ئەو کەسانەی نابێت بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-04-21:00:00 - کۆدی بابەت: 10544
ئەو کەسانەی نابێت بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو کەسانەی نابێت بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن ( بە ئینگلیزی: People who shouldn’t get married together، بە عەرەبی: الأشخاص الذين لا ينبغي أن يتزوجوا معًا)، هاوسەرگیریکردن یەکێکە لە گرنگترین بڕیارەکانی ژیانی هەرکەسێک، لەم ڕووەوە ناسینی کەسی بەرانبەر یەکێکە لە بنەماکان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرێکی گونجاو  ئەگەر ئێوەش بڕیاری هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانێکی نوێتان داوە، باشترە کە بە ناسین و تەواو شارەزابوونی کەسی بەرانبەر ئەم کارە ئەنجام بدەن، بۆئەوەی ئەنجامێکی دڵخواز و نایاب بەدەست بهێنن. هەروەها پێویستە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە نابێت لەگەڵ چ کەسێکدا هاوسەرگیری بکەن. 

ئەو کەسایەتییانە ناگونجێت پێکەوە هاوسەرگیری بکەن

بۆ زانینی ئەوەی کە کام جۆرە کەسایەتییانە نابێت بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن سەرەتا دەبێت لێکۆڵینەوە لە کەسایەتییە جیاوازەکان بکرێت و تایبەتمەندییەکانیان بەباشی بناسن ئەوکاتە دەتوانین بڵێین کام کەسانە لەگەڵ کامە کەسایەتییانە بۆ هاوسەرگیری بەیەکەوە ناگونجێن و نابێت پێکەوە هاوسەرگیری بکەن.

بیردۆزی لێکچوون

بۆ ئەم بابەتە دوو بیردۆز بوونیان هەیە یەکێکیان بیردۆزی لێکچوونە، کە تێیدا پێشنیار دەکرێت ئەو کەسانەی تایبەتمەندی ڕەفتاری لێکچوویان هەیە بۆ هاوسەرگیریکردن پێکەوە گونجاون، ئەگەر پێکەوە بچنە ناو ژیانێکی هاوبەش سەرکەوتوو دەبن، بەڵام ئەم بیردۆزە کێشەیەکی هەیە و ئەویش ئەوەیە بۆ نموونە ئەگەر دوو کەس کە هەردووکیان تایبەتمەندی ڕەوشتی خۆبەگەورەزانینیان هەیە، بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن ئەوا بەردەوام لە ژیانیاندا پێکەوە ناکۆکییان هەیە، چونکە هەردووکیان خۆیان لەوەیتر بە گەورەتر دەزانن. کەواتە لەئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە بیردۆزی لێکچوون هەمیشە سەرکەوتوو نەبووە و ناتوانین بڵێیین دوو کەسی خاوەن کەسایتی لێکچوو بۆ هاوسەرگیری کردن پێکەوە گونجاون.

بیردۆزی تەواوکەری

ئەم بیردۆزەش خۆی بۆ دوو بەشی تەواوکەری ناتەندوست و تەواوکەری تەندروست دابەش دەکرێت:

تەواوکەری ناتەندروست

ئەم بیردۆزە دەڵێت ئەو کەسانەی کە خاوەن کەسایەتی تەواوکەرن بۆ هاوسەرگیریکردن پێکەوە گونجاون، ئەم بیردۆزەش وەکوو بیردۆزەکەی پێشوو هەمیشە سەرکەوتوو نابێت بۆ نموونە وایدابنێن یەکێک لە لایەنەکان کەسێکی بەهێز بێت کە ویستی دەسەڵاتی هەبێت و لایەنەکەی تر کەسێکی وابەستە بێت و متمانەبەخۆبوونی نەبێت لەوانەیە ئەم دووانە بە ڕووکەش کەسایەتییەکانیان تەواوکەری یەکتر بن، بەڵام کاتێک کە پێکەوە دەست بە ژیانی هاوبەشی دەکەن دوای ماوەیەک ئەو کەسەی کە متمانەبەخۆبوونی کەمە زۆر زیانی بەردەکەوێت کە شیاوی قەرەبووکردنەوە نین. کەواتە دەتوانین ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین کە بیردۆزی تەواوکەری ناتەندروست ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نابێت و باشترە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز پێکەوە هاوسەرگیری نەکەن، چونکە لەم هاوسەرگیرییەدا یەکێک لە لایەنەکان زیانی پێدەگات و پێکەوە ژیانیان بۆماوەیەکی زۆر بەردەوام نابێت.

بیردۆزی تەواوکەری تەندروست

بەپێچەوانەی بیردۆزی پێشوو بیردۆزی تەندروست پێی وایە ئەگەر کەسێک کەسایەتییەکی توند و تووڕەی هەیە باشترە لەگەڵ کەسێکی لەسەرخۆ و ئارامگر هاوسەرگیری بکات، ئەم دووانە تەواوکەری زۆر باش دەبن بۆ یەکتری و دەتوانن پێکەوە هاوسەرگیری بکەن و هیچ لایەنێکیان زیانێکی زۆری پێناگات.

ئەو کەسانەی نابێت بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن

- جیاوازی زۆری تەمەن لەنێوانیان

جیاوازی زۆری تەمەن لە هاوسەرگیریدا، ویست و حەز و ئارەزووی دژیەک دروست دەکات. ئەگەر لە هاوسەرەکەت گەورەتر بیت، چونکە ئەزموونی زیاترت هەیە بەبێ مەبەست هەوڵ دەدەی ئامۆژگاری و ڕێنمایی هاوسەرەکەت بکەیت. تۆ دەزانیت شێوازی دروستی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکان چۆنە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەکوو منداڵێک لەگەڵ هاوسەرەکەت هەڵسوکەوت بکەیت و پەیوەندییەکەتان وردە وردە لە پەیوەندی باوک و منداڵ نزیک دەبێتەوە. 

