جادووکردن لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-20-12:34:00 - کۆدی بابەت: 11057
جادووکردن لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جادووکردن لە پێغەمبەری خوا () لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا (بە ئینگلیزی:  Bewitching the Messenger of Allah Peace be upon him between reality and imagination، بە عەرەبی: السحر في الرسول صلى الله عليه وسلم بين الواقع والخيال) سەرەڕای بوونی چەندین دژایەتی و پیلان و نەخشەی بەردەوامی دژمنان هەر لە (سوکایەتیکردن بە قورئان وهەوڵدان بۆ بێ باوەرکردنی نەوەکانی ئیسلام و شێواندنی بناغەی خێزان...هتد)، بەڵام بەداخەوە لەبری پلان و پڕچەککردنی ڕۆڵەکانمان بە بابەتی گرنگ و سەردەمیانە، بە پێچەوانەوە سەرقاڵبوونی جیهانی ئیسلامی بە شتە لاوەکییەکان و برەودان بە (خورافات، جادوو و سیحر، دوعای ڕەش و سپی و...هتد)، جێگای سەرنج و بەزەییە. یەکێک لەو بابەتانەی چەندین جار لە سۆشیاڵ میدیا و وتاری هەندێک لە مامۆستا و بانگخوازەکان باس دەکرێت و دووپات دەکرێتەوە بابەتی جادووکردنە لە پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم). پێویستە تیشکێکی خێرا بخرێتە سەر ڕاستی و دروستی بابەتەکە و ڕوون بکرێتەوە.

جادوو و سیحر چییە؟

راغبی ئەسفەهانی لە (المفردات فی ‌‌‌غریب القران) ل ٢٢٦ـدا دەڵێت:
(السحر يقال على معان. الاول/ الخداع والتخيلات لا حقيقة لها نحو ما يفعله المشعبذ بصرف الأبصار .
الثاني /إستجلاب معاونة الشيطان بضرب من التقريب إليه).
واتە:
١- جادوو تەنها خەیاڵ و بەلاڕێبردنە، هیچ ڕاستییەکی نییە بە بەراورد بەو کارەی کە جادووگەرەکە بە لادانی بینین دەیکات.
٢- هەروەها بە بانگهێشتکردنی یارمەتیدەری شەیتان بە ڕێگەی نزیکبوونەوە لێی پێناسە دەکرێت.

ئیبن مەنزوریش لە (لسان العرب)ـدا لەو بارەیەوە دەڵێت: ‏سحر (صرف الشيء من حقیقته الى غیره)
واتە: لادانی شتێکە لە حەقیقەتەکەی خۆیەوە بۆ شتێکی تر.

ئەو فەرموودانە کامانەن کە باس لە جادووکردن لە پێغەمبەری خوا () دەکەن؟

سەبارەت بەو فەرموودەی کە لە دایکی ئیماندارانەوە (عائیشە) ڕەزای خوای لێبیت هاتووە، ئیمامی بوخاری و موسلم ڕیوایەتیان کردووە کە گوایا پێغەمبەری خوا ماوەی شەش مانگ لەلایەن پیاوێکی جوولەکەوە بەناوی (لەبیدی کوڕی ئەعسەم) سیحری لێکراوە و بەڕادەیەک کاریگەری جادووەکە ئەوەندە زۆر بووە، وایزانیووە کارێکی ئەنجام داوە و بەڵام لە ڕاستیشدا ئەنجامی نەداوە. دەقی فەرموودەکە بەم شێوەیەیە: 
(حدثنا عيسی بن یونس عن هشام عن أبیە عن عائشة رضي الله عنها قالت: سَحَرَ رسولَ الله صلى الله عليه وسلم رجلٌ من بني زُرَيق، يقال له لَبِيد بن الأَعْصَم، حتى كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يُخَيَّل إليه أنه كان يَفْعل الشيء وما يفَعَله) سەحیحی بوخاری: ژمارە ٥٧٦٥.
بەهەمان شێوە پێشەوا موسلیمیش لە کتێبەکەیدا بە ژمارە (٤٠٥٩) ڕیوایەتی کردووە و دەفەرموێت: 
(عن عائشة قالت: سحر النبي صلى الله عليه وسلم يهودي من يهود بني زريق يقال له لبيد بن الأعصم، حتى كان النبي صلى الله عليه وسلم يخيل إليه أنه يفعل الشيء) لە درێژەی ڕیوایەتەکەدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا ماوەیەک بەو هۆیەوە نەخۆش کەوتووە و پاشان لەناو بیرێکی ئاودا جادووەکە دۆزراوەتەوە.
بە سەرنجدانێکی خێرا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەم ڕیوایەتانە لەگەڵ هیچ پێودانگێکی قورئانی و فەرموودە و واقیع و لۆژیکدا یەک ناگرنەوە، کە دەتکرێت بەچەند خاڵێک ڕوون بکرێنەوە:

