ئەحمەدی کوڕی حەنبەل

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-11-23:26:00 - کۆدی بابەت: 10624
ئەحمەدی کوڕی حەنبەل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەدی کوڕی حەنبەل یان ئیمامی ئەحمەد (بە عەرەبی: أحمد بن حنبل، بە ئینگلیزی: Ahmad ibn Hanbal) یەکێکە لە خاوەن چوار ڕێبازەکەی ئیسلامی سوننە، ناسراوە بە حەنبەلی و ئیمامی ئەحمەد بە پێشەوای حەنبەلییەکان دادەنرێت.

زانیاری گشتی
ناو ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل
شوێن و ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٦٤ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٧٨۰ـی زایینی، شاری بەغداد
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی سوننە و خاوەن ڕێبازی حەنبەلی
کۆچی دوایی ساڵی ٢٤١ـی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٨٥٥ زایینی

ژیاننامەی

ناوی تەواوی ئەحمەدی کوڕی محەمەد حەنبەلی شیبانییە لە ساڵی ١٦٤ـی کۆچی بەرانبەر بە ٧٨۰ـی زایینی لەشاری بەغداد لەدایکبووە. ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر خێزانە نەجدییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، باوکی و خێزانەکەی کۆچی شاری بەغدادیان کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوونە. ئیمامی ئەحمەد هەر لە تەمەنی لاوییەوە گرنگی بە خوێندن و فێربوونی شەرعی و ئیسلامی داوە، لەلای  زۆرێک لە پیاوچاکان و زانایانی سەردەمی خۆی زانستی وەرگرتووە نموونەی ئیمامی شافیعی و عەبدولڕەحمانی کوڕی مەهدی و چەندانی تر.

بۆ وەرگرتنی زانست و بنەماکانی ئایینی ئیسلام کۆچ و گەشتی بۆ ناوچەکانی یەمەن و حیجاز و دیمەشق کردووە. ناسراو بووە بەوەی کە زیرەک بووە و توانای لەبەرکردنی زۆر بەهێز بووە. گرنگی زۆری بە لەبەرکردنی فەرموودە تەواوەکان داوە. 

ئیمامی ئەحمەد لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان 

لە سەردەمی عەباسییەکان بەتایبەتی لە دوای سەردەمی دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید و بە دیاریکراوی لە سەردەمی خەلیفە مەئموون گرووپی موعتەزیلەکان باڵادەست بوون، بۆچوونەکانیان بە زەبری هێز دەسەپێندران و ڕێبازی ئەوان کرابوو بەفەرمی و بەزەبری هێز دەبوو موسڵمانان لەو سەردەمە پەیڕەوی ڕێباز و بۆچوونی موعتەزیلەکان بکەن، زۆرێک لە زانایانی سوننە و جەماعەت دژی بۆچوونی موعتەزیلەکان بوونە.

ئیمامی ئەحمەد یەکێک بووە لەو زانایانەی کە بۆچوون و هزری موعتەزیلەکانی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە، چونکە پێی وابووە کە ئەوان دژی بنەما سەرەکییەکانی ئیسلامن. لە سەردەمی خەلیفە مەئموون و دواتر له سەردەمی موعتەسیم بیللا و پاش ئەویش لە سەردەمی واثق، ڕووداوی فیتنە یان میحنەتی خەلقی قورئان لەلایەن موعتەزیلەکانەوە دروستکرا و بڵاوکرایەوە. موعتەزیلەکانی ئەو سەردەمە پێیان وابوو کە قورئان ئافرێنراوە و دروستکراوی خوایە، واتا باوەڕیان بەوە نەبوو کە قورئان وتە و کەلامی خوایی بێت بەڵکوو ئەو بۆچوونەیان ڕەتدەکردەوە. موعتەزیلەکان بەهۆی نزیکییان لە دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمە بۆچوونەکانیان بەزەبری هێز دەسەپێندران، ئەو بۆچوونەشیان لە نێو خەڵکی بڵاوکردەوە و هەر زانایەک دژیان بووایە ڕاپێچی زیندان دەکرا و سزا و ئەشکەنجە دەدرا.

