ئایا بەکارھێنانی میلاتۆنین سەلامەتە بۆ منداڵ؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2023-01-12-14:51:00 - کۆدی بابەت: 10884
ئایا بەکارھێنانی میلاتۆنین سەلامەتە بۆ منداڵ؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئایا میلاتۆنین سەلامەتە بۆ منداڵ (بە ئینگلیزی: Is Melatonin Safe for Kids، بە عەرەبی: هل الميلاتونين آمن للأطفال). خەمڵێنراوە کە زیاتر لە ٧٥٪ منداڵانی قوتابخانە بەپێی پێویست ناخەون. کە بەداخەوە خەوی کەم دەکرێت کار بکاتە سەر توانا و حەزی منداڵ بۆ سەرنجدان و فێربوون. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەستکراوە بە کێشەی تەندروستی وەک قەڵەویی منداڵ. 
لەبەر ئەمەشە هەندێک دایک و باوک بیر لە پێدانی میلاتۆنین بە منداڵەکەیان دەکەنەوە، کە هۆڕمۆن و دەرمانێکی خەوە. بە هەمان شێوە میلاتۆنین بۆ کەسانی پێگەیشتووش بە سەلامەت دانراوە، لێرەدا باس لە سەلامەتی و شێوازی گونجاوی بەکارھێنانی ئەم تەواوکەرە خۆراکییە بۆ منداڵ کراوە.

میلاتۆنین چییە؟

میلاتۆنین هۆڕمۆنێکە لەلایەن ڕژێنی سنەوبەریی مێشکەوە بەرهەم دەهێنرێت، زۆرجار وەک هۆڕمۆنی خەو ناسێنراوە، بە ڕێکخستنی کاتژمێری زیندەیی یارمەتی لەش دەدات تاکوو ئامادەبێت بۆ خەوتن، ئاستی میلاتۆنین لە ئێواراندا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وا لە لەش دەکات بزانێت کاتی خەوتنە. بە پێچەوانەوە ئاستی میلاتۆنین چەند کاتژمێرێک پێش کاتی لە خەو هەستان دەست بە کەمبوونەوە دەکات.
جگە لە خەوتن ئەم هۆڕمۆنە لە چەند چالاکییەکی تری لەشدا ڕۆڵی هەیە. یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن و پلەی گەرمیی لەش و ئاستی کۆرتیزۆڵ و چالاکی سیستمی بەرگری دەدات.
زۆربەی خەڵکی میلاتۆنین بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەند جۆرێکی کێشەی پەیوەست بە خەوەوە بەکاردەهێنن. وەک:

  • کەمخەوی.
  • تێکچوونی خەو بەهۆی گەشتەوە.
  • ئەو ناڕێکی خەوەی کە پەیوەستە بە باری دەروونییەوە.
  • کۆنیشانەی دۆخی خەوی دواکەوتوو.
  • ناڕێکی ڕیتمی شەو و ڕۆژی.

ئایا میلاتۆنین یارمەتی منداڵ دەدات خەوی لێبکەوێت؟

زۆربەی دایک و باوکان دەپرسن کە ئایا تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین یارمەتی منداڵەکەیان دەدات تاکوو خەوی لێ بکەوێت. ئەمە بەتایبەت ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک ئۆتیزم یان هەر نەخۆشییەکی تری دەمارییان هەیە، کە کار دەکاتە سەر توانای خەوتنیان.
بۆ نموونە لە شیکردنەوەیەکدا کە لەسەر ٣٥ منداڵی تووشبووی ئۆتیزم ئەنجام دراوە، ئەوە دۆزراوەتەوە کە تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین یارمەتی منداڵەکانی داوە تاکوو زووتر خەویان لێ بکەوێت و بۆ ماوەیەکی زۆرتر بخەون.
بە هەمان شێوە شیکردنەوە بۆ ١٤ توێژینەوەی تر کراوە و سەلمێنراوە کە ئەو منداڵانەی تووشبووی نەخۆشییە دەمارییەکانن، دوای وەرگرتنی میلاتۆنین بە تێکڕا ٢٩ خولەک زووتر خەویان لێ کەوتووە و ٤٨ خولەک زیاتریش لە خەودا ماونەتەوە. 
هەمان کاریگەری میلاتۆنین لە منداڵان و تازە پێگەیشتوانی ساغیشدا کە کێشەی خەو لێکەوتنیان هەبووە تێبینی کراوە.
بەڵام هەرچۆنێک بێت کێشەکانی خەو ئاڵۆزن و دەکرێت چەندین هۆکاری جیاوازیان هەبێت. 
بۆ نموونە بەکارهێنانی ئامێرە ڕووناکەکان لە درەنگانی شەودا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین. کە ئەگەر ئەمە هۆکاری کێشەی خەو بێت، ئاساییانە بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆجییەکان دەکرێت چارەسەری کێشەی خەو بکرێت.
لە هەندێک حاڵەتی تردا کێشەی تەندروستی دەستنیشان نەکراو، دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی کێشە لە خەولێکەوتن و بەئاگا مانەوەی منداڵدا.
لەبەر ئەوە پێش ئەوەی تەواوکەری خۆراکی بدەیت بە منداڵەکەت، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت. چونکە دەتوانێت هۆکاری کەمخەوی و کێشەی خەوی منداڵەکەت و چارەسەری گونجاو دیاری بکات.