١- ئەم فەرموودەیە تەنها لە ڕێگەی عائیشەوە هاتووە (ڕەزای خوای لێبێت) کە فەرموودەکە ناسراوە بە (ئاحاد) و زانایانی فەرموودە حوکمەکەی بە (ظنی الدلالة) پێناسەی دەکەن. پێشەوا غەزالی لە کتێبی (المستصفی) لا: ١٢٢ دا سەبارەت بە فەرموودەی (ئاحاد) دەڵێت: لەناو هاوەڵانیشدا زۆرجار فەرموودەی (ئاحاد) ڕەتکراوەتەوە و کاری پێنەکراوە، لەوانەش: 
عائیشە ئەو فەرموودەی کە (عەبدوڵای کوڕی عومەر) ڕیوایەتی دەکا، ڕەتی کردووەتەوە کە (مردوو بەگریانی دۆست و نزیکەکانی سزا دەدرێ)، (ئەبی سنانی ئەشجەعی) و پێشەوا عومەر هەندێک لە ڕیوایەتەکانی (ئەبی هورەیرەو ئەبی مووسای ئەشعەری)ـیان قبوڵ نەبووە.
گەر فەرموودەی (ئاحاد) لە بواری (فقە)ـدا پەسەند نەبووبێت و هاوەڵان قەبووڵیان نەکردبێت ئەی چۆن فەرموودەیەک کە کەسایەتی پێغەمبەر بخاتە ژێر پرسیارەوە قەبووڵ و پەسەندە؟.
دیارە ئەو بابەتەش کە پەیوەندی بە بیر و باوەڕەوە هەیە، زیاتر جێگای سەرنج و لەسەر وەستانە، لەلایەکی ترەوە بۆچی بەتەنها خاتوو عائیشە ڕیوایەتی دەکات و هیچ خێزانێکی تری وەک (حەفسە، زەینەب، ئوم سەلەمە) و سەرجەم هاوەڵان بێ ئاگان و ئاماژەی پێ ناکەن!؟.

٢- دەربارەی (هیشامی کوڕی عەمر)ـەوە کە ڕاویی فەرموودەکەیە، هەندێ سەرنج و تێبینی هەن، کە هێزی ئەو فەرموودەیەی ڕیوایەتی کردووە کەم دەکاتەوە، پێشەوا زەهەبی لەو بارەیەوە دەڵێت: هیشام لە کۆتایی تەمەنیدا تووشی لەبیرچوونەوە بووە و امام مالیک لێی ڕازی نەبووە و پەسەندی نەکردووە، پێشەوا تەبەری لەبارەی هیشامەوە دەڵێ: (سەنەدی ئەم فەرموودەیە هیشامی تێدایە، ئەو یەکێکە لە (مودەللسین)

واتە: ساختەکاران، یان هەندێکیان پێیان وتووە (راوی حدیث مجروح).

