هۆکاری ئارەقەکردنەوەی شەوان لە پیاواندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-01-00:54:00 - کۆدی بابەت: 10820
هۆکاری ئارەقەکردنەوەی شەوان لە پیاواندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هۆکاری ئارەقەکردنەوەی شەوان لە پیاواندا (بە ئینگلیزی: Causes of night sweat in men، بە عەرەبی: أسباب التعرق أثناء النوم عند الرجال)، بریتییە لە ئارەقەکردنەوەیەکی زۆر لە شەواندا واتە لە کاتی نووستندا، بە جۆرێک دەشێت بالیف و سەرچەفی نووستنەکە تەڕ ببێت. ئارەقەکردنەوەی شەوان دەکرێت بەهۆی هۆکارێکی دوور لە بواری پزیشکی ڕووبدات، وەکوو ڕاهێنانکردن، خۆشۆردن بە ئاوی گەرم، یاخود لە ئەنجامی خواردنەوەی خواردنەوە گەرمەکان پێش نووستن ڕوودەدات. بەڵام هەندێکجار ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە کێشەیەکی تەندروستییەوە هەیە. 

هۆکارەکانی ئارەقەکردنەوەی شەوان لە پیاواندا

فشار و دڵەڕاوکێ

زۆرجار ئەم حاڵەتە بەهۆی تووشبوون بە فشار و دڵەڕاوکێ ڕوودەدات. دەکرێت سەرنجی ئەوە بدەیت کاتێک لە ڕۆژدا بە شتێکەوە نیگەران دەبیت، زۆر ئارەق دەکەیتەوە، بەڵام دەشێت هەمان حاڵەت لە شەوانیشدا ڕووبدات. هەموو کەسێک بە شێوەیەکی جیاواز دووچاری فشار و دڵەڕاوکێ دەبێتەوە، لەوانەیە زیاتر نیشانەکان دەروونی بن و نیشانەی جەستەیی کەمتر بێت، یاخود بە پێچەوانەوە، ئەمەش بەپێی کەسەکان جیاوازە و دەگۆڕێت. لەوانەیە بە تەنها کەسەکە فشار و دڵەڕاوکێی نەبێت، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت چەند نیشانەیەکی تر لە کەسەکەدا هەبن، وەکوو:

  • لاوازی و هەستکردن بە ماندووێتی
  • زوو تووڕەبوون
  • هەناسەدانی خێرا و زیادبوونی لێدانی دڵ
  • هەستکردن بە ئازار
  • هەبوونی کێشە لە کاتی خەودا، وەکوو بەسەختی خەوی لێدەکەوێت.
  • هەبوونی کێشەی گەدە
  • لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری
  • کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان
  • خەواڵویی

گرنگی نەدان بەم حاڵەتە و چارەسەر نەکردنی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر تەندروستی کەسەکە دروست دەکات. دەتوانرێت بە سەردانیکردنی پزیشک کۆنتڕۆڵی حاڵەتەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت. 

گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە

ئارەقکردنەوەی شەوانە پەیوەندی بە نەخۆشییەکەوە هەیە، کە بە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە ناسراوە. ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کاتێک ئەو ماسولکەیەی بەرپرسیارە لە داخستنی سورێنچک لەکار دەکەوێت. کاتێک ئەم ماسولکەیە بە تەواوی کار ناکات، ترشەڵۆکی گەدە بۆ بەشی سورێنچک دەگەڕێتەوە و لە ئەنجامدا هەست بە سووتانەوە دەکرێت، کە بە دڵەکزێ ناسراوە. ئەگەر ئەم حاڵەتە لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە جارێک ڕووبدات، ئەوا کەسەکە بەم نەخۆشییە دەستنیشان دەکرێت. نیشانەکان بریتیین لە:

  • دڵەکزێ
  • هەستکردن بە ئازاری سنگ
  • کێشەی قوتدانی خواردن
  • کۆکە و هەندێک نیشانەی تری پەیوەندیدار بە کۆئەندامی هەناسەدان
  • کێشەی خەوتن

ئەگەر ئارەقکردنەوەی شەوان بێزاری کردیت و لە هەمان کاتیشدا ئەم حاڵەتەت هەبوو، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و چارەسەر وەربگریت. 

بەکارهێنانی دەرمان 

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئارەقکردنەوەیەکی زۆر بە تایبەتی لە شەواندا. ئەم دەرمانانە وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی ئارەقەیەکی زۆر دەردەدەن، هەندێک لەو دەرمانانەش بریتییە لە:

  • ستیرۆیدەکان، وەکوو کۆرتیزۆن (cortisone) و پریدنسۆن (prednisone)
  • ئەسیتامینۆفین (acetaminophen) و ئەسپرین (aspirin) و دەرمانە ئازارشکێنەکانی تر.
  • دەرمانی دژەدەروونییەکان 
  • دەرمانی نەخۆشی شەکرە
  • ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەرە هۆڕمۆنییەکان بەکاردێن 

ئەگەر دەزانیت لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەرمانەکانت دووچاری ئارەقکردنەوەی شەوان دەبیت، بە شێوەیەک دەبێتە هۆی تێکدانی سوڕی خەوتن و بێزارت دەکات. پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو دەرمانەکانت بۆ بگۆڕێت و بە دەرمانی تر جێگەی بگیرێتەوە.

