بوژانەوەی ئابووری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-11-21:21:00 - کۆدی بابەت: 10874
بوژانەوەی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

بوژانەوەی ئابووری چییە؟

بوژانەوەی ئابوری، چاکبوونەوەی ئابووری یان گەڕاندنەوەی باری ئاسایی ئابوری (بە ئینگلیزی: Economic Recovery، بە عەرەبی: انتعاش اقتصادي) قۆناغی خولی بازرگانی دوای داکشانەوەیە، کە بە ماوەیەکی بەردەوامی باشترکردنی چالاکیی بازرگانی تایبەتمەندە. بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتی بوژانەوەی ئابووریدا، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) گەشە دەکات، داهاتەکان بەرز دەبنەوە، بێکاری دادەبەزێت و دۆخی ئابووری ئاسایی دەبێتەوە.

لە کاتی بوژانەوەی ئابووریدا، ئابووری بە پرۆسەی گونجاندن و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێدا تێدەپەڕێت، لەوانە بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارانەی کە بە پلەی یەکەم بوونە هۆی داکشانەوە، ئەو سیاسەت و ڕێسایانەی حکوومەت و بانکە ناوەندییەکان کە لە وەڵامی داکشانەوەکەدا ئەنجامیاندا. 

ئەو کار، کەلوپەلی بەرهەمهێنان و سەرچاوە بەرهەمدارانەی تر کە لە بازرگانییەکاندا بەسترابووەوە کە لە کاتی داکشانەوەدا شکستیان هێنا و لاواز بوون، لە چالاکییە نوێیەکاندا دامەزرانەوە، چونکە کرێکارە بێکارەکان هەلی کارێکی نوێ دەدۆزنەوە، ئەو کۆمپانیایانەی شکستیان هێنا لەلایەن کەسانی ترەوە دەکڕدرێن یان دابەش دەکرێن. بوژانەوە ئابوورییەکە خۆی لە زیانەکان چاک دەکاتەوە و زەمینە بۆ فراوانبوونێکی نوێ دادەنێت.

تێگەیشتن لە بوژانەوەی ئابووری

ئابووریی بازاڕەکان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە تووشی بەرزی و نزمی دەبن. ئابوورییەکان دەتوانن کاریگەری هەموو جۆرە هۆکارێکیان لەسەر بێت، لەوانە شۆڕشەکان، قەیرانە داراییەکان و کاریگەرییە جیهانییەکان.

بوژانەوەی ئابووری دوای داکشانەوە ڕوودەدات، چونکە ئابووری خۆی ڕێکدەخات و بەشێک لەو دەستکەوتانەی کە لە کاتی داکشانەوەدا لەدەستیداوە، دەیانگەڕێنێتەوە.

پاشان ئابووری لە کۆتاییدا دەگوازرێتەوە بۆ فراوانبوونی ڕاستەقینە کاتێک گەشەکردن خێراتر دەبێت و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی دەست دەکات بە هەنگاونان بەرەو ئاستێکی نوێ.

هەموو قۆناغێکی گەشەکردنی خاو یان تەنانەت گرژبوون ئەوەندە توند نییە کە وەک داکشانەوە دەستنیشان بکرێت. لە ئەمریکا باوترین یاسای پەیوەندیدار بۆ داکشانەوە ئەوەیە کە دوو چارەکی یەک لە دوای یەک گەشەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی نەرێنی بێت.

چی دەتوانێت بوژانەوەی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت؟

هاندەری سیاسەتی دراو: دابەزینی ڕێژەی سوود، فراوانکردنی ئاسانکاری چەندایەتی (بانکە ناوەندییەکان بۆندەکانی حکوومەت و زەمانەتنامەی تر دەکڕن و یەدەگی بانکی دەخەنە ناو ئابوورییەوە.) و هەروەها دابەزینی بەهای نرخی ئاڵوگۆڕ.

هاندەری سیاسەتی دارایی: کەمکردنەوەی باجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ زیادکردنی داهاتی خاوەندارێتی لەگەڵ زیادکردنی خەرجییەکانی حکوومەت. 

چاکسازییە ئابوورییەکانی لایەنی خستنەڕوو: ڕەنگە چاکسازیی و لایەنە ئابوورییەکانی خستنەڕوو ببێتە هۆی هەڵکشان.

بوژانەوەی سەروەت و سامان: بوژانەوەی نرخی سەروەت و سامان وەکو پشک و نرخی موڵک. 

گەڕانەوەی متمانە: وردە وردە گەڕانەوەی متمانە وەکوو باشتربوونی ڕۆحی ئاژەڵان (زاراوەیەکە لەلایەن ئابووریناسی بەریتانی جۆن ماینارد کینزەوە، بۆ باسکردنی چۆنیەتی گەیشتن بە بڕیارە داراییەکان، لەوانەش کڕین و فرۆشتنی زەمانەتنامەکان، لە کاتی فشاری ئابووری یان نادڵنیاییدا داڕێژراون.).