میلاتۆنین سەلامەتە بۆ منداڵ؟

زۆربەی توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە بەکارهێنانی میلاتۆنین بۆ منداڵ بۆ ماوەیەکی کورت سەلامەتە و کاریگەرییەکی لاوەکی زۆر کەم یان هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک منداڵ دەکرێت ئەزموونی نیشانەی وەک دڵتێکچوون، سەرئێشە، میز بەخۆداکردن لە شەودا، ئارەقی زۆر، بێهێزی، سەرگێژی بەیانیان، ئازاری گەدە و زیاتر بکەن. 
زۆربەی کەسانی شارەزای بواری تەندروستی دەربارەی کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایەنەکانی میلاتۆنین دڵنیانین، چونکە چەند توێژینەوەیەکی بچووک دەربارەی کراوە، لەبەر ئەم هۆیەش زۆربەی پزیشکان بە وریاییەوە پێشنیاری میلاتۆنین بۆ منداڵ دەکەن.
بەڵام گرنگە بزانرێت کە بەکارهێنانی میلاتۆنین بۆ منداڵ لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی خۆراک و دەرمانەوە ڕێگەپێدانی بۆ نەکراوە. 
تاکوو توێژینەوەی زیاتر نەکرێت بۆ دڵنیایی سەلامەتی، ئەوا مەحاڵە کە بتوانرێت بوترێت بەکارهێنانی میلاتۆنین بۆ منداڵ بە ەواوی سەلامەتە. 
بۆیە ئەگەر منداڵەکەت کێشەی خەولێکەوتن و کەمخەوی هەیە، باشترە سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

ڕێگای تر بۆ چارەسەری بێخەوی منداڵ

هەندێک کات بێخەوی منداڵ دەکرێت بەبێ بەکارهێنانی دەرمان یان تەواوکەری خۆراکی وەک میلاتۆنین چارەسەر بکرێت، چونکە زۆرجار کێشەکانی خەو کاتێک ڕوودەدات کە منداڵ خوو بە چەند چالاکییەوە دەگرێت بەهۆیانەوە تا درەنگانی شەو بە بێداری دەمێنێتەوە. 
ئەگەر منداڵەکەت کێشەی خەولێکەوتنی هەیە، ئەوا ئەم ڕێنماییانە ڕەچاو بکە تاکوو زووتر خەوی لێ بکەوێت.

  • کاتی خەوی دیاریکراو: خەوتن و هەستان لە خەو هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا، دەبێتە هۆی ڕاهێنانی کاتژمێری زیندەیی منداڵ، ئەمەش وای لێدەکات زووتر بخەوێت و ڕۆژانە لە هەمانە کاتدا لە خەو هەستێت. 
  • بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا پێش خەوتن سنووردار بکە: ئامێرە کارەباییەکانی وەکوو تەلەڤیزیۆن و مۆبایل ڕووناکییەکەیان دەبێتە هۆی تێکدانی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین. پێش دوو کاتژمێر لە کاتی نووستن، ڕێگە بە منداڵەکەت مەدە بەکاریان بهێنێت، ئەمەش دەکرێت وای لێبکات زووتر خەوی لێ بکەوێت.
  • یارمەتی بدە ئارام بێت: فشاری بەردەوام دەبێتە هۆی هاندانی ئاگایی، هەربۆیە پێش خەوتن منداڵەکەت ئاسوودە بکە و دووری بخەرەوە لە هەموو جۆرە فشارێکی دەرەکی.
  • با پلەی گەرمی ژوورەکەی مامناوەند بێت: هەندێک منداڵ کاتێک ژوورەکەیان زۆر گەرمە ناتوانن بەباشی بخەون، بۆیە پلەی گەرمییەکی مامناوەند یان کەمێک فێنک باشترینە.
  • شۆردن لە نزیکی کاتی خەوتن: شۆردنی منداڵەکەت لە نزیکەی ٩٠ بۆ ١٢٠ خولەک پێش خەوتن دەکرێت یارمەتی منداڵەکەت بدات تاکوو ئاسوودە بێت و خەوێکی باشتر و قووڵتری هەبێت.

 


سەرچاوەکان

45 بینین