شێرپەنجەی ئێسک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-07-23:08:00 - کۆدی بابەت: 10948
شێرپەنجەی ئێسک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی ئێسک (بە عەرەبی: سرطان العظام، بە ئینگلیزی: Bone cancer) زاراوەیەکە بەکاردەهێنرێت بۆ چەند جۆرێکی جیاوازی شێرپەنجە کە تووشی ئێسکەکان دەبن. کاتێک خانە شێرپەنجەیییەکان لە ئێسکدا گەشەدەکەن، دەتوانن زیان بە شانە ئاسایییەکانی ئێسک بگەیەنن. جۆری ئەو خانە و شانەیەی کە شێرپەنجەکەی لێوە سەرهەڵدەدات، جۆری شێرپەنجەی ئێسکەکە دیاری دەکات. ئەو شێرپەنجەیەی لەناو ئێسک خۆیەوە سەرهەڵدەدات پێی دەوترێت شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی. زۆرجۆری گرێی شێرپەنجەییش هەیە لە ئەندام و بەشەکانی تری جەستەوە سەرهەڵدەدەن و بەرەو ئێسکەکان بڵاودەبنەوە. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە پێی دەوترێت شێرپەنجەی ئێسکی لاوەکی یان مێتاستاتیک. گرێیە شێرپەنجەیییەکانی مەمک، پڕۆستات و سییەکان باوترین جۆری گرێی شێرپەنجەییین کە بە ئێسکەکاندا بڵاودەبنەوە.

هۆکاری سەرهەڵدانی شێرپەنجەی ئێسک

شارەزایان تا ئێستا دڵنیانین چی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی ئێسک، بەڵام چەند شتێکیان بە هۆکار خەمڵاندووە کە پەیوەندییان بە سەرهەڵدانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیەوە هەیە. گرنگترین هۆکار بەرکەوتنە بە تیشکدانەوە یان ئەو دەرمان و ڕێگایانەی بۆ چارەسەری شێرپەنجەکانی تر بەکاردەهێنرێن. هەندێک شێرپەنجەی ئێسکیش بەهۆی حاڵەتە گوازراوەکان لەنێو خێزانەکاندا سەریان هەڵداوە، لەکاتێکدا ئەمە شتێکی باو نییە.

نیشانەکان

زۆربەی ئەو کەسانەی تووشبووی شێرپەنجەی ئێسکن هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، جگە لەوەی هەست بە ئاوسانێکی بێئازار دەکەن. بەشێكیشیان کۆمەڵە نیشانەیەکیان تێدا دەردەکەوێت، کە ئەم نیشانانە دەکرێت بەهۆی حاڵەتی ترەوە وەکوو تووشبوون بە هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی یاخود نەخۆشی ڵایمیشەوە دەربکەون، بۆیە ئەمە کاردەکاتە سەر دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی ئێسک و پێویستی بە شارەزاییی و وریایییە لەکاتی دەستنیشانکردندا. باوترین نیشانەکان بریتیین لە:

  • هەستکردن بە ئازار (بەتایبەتی لە شەواندا ئازارەکە زۆرتر دەبێت)
  • هەڵئاوسانی لەناکاو
  • کەسەکە ناتوانێت بە ئاسانی هەڵسوکەوت بکات و بجووڵێت
  • هەستکردن بە شەکەتی
  • تا

لە چی کاتێکدا بینینی پزیشک پێویستە؟

هەرکاتێک ئێسکەکان ئازاریان هەبوو یاخود تووشی هەڵئاوسان بوون، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت. ئەگەریش کەسەکە خۆی لەژێر چارەسەری شێرپەنجەی ئێسکدایە دەبێت دڵنیابێتەوە لەوەی لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی نوێدا پزیشکەکەی ئاگاداربکاتەوە.

جۆرەکانی شێرپەنجەی ئێسک

شوێنی سەرهەڵدانی شێرپەنجەکە جۆری شێرپەنجەکە دیاری دەکات. شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی چوار جۆری هەیە، کە بریتیین لە:

١.سارکۆمای ئێسکیی: (سارکۆما جۆرێکی شێرپەنجەی بەستەرە شانەکانە). ئەم جۆرە باوترین جۆری شێرپەنجەی ئێسکە، لەناو ئەو خانانەوە سەرهەڵدەدات کە شانەی نوێی ئێسکی لێ پێکدێت. دەکرێت لەهەر شوێنێکی ئێسکەکەوە سەرهەڵبدات بەڵام بەزۆری لە کۆتایی ئێسکە درێژەکاندا ڕوودەدات وەکوو ئێسکی قۆڵ و قاچ. بەزۆریش لە منداڵان و هەزرەکاراندا ئەم جۆرەیان دەستنیشاندەکرێت.

٢.سارکۆمای ئیوینگ: بە ناوی ئەو پزیشکەوە ناونراوە کە بۆ یەکەمجار باسی ئەم جۆرەی شێرپەنجەی ئێسکی کرد. سارکۆمای ئیوینگ زۆر جۆری جیاوازی گرێی شێرپەنجەیی دەگرێتەوە کە تایبەتمەندی هاوشێوەیان هەیە و لە هەمان جۆری خانەوە سەرهەڵدەدەن. ئەم گرێ شێرپەنجەیییانە لەناو ئێسک و شانە نەرمەکانی چواردەورییەوە سەرهەڵدەدەن. بەزۆری لەناو ئێسکەکانی سێبەندە، پەراسوو و دەفەی شان یاخود ئێسکە درێژەکانی وەکوو هی قاچدا دروست دەبن.

