حاڵەتی کارەکتەری سەرەکی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-21:31:00 - کۆدی بابەت: 10737
حاڵەتی کارەکتەری سەرەکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حاڵەتی کارەکتەری سەرەکی (بە ئینگلیزی: Main character syndrome) لە سایکۆلۆژیدا حاڵەتی کارەکتەری سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ لە خەیاڵی خۆیدا خۆی بە پێشەنگ دەبینێت. ئەم ناوە لە بەرنامە و فیلمە تەلفزیۆنەکانەوە وەرگیراوە کە تێیدا کارەکتەری سەرەکی کەسێکە هەموو چیرۆکەکە لە دەوری ئەو دەخولێتەوە، هەموو کەسایەتییەکانی تر بۆ پشتیوانیکردنی کارەکتەری سەرەکین و کاریگەرییان لەسەر کارەکتەری سەرەکی دەبێت. واتە بە شێوەیەکی سادە  حاڵەتی کارەکتەری سەرەکی ئەوەیە کە کەسەکە ژیانی وەک فیلمێک دەبینێت و خۆشی وەک ئەستێرە و کارەکتەری سەرەکی دەبینێت، هەروەها باوەڕی وایە هەموو کەسەکانی چواردەوری بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هەن. هەندێک خەڵکی ئارەزوو دەکەن وا بیر بکەنەوە کە خۆیان کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەیانن ئەمە هەموو کات خراپ نییە، بەڵام لە کاتێکدا کە ببێتە هۆی ئەوەی کەسەکە هەست بکات کە  لەهەموو کەس گرنگترە دەبێتە هۆی زیان بۆ کەسەکە.

ئەم حاڵەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسەکە دروست دەکات، لەبەر ئەمە  گرنگە بزانیت کە ئایا ئەم حاڵەتەت هەیە یاخود نا تاکوو بتوانیت بەسەریدا زاڵ ببیت.

نیشانەکان

  • کەسەکە تەنیا بە خۆی و ژیانی خۆی سەرقاڵە.  پێداویستییەکانی ئەوانی تر پشتگوێ دەخات و تەنیا ئەو کارە ئەنجام دەدات کە سوودی بۆخۆی هەیە.
  • دەیەوێت کەسانی تر سەرنجی بدەن.
  • خۆی وەک کەسێک نیشان دەدات، کە لەڕاستیدا کەسایەتی بەو شێوەیە نییە.
  • وا هەست دەکات جیهان لە دەوری ئەو دەخولێتەوە.
  • کێشەکانی خۆی دەکات بە کێشەی هەموو کەس.
  • پۆشینی جلوبەرگ و ڕەفتارکردنی کەسەکە بە جۆرێکە وەک ئەوەی خەڵکی هەمیشە سەرنجی ئەو بدەن.

لایەنە خراپەکانی ئەم حاڵەتە

  • بۆ ئەوەی ببیتە کارەکتەری سەرەکی لە ژیانت دەبێت هەندێک خوی ژیانت و شێوازی ژیانت بە جۆرێکی ناڕاست پیشان بدەیت. بەڵام تا چەندێک دەتوانیت لە ژیانێکی ناڕاستدا بژیت؟
  • ڕەنگە هاوڕێکانت لەدەست بدەیت
  • خەڵکی ئارەزوو دەکەن هەست بکەن لەلای کەسانی بەرامبەریان نرخ و بەهایان هەیە، نایانەوێت ببنە کارەکتەری لاوەکی و زیادە لە ژیانی کەسێکی تردا چونکە دەکرێت ئەمە ماندووکەر بێت.
  • زۆر لەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە، ئەم بارودۆخە بەکاردەهێنن بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشەکانی ژیانی ڕاستەقینە، کاتێک خۆیان دەکەنە کارەکتەری سەرەکی هەست بە باشبوون دەکەن و خۆیان لە کێشەکانی ژیانی ڕاستەقینە بە دوور دەگرن. هەموو شتێک لەو جیهانە ساختەی تێیدا دەژین بەباشی دەڕوات، بەڵام چی ڕوودەدات کاتێک ئەم بارودۆخە کۆتایی پێ دێت؟
  • کێشەکانت هێشتا چاوەڕێی تۆ دەبن تاکوو دەگەڕێیتەوە سەر ژیانی ڕاستی. باشتر وایە لەگەڵ کێشەکان مامەڵە بکەیت لەجیاتی خۆلادان لێیان.

هەندێک ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە بوون بە کارەکتەری سەرەکی

  • زۆر کەس ئەم حاڵەتەیان هەیە، بەڵام هەستی پێ ناکەن. زیادکردنی هۆشیاری خۆت یەکێکە لەیەکەم کارەکان کە پێویستە ئەنجامی بدەیت. کاتێک فێر دەبیت چۆن زاڵ ببیت بەسەریدا، دەست بکە بە گرنگیدانی زیاتر بە چۆنیەتی بیرکردنەوەت، ڕەفتارکردن و چۆنیەتی کاردانەوەت بۆ بارودۆخەکان.  ڕێگاکانی تر بۆ زیادکردنی هۆشیاری خۆت بریتین لە بیرکردنەوە، داواکردنی بۆچوونی هاوڕێ باوەڕپێکراوەکانت.
  • ماوەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەم بکەرەوە: تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەسەر کۆمەڵگە زۆر بڵاوە، کەمتر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیەکە تاکوو کەسەکە زیاتر لە ژیانی ڕاستی خۆیدا بژیت و لە بوون بە کارەکتەری سەرەکی بە دوور بێت.
  • خۆت ببە: کەسی تووشبوو بەم حاڵەتە بە جۆرێک ڕەفتار دەکات وەک ئەوەی هەموو کەسەکانی چواردەوری بۆ پشتیوانیکردنی ئەو لەوێن. کە ئەمەش ڕێگایەکی باش نییە بۆ ژیانکردن. خەڵکی بە کێشەکانی ژیانی خۆیانەوە خەریکن، لەبەر ئەمە وا هەست مەکە هەموو کەسانی چواردەورت بە بەردەوامی سەرنجی تۆ دەدەن.
  • چەمکی بوون بە کارەکتەری سەرەکی چەمکێکی تازەیە و هێشتا زۆر توێژینەوە دەربارەی ئەم چەمکە ئەنجام نەدراوە.
  • هەوڵبدە هەست نەکەیت کە تۆ کارەکتەری سەرەکی ئەم جیهانەیت، لە ژیانی ڕاستی خۆتدا بژی.


سەرچاوەکان



319 بینین