کاری میلاتۆنین چییە؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2023-01-12-14:31:00 - کۆدی بابەت: 10883
کاری میلاتۆنین چییە؟

ناوه‌ڕۆك

میلاتۆنین چییە؟

کاری میلاتۆنین چییە (بە ئینگلیزی: What Does Melatonin Do، بە عەرەبی: ماذا يفعل الميلاتونين). میلاتۆنین هۆڕمۆنێکە کە لەش بەشێوەیەکی سروشتی بەرهەمی دەهێنێت، لە ڕژێنەی سنەوبەری لە مێشکدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لە شوێنی تری لەشیشدا بوونی هەیە، وەک چاوەکان و مۆخی ئێسک و ڕیخۆڵەکان. 
پێشی دەوترێت هۆڕمۆنی خەو، چونکە بەرزی ڕێژەکەی یارمەتیدەرە بۆ خەو لێکەوتن.
گرنگە کە بزانرێت میلاتۆنین خەوت لێ ناخات، بەڵکوو بەشێوەیەکی سادە وا لە لەشت دەکات بزانێت کە کاتی شەوە بەمەش دەتوانیت ئاسوودە بیت و ئاسانتر خەوت لێ بکەوێت.
تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین لەناو تووشبووانی خەوزڕان و تێکچوونی خەو بەهۆی گەشتەوە باوە. لە زۆربەی وڵاتاندا کڕینی میلاتۆنین لە دەرمانخانەکاندا پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم هۆڕمۆنە بۆ خەوتن بەسوودە، کاریگەرییەکی بەهێزی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنیشی هەیە.

چۆن کاردەکات؟

میلاتۆنین بە هاوبەشی لەگەڵ ڕیتمی شەو و ڕۆژی لەشتدا کاردەکات. ڕیتمی شەو و ڕۆژی کاتژمێری زیندەیی لەشە، هۆکارە بۆ ئەوەی لەش بزانێت کە کاتی:

  • خەوتنە.
  • هەستان لە خەوە.
  • نان خواردنە.

لەگەڵ ئەوەشدا میلاتۆنین یارمەتی ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش، پەستانی خوێن، گلوکۆزی (شەکر) خوێن، کێشی لەش، هەروەها ئاستی هەندێک جۆری هۆڕمۆن دەدات.
کاتێک شەو دادێت ئاستی مێلاتۆنین بەرز دەبێتەوە، شەپۆل بە لەشدا دەنێرێت تاکوو لەش بزانێت کە کاتی خەوە. لە بەیانیاندا کاتێک دنیا ڕووناک دەبێتەوە ئاستی کەم دەکات، بۆ ئەوەی هانی ئاگایی بدات.
میلاتۆنین پەیوەستە بە وەرگرەکانی لەشەوە، تاکوو یارمەتی ئاسوودەیی لەش بدات. بۆ نموونە پەیوەست دەبێت بە وەرگرەکانی مێشکەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی چالاکی دەمارەکان. هەروەها دەتوانێت ئاستی دۆپامین دابەزێنێت، کە هۆڕمۆنێکە یارمەتی مرۆڤ دەدات بە ئاگایی بمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە میکانیزمی دیاریکراوی میلاتۆنین ناڕوونە، بەڵام توێژینەوەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم پڕۆسەیە یارمەتیت بدات تاکوو خەوت لێ بکەوێت. 
بە پێچەوانەوە ڕووناکیی ڕۆژ بەرهەمهێنانی میلاتۆنین کەم دەکاتەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لەش بزانێت کە کاتی لە خەو هەستانە. چونکە میلاتۆنین یارمەتی لەش دەدات تاکوو ئامادەبێت بۆ خەوتن، ئەو کەسانەی کە بە ڕێژەی پێویست لەم هۆڕمۆنە بەرهەم ناهێنن، لە شەودا دەکرێت کێشەی خەو لێکەوتنیان بۆ دروست ببێت.

هۆکارەکانی کەمیی میلاتۆنین

دەکرێت چەندین هۆکار کار بکەنە سەر ئاستی میلاتۆنین، وەک:

  • خواردنەوە کحولییەکان.
  • جگەرە کێشان.
  • خواردنەوەی کافایین.
  • کاری شەوانە.
  • تەمەن.
  • هەندێک جۆری دەرمان.
  • هەروەها بەرکەوتنی زۆری ڕووناکی لە شەودا، وەک ڕووناکی شین.

وەرگرتنی تەواوکەریی خۆراکی میلاتۆنین دەکرێت یارمەتی ئاسایی بوونەوەی ئاستی میلاتۆنین و کاتژمێری زیندەیی لەش بدات.

