ئایا خواردنەوەی قاوە بۆ منداڵان خراپە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-15-23:35:00 - کۆدی بابەت: 10914
ئایا خواردنەوەی قاوە بۆ منداڵان خراپە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئایا خواردنەوەی قاوە بۆ منداڵان خراپە (بە ئینگلیزی: Is drinking coffee bad for children، بە عەرەبی: هل شرب القهوة مضر للأطفالقاوە بە خواردنەوەیەکی پەسەندکراو لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە دادەنرێت. ئەم خواردنەوەیە زیاتر لەلایەن گەنجەکانەوە دەخورێتەوە، بەڵام هەندێکجار منداڵانیش ئارەزووی خواردنەوەی دەکەن. دەشێت زۆربەی دایک و باوکان دووچاری نیگەرانی ببنەوە کاتێک منداڵەکانیان داوای خواردنەوەی خواردنەوە کافایینەکانی وەک قاوە دەکەن. 

ئایا قاوە بۆ منداڵان خراپە؟

لە ڕاستیدا خواردنەوەی قاوە، بە ڕێژەیەکی کەم و سنووردار زیان بۆ سەر تەندروستی منداڵەکە دروست ناکات و پێویست بە نیگەرانی ناکات. بەڵام پێش ئەوەی منداڵەکە ئەم جۆرە خواردنەوانە بخواتەوە، پێویستە گرنگی بە چەند خاڵێکی گرنگ بدرێت. زۆربەی ئەو خواردنەوانەی قاوەیان تێدایە و تایبەتن بە منداڵان، بڕێکی زۆر لە شەکر و کرێم و شیرینکەری وەک کارامێڵ و چۆکۆلەیتی تێدایە، بەمەش منداڵەکە بڕێکی زۆر لە شەکر و چەوری وەردەگرێت و لە ئەنجامدا خواردنەوەیەکی لەم جۆرە سوود بە جەستەی ناگەیەنێت، بەپێچەوانەوە دەکرێت زیانی هەبێت. بەمەش قاوە بە خواردنەوەیەکی گونجاو بۆ منداڵان دانانرێت.

زیانە لاوەکییەکانی خواردنەوەی قاوە

ئەو بڕە کافایینەی لەناو قاوەدایە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان زیاترە بە بەراورد بە کەسێکی پێگەیشتوو، لەبەرئەوەی جەستەیان قەبارەی بچووکترە و لەسەرەتای قۆناغەکانی گەشکردندان و لەشیان بە بەردەوامی پێویستی بە پێکهاتەی خۆراکی گرنگ هەیە. خۆراکناسێک بەناوی، ستیڤ ثیوزن (Steve Theunissen) کاریگەرییە لاوەکییەکانی خواردنەوەی قاوەی دیاریکردووە، کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

  • میزکردن و ئەگەری وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات، قاوە بە میززیادکەر دادەنرێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێتەوە، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات. 
  • تێکچوونی بارودۆخی دەروونی، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە خواردنەوەی کافایین لەلایەن منداڵانەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستکردن بە فشار و دڵەڕاوکێ و هەروەها خەمۆکیش
  • تێکچوونی سوڕی خەو، کافایین دەبێتە هۆی تێکدانی سوڕی خەو، بەمەش کاریگەری لەسەر گەشەکردنی مێشک و جەستە دروست دەکات.
  • خواردنەوەی قاوە لەلایەن منداڵانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، دەکرێت لە داهاتوودا وەکوو خوێکی لێبێت و ببێتە خواردنەوەیەکی ڕۆژانە، لە ئەنجامدا دەکرێت منداڵەکە دووچاری چەند نیشانەیەکی وەک ماندووێتی، سەرئێشە و گرفتی سەرنجدان ببێتەوە. 
  • دروستبوونی ئەو کێشانەی پەیوەندیان بە گەدەوە هەیە، هەروەها هێڵنجدان. 

سەرەڕای هەموو ئەم کاریگەریانە، لە هەندێک بارودۆخی دەگمەندا، دەشێت منداڵەکە زیاد لە بڕی پێویست کافایین بخواتەوە، بەمەش تەندروستی کەسەکە دەکەوێتە مەترسییەوە، لەم حاڵەتەدا پێویست بە چارەسەری خێرا دەکات. نیشانەکانی زیاد بەکارهێنانی کافایین بریتیین لە ڕشانەوە، بەرزە پەستانی خوێن، زیادبوون و تێکچوونی لێدانی دڵ

چەندێک قاوە بۆ منداڵان ڕێگە پێدراوە؟

بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە و چەند سەرچاوەیەک بەپێی ئەم بڕانەی خوارەوە، قاوە بۆ منداڵان ڕێگەپێدراوە:

  • تەمەن چوار بۆ شەش ساڵ: ٤٥ میلیگرام 
  • تەمەن حەوت بۆ نۆ ساڵ: ٦٢ میلیگرام 
  • تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵ: ٨٥ میلیگرام 
  • تەمەن ١٢ و بەرەو سەرەوە: ٨٥ بۆ ١٠٠ میلیگرام 

زۆر پێویستە پێش پێدانی قاوە بۆ منداڵان ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت و ئامۆژگاری وەربگیرێت. بەمەش پزیشکەکە بەپێی تەندروستی منداڵاکە بڕەکەی دیاری دەکات. ئەگەر دوای خواردنەوەی قاوە، منداڵەکە هەستی بە ئازاری گەدە و دڵەڕاوکێ کرد هەروەها کێشەی دڵی بۆ دروستبوو، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.


سەرچاوەکان



300 بینین