ئایۆوا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-23:07:00 - کۆدی بابەت: 10936
ئایۆوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئایۆوا (بە ئینگلیزی: Iowa، بە عەرەبی: آيوا)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٢٦ـەم گەورەترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٣١ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی. ئایۆوا لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕووباری میسیسیپی و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ڕووباری میزۆری و ڕووباری بیگ سیۆکسدا هاوسنوورە. هەروەها شەش ویلایەتەوە دەوری ئایۆوایان داوە، ویسکۆنسن لە باکووری ڕۆژهەڵات، ئیلینۆی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، میزۆری لە باشوور، نێبراسکا لە ڕۆژاوا، داکۆتای باشوور لە باکووری ڕۆژاوا و مینیسوتا لە باکوور. هەروەها پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە دیمۆین (Des Moines)ـە و ویلایەتەکە بە یەکێک لە سەلامەتترین ویلایەتەکانی ئەمریکا پلەبەند دەکرێت.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتەکە ١٤٤,٦٦٩,٢ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٢٢ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو

ڕاوچی و کۆکەرەوە هیندییە ئەمریکییەکان زیاتر لە ١٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر گەیشتنە ئەو شوێنەی کە ئێستا ئایۆوایە و لە ناوچەکە نیشتەجێبوون. پاشان گەڕیدە و بازرگانە ئەورووپییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد و چالاکی بازرگانی لەناوچەکەدا دەستی پێکرد. بەدرێژایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩، ئایۆوا بەشێک بوو لە لویزیانای فەڕەنسی و لویزیانای ئیسپانی، پاشان دوای ئەوەی ئەمریکا لویزیانای لە ساڵی ١٨٠٣ـدا لە فەڕەنسا کڕی ئایۆوا بوو بە بەشێک لە ئەمریکا و خەڵکەکەی دەستیانکرد بە کاری کشتوکاڵی و بناغەی ئابووری ناوچەکە کشتوکاڵی بوو. لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٤٦ وەک ٢٩ـیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بناغەی ئابووری ویلایەتەکە لە کشتوکاڵییەوە بۆ کەرتە جۆراوجۆرەکان گۆڕا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوای لە یەکی نیسانی ٢٠٢٠ـدا بە ٣,١٩٠,٣٦٩ کەس دیاریکرد، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٤,٧٣٪ زیادیکردووە. هەروەها، نزیکەی ٤٩,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە نێرن.

شوێنی لەدایکبوون

٧٠,٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوا لە ویلایەتی ئایۆوا لەدایکبوون و ٢٣,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ویلایەتێکی تری ئەمریکا لەدایکبوون، لە کاتێکدا ٠,٦٪ لە پۆرتۆ ڕیکۆ لەدایکبوون و ٥٪ـی دانیشتووان لەدایکبووی بیانی بوون.

تەمەن

٦,٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوا لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی، ٢٢,٦٪ـی دانیشتووان لە خوار ١٨ ساڵی ١٤,٧٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵ یان زیاتر بوون.

ڕەگەز

پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێست (ناهیسپانی): ٨٥,٩٪
  • هیسپانی یان لاتینی: ٦,٨٪
  • ئەمریکی ئەفریقی (ناهیسپانی): ٥,٢٪
  • ئاسیایی: ٣٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ١,٤٪
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: ٠,٣٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١٪

بەپێی راپرسیی ساڵی ٢٠١٦ـی کۆمەڵگەی ئەمریکی، ٥,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوا بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون لە ڕەگەزەکانی:

  • مەکسیکی: ٤,٣٪
  • پۆرتۆ ڕیکۆ: ٠,٢٪
  • کوبایی: ٠,١٪
  • هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ١,٠٪

هەروەها پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • ئەڵمانی: ٣٥,١٪
  • ئێرلەندی: ١٣,٥٪
  • ئینگلیزی: ٨,٢٪
  • ئەمریکی: ٥,٨٪
  • نەرویجی: ٥٫٠٪

زمان

ئینگلیزی زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوایە و لەلایەن ٩١,١٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت. هەریەک لە زمانی خۆماڵی و زمانی ئاماژە ناباوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکەن و لە ساڵی ٢٠١٧ـدا زمانی ئاماژە لەلایەن ٢,٥٪ و زمانی خۆماڵی ٠,٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە بەکار دەهاتن. پاش ئینگلیزی دووەم باوترین زمانی دانیشتووانی ویلایەتەکە ئیسپانییە و بەدوای ئەویشدا ئەڵمانی دێت کە لەلایەن ١٧,٠٠٠ دانیشتووی ویلایەتەکەوە بەکاردێت.

