کوڵین هوڤەر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-12-26-19:29:00 - کۆدی بابەت: 10775
کوڵین هوڤەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوڵین هوڤەر (بە ئینگلیزی: Colleen Hoover، بە عەرەبی: کولین هوفر) نووسەرێکی ئەمریکییە، کتێبەکانی زیاتر لە چەشنی ڕۆمانسی و چیرۆکی خەیاڵییە، لە ١١/١٢/١٩٧٩ لە Sulphur Springs لە ویلایەتی تەکساکسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، هەروەها پەیڕەوی ئایینی مەسیحی دەکات.

زانیاری گشتی

ناو  کوڵین هوڤەر یان کولین هۆڤە
پیشە بە نووسەر بەناوبانگە
بەرواری لەدایکبوون  ١١/١٢/١٩٧٩
شوێنی لەدایکبوون تەکساس
نەتەوە  ئەمریکی 

ژیاننامە و کاری هونەری

هوڤەر لە شاری Saltillo ویلایەتی تەکساس گەورەبووە، لە ساڵی ١٩٩٨ خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەی ساڵتیلۆی ئامادەیی تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ هێس هوڤەر ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خاوەنی سێ منداڵی کوڕن. کوڵین دەرچووی کۆلێژی بازرگانی زانکۆی A&Mی تەکساسە، چەندین کاری جیاوازی لە بوارەکەیدا کردووە تاکوو دەستی کردووە بە کاری هونەری خۆی.
لە ساڵی ٢٠١١ هوڤەر دەستی کرد بە نووسینی یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی (سەرکۆنەکراو - Slammed) بەبێ ئەوەی کە ئامانجی بەناوبانگبوون بێت، بەهۆی هۆنراوەیەکەوە ئیلهامی بۆ هات کە بریتی بوو لە (decide what to be and go be it - بڕیار بدە ببیت بە چی و ببە بەوە) کە لەڕێگەی گۆرانییەکەوە گوێی لێبوو، کە بە درێژایی چیرۆکەکە هۆنراوەکەی تێکەڵ بە چیرۆکەکە کردبوو. هەروەها دەڵێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی ئەوە بووە دایکی کە تازە ئامێری (ئەمازۆن کیندڵ)ی کڕیوە، ویستوویەتی بتوانێت ڕۆمانەکەی بخوێنێتەوە.
هوڤەر لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ بەشێوەیەکی سەربەخۆ کتێبەکەی بڵاوکردەوە. دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٢ کتێبێکی تری بە ناوی (خاڵی پاشەکشە - Point of Retreat) بڵاوکردەوە. دوای چەند مانگێک کتێبی (Slammed) لەلایەن بڵۆگەری کتێب (ماریس بلاک) پێداچوونەوەی بۆکرا و پێنج ئەستێرە (لە پێنج ئەستێرە) درا بە کتێبەکەی هوڤەر. دوای ئەمەش بەخێرایی فرۆشی هەردوو کتێبی یەکەمی هوڤەر بەرز بوویەوە. لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا کتێبەکانی Slammed و Point of Retreat توانیان بگەنە پلەی هەشتەم و هەژدەیەم لە ڕیزبەندی باشترین فرۆشراوەکانی نیویۆڕک تایمز.
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٣ سێیەم کتێبی خۆی بە ناوی (ئەم کچە - This girl) بڵاوکردەوە. دوای ئەوەی کە کتێبی Slammed سەرکەوتوو بوو، هوڤەر کە لە بواری کاری کۆمەڵایەتیدا کاری دەکرد، وازی لە کارەکەی هێنا و بەتەواوی خۆی بۆ نووسینی کتێب تەرخانکرد. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ هوڤەر بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕۆمانی (بێهیوا - Hopeless)ی بڵاوکردەوە، ئەم ڕۆمانە باس لە کچێک دەکات کە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنیدا لە ماڵەوە وانەی تایبەتی وەردەگرت و دواتر لە قۆناغی ئامادەییدا دەچێتە قوتابخانە و هاوڕێی نوێ پەیدا دەکات. دوای نزیکەی مانگێک لە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین پڕفرۆشترین کتێب لە ڕیزبەندی نیویۆڕک تایمز، هەروەها بۆ ماوەی سێ هەفتە لەو ڕیزبەندییەدا مایەوە. ئەم ڕۆمانە یەکەم ڕۆمان بوو کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڵاوبکرێتەوە و یەکەم بێت لە ئەم ڕیزبەندییەدا. دواتر لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا هوڤەر هاوەڵی ئەم ڕۆمانەی بە ناوی (لەدەستدانی هیوا - losing Hope) بڵاوکردەوە.
(دۆزینەوەی ساندرێلا - Finding Cinderella) ڕۆمانێکی ئازادە کە هوڤەر لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوی کردەوە، هەندێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکانی (بێهیوا و لەدەستدانی هیوا)ی تێدایە.
ڕۆمانی (دەکرێت ڕۆژێک - Maybe someday) لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکرایەوە، یەکەم ڕۆمانی هوڤەر بوو کە لە زنجیرە ڕۆمانێکی بچووک پێکهاتبوو، باس لە کوڕ و کچێک دەکات کە بەیەکەوە ئاوازی مۆسیقا دادەنێن و دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترەوە. 
مۆسیقاژەن (گریفن پێتەرسۆن) تراکێکی دەنگی دروستکرد بۆ ڕۆمانەکە، کە ئەم تراکە لە کتێبی ئەلیکترۆنی (e-book) لەگەڵ کتێبەکەدا بەستەرەکەی دانراوە، هەروەها لە کتێبی کاغەزیشدا لە بەشی پشتەوە بە کۆدێکی (QR) دانراوە کە خوێنەرانی کتێبەکە دەتوانن گوێی لێبگرن. 
هوڤەر کتێبی (هەرگیز هەرگیز - Never Never) لە ساڵی ٢٠١٥ بە هاوەڵی نووسەر (تارین فیشەر) بڵاوکردەوە، کە سەرەتا ئەم کتێبە دابەشکرا بۆ سێ بەش و بە سێ کتێبی جیا دەفرۆشرا، بەڵام دواتر بەشێوەی یەک کتێب دووبارە بڵاوکرایەوە.
ڕۆمانی (لەگەڵ ئێمەدا کۆتایی دێت - It ends with us) لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە، لە باسی ئەم کتێبەدا هوڤەر وتویەتی (قوورسترین کتێب بووە کە تاکوو ئێستا نووسیبێتم). کتێبەکە تایبەتە بە توندوتیژی خێزانی، بە وتەی خودی هوڤەر، ئەم کتێبەی بۆ داکۆکیکردن لە قوربانیان توندوتیژی خێزانی نووسیوە. چیرۆکی کتێبەکە لە ئەزموونی ژیانی هوڤەر خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، کە وەک منداڵێک لە ماڵێکی پڕ لە توندوتیژیدا بووە.

