ئابووریی مۆر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-16-21:21:00 - کۆدی بابەت: 10680
ئابووریی مۆر

ناوه‌ڕۆك

ئابووریی مۆر چییە؟

ئابووری مۆر (بە ئینگلیزی: Purple Economy، بە عەرەبی: اقتصاد بنفسجي) یەکێکە لە جۆرەکانی ئابووری کە وەک پایەیەکی بنەڕەتی گەشەسەندنی ئابووری هەموو وڵاتان دادەنرێت. ئابووریی مۆر ئەو بەشەیە لە ئابووری کە بەشداری لە گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی پێشخستنی توانای کولتووری کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکات.

هەروەها ئاماژەیە بۆ ڕەچاوکردنی لایەنە کولتوورییەکان لە بواری ئابووریدا. ئابوورییەک دیاری دەکات کە لەگەڵ فرەچەشنی مرۆڤایەتی لە جیهانگیریدا بگونجێت و پشت بە ڕەهەندی کولتووری دەبەستێت بۆ پێدانی بەها بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

چوارچێوەی ئابووری مۆر بریتییە لە پەرەسەندنی گرنگی کولتوور لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا.

ئابووری مۆر فرە پسپۆڕییە، بەو پێیەی هەموو کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەوڵەمەند دەکات بە سەرمایەگوزاریکردن لە ڕەهەندی کولتووری، کە لە هەموو کەرتێکدا هەیە.

تێگەیشتن لە ئابووریی مۆر

ئابووریی مۆر ڕێبازێکی فرە پسپۆڕییە بۆ ئابووری کە کۆمەڵێک پرسە کۆمەڵایەتییە سەرەکییە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت کە کوالیتی ژیانی هەمووان باشتر دەکەن. ئەمەش چالاکییەکانی چاودێری و خزمەتگوزارییەکان دەگرێتەوە، وەک پەروەردە، چاودێری تەندروستی، بەهێزکردنی ژنان، پاڵپشتی بەرژەوەندییەکانی گرووپە لاوازەکانی وەکوو منداڵان، بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات.

نموونەی ئابووریی مۆر

یەکێک لە سوودە زۆرەکانی ژیان لە وڵاتێکی تر و لە شارێکی گەورە، بەردەستبوونی ئەو شتانەیە کە سەرچاوەی وڵاتی خۆمانە و کە لە وڵاتی خۆمان هەبوون، بیرمان دەخەنەوە. وەک کەسێک کە هاوڕێکەی خەڵکی وڵاتێکی ترە دەتوانین بەشێک لەو شتانەی لە وڵاتی ئەو کەسە هەبووە بەهۆی ئابووری مۆرەوە بیری بخەیتەوە، بۆ نموونە بردنی بۆ خواردنگەیەک کە خواردنی کولتووری وڵاتەکەی ئەوی هەبێت، کڕینی کتێبێک کە بە زمانی وڵاتەکەی ئەو نووسراوە یان قاوەیەک ئەمەش تێکەڵبوونی کولتوورییە بە هەموو جیهاندا. 

ئەم جۆرە ئابوورییە لە ڕێگای پشتگیریکردنی سەرمایەی مرۆییەوە گرنگی بە لایەنە کولتوورییەکان دەدات، ئابووریی مۆر ڕێبازێکە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام کە جەخت لەسەر هەمەجۆریی و کاڵای کولتووری دەکاتەوە.

گرنگی بە مافەکانی وەک مۆڵەتی منداڵبوون، هاوسەنگی ژیان، ڕێکخستنی کارکردنی گونجاو، مووچەی دادپەروەرانە و جیاوازی مووچەی ڕەگەزی دەدات.

بنەچە

ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١١ لە فەڕەنسا، لە خستنەبەرچاوێکدا لە ماڵپەڕی (Le Monde.fr) بڵاوکرایەوە. واژۆکاران ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی (Diversum)ـیان لەخۆگرتبوو، کە یەکەم کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریی مۆر لە ژێر چاودێری یونسکۆ، پەرلەمانی ئەورووپا و کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕێکخرا.

پەیوەندی ئابووریی مۆر بە گەشەپێدانی بەردەوامەوە

ئابووریی مۆر جەخت لەسەر بوونی دەرەکییەکان دەکاتەوە، ژینگەیەکی کولتووری دەڕەخسێنێت و کاڵایەکی گشتییە و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، لە ئەنجامدا ئابووریی مۆر کولتوور وەک تەوەرێک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام دەبینێت.


سەرچاوەکان



593 بینین