پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-16:43:00 - کۆدی بابەت: 11146
پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی (بە ئینگلیزی: Socialization، بە عەرەبی: التنشئة الاجتماعية)، پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پڕۆسەی فێربوونە و ئامانجی ئامادەکردنی منداڵە بۆ ئەوەی یەکبگرێت لەگەڵ کۆمەڵگادا و بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و بەها باوەکان، فێری ئەو ڕۆڵانە ببێت کە گونجاوە لەگەڵ پێگەکەیدا. 

کۆمەڵێک پێناسە بۆ پێگەیەندنی کۆمەڵایەتی

  • پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بریتییە لە پڕۆسەی گۆڕانی بوونەوەری زیندوو بۆ بوونەوەری کۆمەڵایەتی.
  • پڕۆسەی دروستکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تاکە.
  • پڕۆسەی فێربوونی کۆمەڵایەتیە تاک لە ڕێگەی کارلێککردنەوە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان فێر دەبێت و پەیڕەوی دەکات و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێت. 
  • پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پڕۆسەی گەشەیە کە بەهۆیەوە منداڵ لە ساوایەکەوە کە پشت بە کەسانی تر دەبەستێت و تەنها ئامانجی تێرکردنی پێویستیە سەرەتاییەکانیەتی بۆ تاکێکی پێگەیشتوو، درک بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دەکات، کۆنتڕۆڵی هەڵچوونەکانی دەکات، زاڵ دەبێت بەسەر تێرکردنی پێویستیەکانیدا بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێوەرە کۆمەڵایەتییەکاندا، درک بە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات پەیوەست دەبێت پێوەی دەتوانێت پەیوەندی تەندروست دروست بکات لەگەڵ کەسانی تر. 
  • پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ئەو پڕۆسەیەیە کە تاک بە ئاگا دەکات تا وەڵامی وروژێنەرە کۆمەڵایەتییەکان و فشار و ئەرکەکانی بداتەوە، تا فێر ببێت چۆن لەگەڵ کەسانی دیکەدا بژیت. 

ئامانجی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

١- وەرگرتنی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان کە کۆنتڕۆڵ و ئاڕاستەی ڕەفتاری مرۆڤ دەکات. 
٢- تاک فێری ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. 
٣- منداڵ لە بوونەوەری زیندوەوە بۆ بوونەوەری کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.

هۆکارەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و تیایدا تاک بە زۆر هەڵوێست و ئەزمووندا تێدەپەڕێت و بە کەسانی تر کاریگەر دەبێت جا ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ. هەروەها زۆر هێز و پەیوەندی و هۆکاری ڕۆشنبیری لە تۆڕێکی پەیوەندیدا بەشدار دەبن لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا وەکو خێزان و باخچەی ساوایان و خوێندنگە و ڕاگەیاندن و کۆمەڵگە. 
١- خێزان: خێزان دەزگایەکی گرنگی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیە و بەشدارە لە سەرپەرشتی کردنی گەشەی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی کەسایەتی واتا خێزان ئەرکی دوولایەنەی هەیە کۆمەڵایەتی و دەروونی چونکە ژینگەی کۆمەڵایەتی یەکەمینە بۆ منداڵ. هەندێک هۆکاری تر هەیە کە وا دەکات خێزان ئەم گرنگییەی هەبێت:
٢- یەکەم گروپی کۆمەڵایەتی منداڵەکە پێشوازی لە دایکبوونی منداڵ دەکات و چاودێری و پێویستییەکانی بۆ پڕ دەکاتەوە تا ئاستی پێویست. 
٣- سنووری جوڵەی تاک لە ناو کۆمەڵگەدا دیاری دەکات لە ناو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. 
٤- ئەڵقەی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگەیە و لە ڕێگەی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیەوە ئاسەواری ڕۆشنبیری و شارستانی لە کۆمەڵگەوە بۆ تاک دەگوێزرێتەوە.

شێوازەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

لەگەڵ ئەوەی خێزان ئەوەندە گرنگە لە پێگەیاندنی تاکدا بەڵام مەرج نییە هەموو کاتێک ڕۆڵی ئەرێنی  و باش ببینێت بۆیە دەکرێت شێوازەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە سێ شێوە دیاری بکەین وەک:

شێوازی چاوپۆشین

ئەم شێوازە لەوەدا دەردەکەوێت کە دایکان و باوکان هیچ دەست ناخەنە کاروباری منداڵەکانیانەوە وەکو هەڵبژاردنی هاوڕێ، دەیانەوێت منداڵەکانیان هەر لە منداڵیەوە ڕای ئازادیان هەبێت، ئازاد بن لە یاری کردن لە ماڵەوە بتوانن نهێنییەکانیان ئاشکرا بکەن و نەترسن، سزای جەستەییان بۆ بەکارنەهێنن و باوەڕی تەواوەتییان بە منداڵەکانیان دەبەخشن تا هەست بە خودی خۆیان و تواناکانیان بکەن. 

