ئەو نیشانانەی دەری دەخات پێویستت بە بینینی پزیشکی دەروونیە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-08-31-21:39:00 - کۆدی بابەت: 11176
ئەو نیشانانەی دەری دەخات پێویستت بە بینینی پزیشکی دەروونیە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو نیشانانەی دەری دەخات پێویستت بە بینینی پزیشکی دەروونیە (بە ئینگلیزی: Sign you should see a private therapist، بە عەرەبی: العلامات التي  تدل على انك تحتاج  أن تزور معالج نفسي) هەموان لە خاڵێکی ژیانیاندا ئەزموونی فشار، دڵەڕاوکێ، بێتاقەتی و جۆرەکانی تری کێشەی دەروونی  دەکەن. هەندێک کات دەتوانیت خۆت بۆ ژیانی ئاسایی و ئەنجامدانی چالاکییەکانت بگەڕێیتەوە، بەڵام ڕەنگە هەندێک کاتیش پێویستت بە یارمەتی زیاتر هەبێت. چارەسەرکردنی دەروونی بریتییە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ شارەزایەکی ڕاهێنراو دەربارەی کێشەکانت کە لە ڕووی بیر و هۆشەوە ڕووبەڕووت دەبێتەوە. لەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا کەسەکە لەگەڵ پزیشکی ڕاهێنراو و شارەزا گفتوگۆ دەکات. پزیشک یارمەتی دەستنیشانکردن و دانانی ڕێگەچارەی گونجاو دەدات، تاکوو یارمەتی کەسەکە بدات بۆ ژیانی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە. سەردانکردنی پزیشکی دەروونی نیشانەی لاوازی نییە، پێویست ناکات شەرم لە چوون بۆ لای پزیشکی دەروونی بکرێت. داننان بەوەی کە پێویستت بە یارمەتی هەیە زۆر گرنگە تاکوو بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆت بگەڕێیتەوە. لە کاتی سەردانیکردن پێویستە دەربارەی هەموو ئەو شتانەی کاریگەری نەرێنیان لەسەر ژیانت هەبووە لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکەیت.

ئەمانە چەند نیشانەیەکن دەری دەخەن کە پێویستە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت:

  • شێوازی خواردن و خەو گۆڕانی بەسەردا دێت: یان بڕێکی زۆر خواردن دەخۆیت و زۆر دەخەویت، یان توانای خواردن و خەوتنت کەم دەبێتەوە. هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕووی مێشک، بیر و هۆش ببێتەوە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر توانای خەو و خواردن دروست دەکات. ئەو کەسانەی تووشی نیگەرانی دەبن ڕەنگە نەتوانن بە باشی بخەون و تووشی کەم خەوی دەبن، بەڵام کاتێک کەسێک تووشیی نیگەرانییەکی زۆر دەبێت ڕەنگە بەدرێژایی ڕۆژەکە بیەوێت بخەوێت.
  • کەمبوونەوەی کارامەیی لە کاتی کارکردن یان لە خوێندگا: کەمبوونەوەی کارامەیی لە خوێندنگا یان لە کاتی کارکردن نیشانەیەکی گرنگە کە کێشە لە توانای بیرکردنەوەت هەیە، کێشەی دەروونی دەتوانێت توانای سەرنجدان و وزە کەم بکاتەوە و دەبێتە هۆی بارودۆخێک کە چێژ لە کار و ئەنجامدانی چالاکییەکانت نابینیت.
  • ئەو شتانەی پێشتر دڵخۆشیان دەکردیت و چێژت لێیان دەبینی، ئیتر دڵخۆشت ناکەن: زیادبوونی گۆشەگیری و لە داهاتوو بێ ئاگا دەبی، تەنانەت ئارەزووی مانەوەیان لە ژیان نامێنێت. بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە چارەسەرەکان دەتوانێت یارمەتی کەسێک بدات کە تووشی خەمۆکی یان کێشەی پەیوەندیدار بە ڕێکخستنی هەستەکانی بووە. چارەسەرەکان دەتوانێت لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتە نەرێنییەکان ڕزگارت بکەن، دووبارە بگەڕێیتەوە سەر ئەنجامدانی ئەو کارانەی خۆشیت پێ دەبەخشن.
  • گۆڕانی هەستەکان: وەک گریانی لەڕادەبەدەر و شەڕکردن لەسەر کۆمەڵە شتانێک کە ئاسایین و پێویست بەو کاردانەوە زۆرە نەکات.
  • ناتەوێت پەیوەندییەکانت بەرەو پێش بچن: ڕەنگە نەتەوێت لەگەڵ کەسە نزیکەکانت گفتوگۆ بکەیت، ئازاری منداڵەکانت بدەیت و پەیوەندی و نامەی هاوڕێکانت پشگوێ بخەیت.
  • زەبری دەوونی: هەر حاڵەتێک کە کەسەکە تووشی زەبری دەروونی بکات وەک ڕوودانی ڕووداوی ئۆتۆمبێل، لەدەستدانی کەسێکی نزیک یان هەرشتێک کە ئازاری دەروونیت پێ بگەیەنێت.
  • تێنەگەیشتن لە خۆت: بە جۆرێک کە دڵنیا نیت کە کێیت ناسینی خودی مرۆڤەکان لە شکاندنی ئەو ڕەفتارانەی زیانیان پێ دەگەیەنێت و لە بەرەوپێشچوونی تواناکان یارمەتیدەر دەبێت.
  • چەندین شتت تاقیکردۆتەوە بەڵام سوودی نەبووە: بۆ نموونە ڕاهێنان و تێڕامانت ئەنجام داوە یان چەندین کتێبت خوێندۆتەوە بەڵام چێژت پێ نابەخشن و دڵخۆشت ناکەن.
  • ترس لە شوێنی قەرەباڵغ: هەندێک کەس کاتێک بە تەنهان ئاسوودەتر دەبن، بەڵام یەکێکی تر لە نیشانەکانی تێکچوونی باری دەروونی بریتییە لەوەی  کەسەکە لە چوون بۆ شوێنی قەرەباڵغ دەترسێت بە جۆرێک هەندێک کات نایەوێت ماڵەکەی بەجێبهێڵێت.
  • بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی کاری هەڵە: کاتێک هەست دەکەیت بیرکردنەوەکانت بەرەو ڕێگەیەکی هەڵەت دەبەن کە زیان بەخۆت یان کەسانی دەروبەرت بگەیەنیت، بەخێرایی سەردانی پزیشکی دەروونی بکە تاکوو بۆ ژیانکردنێکی ئاسایی و تەندروستی دەروونی باش یارمەتیدەرت بێت.


سەرچاوەکان



756 بینین