- یەکێکیتر لە هۆکارەکانی ئەوەی کە نابێت دوو کەس پێکەوە هاوسەرگیری بکەن بریتییە لە جیاوازی ئاستی کۆمەڵایەتی و دارایی.

- بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش و بەردەوام، بوونی خاڵی هاوبەش زۆر پێویستە. باشترە کە تا ڕادەیەک حەز و ویستی لێکچوو و بیروباوەڕی هاوبەشتان هەبێت، ئەم خاڵە هاوبەشانە دەبێتە هۆی ئاسانتر کردنی ژیانی هاوسەری، هەروەها ئەو فشار و ناکۆکییانە کەم دەکاتەوە کە لەئەنجامی جیاوازییەکانەوە دروست دەبن، ئەم جیاوازیانەش پێکدێن لە جیاوازی دینی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و جیاوازی ڕۆشنبیری، ئەم بابەتە دەتوانێت ڕێخۆشکەر بێت بۆ کێشەکان لە ژیانی هاوبەشیدا لەسەرەتای ژیانی هاوبەشی ئەم بابەتە زۆر گرنگ و جێگەی تێڕامان نییە، بەڵام کاتێک کە پەیوەندییەکە قووڵتر دەبێتەوە، ئەم جیاوازییانە لەنێوان هاوسەرەکاندا کێشە دروست دەکەن.

- دووری جوگرافیایی لە یەکتر

ئەو کەسانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونیان لەیەکتری دوورە و لە دوو شوێنی جوگرافیایی جیاوازن، دووری جوگرافی نێوان هاوسەرەکان، ئەگەری یەکتربینین و یەکترناسینی پێش هاوسەرگیری کەم دەکاتەوە، ڕەنگە بەهۆی یەکترنەناسینیان وەکوو پێویست، لە ژیانی هاوبەشییاندا تووشی کێشە بن چونکە ناتوانن وردەکاری هەڵسوکەوت و کەسایەتی کەسی بەرانبەر بناسن. لەو پەیوەندییە خۆشەویستییانەدا کە ڕێگایان دوورە لەیەکەوە ئامانجی دوو کەسەکە تەنیا دووبارە بینینەوەی یەکترییە، کەواتە کەمتر گرنگی بە لایەنی میهرەبانی و نزیکبوونەوەی ڕۆحی دەدرێت کە ئامانجی سەرەکییە لە ژیانی هاوبەشیدا، دەرفەتی یەکترناسینی تەواوەتییان نییە، چونکە کاتی دیداریان کەمە زۆربەی بابەت و کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە.

- کچ خواستن و کچ پێدان لەناو یەک خێزاندا

لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا کەسانی پلە یەکی خێزانێک وەکوو خوشک و برا یان دوو خوشک و دوو برا لەگەڵ کەسانی پلەیەکی خێزانێکی تر هاوسەرگیری دەکەن، بۆ نموونە دوو خوشک لە خێزانێک لەگەڵ دوو برا یان دوو کەسی نزیک لە خێزانێکی تر هاوسەرگیری دەکەن، ئەمانە کەسانی نەگونجاون بۆ هاوسەرگیری پێکەوە، چونکە لەوانەیە ئەگەر کێشە لە نێوان یەکێک لە هاوسەرەکاندا ڕووبدات، ئەوا کێشەکە بۆ خێزانەکەی تریش بگوازرێتەوە و کاریان تێبکات.

نابێت بۆ هاوسەرگیریکردن پەلە بکرێت واباشترە پێش ئەوەی ئەم بڕیارە گرنگە بدەن سەرەتا کەسایەتی بەرانبەرەکەتان بەباشی بناسن و لەگەڵ کەسایەتی دەروونی خۆتان بەراوردی بکەن، مەرجەکانی کەسی بەرانبەر لەگەڵ مەرجەکانی خۆتان دابنێن، ئەگەر تایبەتمەندییەکانتان لەگەڵ کەسایەتی بەرانبەرەکەتان گونجاو بوو ئەوکاتە بڕیار بدە کە ئەو کەسە بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ تۆ گونجاوە یان نا. ئەگەر لەبڕیارەکەتاندا دوودڵن و بە تەنیا ناتوانن بڕیاری دروست بدەن، دەتوانن یارمەتی لە ڕاوێژکارێک وەربگرن تا بە پێدانی ڕێکاری گونجاو لەم ڕێگایەدا ڕێنماییتان بکات و یارمەتیتان بدات.

ناتوانرێت بەدڵنیاییەوە بگووترێت ئەگەر دوو کەس کە لەلایەنی خێزانی، ئاستی خوێندن، ڕۆشنبیری و تایبەتمەندییە کەسایەتییەکان خاڵی هاوبەشیان هەبێت پێکەوە هاوسەرگیری بکەن خێزانێکی سەرکەوتوو دەبن جگە لەمەش هاوسەرگیری لە نێوان دوو کەس کە لەیەکناچن بناغە و پایەیەکی لاوازی هەیە، لە هەندێک حاڵەتدا جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا لە ژیانی هاوبەشیدا پێویستە.


سەرچاوەکان



1616 بینین