کەمیی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن 

ئەگەری هۆڕمۆنی تێستێسترۆن کەم بێت، ئەوا ئەگەری هەیە شەوانە دووچاری ئارەقەکردنەوەیەکی زۆر ببیتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا، ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە لە جەستەدا کەم دەکات. بەڵام هەندێک هۆکاری تریش پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی ئەم هۆڕمۆنە هەیە، وەکوو بەکارهێنانی دەرمان، کێشەیەکی تەندروستی و هەروەها زیان گەیاندنی جەستە. نیشانەکانی کەمیی تێستێسترۆن بریتیین لە:

تووشبوونە میکرۆبییەکان

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئارەقەکردنەوە لە شەواندا بریتییە لە تووشبوونە میکرۆبییەکان. بەڵام حاڵەتێکی دەگمەنە و تووندی نیشانەکان بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت. ئەو نیشانانەی دەکرێت لە کەسەکدا هەبێت، بریتیین لە:

  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا) و لەرز
  • هەستکردن بە ئازاری ئێسک و ماسولکەکان
  • لاوازبوون و ماندووێتی
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و دابەزینی کێشی لەش.
  • سووربوونەوە و هەڵئاوسان و ئازار لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.

کێشەی دەمار

هەر حاڵەتێک پەیوەندی بە کۆئەندامی دەمار، مێشک، بڕبڕەی پشت و دەمارەکانی تری جەستەوە هەبێت، دەکرێت ببێتە هۆی ئارەقەکردنەوەیەکی زۆر لە شەواندا. بەڵام ئەمە هۆکارێکی زۆر دەگمەنە، واتە ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم حاڵەتەوە ئارەقەیەکی زۆر دەکەنەوە زۆر کەمە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەبوون، دەکرێت وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی بە ڕێژەیەکی زۆر ئارەق بکەنەوە. هەندێکی تر لەو نیشانانەی پەیوەندییان بە کێشەی دەماریییەوە هەیە بریتیین لە:

  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
  • هەستکردن بە ئازار لە تەواوی جەستەدا
  • بێهێزی و خەواڵویی
  • لاوازبوون یان سڕبوونی دەست و پێ و پەلەکان

شێرپەنجە

ئارەقەکردنەوەی شەوان دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانەکانی شێرپەنجە، بەڵام زۆر زۆر دەگمەنە. ئەبێت ئەوە بزانرێت کە شێرپەنجە چەند نیشانەیەکی تریش دەگرێتەوە، وەکوو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە بەردەوامی و دابەزینی کێشی لەش. دەرکەوتنی ئەم نیشانانە هەروەها توندییەکەی بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت. بێجگە لە ئارەقەکردنەوە، هەندێک نیشانەی تر دەکرێت لە کەسەکەدا هەبێت، وەکوو:

  • هەستکردن بە لاوازبوون و ماندووێتی بەتوندی
  • دابەزینی کێشی لەش بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک
  • لەرز و تا
  • گەورەبوونی لیمفە گرێیەکان 
  • هەستکردن بە ئازاری ئێسک
  • هەستکردن بە ئازار لە ناوچەی سک و سنگ

هەناسەتوندی لە کاتی خەودا

هەندێکجار هۆکاری ئارەقەکردنەوە لە لە پیاواندا پەیوەندی بەم حاڵەتەوە هەیە. ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە، لە کاتی خەوتندا هەناسەیان دەوەستێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە بە تەنها بخەوێت دەشێت هەست بە بوونی ئەم حاڵەتە نەکات. ئەم جۆری هەناسەتوندییە زیاتر لە پیاواندا باوە و نزیکەی لە ٢٥%ـی پیاوان ئەم حاڵەتەیان هەیە. هەناسەتوندی لە کاتی خەودا ڕوودەدات کاتێک شانەکانی قورگ بلۆکی بۆری هەوا دەکەن، یان کاتێک بەهۆی جەڵتەوە یان هەر کێشەیەکی تری تەندروستی کە کۆئەندامی دەمار زیانی پێبگات. بێجگە لە ئارەقەکردنەوە، دەشێت هەندێک نیشانەی تر لە کەسەکەدا هەبێت، وەکوو: 

  • پرخەکردن
  • هەستکردن بە ماندووێتی لە تەواوی ڕۆژەکەدا
  • هەستان لەخەو لە شەودا
  • هەستکردن بە قورگ ئێشە لەدوای هەستان لەخەو.
  • کێشەی سەرنجدان
  • تووشبوون بە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، یان زوو توڕەبوون.

لەبەرئەوەی هەناسەتوندی لە کاتی خەودا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تر و کێشەی تەندروستی زیاد دەکات، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و بەزوویی چارەسەر بکرێت.


سەرچاوەکان



321 بینین