ئینگلیز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-13-20:45:00 - کۆدی بابەت: 10645
ئینگلیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئینگلیز (بە ئینگلیزی: English، بە عەرەبی: انجلیز)، گرووپێکی ڕەگەزیی و نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئینگلتەرایە، کە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. ناسنامەی ئینگلیز بە ڕەچەڵەک ئەنگلۆ ساکسۆنە، ناوی نەتەوەییان لە ئەنگڵەکانەوە وەرگیراوە، کە یەکێکە لەو گەلە جەرمانییانەی کە لە دەوروبەری سەدەی پێنجەمی زایینیدا کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا.

ئینگلیزەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوو گرووپی سەرەکی مێژوویی دانیشتووانەوە هاتوون، ئەوانیش هۆزە جەرمانییەکانی ڕۆژئاوا (ئەنگڵەکان، ساکسۆنەکان، جوتەکان و فریزیەنەکان) کە دوای کشانەوەی ڕۆمەکان لە باشووری بەریتانیا نیشتەجێ بوون، لەگەڵ بەریتانییە سێڵتیکەکان. پێکەوە بە ئەنگلۆ ساکسۆنەکان ناسراون و ئەو شوێنەیان دامەزراند کە لە سەرەتای سەدەی ١٠ـدا دەبوو ببێتە شانشینی ئینگلتەرا، وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردن و نیشتەجێبوونی بەرفراوانی دانیمارکییەکان کە لە کۆتایی سەدەی نۆیەمدا دەستی پێکرد. ئینگلتەرا گەورەترین و قەرەباڵغترین وڵاتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای مەزن و ئێرلەندای باکوورە. لە یاساکانی یەکێتی ١٧٠٧ـدا، شانشینی ئینگلتەرا و شانشینی سکۆتلەندا یەکیان گرتەوە و بوونە شانشینی بەریتانیا. بەدرێژایی ساڵان داب و نەریت و ناسنامەی ئینگلیزی تاڕادەیەک لە داب و نەریت و ناسنامەی بەریتانیا نزیک بوویەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی لە ئینگلتەرا دەژین هاوڵاتی بەریتانین.

نەتەوەی ئینگلیز

ئینگلتەرا خۆی هیچ حکوومەتێکی ڕاگوێزراوی دەسەڵاتی نییە. ساڵانی نەوەدەکان گەواهیدەری بەرزبوونەوەی خۆئاگاداری ئینگلیز بوو. ئەمەش پەیوەستە بە دەربڕینی خۆئاگاداری نەتەوەیی نەتەوەکانی دیکەی بەریتانیا لە وێڵز، سکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوور کە تۆکمەترین شێوەی خۆیان لە ڕێکخستنە سیاسییە ڕاگوێزراوە نوێیەکانی ناو شانشینی یەکگرتوو لەخۆ دەگرن لەگەڵ کەمبوونەوەی ناسنامەیەکی نیشتمانیی هاوبەشی بەریتانی و گەشەسەندنی مەودای نێوان کۆتایی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و ئێستا.

زۆرێک لەو کۆچبەرانی کە لەم دواییەدا هاتوونەتە ئینگلتەرا بەتەنها ناسنامەیەکی بەریتانییان وەرگرتووە، لە کاتێکدا هەندێکی تریان ناسنامەی دووانی یان ناسنامەی هەمەجۆریان وەرگرتووە. بەکارهێنانی وشەی "ئینگلیز" بۆ وەسفکردنی بەریتانییەکانی نەتەوە کەمینەکان لە ئینگلتەرا ئاڵۆزە بەهۆی ئەوەی زۆربەی خەڵکی نا‌‌سپی پێست لە ئینگلتەرا خۆیان بە بەریتانی دەناسێنن نەک ئینگلیزی. نووسینگەی ئاماری نیشتیمانی لە ڕاپرسی ساڵانەی دانیشتووانی ساڵی ٢٠٠٤ـدا، ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی بەریتانیا لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی هەستپێکراویانی بەراورد کرد. بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای ئەوەی ٥٨٪ـی خەڵکی سپی پێست لە ئینگلتەرا ڕەگەزەکەیان بە "ئینگلیز" وەسف کردووە، بەڵام کەسانی ناسپی پێست زیاتر خۆیان بە "بەریتانی" وەسف دەکەن.