٣.سارکۆمای کڕکڕاگە: ئەم جۆرەیان لە شانە کڕکڕاگەییەکانەوە سەرهەڵدەدات. کڕکڕاگە بەستەرە شانەیەکی نەرمە کە یارمەتی جووڵەی نێوان ئێسک و جومگەکان دەدات. ئەم جۆرەیان بەزۆری لە ئێسکی قۆڵ، قاچ و حەوزدا ڕوودەدات. بە پێچەوانەی جۆرەکانی ترەوە، زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوودا ئەم جۆرەیان دەستنیشاندەکرێت.

٤.کۆردۆما: ئەم جۆرە دەگمەنەی گرێی شێرپەنجەیی لەناو ئێسکەکان و دڕکەپەتکدا سەرهەڵدەدات، بەزۆری لە بنکی دڕکەپەتک یان بنکی کەلـلەی سەردا. ئەم جۆرەیان زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا سەرهەڵدەدات و پیاوان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە وەک لە ژنان.

قۆناغبەندی شێرپەنجەی ئێسک

قۆناغبەندی بەپێی قەبارە، شوێنی گرێیەکە و بڵاوبوونەوەی گرێیەکە دەستنیشاندەکرێت. شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی دەکرێت بە چوار قۆناغ:

  • قۆناغی یەک: شێوەی خانەکان تێکنەچووە، هەروەها خانە شێرپەنجەیییەکان لە شوێنی خۆیاندان.
  • قۆناغی دوو: خانە شێرپەنجەیییەکان هێشتا لە شوێنی خۆیاندان، بەڵام شێوەی خانەکانی گرێیەکە شێواوە و ئاسایی نییە.
  • قۆناغی سێ: شێوەی خانەکان نائاساییین و تێکچوون، هەروەها شێرپەنجەکە بە شوێنی جیاواز جیاوازی هەمان ئێسکدا بڵاوبووەتەوە.
  • قۆناغی چوار: شێرپەنجەکە لە ئێسکەوە بە ناوچەکانی تری جەستەدا بڵاوبووەتەوە، وەکوو جگەر و سییەکان.

دەستنیشانکردن

ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی ئێسک بریتیین لە:

  1. پشکنینی تیشکی X
  2. پشکنینی MRI
  3. پشکنینی CT سکان
  4. پشکنینی نموونەی شانەی جەستە

نزیکەی ٦٦،٨٪ـی ئەو کەسانەی شێرپەنجەی ئێسکیان هەبووە دوای پێنج ساڵ لە دەستنیشانکردنیان بە نەخۆشییەکە لە ژیاندا ماون.

چارەسەر

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ئێسک پشت بە جۆری شێرپەنجەکە دەبەستێت لەگەڵ قۆناغی شێرپەنجەکە، کە ئایا بڵاوبووەتەوە بە جەستەدا یان نا و شوێنی بڵاوبوونەوەکەی کوێیە. شێرپەنجەی ئێسک بەبەکارهێنانی کۆمەڵە شێوازێكی چارەسەر، چارەسەر دەکرێت. جۆر و ماوەی چارەسەرەکە پشت بە چەند هۆکارێکی کاریگەر دەبەستێت، وەکوو جۆری شێرپەنجەکە، قەبارە و شوێنی بڵاوبوونەوەی گرێیەکە. چارەسەرەکان بەزۆری بریتیین لە:

  • نەشتەرکاری: نەشتەرکارەکە گرێیەکە و هەندێک لە شانە تەندروستەکانی چواردەوری لادەبات. هەندێک جار بۆ چارەسەری شێرپەنجەکە دەبێت پەلێک بە تەواوی ببڕێتەوە. لەم دۆخەدا پەلی دەستکرد دەتوانرێت بەکار بهێنرێت. هەندێکجاریش وا دەخوازرێت نەشتەرکاری دووبارە بکرێتەوە ئەگەر هەموو خانە شێرپەنجەیییەکان بەجارێک لانەبرێن.
  • چارەسەری تیشكی ڕادیۆیی: ئەم جۆرە چارەسەرە بەلێدانی بڕێکی زۆری تیشكی X گرێیەکان دەپووکێنێتەوە. زۆرجار پێش نەشتەرکاری ئەم چارەسەرەی بۆ دەکرێت تا گرێیەکە بپووکێتەوە و شانەی کەمتر لاببرێت.
  • چارەسەری کیمیایی: ئەم جۆرە چارەسەرە خانە شێرپەنجەیییەکان لەڕێگەی دەرمانەوە دەکوژێت. چارەسەرەکە لەڕێگەی حەپەوە یاخوود لەڕێگەی دەرزییەوە دەبێت.

لەبەرئەوەی تا ئێستا هۆکاری ئەم شێرپەنجەیە نەزانراوە، بۆیە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ئێسک بە سەرکەوتوویی چارەسەر دەکرێن. لەم دۆخەدا شێرپەنجەکە هەرگیز سەرهەڵناداتەوە. هەندێکجار نەخۆشەکان پێویستیان بە چەندین نەشتەرکاری هەیە تا بە تەواوی چارەسەر دەبن. نەخۆشآنی تری تووشبووی شێرپەنجەی ئێسکیش لەوانەیە پێویستیان بەوە بێت بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەرەکان تا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت.


سەرچاوەکان



805 بینین