مۆزەخانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-11-21:01:00 - کۆدی بابەت: 10618
مۆزەخانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆزەخانە (بە عەرەبی: متحف، بە ئینگلیزی: Museum) بریتییە لە دەزگایەک یان بنکەیەکی مێژووییە بۆ نیشاندان و خستنەڕوو و پارێزگاریکردن لە کولتوور و شوێنەوار و شارستانییەکانی ڕابردووی گەل و نەتەوەکان. بوونی مۆزەخانە یەکێکە لە ناوەندە هەرە پێویستییەکانی کۆمەڵگە.

وشەی مۆزەخانە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، مۆزە کە لە وشەی یۆنانی Mousein وەرگیراوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان Mousein لە شارستانییەتی یۆنانی کۆن گردێکی ئایینی کۆن بووە تایبەت بووە بە پەرستگای خواوەندی هونەر و پیشەکان بووە. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر مۆزەخانە لە جیهاندا بوونیان هەیە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی بیست هەزار مۆزەخانە، هەریەکەیان لە ڕووی بنچینەوە و دیزاینەوە شێوازی خۆیان هەیە و هەر مۆزەخانەیەک تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە مۆزەخانەکانی تری جیادەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٧ ڕۆژی ١٨ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی مۆزەخانە و شوێنەوارەکان دەستنیشان کراوە. زانستی مۆزەخانە یان زانستی پارێزگاریکردن لە کولتوورەکان (بە ئینگلیزی: Museology) لقێکی زانستیی سەربەخۆیە لە زانستی شوێنەوارناسی، یەکێکە لە زانستە هاوچەرخ و نوێیەکانی سەردەم کە لەم ساڵانەی دواییدا گرنگییەکی زۆری پێدراوە، تێیدا گرنگی بە خوێندن و زانینی چۆنییەتی پارێزگاریکردن و نۆژەنکردنەوەی کەلوپەلەکانی ڕابردوو دەدرێت، هەروەها چۆنییەتی بەڕێوەبردن و دامەزراندنی مۆزەخانەکان و گرنگیدان بە مێژوو و شوێنەوارەکان بەشێکی گرنگی ئەم زانستەیە.

مێژووی دەرکەوتنی مۆزەخانەکان

زۆرێک لە مێژوونووسان و زانایان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە مێژووی سەرهەڵدانی مۆزەخانەکان لە سەردەمی دێریندا دەگەڕێتەوە بۆ میسری کۆن. میسرییەکان گرنگییان بە پەیکەر و دانانی پەیکەر دەدا لە شوێنە پیرۆزەکانیان، نموونەی پەرستگاکانیان و کۆشکەکانیان. نموونەی ڕەمسیسی هەشتەم زۆرێک لەو پەیکەرانەی کە لە کۆشکەکانی بەکاریدەهێنا تایبەت بوون بە باوباپیرانی و نۆژەنی دەکردنەوە و بە مەبەستی پارێزگاریکردن لێیان لە کۆشک و پەرستگاکانی بەکاریدەهێنان.

هەندێک لە سەرچاوەکان مێژووی دامەزراندنی یەکەم مۆزەخانە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێننەوە، کە لەلایەن پاشای رۆمانی، بەتلەمیوسی یەکەم لە شاری ئەسکەندەرییە دامەزراوە. هاوکات هەندێک بۆچوون و سەرچاوە هەن کە مۆزەخانەی میسری و پێکهاتە پارێزراوەکانی ناوی بە یەکەم کۆنترین مۆزەخانەکانی جیهان دانراوە.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کڵێسا هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بڵاوبوونەوەی مۆزەخانە، هەموو کڵێسایەک شوێنی تایبەتی هەبووە بۆ دەرخستن و پارێزگاریکردن لە شوێنەوار و پەیکەر و کەلوپەلە ئایینییە کۆنەکان. دوای فتوحاتی ئیسلامی و لەناوچوونی بەشێک کڵێساکان، شوێنەوار و شتومەکە گرانبەهاکان بەشێکیان لەناوچوون، بۆیە لە سەردەمی عەباسییەکان و بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید و مەئموون گرنگی درا بە کۆکردنەوەی پارچە و پەیکەرە دێرین و کۆنەکان، تەنانەت هاروونە ڕەشید خولیایەکی زۆری هەبووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی کە کۆن و دێرین بوونە، هاوکات زۆرێک لە جێنشینەکانی ئەندەلوس بەهەمان شێوە گرنگییان دەدا بە کۆکردنەوەی پارچە و شتومەکە کۆن و دێرینەکان و لە کۆشکەکانیان دەیانخستەڕوو و پارێزگارییان لێیان دەکرد.