پەیوەندی بە بەریتانییەوە

شتێکی ڕوون نییە کە چەند کەسی بەریتانی خۆیان بە ئینگلیز دەزانن. زۆرجار وشەی "ئینگلیزی" و "بەریتانی" بە هەڵە لەباتی یەکتر بەکار دەهێنرێن، بەتایبەتی لە دەرەوەی بەریتانیا. کریشان کومار لە لێکۆڵینەوەکەیدا لە نەتەوەی ئینگلیز باس لە هەڵەی باوی ئاخافتن دەکات کە خەڵک تێیدا دەڵێن "ئینگلیز، مەبەستم بەریتانییە". ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەڵە بە شێوەیەکی ئاسایی تەنها لەلایەن ئینگلیزەکان خۆیان و لەلایەن بیانییەکانەوە ئەنجام دەدرێت: "ئەندامانی نائینگلیزی شانشینی یەکگرتوو بەدەگمەن دەڵێن 'بەریتانی' لەکاتێکدا مەبەستیان 'ئینگلیز'ـە". کومار ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ئەم ناڕوونییە نیشانەی باڵادەستیی پێگەی ئینگلتەرایە لەگەڵ بەریتانیا، بەڵام کاتێک بابەتەکە بیرکردنەوەیە لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ئەوا شتێکی کێشاوییە بۆ ئینگلیزەکان. سەرەڕای ئەوەش باس لەو سەختییە دەکات کە زۆربەی خەڵکی ئینگلیز پێیدا تێ دەپەڕن لەکاتی جیاکردنەوەی خۆیان لە دانیشتووانی دیکەی دوورگەکانی بەریتانیا.

کولتوور

هەندێک جار ئەستەمە کولتووری ئینگلتەرا بەڕوونی لە کولتوور شانشینی یەکگرتوو جیا بکرێتەوە، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە کولتووری ئینگلیزی کاریگەری لەسەر کولتوورەکانی دوورگەکانی بەریتانیا هەبووە کولتوورەکانی دیکەش کاریگەرییان لەسەر ئینگلتەرا هەبووە.

ئایین

ئایینی پەسەندکراوی ناوچەکە کڵێسای ئینگلتەرایە، کە چاڕڵزی سێیەم سەرکردەی کەم دەسەڵاتییەتی، سەرەڕای ئەوەش کۆمۆنۆنی ئەنگلیکانی جیهانی لەلایەن سینەدی گشتی سەرۆک قەشەکانیەوە لەژێر دەسەڵاتی پەرلەماندا سەرپەرشتی دەکرێت. لە کۆی ٤٢ قەشەی کڵێساکە ٢٦ کەسیان سەرۆک قەشەن و نوێنەرایەتی کڵێساکە دەکەن لە ئەنجومەنی خانەدانان. لە ساڵی ٢٠١٠، کڵێسای ئینگلتەرا ٢٥ ملیۆن ئەندامی باپتیستکراو (لەئاو هەڵکێشرا و پیرۆزکراو) لە کۆی ٤١ ملیۆن مەسیحیی لە نزیکەی ٦٠ ملیۆن دانیشتووی بەریتانیای مەزن هەژمارکرد؛ بەگشتی، هەر کەسێک لە ئینگلتەرا هاوسەرگیری بکات یان لە کڵێسای پەرستگای ناوخۆیی خۆیاندا بنێژرێت، دەبێت باپتیست بکرێت. ئامادەبوون لەم نەریتەدا لە ساڵی ١٨٩٠ـەوە بە شێوەیەکی بەردەوام دابەزیوە، بەنزیکەیی یەک ملیۆن، یان ١٠٪ـی دانیشتووانی باپتیستکراو بە شێوەیەکی بەردەوام بەشداری لە مەراسیمە ئایینییەکانی یەکشەممەدا دەکەن و سێ ملیۆن کەس کە نزیکەی ١٥٪ـی دانیشتووانە بەشداری مەراسیمە ئایینییەکانی ئێوارەی پێش ڕۆژی کریسمس و جەژنی کریسمس دەکەن.

لە ڕاپرسییەکدا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ـدا لەلایەن کۆمپانیای ئیپسۆس مۆری (Ipsos MORI) ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە لە کۆی دانیشتووانی ئینگلتەرا و وێڵز ٤٧٫٠٪ سەر بە کڵێسای ئینگلتەرا کە کڵێسای ویلایەتەکەیە، ٩٫٦٪ سەر بە کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیک و ٨٫٧٪ـی دانیشتووان مەسیحییەکانی دیکە بوون، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پرۆتستانتەکانی کڵێسای ئازاد و مەسیحییەکانی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات بوون. هەروەها ٤٫٨٪ـی دانیشتووان مسوڵمان بوون و ٣٫٤٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون، سەرەڕای ئەوەش ٥٫٣٪ گوماناوین لە بوونی خوا، ٦٫٨٪ بێ ئایین بوون و ١٥٪ـیان لە ئایینی خۆیان دڵنیا نەبوون یان بەرپەرچی وەڵامی پرسیارەکەیان دایەوە.

