هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە پاداشت و سزا

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-13:28:00 - کۆدی بابەت: 11133
هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە پاداشت و سزا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە پاداشت و سزا (بە ئینگلیزی: The art educating children with rewards and punishment، بە عەرەبی: فن التعليم الأطفال بالثواب و العقاب)، بەکارهێنانی پاداشت و سزا هەم پەروەردەکردنە و هەمیش چارەسەر، هەموو دایک و باوک و مامۆستایەک پێویستییان پێی هەیە. 

واتای پەرەەردکردن بە پاداشت 

مەبەست لە پاداشتکردنی منداڵ خەڵات و دەستخۆشییەکی ڕۆحی و مادییە، لەسەر هەموو ئەو ڕەفتارە باشانەی کە ئەنجامی دەدات. 

واتای پەروەردەکردن بە سزا 

مەبەست لە پەروەردەکردن بە سزا، سزادانی منداڵە بە بواری ماددی و لایەنی دەروونی، لەسەر هەموو ئەو ڕەفتارە خراپانەی کە ئەنجامی دەدات. 

گرنگی پاداشت و سزا لە پەروەردەکردندا 

  • پاداشت کار لەسەر ڕاستکردنەوە و ڕاگرتنی ڕەفتاری منداڵ دەکات، وای لێ دەکات ڕەفتاری جوان بە بەشێک لە ژیانی خۆی بزانێت.
  • سزا، ڕەفتارە خراپەکان لاواز دەکات، لە پێش چاوی مرۆڤەکانی دەخات، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان دەگرێت.
  • پاداشت و سزا، ویژدانی مرۆڤ دروست دەکەن.
  • پاداشت و سزا دەروونێکی بەهێز و ساغ بۆ مرۆڤ بنیات دەنێن.
  • پاداشت و سزا کەسایەتییەکی سەربەخۆ و متمانەدار دروست دەکات.
  • پاداشت و سزا، مرۆڤێک دروست دەکەن کە توانای بەرگەگرتنی هەیە.
  • پاداشت و سزا، کار لەسەر دروستکردنی کەسایەتییەکی هاوسەنگ دەکەن.
  • پاداشت و سزا، مرۆڤی سەرکردە دروست دەکەن. 

جۆرەکانی پاداشت و سزا 

یەکەم ـ پاداشت

بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکرێت، پاداشتی ماددی و پاداشتی دەروونی. 

  • پاداشتی ماددی: بریتییە لەو پاداشتەی کە بە چاو دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت، وەک: شیرنەمەنی و کەلوپەلی یاریکردن و پارە.
  • پاداشتی دەروونی: بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبێت: 
    ١- پاداشتی دەروونی ناڕاستەوخۆ، وەک: چوونە بەهەشت. 
    ٢- پاداشتی دەروونی ڕاستەوخۆ، وەک: هاندان و پێداهەڵدان، وەک: نایابە، دڵگیرە، بلیمەت، ڕێز، خۆشەویستی، بایەخپێدان.

دووەم ــ سزا

ئەویش دوو جۆری هەیە، ماددی و دەروونی 

  • سزای ماددی: بریتییە لە ئازاردانی منداڵ بەبێ شێواندن و بریندارکردنی، چەند شێوەیەکی دیکەی هەیە وەک: بێبەشکردن لە پارە و سووڕان و گەڕان، قەدەغەکردنی لە یاریکردن یان بێبەشکردنی لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر.
  • سزای دەروونی: دەکرێتە دوو بەش:١- سزای دەروونی ناڕاستەوخۆی، ماوەدار وەک چوونە نێو دۆزەخ. 
    ٢- سزای ڕاستەوخۆ، وەک: بە توڕەیی تێڕوانین، سەرکۆنەکردن، خۆلێگرتن، ئەوانە بۆ منداڵ لە هەموو سزایەک بە ئازارترن، چونکە وەک دەڵێن: لە هەر شتێک بدەیت لێت دوور دەکەوێتەوە. 