٣- پێشەوایان (بوخاری و موسلیم) کە ئەم فەرموودەیان ڕیوایەت کردووە دوو مرۆڤ بوون و هەموو مرۆڤێکیش لە هەڵەوە نزیکە، پێگەو گەورەیی زانایەکی وەک بوخاری کە هەزاران فەرموودەی ڕیوایەت کردووە، بەچەند فەرموودەیەک کە جێی سەرنج بن لەکەدار نابێت، لەهەمان کاتیش نابێت مەعسومیەتیش بدرێتە پاڵی.
هەریەک لە پێشەوایان (مالیک و تورموزی و ئەبو داودو دارمی) ئاماژەیان بەم فەرموودەیە نەکردووە، وە چەندین زانای گەورەی وەک (ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، عەلی کوڕی مەدین، ئەبو عیسای تورموزی، ئیبن تەیمیە، ئەلبانی) سەرنجیان لەسەر هەندێک فەرموودەی پێشەوا بوخاری هەبووە، ئایا دەکرێت بڵێین: ئەمانە کەسانی نەشارەزان و حوکمی (تەفسیق و تەکفیر و سەر لێشێواوی بدەینە پاڵیان).

لەڕوانگەی قورئانی پیرۆزەوە

ئەم فەرموودەی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا جێگای سەرنجە و لەگەڵ ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزدا یەک ناگرێتەوە و کۆک نییە، سەرەتا قورئان چەندین ئاماژەی بە ناڕاستی و بێ بنەمایی سیحر کردووە، لەوانە:
لە بەسەرهاتی مووسا پێغەمبەردا بەڕوونی لاوازی و وەهمی سیحر باسکراوە و ساحیر بە کەسێکی ناسەرکەوتوو دراوەتە قەڵەم، وەک دەفەرمووێت:
(قَالُوا ێا مُوسَی امَّا ان تُلْقِێ ۆامَّا ان نَّكونَ اوَّڵ مَنْ الْقَی)طە ٦٥
ساحیرەكان وتیان ئه‌ی موسا یا تۆ (جادووەكه‌ت) فرێ بده‌ یا ئێمە لە سەرەتاوە فڕێی دەدەین.
(قَاڵ بَلْ الْقُوا فَاذَا حِبَالُهُمْ ۆعِصِیُّهُمْ یُخَیَّلُ اڵیْهِ مِن سِحْڕهِمْ انَّهَا تَسْعَی) ٦٦
موسا فه‌رمووی نەخێر ئێوە فڕێی بدەن و ئەوانیش گووریس و دارەکانیان فڕێ دا.
(فَاوْجَسَ فِی نَفْسِهِ خِیفَه‌ً مُّوسَی) ٦٧
وا هاته‌ پێش چاوی موسا کە بەڕاستی دەجووڵێنەوە و دەڕۆن، ئەمەش ترسی لە دڵی موسا دروست کرد.
(قُلْنَا ڵا تَخَفْ انَّك انتَ الْاعْڵی) ٦٨
وتمان پێی مەترسە و بێ باک بە بێگومان هەر تۆ سەرکەوتوو دەبیت.
(ۆالْقِ مَا فِی ێمِینك تَلْقَفْ مَا صَنَعُوا انَّمَا صَنَعُوا كیْدُ سَاحِرٍ ۆڵا یُفْلِحُ السَّاحِرُ حَیْث اتَی) ٦٩
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی ڕاستتدایە فڕێی بدە هەرچی جادووی ئەوانە قووتی دەدات، بێگومان ئەوەی ئەوانە کردوویانە تەنیا فروفێڵی جادووبازانە، جادووگەریش سەرکەوتوو نابێت هەرچی بکات.
