مەرگی ئارەزوومەندانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-08-21:26:00 - کۆدی بابەت: 10854
مەرگی ئارەزوومەندانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مردنی بێ ئازار یان مەرگی ئارەزوومەندانە، کوشتنی بێ ئازار یان مەرگی بە بەزەییانە و مەرگی خۆویست یاخود خۆ لەناوبردن، (بە عەرەبی: قتل الرحيم، موت الرحيم، بە ئینگلیزی: Euthanasia) بریتییە لەو دۆخەی کە کەسێک لە ئازارێکی نەبڕاوەدایە و نەخۆشییەکی بێ چارەسەری هەیە بە ویست و خواستی خۆی دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، هەروەها بە تەواوی ویستی مردنی هەیە و بە یارمەتی کەسانی تر کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت. ئەم بابەتە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تووشی نەخۆشییەکی بێ چارەسەر بوون و لە مردنی خۆیان دڵنیان، واتا ئەو کەسانەی کە چیتر توانای ڕووبەڕووبوونەوە و ئارامگرییان نەماوە و تووشی نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارە بێ چارەسەرەکان بوون و لە مردنی خۆیان بە تەواوی دڵنیان، لە چارەسەر بە تەواوی بێ ئومێد بوون و بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانیان پەنا دەبەنە بەر مردن و کۆتایی هێنان بە ژیانیان.

نموونەی تووشبووانی شێرپەنجە لە کۆتا قۆناغەکانیان، ئەو نەخۆشانەی لە کۆمان و ئومێدی بەئاگاهاتنەوەیان نییە، نموونەی ئەو نەخۆشانەی ئیفلیجی تەواویان هەیە و هیوای چاکبوونەوەیان نەماوە، ئەو کۆرپەلانەی کە بە بەڵگەی پزیشکی دەسەلمێندرێت ناتەواون و پێش لەدایکبوونیان بە ڕاوێژ و بەڵگەی پزیشکی دایک و باوک بڕیاری لەباربردنی دەدەن، ئەو پەککەوتانەی کە چیتر بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن و کوشندەوە دەرەفەتی ژیانکردنیان کەمبووەتەوە، تەنانەت ئەو ئاژەڵانەی کە تووشی نەخۆشییەکی درم یان نەخۆشییەکی کوشندە دەبن، چەندان نموونەی تر. ئەم بابەتە لە ڕووی ئایینی، یاسایی، پزیشکی، فەلسەفی و بەها ڕەوشتییەکانەوە ڕاجیایی و مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت، هەموو ئایینه ئاسمانییەکان مردنی ئارەزوومەندانەیان قەدەغە کردووە و تەنانەت بە قەدەغەکراوە گەورەکان هەژمار دەکرێت و بە کوشتن دادەنرێت، هەروەها لە ڕووی پزیشکی و یاساییەوە لە زۆر وڵات ڕێگەپێدراو و پەسەند نییە و سزای توندی لەسەرە.

واتای دەستەواژەکە

ویستی مردن، کوشتنی بێ ئازار یان مردنی بێ ئازار، مردنی ئارەزوومەندانە، مردنی میهرەبانی، مەرگی بە بەزەییانە، مردنی بە ئەنقەست، ویستنی مەرگ، مەرگ ویستی، هەموو ئەم دەستەواژانە لە زمانی کوردیدا بۆ ئەم بابەتە بەکاردەهێنرێت. لە زمانی ئینگلیزیدا دەستەواژەی (Euthanasia) بەکاردەهێنرێت کە بنەچەی وشەکە یۆنانییە و لە دوو بڕگە پێکهاتووە، بڕگەی (EU) واتای ئاسان دەبەخشێت، بڕگەی (Thanasia) واتای مردن یاخود مەرگ دەبەخشێت. هاوواتای مەرگی خۆویست یان مەرگی ئارەزوومەندان دەبەخشێت. لە زمانی عەرەبیدا وشەی (قتل الرحيم) يان (موت الحيم) یاخود (موت الحسن) بۆ ئەم بابەتە بەکاردەهێنرێت و هاوواتای مەرگی بە بەزەییانەیە.