هونەرەکانی سزادان 

١- لەوانەیە منداڵەکەت بەبێ هیچ مەبەستێک هەڵەیەک بکات، دووبارەشی نەکاتەوە، زۆریش باش دەزانیت هەڵەی کردووە، تۆ زیاتر هەستی بریندار مەکە و مەیشکێنەوە. 
٢- لێبوردن: لێی ببورە، ئەوکات سزای بدە، لێبوردن زۆر لە سزا بەهێزترە، کاریگەریشی زیاترە. 
٣- ڕەچاوکردنی قۆناغی تەمەن: چشتێکی زۆر سروشتییە کە جۆری سزا بە گوێرەی تەمەن دیاریی بکرێت، سزای دەروونی زۆر باشترە لە سزای ماددی، بە تایبەت ئەگەر ئەگەر منداڵ تەمەنی لە خوار دە ساڵییەوە بوو، چونکە منداڵ لەو تەمەنەدا لە واتای چەمکەکان تێ ناگات، نازانێت باش و خراپ واتایان چییە؟ 
٤- نابێ سزا دوابخرێت، بەڵکو دەبێت ڕاستەوخۆ لە دوای هەڵەکە ئەنجام بدرێت. 
٥- نابێت سزاکە لە بەرچاوی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی منداڵەکەدا بێت. 
٦- دەبێت سزا هاوسەنگ بێت لەگەڵ هەڵەکە، ئەگەر سزاکە زۆرتر بوو لە هەڵەکە، ئەوا ئەو منداڵە هەست بە ستەم دەکات، خۆ ئەگەر کەمتر بوو، هیچ تێناگات و هەڵەکە دووبارە دەکاتەوە، سزا وەکو ئەو ژەهرە وایە کە دەرمانی لێ پێک دەهێنرێت، ئەگەر ژەهرەکە لە نێو پێکهاتەی دەرمانەکە زیاد لە پێویست بوو، ئەوا نەخۆش دەکوژێت، ئەگەر کەمتریش بوو نابێتە چارەسەر و بەهایی دەرمانی خۆی لە دەست دەدات. 
٧- لێدان بۆ فێربوون و ڕاهێنانە، نەک تۆڵە لێ سەندنەوە و ئازاردانی بێ هۆکار. 
٨- پێویستە سزا لەگەڵ سزای زارەکی هاوتا بێت، نەکەی بە بێدەنگی منداڵەکەت سزا بدەیت، لەوانەیە هەندێک جار لە منداڵەکەت بدەیت، ئەو نەزانێت بۆچی لێی دەدەیت، بەڵام جۆری هەڵەکەی بۆ ڕوون بکەیتەوە، دەزانێت بۆچی سزای دەدەیت. 
٩- لە کاتی تووڕەبووندا لە منداڵەکەت مەدە: کەسانێک هەن لە خەڵکی دیکە توڕەبوون، کەچی ئەم تووڕەبوونە بە منداڵەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە، ئەمەشس هەڵەیەکی گەورەیە. 
١٠- دەبێت ئەوە بزانیت کە هەرچەندە سزا زۆر بێت، کاریگەری لەسەر منداڵەکەت کەم دەبێتەوە یان هەر نامێنێت، لەوانەیە ئەنجامی زۆر خراپیشی لێ بکەوێتەوە. 
١١- دەبێت باش ئەوە بزانیت چەندیەتی و چۆنیەتی سزاکە، وردە وردە هەڵدەکشێت، بۆ نموونە: لە تەماشاکردنێکەوە دەست پێ دەکات، پاشان ئاماژە، دواتر سەرکۆنەکردن، دوایی دەنگ بەرزکردنەوە، ئینجا ئاگادارکردنەوە و پاشان سزای دەروونی و ماددی، ئەگەر لە هەڵەکەی بەردەوام بوو ناچار لێی دەدەیت بەڵام زۆر بە وریایی کە ئەمەش وەکو کۆتا چارەسەر ئەنجام دەدرێت. 
١٢- نابێت لێدان لە سێ جار زیاتر بێت. 
١٣- نابێت لە ڕووخسار بدرێت. 
١٤- سزا بە ئەندازەی کەسێتی منداڵ دەگۆڕێت ئەو منداڵەی کە هەستیارە تەنها ئاماژەیەک بەسە بۆی. 
١٥- پێویستە دایک و باوک لەسەر جۆری سزاکە ڕێک بکەون، نەک یەکێکیان بنیات بنێیت و ئەوی تریان بڕووخێنێت.

شوێنەوارە خراپەکانی زیادەڕۆیی لە سزادا 

١- هەستکردن بە ستەم.
٢- هەستی خۆ بەکەمزانین. 
٣- درۆ و هەڵچوون. 
٤- ترسان و نەمانی ئارامی. 
٥- خەجاڵەتبوون.
٦- میز بەخۆداکردن. 
٧- گواستنەوەی دوژمنکاری بۆ برا و خوشکەکانی لە قوتابخانە و سەر شەقام.
٨- لە ئایندەدا دەبێتە کەسێکی دژە کۆمەڵگە. 
٩- دزی و توندوتیژی. 
١٠- جێگیربوونی بیرۆکە خراپەکان. 

پاداشت و سزا کامیان بۆ منداڵ باشترە؟

بێگومان هەریەکەیان لە شوێنی خۆی گرنگە، بەڵام پاداشت زۆر لە سزا باشترە لەبەر چەند هۆکارێک: 
١- پاداشت هاوتەریبی سروشتی مرۆڤە.
٢- پاداشت توانا باشەکان دەخاتە گەڕ. 
٣- دەرخستنی توانای داهێنان و بلیمەتیی منداڵ. 
٤- ڕێژەی باوەڕبەخۆبوون بەرز دەکاتەوە. 
٥- پاداشت وا لە منداڵ دەکات لە ڕێگەی قبووڵکردنی ئەوانی دیکە، خۆی قبووڵ بکات. 


سەرچاوەکان



1087 بینین