زمان

ئینگلیزەکان بە شێوەیەکی نەریتی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، کە بەشێکە لە خێزانی زمانی جەرمانی ڕۆژئاوا. زمانی ئینگلیزیی مۆدێرن لە ئینگلیزیی ناوەڕاستەوە پەرەی سەند (کە جۆرە زمانێکە لە سەدەی ١٢ تا ١٥ لەلایەن گەلی ئینگلیزەوە بەکارهێنراوە)؛ ئینگلیزیی ناوەڕاست لەڕووی وشەسازییەوە لەژێر کاریگەریی نۆرمان-فەڕەنسی، فەڕەنسی کۆن و لاتینیدا بوو. لە سەردەمی ئینگلیزیی ناوەڕاستدا لاتینی زمانی بەڕێوبەرایەتی بوو و چینی دەسەڵاتدار بە فەڕەنسی نۆرماندی قسەیان دەکرد. خودی ئینگلیزیی ناوەڕاستیش لە ئینگلیزیی کۆنی سەردەمی ئەنگلۆ ساکسۆنەوە وەرگیراوە؛ لە بەشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرادا زمانی دانیشتووانی دانیمارکی کاریگەری لەسەر زمانەکە هەبوو، ئەمەش ڕاستییەکە کە تا ئێستاش لە زاراوەکانی ئینگلیزیی باکووردا دیارە.

سەردەمانێک لە ئینگلتەرا چەندین شێوەزاری جیاوازی ئینگلیزیی مۆدێرن هەبوون، کە لە پڕۆژەکانی وەک فەرهەنگی زاراوەی ئینگلیزی (لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم) و لێکۆڵینەوە لە شێوەزارەکانی ئینگلیزی (لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم)ـدا تۆمارکراون، بەڵام زۆرێک لەوانە لە بەکارهێنانی باودا کاڵ بوونەتەوە وەک چۆن زمانی ئینگلیزیی ستاندارد لە ڕێگەی پەروەردە، میدیا و فشارە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانەوە بەربڵاوتر بووە.

کۆرنی، زمانێکی سێڵتیکییە و یەکێکە لەو سێ زمانە بریتۆنییەی کە هەن؛ بەکارهێنانی لە كۆڕنۆڵ زیندوو کراوەتەوە. لەڕووی مێژووییەوە زمانێکی دیکەی سێڵتیکی بریتۆنی بە ناوی کامبریک لە باکووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا قسەی پێ دەکرا، بەڵام لە سەدەی ١١ـدا لەناوچوو هەرچەندە تا ئێستاش شوێنەواری لە زاراوەی کامبریدا هەستی پێ دەکرێت. ئینگلیزیی مۆدێرن لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمدا بە هێنانەکایەی چاپخانە بۆ لەندەن و زنجیرە گۆڕانێک لە خوێندنەوە و بێژەکردنی پیتە بزوێنەکانی زمانی ئینگلیزیدا دەستی پێکرد. بەهۆی کاریگەریی جیهانیی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاوە، زمانی ئینگلیزی لە سەدەی ١٧ تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە جیهاندا بڵاوبووەوە. بەهۆی ڕۆژنامە، پەرتووک، تەلەگراف، تەلەفۆن، تۆماری فۆنۆگراف، ڕادیۆ، تەلەفزیۆنی سەتەلایت، بڵاوکەرەوەکان (وەک بی بی سیئینتەرنێت و هەروەها دەرکەوتنی ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی، ئینگلیزیی مۆدێرن بووەتە زمانی نێودەوڵەتی بازرگانی، زانست، گواستنەوە، وەرزش، فڕۆکەوانی و دیپلۆماسی.

ئەدەب

ئەدەبی ئینگلیزی بە ئەدەبی ئەنگلۆ ساکسۆن دەست پێ دەکات، کە بە زمانی ئینگلیزیی کۆن نووسراوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، زمانەکانی لاتینی و فەڕەنسی زمانە ئەدەبییە پەسەندکراوەکانی ئینگلتەرا بوون، بەڵام لە سەردەمی سەدەی ناوەڕاستدا ئەدەب بە زمانی ئینگلیزیی ناوەڕاست گەشەی سەند. سەردەمی ئەلیزابێس هەندێک جار بە سەردەمی زێڕینی ئەدەبی ئینگلیزی وەسف دەکرێت، هەندێک لە نووسەرانی ئەم سەردەمە بریتین لە ویلیام شکسپیر، تۆماس ناش، ئێدمۆند سپێنسەر، سێر فیلیپ سیدنی، کریستۆفەر مارلۆ و بێن جانسۆن بوون. بەهۆی بەرفراوانبوونی زمانی ئینگلیزی بۆ زمانێکی جیهانی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا، ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا ئەدەبیات بە زمانی ئینگلیزی دەنووسرێت.


سەرچاوەکان



272 بینین