ئایین

لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٤ـی سەنتەری توێژینەوەی پیوودا دەرکەوتووە کە ٦٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئایۆوا پرۆتستانتین، لە کاتێکدا ١٨٪ـی دانیشتووان کاسۆلیکین و ١٪ـی دانیشتووانیش سەر بە ئایینە نامەسیحییەکانن. جگە لەوەش، ٢١٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن و ١٪ـیش وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ـدا نزیکەی ٦,٠٠٠ جوولەکە لە ویلایەتەکەدا بوون و لەو ژمارەیەش ٣,٠٠٠ـیان لە دیمۆینی پایتەخت نیشتەجێبوون.

ئابووری

سەرەڕای ئەوەی زۆرجار ویلایەتی ئایۆوا وەک ویلایەتێکی کشتوکاڵی سەیر دەکرێت، بەڵام کشتوکاڵ بەشێکی تاڕادەیەک بچووکی ئابوورییە هەمەچەشنەکەی ویلایەتەکە پێکدەهێنێت. جگە لەوەش، کەرتەکانی بەرهەمهێنان، زیندەتەکنەلۆجیا، خزمەتگوزارییەکانی بیمە و دارایی و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بەشداری ئابووری ویلایەتەکە دەکەن. ئەم ئابوورییە هەمەجۆرەی ئایۆوا یارمەتی ویلایەتەکەیدا تا کاریگەری قەیرانە گەورەکەی ساڵانی ٢٠٠٠ـی کەمتر لەسەر بێت وەک لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی بێکاری لەم ویلایەتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە تەواوی وڵاتەکەی. هەروەها تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا نزیکەی ١٢٤ ملیار دۆلار و تێکڕای بەرهەمی گشتی ویلایەتەکە ١١٣,٥ ملیار دۆلار بوو. بەرهەمهێنان گەورەترین کەرتی ئابووری ویلایەتەکەیە و لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا ٢١٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکەی پێکهێنا. داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ٢٣,٣٤٠ دۆلار بوو و ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢١ـدا ٤,٠٪ بوو.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای هەموو ناوچەکانی ویلایەتی ئایۆوا کیشوەری شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشی ویلایەتەکە ڕووبەڕووی گەرما و سەرمای زۆر توند دەبێتەوە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٠ پلەی سەدییە و لە هەندێک شوێنی باکووری ویلایەتەکەدا ٧ پلەی سەدییە. بەفربارین باوە و ساڵانە نزیکەی ٢٦ ڕۆژ لە دیمۆینی پایتەخت بەفر دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ ڕەشەبای بروسکاوی لە ویلایەتی ئایۆوا هەڵدەکات و بە تێکڕایی ٤٧ گەردەلوول ڕوو دەدات. لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، دوازدە کەس لە ویلایەتەکەدا بەهۆی گەردەلوولەوە گیانیان لەدەستدا. هاوینی ویلایەتەکە بە گەرم و شێدار ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمی ڕۆژ هەندێک جار نزیکەی ٣٢ پلەی سەدیە و ناوبەناو بۆ زیاتر لە ٣٨ پلەی سەدیش بەرز دەبێتەوە. زستانی ئایۆوا زۆر ساردە و زۆرجار پلەکانی گەرمی بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزن، هەندێکجاریش دەگەنە خوار ٢٨- پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٨ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٠ـی تەممووزی ١٩٣٤ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی ٤٤- پلەی سەدی بوو کە لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ١٩١٢ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



274 بینین