کەسایەتی سەرەکی کتێبەکە کە کچێکە بە ناوی (لیلی)، لە تەمەنێکی کەمدا ئەزموونی توندوتیژی خێزانی دەکات، بە چاوەکانی خۆی دەبینێت کە چۆن باوکی دەستدرێژی و توندوتیژی بەرانبەر دایکی دەکات، دواتریش کە گەورە دەبێت پەیوەندییەک دروست دەکات کە بە هەمان شێوە توندوتیژی تێدایە. 
لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم ڕۆمانە لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیۆن لەبەرگیراوەی لێ فرۆشرا و بۆ ٢٠ زمانی جیاواز وەرگێڕدرا.
لە ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی کۆمەڵگەی بووک تۆک (Book tok) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆکدا، ناوبانگی هوڤەر بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. 
لە ئەنجامدا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ ڕۆمانی (لەگەڵ ئێمەدا کۆتایی دێت) چووە پلەی یەکەم لە ڕیزبەندی پڕفرۆشترین کتێبەکانی نیویۆرک تایمز. 
درێژەی کتێبی (لەگەڵ ئێمەدا کۆتایی دێت) بە ناوی (لەگەڵ ئێمەدا دەست پێدەکات - It Starts With Us) لە ١٨ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، لەلایەن چاپەمەنی بڵاوکردنەوەی کتێبی ئارتریاوە بڵاوکرایەوە. 
تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ هوڤەر زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کتێبی فرۆشراوە.

بڵاوکراوەکانی

  • Slammed (2012)
  • Point of Retreat (2012)
  • This Girl (2013)
  • Hopeless (2013)
  • Losing Hope (2013)
  • Finding Cinderella (2014) 
  • Maybe Someday (2014)
  • Maybe Not (2014) 
  • Ugly Love (2014)
  • Never Never (2015) 
  • Confess (2015)
  • November 9 (2015)
  • Too Late (2016)
  • It Ends with Us (2016)
  • Without Merit (2017)
  • All Your Perfects (2018)
  • Verity (2018)
  • Maybe Now (2018)
  • Finding Perfect (2019)
  • Regretting You (2019)
  • Heart Bones (2020)
  • Layla (2020)
  • Reminders of Him (2022)
  • It Starts with Us (2022)

پڕفرۆشترینەکانی نیویۆڕک تایمز

  • (سەرکۆنەکراو - Slammed) لە ڕیزبەندی هەشتەم.
  • (خاڵی پاشەکشە - Point of Retreat) لە ڕیزبەندی ١٨.
  • (ئەم کچە - This girl) لە ڕیزبەندی نۆیەم.
  • (بێهیوا - Hopeless) لە ڕیزبەندی یەکەم.
  • (لەدەستدانی هیوا - Losing Hope) لە ڕیزبەندی شەشەم.
  • (دەکرێت ڕۆژێک - Maybe Someday) لە ڕیزبەندی سێیەم.
  • (عەشقی ناشرین - Ugly Love) لە ڕیزبەندی چوارەم.
  • (دانپێدانان - Confess) لە ڕیزبەندی چوارەم.
  • (٩ تشرینی دووەم - November 9) لە ڕیزبەندی نۆیەم.
  • (لەگەڵ ئێمەدا کۆتایی دێت - It ends with us) لە ڕیزبەندی یەکەم.
  • (ڤێریتی - Verity) لە ڕیزبەندی دووەم.


سەرچاوەکان



1139 بینین