بلیمەتی منداڵەکەت دەربخە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-03-21:02:00 - کۆدی بابەت: 11189
بلیمەتی منداڵەکەت دەربخە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

بلیمەتی منداڵەکەت دەربخە (بە ئینگلیزی: Show your creative child، بە عەرەبی: اظهر طفلك المبدع)، پەروەردەی تەندروست کاری تەنها ئاشنابوون نییە بە گەشەی منداڵ یان هونەری پەروەردەکردنی منداڵ، پێویستە ئەو خاڵانە بدۆزیتەوە کە بلیمەتی لە ناو منداڵەکەدا گەشە دەکات. 

پەکخەرەکانی بلیمەتی منداڵ 

١- دڵڕەقی و مامەڵەی توند: دڵڕەقی دایک و باوک، مامەڵەی توندی مامۆستا بلیمەتی منداڵ پەکدەخەن و لە نێوی دەبەن. 
٢- پشتگوێخستن: گوێنەدان بە منداڵ، بلیمەتییەکەی لە ناو دەبات، کاتێک منداڵ هەست بە توانا و بلیمەتییەکانی خۆی نەکات چۆن پەرە بە بەهرە و بلیمەتییەکانی خۆی دەدات. 
٣- فشاری خێزانی: گرفتە خێزانییەکان شوێنەواری خراپ لەسەر منداڵ جێ دەهێڵن، بە تایبەتی ئەگەر گرفتەکان لە نێوان دایک و باوکدا بن، بیرکردنەوەکانی پەرت و بڵاو دەکەن، لە جیاتی داهێنان و دەرخستنی بلیمەتی خۆی، تووشی خەمۆکی و بێ ئومێدی دەبێت.
٤- گرفتە ڕەفتارییەکان: وەک جووڵەکردنی لە سنوور دەرچوو، هەڵچوون، لاملی زۆر، توندوتیژی و دژەکاریی. 
٥- گرفتە دەروونییەکان: وەک ترس و خەمۆکی و بێ ئومێدبوون، خۆ بەکەمزانین، متمانە بەخۆبوون
٦- شێوازی فێرکاری: شێوازی فێرکردن گەشە بە بلیمەتی و داهێنانی منداڵ دەدات. زۆرجار منداڵ لە تەمەنێکی بچوکدا نیشانەی بلیمەتی تێدا دەردەکەوێت، بەڵام لە گەورەبوون لە دەستی دەدات. 
٧- نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ ئاشکراکردن و چاودێریکردنیان. 
٨- دابڕانی زانستگەیی لە بازاڕی کار. 
٩- نەبوونی ئازادی داهێنان و بلیمەتی کەم دەکاتەوە.

منداڵی بلیمەت کێیە؟ جیاوازییەکانی چین لەگەڵ منداڵ ئاسایی؟ 

کۆمەڵێک ئاماژە هەن بۆ دەرخستنی منداڵی بلیمەت و جیاکردنەوەی لە منداڵی دیکە: 

جیاوازییە جەستەییەکان 

  • منداڵی بلیمەت لە منداڵانی دیکە وریایی و تەندروستی باشترە. 
  • درێژی و کێشی زیاترە.
  • زوو پێ دەگرێت.
  • زوو باڵغ دەبێت.
  • بونیەیی بەهێزە. 

تایبەتمەندییە هۆشییەکان 

  • زۆر زیرەکن، توێژینەوە دەروونییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زیرەکی و داهێناندا هەیە، لە %٩٠ی داهێنەرەکان زیرەکن، بە واتایەکی دیکە هەموو داهێنەرێک زیرەکە، بەڵام هەموو زیرەکێک داهێنەر نییە. 
  • زۆر پرسیار دەکات، بەرانبەرەکەی ڕادەگرێت.
  • زمانێکی ڕوون و ڕەوانی هەیە. 
  • بیرۆکەی داهێنەرانەی هەیە. 
  • تێبینی زۆر ورد دەدات. 
  • حەزی لە خوێندنەوەیە.
  • حەز بە تاقیکردنەوەی بیرۆکەکانی دەکات. 

جیاوازییە دەروونییەکان 

  • متمانە بە خۆبوونی هەیە. 
  • خواستێکی بەهێزی هەیە. 
  • حەزی لە پێشەنگییە. 
  • حەزی بە پشکنینە. 
  • گەشبین و دڵخۆشە.
  • دەروونێکی هاوسەنگ و تەندروستی هەیە. 
  • حەزی بە خۆ خستنە ناو مەترسییە. 
  • توانستی کارکردنی هەیە. 

ئەو هۆکارانە چین کە یارمەتیت دەدەن لەسەر دۆزینەوەی بلیمەتی و گەشەپێکردنی منداڵەکەت؟ 

١- دوورکەوتنەوە لە شێوازە هەڵەکانی پەروەردەکردن، وەک: دڵڕەقی، نازپێدانی زۆر، چاودێریکردنی بێسنور، پشتگوێخستن
٢- بەگەڕخستنی پەروەردی نوێ لە پەروەردەکردنی منداڵدا، وەک: پەروەردەکردن بە پاداشت و سزا، بە ڕوودا و چیرۆک. 
٣- دەرخستنی لایەنە باشەکانی، لایەنە درەوشاوەکانی، زیرەکی، جوانی، ئازایەتی.
٤- هاندان، بە منداڵەکەت بڵێ: پاڵەوان، بلیمەت، هونەرمەند، داهێنەر.
٥- ئەرکی قورس مەخەرە سەر منداڵەکەت چونکە ڕەنگە پێی نەکرێت و فێری درۆ بێت، دوواجار متمانە بەخۆبوون لە دەستدەدات. 
٧- کات و هەل و شوێنێکی گونجاو بۆ منداڵەکەت دیاری بکە، تاکو گوزارشت لە تواناکانی بکات. 
٨- هەوڵبدە منداڵەکەت خۆی مامەڵە بە پارە و شتەکان بکات. 
٩- واز لە منداڵەکەت بهێنە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات. 
١٠- کۆمەڵێک شتومەکی یاریی بۆ بێنە، بە تایبەتی ئەو یارییانەی منداڵ دەخە بیرکردنەوە. 
١١- وازی لێبێنە بە ئارەزووی خۆی وەرزش بکات. 
١٢- با کەلو پەلی یاری بە گوێرەی ڕەنگ، قەبارە، پانی و درێژی بێت. 
١٣- چەند کتێبێکی چیرۆکی بۆ بکڕە، لێی گەڕێ باخۆی چیرۆکەکان هەڵبژێرێت و دواتر بیخوێنێتەوە. 
١٤- لەگەڵیدا بڕۆ بۆ کتێبفرۆشەکان، چ کتێبێکی ویست بۆی بکڕە. 
١٥- پێکەوە بڕۆن بۆ هەندێک مۆزەخانە و داهێنەرانی پێ بناسێنە. 
١٦- کۆمەڵێک پرسیار لە منداڵەکەت بکە، بە تایبەت ئەو پرسیارانەی خەیاڵ و داهێنان پەرە پێدەدەن، وەک: 
ــ ئەگەر کۆمپیوتەر دانەهێنرابایە چی دەبوو؟ 
ــ ڕووی لێکچوونی مۆز و لیمۆ چین؟ 
ــ ئەگەر دزێک هاتە ماڵتان چی دەکەیت؟ 


سەرچاوەکان



218 بینین