گەر ئەم کارە بۆ موسا پێغەمبەر ئەنجام درابێت و سەرکەوتوو بووبێت، ئەی بۆ موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) چۆن پێچەوانەکەی دەبینرێت و کابرایەکی بەناو جوولەکە شەش مانگ سیحری لێدەکات؟ خوای گەورە بە پێغەمبەر و سەرجەم ئیمانداران دەفەرموێت (فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ (٩٨) إِنَّهُ لَيْسَ لَهُ سُلْطَانٌ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ(٩٩)إِنَّمَا سُلْطَانُهُ عَلَى الَّذِينَ يَتَوَلَّوْنَهُ وَالَّذِينَ هُمْ بِهِ مُشْرِكُونَ ).النحل. 
ئه‌ی موحه‌ممه‌د (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كاتێک ویستت قورئان بخوێنی په‌نا بگره‌ به‌ خوا له‌ شه‌یتانی ده‌ركراو له‌به‌زه‌یی خوا. بەڕاستی شەیتان دەسەڵاتی بەسەر ئەوانەدا نییە کە باوەڕیان هێناوە و تەنیا پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن. ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و (شه‌یتان) دەکەنە دۆست و پشتیوانی خۆیان و بەهۆیەوە بوونەتە هاوەڵدانەر.
ئایا پێغەمبەری خوا باوەردار نەبووە؟ ئایا پشتی بەخوا نەبەستووە؟ ئایا هیچ کات شەیتانی کردووەتە دۆست و پشتیوانی خۆی؟
ئایەتی (واللَّهُ ێعْصِمُك مِنَ النَّاسِ) المائده‌: ٦٧ خوا دەتپارێزێت لە خەڵکی، مەگەر جادووکەر و ساحیر، خەڵک نییە؟ ئەی پاراستنی لە خەڵک لە چییە؟
ئایەتی (ۆاصْبِرْ لِحُكمِ رَبِّك فَانَّك بِاعْیُننَا ۆسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّك حِینَ تَقُومُ)الطور:٤٨
(ئارام بگره‌ بۆ بڕیاری په‌روه‌ردگارت ئه‌وسا بێگومان تۆ له‌ ژێر چاودێری ئێمه‌دایت هه‌ركاتێک له‌خه‌و هه‌ستایت ته‌سبیحات بكه‌ به‌ ستایشی په‌روه‌ردگارت). مەگەر چاودێری خوایی لە چیدایە؟ لە سورەتی الاسرا‌ء وتەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن موحەمەد (درودی خوای لەسەربێت) جادووی لێ کراوە بە ستەمکار ناوی هێناون (إِذْ يَقُولُ الظَّالِمُونَ إِن تَتَّبِعُونَ إِلَّا رَجُلًا مَّسْحُورًا (٤٧) انظُرْ كَيْفَ ضَرَبُوا لَكَ الْأَمْثَالَ فَضَلُّوا فَلَا يَسْتَطِيعُونَ سَبِيلًا (٤٨) کەواتە گەر جادووی لێ کرابێت وتەی بێ باوەڕان ڕاست دەرچووە و بێ بنەما قسەیان نەکردووە.
گەر پێغەمبەری خوا لە دوژمن پارێزراو بووبێ و لەلایەن خواوە گیانی سەلامەت بێ و ڕاستەوخۆ چاودێری بکات، ئەی چۆن لە جوولەکەیەکی بەناو (لەبید) کە مێژوونوسان دەڵێن: لەو سەردەمادا هیچ کەسێک بەو ناوەوە نەبووە، نەخۆش کەوتووە ئازار دراوە؟