مێژووی سەرهەڵدانی 

لە سەردەمانی کۆن و لە کۆمەڵگا مرۆییەکانی نێو شارستانییە دێرینەکانی ڕابردوو لەبەر چەندان هۆکار و بیانوو کۆتایی بە ژیانی مرۆڤی نەخۆش و تەنانەت ئاژەڵیش هێنراوە، نموونەی نەبوونی چارەسەری پێویست یان بەزەیی پێداهاتنەوە بە کەسی نەخۆش یاخود بوونی بیروباوەڕ و دابوونەریتی دەرەمۆکی نامۆی جیاوازی نێو کۆمەڵگاکان. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ئەورووپاوە ئەم بیرۆکەیە پەرەی سەندووە و بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا مەسیحییەت و کڵێسا ئەم بیرۆکەیەیان بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە و دژی بوونە، تەنیا لە چەند ناوچەیەکی دەگمەنی دیاریکراوی دوورە دەستی ناپەیوەست بە ئایینەوە دوای پێشکەش کردنی زانیاری و داتای تەواو مردنی بێ ئازاری کەسەکە پەسەند دەکرا و زۆرجار بە ویستی خۆی ژەهرخوارد دەکرا و دەمرد. یەکەم کەس کە دەستەواژەی مەرگی ئارەزوومەندانەی بەکارهێنا (فڕەنسیس باکۆن) بوو کە فەیلەسووفێکی ئینگلیزی بوو لە سەدەی حەڤدەیەم ئەم بابەتەی وروژان و لەناو خەڵکیدا زیاتر بڵاوبووەوە.

جۆرەکانی مەرگی ئارەزوومەندانە

- مەرگی خۆۆیست و ویستراو Voluntary Euthanasia: ئەم جۆرە کەسە خۆی بڕیار دەدات و خۆی ویستی مەرگی هەیە بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشی و ئازارێکی نەبڕاوە و درێژخایەنی بێ چارەسەری هەیە و لە مردنی خۆی دڵنیایە، بۆیە خودی خۆی بڕیار دەدات و داوا دەکات کە کۆتایی بە ئازارەکانی بهێنێت و ئاگایی تەواوی هەیە، بەڵام بەهۆی بێ دەسەڵاتی و پەککەوتەییەوە پێویستی بە یارمەتی کەسانی تری نموونەی پزیشکەکان هەیە تاکوو کارەکەی بۆ ئەنجام بدەن، ئەم جۆرە سنووردارە و تەنیا لە وڵاتانی هۆڵەندا و سویسرا لەگەڵ هەردوو ویلایەتی واشنتۆن و ئۆریگۆنی ئەمریکا ڕێگەپێدراوە و یاساییە.

- مەرگی خۆنەویست Non-Voluntary Euthanasia: لەم جۆرەدا کەسەکە پەککەوتەیە و بارودۆخێکی ناهەمواری جەستەیی هەیە و ئاگایی نییە، واتا توانای بڕیاردانی کۆتایی هێنان بە ژیانی نییە، کەسانی دەوروبەر و نزیکی بڕیارەکە دەدەن و هەوڵی جێبەجێ کردنیشی دەدەن، نموونەی ئەو کەسانەی لە کۆمان یان ئەو کۆرپەلانەی کە دەردەکەوێت ناتەواون و لەدایک نەبوون و دایک و باوک بەر لە لەدایکبوونی بڕیاری کۆتایی بە ژیان دەهێنن، هەروەها ئەو گیانلەبەرە ماڵییانەی کە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبن زۆرجار خاوەنەکانیان بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەردەوامی ئازارەکەیان بکەن بە هاوکاری پزیشک کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن.

- مەرگی سەپێندراو بەزۆر Involuntary Euthanasia: لەم جۆرەدا ئەنجامدانی کوشتنی کەسێک کە ڕەزامەندی خۆی لەسەر نەبێت یان نەیەوێت بمرێت، بەڵام توانای دەربڕینی نییە کە بیەوێت بیرۆکەکە پەسەند نەکات، دەوروبەری بە بیانووی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی بەزۆر مەرگی بەسەر دەسەپێنن، ئەم جۆرە لە هەندێک شوێن نایاساییە و قەدەغەیە و سزای توندی لەسەرە و بە کوشتن هەژمار دەکرێت.

شێواز و ڕێگاکانی جێبەجێکردنی مەرگی ئارەزوومەندانە

ڕێگای ڕاستەوخۆ

کەسی نەخۆش کە ویستی مەرگی هەیە بەهۆی پەککەوتەیی و بێتواناییەوە ناتوانێت خۆی پرۆسەکە ئەنجام بدات، بۆیە زۆرجار بە هاوکاری دەوروبەر و پزیشک کارەکە بە ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی پێدانی دەرمان یان لێکردنەوەی ئامێری پزیشکی پارێزەری سەر ژیانی نەخۆشەکە یان ژەهرخواردکردنی کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێک لە پرۆسەکەدا ببینێت.

ڕێگای ناڕاستەوخۆ

هەندێک کات بە پلەبەندی پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت و پێشەکی بۆ دەڕەخسێندرێت لە ڕێگەی وەستانی پێدانی دەرمان یان پێدانی دەرمان بە بڕێکی زۆر پڕۆسەکە بەهەمان شێوە لەلایەن پزیشکان و کەسوکاری نەخۆشەکەوە ئەنجام دەدرێت.

