چۆن یاریکردن گەشە بە منداڵ دەدات؟

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-14:14:00 - کۆدی بابەت: 11136
چۆن یاریکردن گەشە بە منداڵ دەدات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاریکردن چۆن گەشە بە منداڵ دەدات؟ (بە ئینگلیزی: ?How games help children to growth، بە عەرەبی: كيف تساعد الألعاب الأطفال على النمو)، لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵیدا، چالاکی سەرەکی منداڵ یاریکردنە، بەم شێوەیە شت دەربارەی دنیا بچووکەکەیەوە فێر دەبێت، لەگەڵ گەشەکردنی مێشکی و جووڵەی مل و سەر و لەش، جووڵەی دەست و پەلەکان، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و متمانە بەخۆبوون

قۆناغە جیاوازەکانی یاریکردن و هەنگاوی هاندەر بۆ منداڵەکەت و گەشەکردنێکی باشتر

سەیرکردنی یاری 

لە تەمەنی یەک ساڵیدا منداڵەکەت دەڕوانێتە منداڵانی تر کاتێک یاری دەکەن، هەرچەندە ناتوانێت یارییان لەگەڵدا بکات بەڵام بە شێوەیەکی دەروونی بەشداری دەکات و فێری یارییەکە دەبێت بە سەیرکردنی منداڵانی تر، بواری زۆر پێ بدە تا زۆر سەیری منداڵانی تر بکات کاتێک یاری دەکەن.

یاری تاکەکەسی

لە تەمەنەکانی یەک بۆ دوو ساڵان، منداڵەکەت بە بەردەوامی یاریی تاکەکەسی ئەنجام دەدات، شت هەڵدان، پەنجەنان بە دوگمەی شتدا، وردبوونەوە لە تایبەتمەندییەکانی بووکەڵەکانی و شتی تر، بە تەنها یاری دەکات، لەبەر ئەوەی نازانێت منداڵەکانی تر خەریکی چین، بوارێکی بۆ بڕەخسێنە کە بە دڵی خۆی یاری بکات، هانی بدە لەگەڵ منداڵانی تر یاری بکات وەکو بەشێک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش لە شوێنێک داینێ کە پڕ بێت لە منداڵانی تر. 

یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تر

لە تەمەنەکانی دوو بۆ سێ ساڵان، منداڵەکەت چێژ لە یاریکردن لەگەڵ منداڵی تر وەردەگرێت، لەوانەیە بەهەمان بووکەشووشە یاری بکەن، بەڵام زۆر پەیوەندییەکی بەهێز دروست ناکەن، ئەگەر بە وردی لە منداڵەکەت بڕوانیت، دەبینیت کە بەهەمان شێوەی منداڵەکانی تر یاری دەکات، بەڵام هیچ پەیوەندی و هاوکاریکردنێکیش لە ئارادا نییە، سەرەڕای ئەوەش هەستێکی یاریکردنی بە کۆمەڵی تێدایە، هەر بۆیە هاوڕێیەکی بۆ بانگهێشت بکە کە هاوتەمەنی خۆی بێت تا یاری لەگەڵدا بکات. 

یاری بە کۆمەڵ

لە تەمەنەکانی سێ بۆ چوار ساڵان، منداڵەکەت پەیوەندی دەبەستێت، هاوبەشیی کەرەستەکانی دەکات و هەمان یاری یان چالاکی دەکات لەگەڵ منداڵەکانی تر، بەڵام دەبینیت هێشتا تا ڕادەیەکی کەم جیاواز لە منداڵەکانی تر یاری دەکات، هەر چەندە کە زۆر تێکەڵاون و هاوبەشیی یارییەکانیان دەکەن لەگەڵ یەکتری، هەندێک چالاکییان بۆ ڕێک بخە تا پێکەوە ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر هەستی هاوکاریکردنیان تێدا دروست ببێت. 

یاری هاوبەش 

لە تەمەنەکانی چوار بۆ پێنج ساڵان، منداڵەکە فێر دەبێت چۆن یاری لەگەڵ منداڵانی تردا بکات، ڕۆڵی جیاواز بگێڕێت، دیمەنێکی خەیاڵی بۆ خۆی دروست بکات، منداڵان فێر دەبن کە هاوبەشی بکەن لەسەر یەک ئامانج لە کاتی یاریکردندا و پێکەوە کار بکەن تا پێی بگەن. 


سەرچاوەکان



519 بینین