەرچاوەکان



1430 بینین