بۆندینگ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-22-04:37:00 - کۆدی بابەت: 10751
بۆندینگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆندینگ (بە ئینگلیزی: Bonding) بریتییە لە پێکهێنانی پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان دوو کەسدا، وەک لەنێوان خێزان و منداڵەکاندا یان لەنێوان دایک و منداڵەکانیدا. ئەمەش بەهۆی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ یەکتردا دروست دەبێت. کاتێک دوو کەس  بۆندێکی گونجاو لەنێوانیاندا دەبێت، دواتر پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا دروست دەبێت. وشەی بۆند بۆ سەدەی ١٢ دەگەڕێتەوە لە وشەی bandـەئەوە وەرگیراوە، بە واتای کاتێک دووشت بە توندی پێکەوە دەبەسترێن دێت. ئەم  جۆرە پەیوەندییە لە پەیوەندی سادە لەنێوان دوو کەسدا جیاوازە، ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی سروشتی و بەهۆی پەیوەندی بەردەوام دروست دەبێت، زیاتر بە هەستەکانی وەک بەسۆزی و ڕاستگۆیی دەناسرێتەوە. هەردوو کەسێک کە بەردەوام کات پێکەوە بەسەر دەبەن، ڕەنگە ئەم جۆرە پەیوەندییە لەنێوانیاندا دروست ببێت.

چۆنیەتی دروستبوونی بۆند لەنێوان کەسەکاندا

بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین و ڤاسۆپڕێسین ڕۆڵیان لە دروستبوونی ئەم بۆندەدا هەیە. لە کاتی منداڵبوون و شیرپێداندا ئەم دوو هۆڕمۆنە دەردەدرێن، باوەڕ وایە کاریگەری لەسەر دروستبوونی بۆندی نێوان دایک و منداڵەکەی هەیە. هەروەها باوەڕ دەکرێت دۆپامین لەگەڵ هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین کارلێک بکات و ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئەم بۆندە.

چەند ڕێگایەک تاکوو دایکان بتوانن بۆندێکی باش لەگەڵ منداڵەکەیان دروست بکەن:

  • هەوڵبدە لە ئاماژەکانی منداڵەکەت تێبگەیت و ڕێگە بدە منداڵەکەشت هەست بەوە بکات کە تۆ لە ئاماژەکانی تێدەگەیت.
  • بە شێوەیەکی تەندروست ئەو شتانە بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدە کە ئارەزوویان دەکات.
  • کاتێک منداڵەکەت نیگەرانە، باوەشی پێدا بکە و هێمنی بکەرەوە.
  • کاتێک منداڵەکەت لە باوەش دەکەیت با لەلای چەپی سنگت بێت، تاکوو هەست بە لێدانی دڵت بکات.
  • پێبکەنە کاتێک سەیری چاوی منداڵەکەت دەکەیت.
  • پێکەوە هەندێک چالاکی وەک کتێب خوێندنەوە، گۆرانی وتن و یاری سادە ئەنجام بدەن.

لەناو هەموو جۆرە بۆندەکاندا بۆندی نێوان دایک و کۆرپەی تازە لەدایکبوو بەهێزترینیانە، ئەم بۆندە لەماوەی دووگیانی دایکەکەوە گەشە دەکات. لەماوەی دووگیانیدا ڕێژەی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەستکردن بە بێتاقەتی و گەشەکردنی ئەم جۆرە بۆندە. شیرپێدان بە یەکەم هۆکاری پەرەپێدانی ئەم بۆندە لە ڕێگەی بەرکەوتن، کاردانەوە و سەیرکردن لەنێوان دایک و منداڵ دادەنرێت. بانگەشە فراوانەکان بۆ کاریگەری شیردان بە منداڵ لە ساڵانی ١٩٣٠دا لەلایەن مارگرێت ڕیبلەوە کرا. دروستبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە یارمەتی زیاتر گەشەکردنی پێکەوەبەستنی خانەکانی مێشکی منداڵەکە دەدات، هەروەها کاریگەری لەسەر گەشەی جەستەیی منداڵەکەش دەبێت.

بۆندی نێوان باوک و منداڵ جۆرێکی تری بۆندەکانە، بەزۆری ئەم بۆندە لە دوای تەمەنی قسەکردنی منداڵەوە زیاتر گەشە دەکات. بۆندی نێوان باوک و منداڵ بەزۆری لە بابەتی سیاسی و پارەدا گەشە دەکات، بەڵام بۆندی نێوان دایک و منداڵ لە بابەتەکانی وەک تێڕوانینی ئایینی یان تێڕوانینی گشتی لەسەر ژیان گەشە دەکات. لە ساڵی٢٠٠٣ دا، توێژەرێکی زانکۆی باکووری ڕۆژاوای ئیلینۆس دۆزییەوە کە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن زیاتر لە دروستبوونی بۆند لە کاتی دووگیانی لەنێوان دایک و منداڵەکەیدا ڕۆڵی هەیە، کاریگەری لەسەر دروستبوونی بۆندی نێوان باوک و منداڵەکانیشیدا هەیە.

بۆندە کۆمەڵایەتییە لاوازەکان

هۆکاری بۆندە کۆمەڵایەتییە لاوازەکان، زیاتر بۆ بوونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەگەڕێتەوە کە بەرکەوتن و یەکتربینین هەروەها قسەکردنی ڕاستەوخۆ لەنێوان کەسەکاندا کەمتر دەبێتەوە. هەندێک گرووپی خەڵک کە ناتوانن هەستەکانیان دەرببڕن، دروستکردنی بۆند و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی چواردەوریان بۆیان قورس دەبێت.

کاتێک بۆندی نێوان دوو کەس نامێنێت، مرۆڤەکان ڕووبەڕووی خەمباری و بێتاقەتی دەبنەوە. ئەم حاڵەتەش بۆ قبووڵکردنی دۆڕان و گۆڕینی بارودۆخەکە دەگەڕێتەوە. دەکرێت تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخەش لە ماوەی سەرەتای دروستبوونی بۆندەکە زیاتر بخایەنێت.


سەرچاوەکان



326 بینین