مزگەوتی تاجی مزگەوتەکان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-02-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10525
مزگەوتی تاجی مزگەوتەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاجی مزگەوتەکان (بە ئینگلیزی: Taj-ul-Masajid، بە عەرەبی: تاج المساجد‎)، مزگەوتێکە دەکەوێتە شاری بۆپاڵ لە وڵاتی هیندستان. ئەم مزگەوتە گەورەترین مزگەوتە لە هیندستان و یەکێکە لە گەورەترین مزگەوتەکانی جیهان.

مێژوو

دروستکردنی تاجی مزگەوتەکان لەلایەن نەواب شا جەهان بێیگەم (Nawab Shah Jahan Begum) لە بۆپاڵ لە گەڕەکێکی شاه جەهان ئاباد دەستیپێکرد. بە تەواوی ساڵی دەستپێکردنەکەی ڕوون نییە؛ شارما  پێیوایە کە ساڵی ١٨٧١ دەست بە دروستکردنی کراوە. دوای ئەوەی شا جەهان بێیگەم لە ساڵی ١٩٠١ـدا کۆچی دوایی کرد، کاری دروستکردنی مزگەوتەکە درا بە کچەکەی سوڵتان جەهان بێیگەم. پێکهاتەی مزگەوتەکە وا پلانی بۆ دانرابوو کە لە ناوەڕاستی سێ تەنی ئاویدا دروست بکرێت، بەڵام بەهۆی کەمی بودجەوە تا کۆتایی ژیانی سوڵتان جەهانیش تەواو نەبوو، و کاری بیناسازییەکەی تا ساڵی ١٩٧١ دەستی پێنەکردەوە. لە ساڵی ١٩٧١ـدا بە هەوڵی زانا محەمەد عیمران خان و حیشمەت عەلی سەحاب دەست بە دروستکردنەوەی مزگەوتەکە کرا و لە ساڵی ١٩٨٥ تەواو بوو. دەروازەی چوونە ژوورەوەی ڕۆژهەڵات بە بەکارهێنانی دیکۆراتی کۆنی ساڵی ١٢٥٠ـی مزگەوتەکانی سووریا نوێکرایەوە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ (COVID-19)ـدا مزگەوتەکە وەک ناوەندێکی کوتان بەکارهات.

تەلارسازی

تاجی مزگەوتەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری تەلارسازی مەغۆلەکاندایە. ڕەنگی ڕووکاری دەرەوەی مزگەوتەکە پەمەیی كاڵە و دوو منارەی هەشت لای هەیە ١٨ نهۆمی هەیە کە بەرزی هەریەکەیان ٦٧ مەترە، لەگەڵ سێ گومەزی مەڕمەڕی، رێڕەوێکی سەرەکی گەورە و ستوونە سەرنجڕاکێشەکان. هەروەها زەوی ناوەوەی مزگەوتەکە بە مەڕمەڕ ڕووپۆشکراوە کە هاوشێوەی مزگەوتی جاما لە دەلهی و مزگەوتی بادشاهی لاهورە، حەوشەیەکی هەیە کە لە ناوەڕاستیدا تانکییەکی گەورەی دەستنوێژی تێدایە. ڕووبەری ناوەوەی ئەم مزگەوتە ٢٣٫٠٠٠ مەتر دووجایە و لە توانایدا ١٧٥٫٠٠٠ نوێژخوێن لەخۆ بگرێت. سەرەڕای ئەوەش‌ مزگەوتەکە بەشی ژنانی تێدایە، بەڵام بەدەگمەن نوێژی تێدا کراوه، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئافرەتان بەپێی یاسا و نەریت لە ماڵەوە نوێژیان دەکرد.

کۆبوونەوەی ساڵانە

کۆبوونەوەی تەبلییغی بۆپاڵ کۆبوونەوەیەکی ساڵانەیە و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، خەڵکی لە هەموو جیهانەوە بەژداری تێدا دەکەن. ئەم کۆبوونەوەیە لە تاجی مزگەوتەکان بەڕێوەچوو تا بەهۆی کەمیی شوێنەوە بۆ دەرەوەی شار گواسترایەوە.


سەرچاوەکان



248 بینین