چارەسەرەکانی پرخە پرخ

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-17-21:22:00 - کۆدی بابەت: 10698
چارەسەرەکانی پرخە پرخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چارەسەرەکانی پرخە پرخ (بە ئینگلیزی: Treatment for snoring، بە عەرەبی: العلاجات التي قد تمنع الشخير)، حاڵەتێکە لە کاتی نووستندا بەهۆی تێپەڕبوونی هەوا بە ناوچەی قورگدا لە ئەنجامی هەناسەدان ڕوودەدات. بەم شێوەیە شانەکانی قورگ خاودەبنەوە و لە ئەنجامدا دەنگێک پەیدا دەبێت، کە بە پرخە پرخ ناودەبرێت. دەکرێت پرخە پرخ ببێتە هۆی بێزاربوونی خۆت و هەروەها کەسانی دەوروبەریش، تەنانەت ئەگەر بەم حاڵەتە بێزاریش نەبیت، نابێت پشتگوێ بخرێت و پێویستە گرنگی پێبدرێت.

هۆکارەکانی پرخە پرخ

 دەشێت پرخە پرخ ئاماژە بە هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی، واتە هەبوونی نەخۆشییەک بکات، هەندێک لە هۆکارەکانی پرخە پرخ بریتیین لە:

  • گیران یان داخرانی بۆری هەوا
  • قەڵەوی یان کێشی زیادەی لەش
  • هەبوونی کێشە لە پێکهاتەی دەم و لووت و قورگدا.
  • تێکچوونی سوڕی نووستن
  • هەروەها دەشێت ئەم حاڵەتە بەهۆی خەوتن لەسەر پشت و خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ماددە کحوولییەکان ڕووبدات. 

چارەسەرەکانی پرخە پرخ

ئەگەر ئەم حاڵەتە بەهۆی هۆکاری بێزیانەوە ڕووبدات، ئەوا دەکرێت بەئاسانی و بە گۆڕینی شێوازی ژیان چارەسەر بکرێت، وەکوو:

  • نووستن لەسەر لا
    هەندێکجار خەوتن لەسەر پشت دەبێتە هۆی جووڵاندنی زمان بۆ بەشی دواوەی قورگ، بەمەش نیوەی ڕێڕەوی هەوا لەڕێگەی قورگەوە بلۆک دەکات، واتە دایدەخات. دەشێت نووستن لەسەر لا وا بکات بەئاسانی هەوا بجوڵێت و بەم شێوەیە دووچاری پرخە پرخ نابیتەوە. 
  • نووستن بەپێی پێویست 
    دڵنیابەرەوە، شەوانە نزیکەی حەوت بۆ نۆ کاتژمێر دەخەویت. تێکچوونی سوڕی خەو ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە زیاد دەکات، لەبەرئەوەی ماسولکەکانی قورگ خاودەبنەوە، بەم شێوەیە ئەگەری داخرانی بۆری هەوا زیاد دەبێت. 
  • بەشی سەرەوەی جێگای نووستنەکەت بەرزبکەوە
    بەرزکردنەوەی بەشی سەرەوەی جێگەی نووستنەکەت، ئەگەری ڕوودانی پرخە پرخ کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوەی یارمەتی کرانەوەی بۆری هەوا دەدات. یاخود دەتوانی زیاتر لە بالیفێک لە کاتی خەوتندا بەکاربهێنیت. 
  • دوورکەوتنەوە یان سنوردارکردنی ماددە کحوولییەکان پێش نووستن 
    هەوڵبدە بە لایەنی کەمەوە نزیکەی سێ کاتژمێر پێش نووستن لە خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان دووربکەویتەوە. لەبەرئەوەی دەبنە هۆی خاوبوونەوەی ماسولکەکانی قورگ و لە ئەنجامدا پرخە پرخ ڕوودەدات. هەروەها دەبنە هۆ تێکچوونی سوڕی خەویش. 
  • بەکارنەهێنانی دەرمانی هێورکەرەوە پێش نووستن 
    ئەگەر ئەم جۆرە دەرمانانە بەکاردەهێنیت و دووچاری پرخە پرخ دەبیتەوە، هەوڵبدە قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت تاکوو هەڵبژاردەیەکی تری گونجاوت بۆ پێشنیار بکات. لەبەرئەوەی ئەم دەرمانانەش بە هەمان شێوەی ماددە کحوولییەکان دەبنە هۆی خاوبوونەوەی ماسولکەکانی قورگ، و لە ئەنجامدا پرخە پرخ ڕوودەدات. 
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان
    هەوڵبدە لە کێشانی جگەرە دووربکەویتەوە، لەبەرئەوەی حاڵەتەکە خراپتر دەکات. دەتوانیت بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان سەردانی پزیشک بکەیت و ڕێنمایی وەربگریت. 
  • کێشی لەش بە هاوسەنگی بهێڵەرەوە
    ئەگەر کێشی لەشت زۆرە ئەوا بە دابەزاندنی کێش دەکرێت حاڵەتەکە چارەسەر بکرێت. هەبوونی ژمارەیەک لە شانەی زیادە لە دەوروبەری قورگ ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە زیاد دەکات. دەتوانیت بە خواردنی کالۆرییەکی کەم و گرنگیدان بە ئەو خۆراکانەی بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندن، هەروەها ئەنجامدانی وەرزشکردن کێشی لەشت داببەزێنیت.


سەرچاوەکان



590 بینین