میلاتۆنین و خەو

چەندین توێژینەوەی بەهێز باسیان لەوە کردووە، کە وەرگرتنی میلاتۆنین پێش خەوتن دەکرێت یارمەتیدەربێت تاکوو زووتر خەوتن لێ بکەوێت، هەروەها بۆ ماوەیەکی زیاتر لە خەودا بمێنیتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەند شیکردنەوەیەک باسیان لەوە کردووە کە میلاتۆنین بۆ ئەو کەسانە بەسوود نییە کە نەخۆشییە دەروونی یان مێشکییەکانی وەک ئەلزەهایمەریان هەیە.
میلاتۆنین دەتوانێت یارمەتی باشبوونی کەمخەوی بەهۆی گەشتەوە بدات.
پێش ئەوەی دەست بکەیت بە بەکارھێنانی تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین، باشترە خوەکانی پێش خەوتنت ڕێک بکەیتەوە، وەک خەوتن و هەستان لە کاتی خۆیدا، سنووردارکردنی خواردنەوەی کافایین، نەخواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ڕووناکی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پێش خەوتن.

سوودە تەندروستییەکانی تری میلاتۆنین

  • دەکرێت ڕۆڵی هەبێت لە تەندرووستی چاوەکاندا.
  • دەکرێت یارمەتیدەربێت لە چارەسەری گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سوورێنچک و دڵەکزە.
  • دەکرێت نیشانەکانی زرینگانەوەی گوێ کەم بکاتەوە.
  • دەکرێت ئازاری لاسەرئێشە (شەقیقە) کەم بکاتەوە.

چۆنیەتی بەکارهێنان

ئەگەر دەتەوێت میلاتۆنین وەک چارەسەری خەوزڕان بەکاربهێنیت، ئەوا پێویستە لە ژەمی کەمەوە دەست پێ بکەیت. بۆ نموونە سەرەتا بە ٠٫٥ بۆ ١ میللیگرام دەست پێ بکە و نیو کاتژمێر (٣٠ خولەک) پێش خەوتن بیخۆ. ئەگەر هەستت کرد کە سوودی لێ نابینیت، ئەوکات دەتوانیت ژەمەکەت زیاد بکەیت بۆ ٣-٥ میللیگرام.
وەرگرتنی ٥ میللیگرام و زیاتر ناتوانێت وات لێبکات خێراتر خەوت لێ بکەوێت. بەڵکوو مەبەست لە دەست پێکردن لە ژەمی کەمەوە ئەوەیە کە بە کەمترین ژەم خەوێکی باشترت هەبێت.
هەرچۆنێک بێت باشترە کە زانیارییەکانی سەر دەرمانەکەت بخوێنیتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی کە میلاتۆنین جۆری جیاوازی هەیە، پێش ئەوەی کە دەست بکەیت بە بەکارهێنانی باشترە لەگەڵ پزیشک یان پزیشکی دەرمانساز قسە بکەیت و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکەیت، تاکوو باشترین جۆرت بۆ دیاری بکەن.

کاریگەریی لاوەکی

نوێترین توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین بێ زیانە، ژەهراوی نییە و ئالوودەت ناکات.
وەرگرتنیشی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە سەلامەت دانراوە. 
بە پێچەوانەی هۆڕمۆنەکانی ترەوە، هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە ئەوە بسەلمێنێت میلاتۆنین کاردەکاتە سەر توانای سروشتی لەشی مرۆڤ بۆ دروستکردنی میلاتۆنین.
بەڵام هەرچۆنێک بێت، چەند کاریگەرییەکانی لاوەکی کورتخایەن باسیان لێوە کراوە کە پەیوەستکراون بە بەکارهێنانی میلاتۆنینەوە. وەک:

میلاتۆنین و خانمانی دووگیان 

لەماوەی دووگیانیدا ڕێژەی ئاسایی میلاتۆنین گرنگە کە ڕەچاو بکرێت، لەڕاستیدا بەدرێژایی ماوەی دووگیانی ئاستی ئەم هۆڕمۆنە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
لەماوەی سێ مانگی یەکەم و دووەمدا، ئاستی ئاسایی میلاتۆنین لە شەودا دادەبەزێت. 
بەڵام کاتێک کە مانگەکانی کۆتایی نزیک دەبنەوە ئاستی میلاتۆنین دەست دەکات بە بەرزبوونەوە. لە کۆتایی کۆتا مانگدا ئاستی میلاتۆنین دەگاتە لووتکە. دوای لەدایکبوونی منداڵ ئاستەکەی دەگاتەوە ئاستی ئاسایی پێش دووگیان بوون.
کاتێک خانمێک دووگیان دەبێت، میلاتۆنین دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلەکەی، کە بۆ گەشەی کاتژمێری زیندەیی و دەمارە کۆئەندام و کۆئەندامی نێوەدەردان.


سەرچاوەکان



447 بینین