مردنی بێ ئازار لە تێڕوانینی یاساوە

هەندێک مردنی بە بەزەیی لە ئەورووپا و ڕۆژاوا بە کوشتن بە ناوی مرۆڤایەتییەوە ناوزەد دەکات، هەندێکی تریش مردنی ئارەزوومەندانە بە مافی تاکەکەسی وێنا دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە کە واتای کوشتن بدات، تەنانەت هەندێک ئەم دۆخە بە ماف و بڕیاری تاکەکەسی هەژماردەکەن. لە وڵاتانی ئەورووپا هەوڵی زۆر دراوە و بەردەوامن کە ئەم چەمکە بە یاسایی بکرێت و توانراویشە لە زۆر ناوچە بە یاسا و هەلومەرجی دیاریکراوی تایبەتی پرۆسەکە ئەنجام بدرێت. وڵاتانی سویسرا و هۆڵەندا لەگەڵ بەلجیکا و نیوزلەندا لە پێشەنگی وڵاتانی ئەورووپان کە مردنی ئارەزوومەندانەیان لەڕووی یاساوە پەسەند کردووە و ڕێگەپێدراوە، لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا نموونەی واشنتۆن و مۆنتانا و کالیفۆڕنیا بەهەمان شێوە ڕێگەپێدراوە، هاوکات لە ئوستڕالیا و کۆڵۆمبیا و لوگزەمبۆرگ و ئیسپانیاش پرۆسەکە بە هەلومەرجی تایبەتی یاساییە.

وڵاتی ئیتاڵیاش بە هەلومەرجی تایبەتی بابەتەکەی بە یاسایی کردووە، هاوکات وڵاتی سویسرا بە پێشەنگترین وڵات دادەنرێت کە ساڵانە زۆرترین ڕێژەی ئەنجامدانی مردنی بێ ئازار لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت و لە زۆر وڵاتی جیهانەوە ڕوو دەکرێتە سویسرا تاکوو ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن چونکە ڕێکارەکان تێیدا ئاسانە. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و زۆر ناوچەی ئاسیادا بەهیچ شێوەیەک ئەم بابەتە ڕێگەپێدراو نییە نەلەڕووی یاساوە نەلەڕووی کولتوور و ئایینەوە پەسەند ناکرێت و قەدەغەیە، بەهۆی دابوونەریتی ئایینی بیرۆکەکە لە نێو کۆمەڵگاکانیان زۆر بەربڵاو نییە. هاوکات یاسای ئینگلیزی لە ئینگلتەرا و وێڵز و شانشینی بەریتانیا بە گشتی مردنی ئارەزوومەندانەی قەدەغە کردووە، هەر کەسێکیش هاوکار بێت لە کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێک بە تاوانی کوشتن سزا دەدرێت و سزاکەی قورسە و تەنانەت دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی، هەروەها وڵاتی ئەڵمانیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە مەرگی ئارەزوومەندانە بە تاوان هەژمار دەکات.

مردنی بێ ئازار لە تێڕوانینی ئایینەوە

هەموو ئایینە ئاسمانییەکان نموونەی ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت و جوولەکە ئەم بابەتەیان ڕەتکردووەتەوە، لە ئایینی ئیسلام خۆلەناوبردن یان مردنی بێ ئازار بە خۆکوشتنی بە ئەنقەست دانراوە و لە گوناهـ و قەدەغەکراوە گەورەکانە بە دەقی ڕاستەوخۆی ئایەتی قورئانی و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ بۆچوونی زایانیان قەدەغەکراوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە یارمەتیدەر دەبن لە کارەکە بە بکوژ هەژمار دەکرێن. تەنانەت ڕەوتە فەلسەفی و ئایینەکانی تری نموونەی بووداییش ئەم بابەتە پەسەند ناکەن. تەنیا کۆنفۆشیۆس و چەند فەیلەسوفێکی نموونەی دەیڤد هیووم و فڕانسس بەیگن پاڵپشتی ئەم بۆچوونەیان کردووە.