وتراوە: ماوەی شەش مانگ جادووەکە بەردەوام بووە، ئەی چۆن کاری پێغەمبەرایەتی ئەنجام داوە؟ چۆن ئیمامەت و وتاردان و دەوڵەتداری و کاروباری ڕۆژانەی بەڕێ کردووە؟ ئایا لە جۆرە قسانە بیانوویەکی باش و پاروویەکی چەور نین بۆ دوژمنانی ئەم ئیسلامە کە کەسی یەکەم بخەنە ژێر پرسیارەوە و گومان لە سەرلەبەری قورئان دروستبکەن.
ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی سەردەمی کۆن و نوێ بابەتی سیحرکردن لە پێغەمبەری خوا رەت دەکەنەوە و بەکارێکی هەڵبەستراوی جوولەکەی دەزانن، لەوانە (ابن الجوزی، ابن حجر الهیثمی، ئیمامی فەخری رازی، ئیمامی باقلانی، ابن دقیق العید، ئیمام الجوینی، ئیمام الشوکانی، ئیمام المراغی، ئیمام شلتوت، ئیمامی غەزالی و عبداللە درازو، محمد ابو زوهرە، ئیمام محمد عبدە،...هتد).
زانای موفەسیری قورئان (قاسمی) لە (محاسن التاویل) بەرگی ١٠ لا: ٣٠٤ لەو بارەیەوە دەڵێت: (قال الشهاب عن ابي بكر الاصم انه قال: ان حديث سحره صلوات الله عليه، المروي هنا متروك لما يلزمه من صدق الكفر انه مسحور، وهو مخالف لنص القران حيث أكذبهم الله. فيه وتنقل الرازى عن القاضى: انه قال: هذا الرواية باطلة وكيف يمكن القول بصحتها والله تعالى قال: (والله يعصمك من الناس) لان تجویزە یفضی الی القدح فی النبوة).
دەڵێت: ئەو فەرموودەیە (متروک)ـە و ناراستە و دژە بە دەقی قورئانی پیرۆز، کە خوای گەورە بێ باوەڕان بە درۆ دەخاتەوە و کە دەیانوت موحەممد جادووی لێکراوە، ئیمامی رازیش لە ئيمامی القاضی
نەقڵی کردووە کە ئەو ریوایەتە باتڵە و چۆن لەگەڵ ئایەتی (والله یعصمك من الناس)ـدا یەک دەگرێتەوە کە باسی پارێزگاری پێغەمبەرەکەیەتی؟ دەڵێ گەر راست بێ و سیحری لێکراوە ئەوە بە دڵنیایەوە تانە لە مەقامی پێغەمبەرایەتیەکەی دەدرێت.
ئیمامی ئەبوبەکری ڕازی حەنەفی ناسراو بە (الجصاص) لە (احکام القران) بەرگی ١دا لا:٤٢ دەفەرموێت: (زعموا أن النبي صلى الله عليه وسلم سحر وأن السحر عمل فيه مع ورود الحديث ومثل هذه الأخبار من وضع الملحدين). دەڵێت ئەم هەواڵانە دروستکراوی دەستی بێباوەڕانە. هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو کارە لە پێغەمبەری خواوە دوورە و حاشا لەوەی سیفەتێکی کەم و کوڕی بدرێتە پاڵ پێغەمبەرەوه‌، چونکە ئەو بەڵگەی خوایە بەسەر خەڵکییەوە.
(محمد هیدایە) بیرمەند و کەسایەتی ناوداری ئەندەنوسیا، لە بەرنامەی (طریق الهدایة‌) وتی: إن هذا الحديث المردود مرفوض نقلا وعقلا أن هذا القول بسحره يتعارض مع القرآن فمن وضع الحديث أراد افساد العقيدة عندك كمسلم وأراد أن يلبس عليك الأمر من المنطلق بشريته صلى الله عليه وسلم ترويجا لامر السحر) واتە: ئەم فەرموودەیە لە ڕووی نەقڵ و عەقڵەوە ڕەتدەکرێتەوە و چونکە دژە بە لۆژیکی قورئان و هەرکەسێک ئەو فەرموودەیەی داناوە مەبەستی شێواندنی عەقیدەی موسڵمانە و لەو ڕێگەیەوە گومان دەخرێتە سەر کەسایەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) و لە هەمان کاتیشدا ڕەواج دانە بە سیحر و جادوو.
لە کۆتاییدا دەڵێین: گەر جادووکردن ئەوەندە چەکێکی بەهێز و کاریگەربووە لەسەر پێشەوای مرۆڤایەتی، ئەی خێرە بێ باوەڕان کاری سەرجەم مسوڵمانانیان پەک نەخستووە و تەنها لە شەخصی پێغەمبەردا چڕیان کردەوە؟ وە بۆچی لەم سەردەمەشدا هەموو توانایەکی سەربازی و ئابوری و تەکنیک و زانستیتان لەم پێناوەدا تەرخان ناکەن و سەرجەم ئیمانداران لەخشتە بەرن و کاریان لێ تێک بدەن، ئەم جادووە بۆ لەو سەردەمەدا دووبارە نەبوبویەوە و بۆچی هاوەڵان بەسەلامەت لێی دەرباز بوون، بۆ دەبێت تەنها پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) ئامانج بێت؟ دیارە تەنها لەکەدارکردنی کەسی ژمارە یەکی ئەم ئایینەیە و دوودڵی و گومان دروستکردنە بۆ خۆی و پەیامەکەی.


سەرچاوەکان



1744 بینین