بۆیە لەو کاتەوە لەناو هەندێک خەڵکی دەوڵەمەند و زەنگین کۆکردنەوەی کەلوپەلی گرانبەها و ئەنتیک بووە خوویەک و بایەخی پێدەدرا. بە فەرمی لە ساڵی ١٦٨٣ یەکەمین مۆزەخانەی گشتی لە ئۆکسفۆردی بەریتانیا بەڕووی خەڵکیدا کراوەتەوە.

گرنگی و ئامانجی مۆزەخانەکان

بایەخ و گرنگی مۆزەخانەکان لەوەدایە کە بەشێوەیەکی سەرەکی جەخت لە پاراستن و نمایشکردنی پاشماوەی شارستانییە کۆنەکان و کولتوور و شوێنەوارەکانی ڕابردوو دەکاتەوە، واتا مۆزەخانەکان دەکرێت ببنە شوناسی نەتەوەکان. مۆزەخانەکان لەسەر بنەمای گەیاندنی پەیامی پەروەردەیی، ڕۆشنبیری، کولتووری، گەشتیاری، هونەری، زانستی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و نیشتمانی دادەمەزرێن. بوونی مۆزەخانە لە هەر شوێنێک هاوکارە لە بووژانەوەی بوار و کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکان.

مۆزەخانەکان مێژوو و ڕابردووی باوباپیران بۆ نەوەکانی ئێستا دەخەنەڕوو، بۆیە سەردانیکەرانی مۆزەخانەکان هەمەجۆرن هەندێکیان لە بایەخ پێدەرانی مێژوو و شوێنەوار و شارستانییەکانن، هەندێکیان بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی مۆزەخانەکان دەکەن، بەشێکی تریش گرنگی بەوە دەدەن کە تاک لە تەمەنی منداڵییەوە سەردانی مۆزەخانەکان بکات بۆ برەودان بە هەستی فێربوون لە بارەی مێژوو و ڕابردووی باوباپیرانییەوە.

جۆرەکانی مۆزەخانە

- مۆزەخانەی شوێنەواریی و مێژوویی
- مۆزەخانەی تایبەت بە زیندەوەران و ئاژەڵان و سروشت
- مۆزەخانەی دەریایی تایبەتە بە خستنەڕووی ژیانی دەریایی زیندەوەران
- مۆزەخانەی داهاتوو تایبەتە بە وێناکردنی داهێنانەکانی داهاتوو
- مۆزەخانەی هونەری تایبەت بە نیگارکێشان و هونەر و شێوەکاری
- مۆزەخانەی گەڕۆک

ناودارترین مۆزەخانەکانی جیهان

مۆزەخانەی لۆڤەر 

مۆزەخانەی لۆڤەر بە ناودارترین مۆزەخانەکانی جیهان دادەنرێت، چەندان شتومەک و پارچەی مێژوویی گرنگی تێدایە و پارێزگاری لێدەکرێت، بە یەکێک لەو مۆزەخانانەی جیهان دادەنرێت کە ساڵانە زۆرترین سەردانیکەری هەیە.

مۆزەخانەی داهاتوو

مۆزەخانەی داهاتوو لە دووبەی وڵاتی ئیمارات جیاواز لە مۆزەخانەکانی تری جیهان مۆزەخانەیەکە کە وێنای داهاتوو دەکات و کەلوپەل و کەرەستەکانی تایبەتن بە داهێنانەکانی داهاتوو، لەڕووی دیزاین و شێوەی بنیاتنانەوە بە جوانترین تەلاری جیهان دانراوە.

مۆزەخانەی میسری

مۆزەخانەی میسری یان مۆزەخانەی قاهیرە لە قاهیرە بە یەکێک لە کۆنترین و دێرینترین مۆزەخانەکانی جیهان دادەنرێت، زۆرێک کەلوپەل و شتومەک و شوێنەوارەکان و مۆمیاکانی دۆڵی نیلی لەخۆگرتووە.

مۆزەخانەی بەریتانی

مۆزەخانەی بەریتانی لە ئینگلتەرا، بە مۆزەخانەیەکی ئەدەبی و هونەری و شوێنەواری ناسراوە و ئەم مۆزەخانەیە سەردانیکردنی بە خۆڕاییە.

مۆزەخانەی ئەمریکای تایبەت بە هونەری هاوچەرخ

ئەم مۆزەخانەیە لە نیویۆرکە و لە پێنج نهۆم پێکهاتووە، تایبەتە بە مێژوو و ڕابردووی هونەر بە گشتی و هونەری هاوچەرخ بە تایبەتی.


سەرچاوەکان



858 بینین