بیانوو و بۆچوونی لایەنگرانی بابەتەکە

بەپێی بۆچوونی لایەنگرانی ئەم بابەتە پێیان وایە کە کوشتن چەمکێکی تەواو جیاوازە لەڕێگەدان بە مردن، ئەوان ئەم پرۆسەیە بە بڕیاری تاکەکەسی دادەنێن و پێیان وایە مرۆڤ ئازاد نەبووە لە هاتنە دونیاوە، بۆیە ئازادی ئەوەی هەیە کە خۆی کۆتایی ژیانی هەڵبژێرێت و ئەگەر ژیان مافێکی سەرەکی مرۆڤ بێت ئەوا ویستی مردنیش مافە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، ویست و ئازادی مرۆڤ لە هەڵبژاردنەکان بەهێزترین بەڵگەی لایەنگرانی ئەم بابەتەیە. خۆ ڕزگارکردن لە ئازاری بەهێز و بێتوانایی و پەککەوتەیی بەڵگەیەکی تری لایەنگرانی بۆچوونەکەیە، ئەوان پێیان وایە مرۆڤ سنووری ئارامگرتنی دیاریکراوە و ناتوانێت بەرگەی ئازارێک بگرێت کە خۆی هەڵینەبژاردووە.

هەستی بوون بە بار و ئەرک بەسەر کەسانی تر، بەرگەگرتنی ئازارێک کە نەبڕاوەیە و تاقەتپڕووکێنە بۆ خۆی و بۆ دەوروبەریشی و کۆتاییەکەشی هەر مردنە، ئەمانە بیانووی لایەنگرانن، بۆیە ئەوان مافی تەواو دەبەخشنە نەخۆشە بێ چارەسەرەکانی نموونەی نەخۆشی شێرپەنجە و ئیفلیجی کە کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنن.

بیانوو و بۆچوونی دژایەتیکەرانی بابەتەکە

ئەوانەی دژی ئەم بۆچوونەن هەندێکیان پارێزکار و پەیوەستبوون بە ئایین و دابوونەریتەوە و بەڵگەی ئایینی دەکەن بە بیانوو، دەڵێن کە ژیان دیاری و سپاردەی خوایە و پێویستە مرۆڤ ئەو سپاردەیە بپارێزێت، هەروەها پرۆسەکە بە کوشتنی بە ئەنقەست و خۆکوشتن دادەنێن، کوشتنیش لە هەموو ئایینەکان قەدەغەیە.

هەندێکی تریان پەیوەستن بە بەها ڕەوشتییەکانەوە و بەڵگەی فەلسەفی و یاسایی دەخەنەڕوو و دژی بابەتەکەن. یەکێک لە بیانووە فەلسەفییەکانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنی مەرگ بریتییە لە ترسنۆکی و هەڵاتنە لە ژیان و دژی یاسای سروشتە. هەندێکی تریش دەڵێن کە بێ هیوابوون و نائومێدی تەواو لە چارەسەر لە پزیشکیدا بوونی نییە و هەمیشە پێویستە دەرچەیەک یان هیوایەک بۆ ژیان بهێڵدرێتەوە.

ڕۆڵی پزیشک لەم پرۆسەیەدا

پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پەرستاران ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ئەنجامدانی مەرگی ئارەزوومەندانە، بە یارمەتی ئەوان دەکرێت پرۆسەکە ئەنجام بدرێت کۆتایی بە ژیانی ڕۆحلەبەرێک بهێنرێت کە ئازارێکی نەبڕاوەی بێ چارەسەری هەیە و لە مردنی دڵنیان، بەشێکی دیاریکراو لە پزیشکان لەلایان ئاساییە و بە بیانووی کۆتایی هێنان بە ئازار و نەهامەتی مرۆڤێک یان تەنانەت ئاژەڵیک یارمەتیدەر دەبن لە کۆتایی هێنان بە ژیانیان، بەڵام بەشێکی تری پزیشکان بە تەواوی پێچەوانەی کۆمەڵەی یەکەمن و دژی ئەم پرۆسەیەن، چونکە پێیان وایە ئەنجامدانی مەرگی بە ئەنقەست و هاوکاریکردنی کەسێک لە کۆتایی هێنان بە ژیانی لەگەڵ کاری پزیشکی ناگونجێت و تەواو پێچەوانەی ئامانج و واتای پزیشکییە و دژی ئەو سوێند و بەڵێنەیە کە پزیشکان بەڵێن دەدەن ژیانی مرۆڤ ڕزگار بکەن.

مردنی ئارەزوومەندانە لە سینەما و هونەردا

لە جیهانی هونەر و سینەمادا بابەتی مەرگی ئارەزوومەندانە وروژێنراوە و بە چەندان شێوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خراوەتەڕوو، بۆیە چەندان فیلمی سینەمایی ناودار لەسەر بابەتەکە بەرهەمهێنراوە نموونەی گرنگترین ئەو فیلمانەی کە باس لەم بابەتە دەکەن بریتین لە:

  • Me before you
  • Guzaarish
  • The Sea inside
  • You dont know Jack


سەرچاوەکان

386 بینین