شێوازی توند و تیژ

دایکان و باوکان منداڵەکانیان پەیوەست دەکەن بە گوێڕایەڵییەکی زۆرەوە، زۆر پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی کە منداڵەکانیان سپڵە نەبن بەرانبەریان بۆیە ڕێ نادەن منداڵەکان ئیرادەی خۆیان هەبێت. 

شێوازی ناجێگیر

ئەم شێوازە دوو لایەنی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە دایکان و باوکان نابنە خاوەن شێوازێکی جێگیر لە مامەڵەکردنی منداڵەکانیان بۆیە جاری وایە زۆر توندوتیژ دەبن یان زۆر چاوپۆشی دەکەن و نەرم دەبن بە جۆرێک منداڵەکان نازانن چۆن ڕازییان بکەن، لایەنی دووەم: ئەوەیە کە دایک و باوکەکان شێوازیان جیاواز دەبێت، ئەنجامی زۆربەی توێژینەوەکان مەترسی هەردوو شێوازی توندوتیژ و ناجێگیریان دەرخستووە لەسەر پێگەیاندنی منداڵ و چاندنی تایبەتمەندی نەرێنی و خراپ تیایاندا و باشی شێوازی چاوپۆشینی نیشانداوە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی. هەندێک توێژینەوەی تر هەیە جیاوازی چینەکانی دەرخستووە لە بەکارهێنانی ئەم شێوازانەدا چینە باڵاکان توند ترن وەک لە چینەکانی خوارەوە بەڵام دەرووندروستی منداڵ لە هەردوو ئاستی کۆمەڵایەتی مام ناوەندی و بەرزدا باشترە.

ڕۆڵی خێزان لە دابین کردنی پێویستی منداڵەکان

١- داواکاری منداڵەکانیان جێبەجێ دەکەن و هیچ داوایەکی خۆیان ناسەپێنن بەسەریاندا ئەمەش منداڵ بەرەو خۆپەرستی دەبات. 
٢- داواکاری منداڵ جێبەجێ دەکەن لەگەڵ سەپاندنی ویستی دایک و باوکەکە ئەمەش منداڵ بەرەو پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ دەبات و وای لێدەکات کە بزانێت مافی خۆی داوا بکات و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. 
٣- ئەوانەی داواکاری منداڵەکانیان جێبەجێ ناکەن و هیچ داوایەکیش ناسەپێنن بەسەریاندا ئەمەش منداڵ بەرەو گوێ پێنەدان دەبات. 
٤- ئەوانەی داواکاری منداڵەکان جێبەجێ ناکەن و لەگەڵ سەپاندنی ویستی دایک و باوکەکە ئەمەش منداڵ بەرەو ژێر دەستەیی دەبەن. 

کاریگەری ڕۆڵی خێزان لەسەر ڕەگەزی منداڵ 

مامەڵەی دایکان و باوکان بەپێی ڕەگەزی منداڵەکەیان دەگۆڕێت ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی هەیە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دایکان هەموویان وەک یەک بە دەنگ و هاوار و گریانی منداڵی ساوای کوڕ و کچەوە ناچن زیاتر لەگەڵ کوڕەکاندا توند ترن دەبن چونکە وای دادەنێن کە دەبێت کوڕ زیاتر خۆ ڕاگر بێت وەک لە کچ، کەواتە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی کاریگەر دەبێت بە تێگەیشتنی خێزان بۆ کوڕ و کچ. 

گرووپی هاوڕێیان 

ڕۆڵی هاوڕێ لەوەدایە کە وا لە منداڵ دەکات کە زۆر ڕەفتار وەربگرێت لە دەرەوەی سنووری خێزان، لە خوێندنگە منداڵ زۆر ئەزموون و شارەزایی وەردەگرێت. گرووپی هاوڕێکان زۆر شت لە منداڵ داوا دەکات کە لە خێزاندا نییە و هەروەها گرووپی هاوڕێ هۆکار و کارلێککردنی جیای هەیە. منداڵ لە ناو هاوڕێکانیدا پێویستی بۆ یاریکردن تێر دەکات کاتە بەتاڵەکانی پڕ دەکاتەوە لایەنی کۆمەڵایەتی پێش دەخات هەست بە سەربەخۆیی دەکات.


سەرچاوەکان



1248 بینین