ئابوورییەک لە کاتی بوژانەوەدا بە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا تێدەپەڕێت. شێوازەکانی دامەزراندن دەتوانن بگۆڕدرێن، پیشەسازییەکان بە ڕێژەی جیاواز گەشە دەکەن. ڕەنگە لەپێشینەکانی سیاسەتی حکوومەتیش بگۆڕدرێن، چەندان گۆڕانکاری تر.

چەند نیشانەیەکی بوژانەوەی ئابووری 

کار: ئەستەمە باس لە ئابوورییەک بکرێت کە لە بوژانەوەدایە ئەگەر خەڵک نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. لە کاتی بوژانەوەی ئابووریدا دۆخی ئابووری ئاسایی دەبێتەوە بەم هۆیەوە هەلی کاری نوێ دابین دەکرێت، یان خەڵکی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشوویان.

خەرجییەکانی بەکاربەر: ئەستەمە بتوانین بوژانەوەیەکی ئابووری دیاری بکەین کە خەرجییەکانی بەکاربەر نەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. لە ماوەی درێژخایەندا، ڕەنگە بەکارهێنەران بزانن کە پێویستە زیاتر پاشەکەوت بکەن و کەمتر خەرج بکەن، بەڵام ئەو جۆرە داڕشتنەوەیە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوونادات، بۆیە دەبێت خەرجی بەکاربەران ئاسایی ببنەوە.

هەستی بەکاربەر: ڕاپرسییەکان لە خەڵک دەپرسن کە چی هەستێکیان هەیە سەبارەت بە ئابووری لە ماوەیەکی نزیکدا و ئاسۆی تاکەکەسی یان خێزانییان چۆنە. لە کۆتاییدا هەستەکانیان پێشبینییەکە، ئەگەر بەردەوام بیر لەوە بکرێتەوە کە دۆخەکان چەندە خراپن، تاکەکان خووی پێوە دەگرن و بە پێی هەستەکانتان کاریگەریی لەسەر ئابووری دروست دەکەن. 

بەڵام کاتێک خەڵک گەشبینتر دەبن، ئەگەری ئەوە زیاترە پارە خەرج بکەن، بازرگانی بچووک دەستپێبکەن یان فراوانتر بکەن، بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی نەرێنییەوە بە شێوەیەک مامەڵە دەکەن کە بۆ گەشەی ئابووری باش بێت.

قەرزدانی بانکی: کۆمپانیا حکومییەکان بە تەواوی پشت بە بانکەکان نابەستن بۆ گەشەپێدانی کارەکانیان، بەڵام زۆربەی بازرگانییە بچووکە ناحکومییەکان وابەستەن. بەبێ ئەوەی بانکەکان گرێبەستی قەرزی نوێ بکەن، بازرگانییە بچووکەکان گەشە ناکەن و بەبێ ئەو گەشەکردنەش ئەستەمە بوژانەوەی سەقامگیر ببینرێت.

نیشانەکانی ئابوورییەکی تەندروست چین؟

زۆر نیشانە دەتوانن ئاماژە بن بۆ ئابوورییەکی تەندروست. لەوانە کەمی بێکاری، جێگیری گەشەی هەڵاوسان، زیادبوونی دروستکردنی خانووی نوێ، گەشبینی لە پێوەرەکانی متمانەی بەکاربەران و زیادبوونی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP).

تایبەتمەندییەکانی بوژانەوەی ئابووری چین؟

نیشانەکانی بوژانەوەی ئابووری بریتین لە کەمبوونەوەی بێکاری، زیادبوونی خەرجییەکانی بەکاربەر، بەرزبوونەوەی داهات، زیادبوونی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و باشتربوونی چالاکیی بازرگانی.

چۆن ئابووری لە داکشانەوە هەڵدەستێتەوە؟

ئابوورییەکان دوای ماوەیەک لە دەستکاریکردنی ئابووری لە بازاڕەکاندا لە داکشانەوە چاکدەبنەوە. هەروەها ئابوورییەکان لە ڕێگەی بەرنامەکانی هاندانی داراییەوە چاک دەبنەوە. هەردوو بانکی ناوەندی و حکوومەت لە ڕێگەی سیاسەتی دراو و سیاسەتی داراییەوە کاریگەرییان لەسەر ئابووری هەیە. ئەمەش دەستکاریکردنی ڕێژەی سوود و باج و خەرجییەکانی حکوومەت دەگرێتەوە و دەتوانن چەندین کاریگەری دروست بکەن.


سەرچاوەکان

120 بینین