ئیمامی ئەحمەد هەموو بۆچوونەکانی موعتەزیلەی ڕەتکردووەتەوە، لە میحنەتی خەلقی قورئاندا گفتوگۆ و قسەی زۆری لەسەر کردووە، بەڵگەی زۆری لەسەر هێناوەتەوە، بۆیە زیندانی کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زۆر کراوەتەوە، ئیمامی ئەحمەد بە ئارامگری ناسراوە و هەرگیز لە قسە و تەواوی بۆچوونەکانی پاشگەزنەبووەتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە واثق ئیمامی ئەحمەد لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام وانەوتنەوە و کۆبوونەوە و تێکەڵی لەگەڵ خەڵکی بە هەموو جۆرێک لێ قەدەغە کرا. لە سەردەمی دەسەڵاتی موتەوەکیلدا ئازادی تەواوی پێ بەخشرا و کۆتایی بە فیتنەی خەلقی قورئان هێنرا، ڕێزی تایبەتی لە ئیمامی ئەحمەد نرا و هەموو ئازادییەکی پێدرایەوە. 

ڕێبازی حەنبەلی لە ئیسلامدا

لە ئایینی ئیسلامدا سوننەکان چوار ڕێباز یان مەزهەبی سەرەکییان هەیە و موسڵمانانی سوننە پەیڕەوی دەکەن. ڕێبازی حەنبەلی یەکێکە لەو ڕێبازانە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. جیاواز لە ڕێبازە سوننییەکانی تر ڕێبازی حەنبەلی بەوە ناسراوە کە پارێزگاری لە دەقە ئەسڵییەکان کردووە و پشتی بە ڕاوبۆچوونەکان نەبەستووە، بە پشت بەستن بە دەقی قورئان پاشان فەرموودە ڕاستەکان و دواتر کۆکبوونی هاوەڵەکان فەتوا و بنەماکانی ئایین لەم ڕێبازە ڕوون کراوەتەوە.

ئیمامی ئەحمەد لە پەرستش و بنەما ئایینەکان پشتی بە قورئان و فەرموودە ڕاستەکان بەستووە، بەڵام لە بابەتە فیقهییەکاندا ئیمام بەوە ناسراوە کە ئاسانکاری تێدا کردووە و بڕیار و فەتواکانی بۆ زۆرێک لە ژینگە و سەردەمەکان گونجاوە. هاوکات بنەمای ئەم مەزهەبە نزیکە لە بنەمای مەزهەبی ئیمامی شافیعییەوە.

ئیمامی ئەحمەد هیچ کتێبێکی زانستی فیقهی نەنووسیوە بەڵکوو هاوەڵ و قوتابییەکانی مەزهەبەکەیان لێوەرگرتووە، بەڵام مەسندنەدێکی تایبەتی لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ بە ناوی "المسند" داناوە کە زیاتر لە چل هەزار فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ تێدایە. ڕێبازی حەنبەلی لە هەریەک لە وڵاتانی سووریا و میسر و ئیمارات بەربڵاوە، لە ڕابردوودا و لە پێش ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی لە بەغداد پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە لە عێراق زۆر بوون، بەڵام دوای داگیرکارییەکانی مەغۆل بۆ سەر بەغداد و ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی ڕێبازی حەنبەلی کە بە حەنبەلییەکان ناسراوان لە عێراق کەم بوونەوە و شافعییەکان شوێنی گرتەوە. 

کۆچی دوایی

ئەحمەدی کوڕی حەنبەل لە تەمەنی ٧٧ ساڵی لە ساڵی ٢٤١ کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٨٥٥ـی زایینی لە شاری بەغداد کۆچی دوایی کردووە. تەرمەکەی لە ناوچەی کەرخ لە نزیک کازمییەی بەغداد نێژراوە. لە ئێستادا گۆڕەکەی لە ناوچەی حەیدەرخانە کراوە بە مەزارگە لە بەغداد. لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان گۆڕەکەی کراوە بە مەزار و مزگەوتێکی لە نزیک دروستکراوە بەناوی مزگەوتی عارف ئاغا و ساڵانە لە جیهانی ئیسلامییەوە سەردانی مەزارگەکە دەکرێت. لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی لافاوی ڕووباری دیجلەوە لە ناوچەی کەرخەوە گۆڕی ئیمام ئەحمەد گوێزرایەوە بۆ ئەم ناوچەیەی ئێستای.


سەرچاوەکان



1613 بینین