فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گەشکە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-12-21:48:00 - کۆدی بابەت: 10985
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گەشکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گەشکە (بە ئینگلیزی: First aid for seizure)، (بە عەرەبی: الإسعافات الأولية للصرع). گەشکە کێشەیەکە لە سیستمی کارەبایی مێشکدا، کە پرتەیەکی کارەبایی لەناکاوی مێشک هۆکارێکە بۆ گۆڕانکاری کورتخایەن لە جوڵە، ڕەفتار، هەستکردن بە ئاگاییدا. گەشکە جۆری زۆرە و جۆرە هەرە باوەکەی ئەوەیە، کە کەسەکە دەکەوێتە سەر زەوی و تەواوی جەستەی دەلەرزێت. کاتێک کەسێک گەشکە لێیدەدات زۆر گرنگە کە بزانرێت پێویستە لەوکاتەدا چی بۆ بکرێت. فریاگوزاری سەرەتایی یارمەتی کەسەکە دەدات ئەو دۆخە ئاسانتر تێ بپەڕێنێت.

هەنگاوەکانی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گەشکە

کاتێک کەسێک دەبینیت گەشکە لێیداوه سەرەتا خۆت هێمن بە و کۆنتڕۆڵی خۆت بکە. ئەگەر کەسەکە لەسەر دەم کەوتبوو، یاخود خواردن یان خواردنەوەی لە دەمدا بوو ئەوا ڕاستەوخۆ بیخەرە سەر لا. بەڵام ئەگەر وانەبوو ئەوە دەستی لێ مەدە و مەیخەرە سەر لا و وازی لێبهێنە تاکوو لەرزینەکەی تەواو دەبێت.

واباشە کەسەکە نەجوڵێنرێت بە هیچ شێوەیەک تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت. وە هەموو ئەو شتانەی لێ دووربخەرەوە کە لە دەوروبەریدا هەیە و دەبێتە هۆی زیان بۆی. هەروەها پارێزگاری لە سەری بکە بە دانانی شتێکی نەرم لە ژێر سەری.

کات بگرەوە بزانە گەشکەکە چەندی پێ دەچێت، کە دەبێت بە نزیکەیی دوو خولەک یاخود کەمتری پێ بچێت.

هیچ شتێک مەکە دەمی نەخۆشەکەوە و بەهیچ جۆرێک هەوڵی گرتنی جەستەی کەسەکە مەدە.

بەتەواوی سەیری جەستەی کەسەکە بکە لە کاتی گەشکەکەدا و بزانە کام بەشی جەستەی زۆرترین جوڵەی دەبێت.

ئاگاداری هەناسەدان و ڕەنگی پێستی کەسەکە بە. دەبێت لەگەڵ کەسەکە بمێنیتەوە تاکوو گەشکەکەی تەواو دەبێت.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گەشکەی جۆری (focal seizure)

جۆرێکی تر لە گەشکە کە پێی دەوترێت (ج) هەیە، لەم جۆرەدا کەسەکە بەبێ ویستی خۆی جوڵەیەک دووبارە دەکاتەوە، سەرەتا دەبێت بزانیت ئایا کەسەکە وەڵامدانەوەی هەیە بۆت. ئەگەر وەڵامدانەوەی نەبوو دەبێت ئاگاداری کات بیت تاکوو بزانیت ماوەی گەشکەکە چەندی پێ دەچێت.

کەسەکە بپارێزە لە هەرشتێک کە لە دەوروبەرییەتی و ڕەنگە ببێتە هۆی زیان بۆی. بەڵام هەوڵمەدە بیگریت یاخود جوڵەکەی بوەستێنیت. لەگەڵی بمێنەرەوە و بەباشی چاودێری هەموو جوڵەکانی بکە تاکوو تەواو دەبێت و دێتەوە هۆش خۆی.

ڕەنگە کەسەکە دوای تەواوبوونی گەشکەکە ماندوو بێتاقەت بێت. هەوڵبدە دڵنەوایی بکەیتەوە و ئاگاداری بیت.

کەی پێویستە کەسەکە ببەیتە فریاکەوتنی خێرا ؟

دوای ئەوەی فریاگوزاری سەرەتاییت بۆ گەشکەکە ئەنجامدا، دەبێت وریابیت ئەگەر کەسەکە هەریەکە لەم خاڵانەی تێدابوو ئەوا پێویستە بە زووترین کات پەیوەندی بکەیت بە فریاکەوتنی خێراوە

١- کەسەکە هەناسەدانی باش نەبێت لە دوای تەواوبوونی گەشکەکەوە.

٢- نەخۆشەکە زیانی بەرکەوتبوو بەهۆی تەنەکانی دەوروبەرییەوە

٣- ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی گەشکەی یەکەم گەشکەیەکی تر لێیبداتەوە.

٤- ماوەی گەشکەکە زیاتربێت لە پێنج خولەک

٥- نەخۆشەکە لە دوای پێنج خولەک لە تەواوبوونی گەشکەکەی هیچ وەڵامدانەوە و هۆشێکی نەبێت.

٦- یاخود گەشکەکە لە کاتی مەلەکردن و لەناو ئاودا ڕوویدابێت.

٧- خواردن و خواردنەوە، یاخود ڕشانەوە لە قوڕگیدا مابێتەوە.


سەرچاوەکان



659 بینین