پشکنینی مەمۆگرافی

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2023-09-06-17:53:00 - کۆدی بابەت: 11233
پشکنینی مەمۆگرافی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی مەمۆگرافی (بە ئینگلیزی: Mammography Test یان Mammogram، بە عەرەبی: اختبار التصویر الشعاعی للثدي) بریتییە لە پشکنینی تیشکی ئێکس بۆ سنگ. بەکاردێت بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی نەخۆشی مەمک لەو ئافرەتانەی کە کێشەی مەمکیان هەیە، وەک گرێ، ئازار، یان دەرچوونی کێم لە گۆی مەمک، هەروەها بۆ ئەو ئافرەتانەی کە هیچ کێشەیەکی مەمکیان نییە. ئەم پرۆسەیە ڕێگە بە دۆزینەوەی شێرپەنجەی مەمک، لووی پاک، و کیس دەدات پێش ئەوەی بتوانرێت بە دەست لێدان بدۆزرێنەوە، بە واتایەکی دیکە مەمۆگرافی ئاسایی دەتوانێت شێرپەنجەی مەمک زوو بدۆزێتەوە، هەندێک جار تا سێ ساڵ پێش ئەوەی هەستی پێبکرێت.

مەمۆگرافی ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت کە ناوچەیەکی نائاسایی شێرپەنجەیە، بەڵام ئەگەر گومانێکی گەورە لە شێرپەنجە دروست بکات، شانەکە لادەبرێت بۆ بایۆپسی. شانەکە لەوانەیە بە دەرزی یان بایۆپسی نەشتەرگەری کراوە لاببرێت و لەژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا شێرپەنجەیە یاخود نا.

ئەم پشکنینە بۆ ماوەی نزیکەی ۳۰ ساڵ بەکارهاتووە و لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بە شێوەیەکی بەرچاو لە تەکنیک و ئەنجامەکانی کردووە. ئەمڕۆ، ئامێرە تایبەتەکان، کە تەنها بۆ تیشکی ئێکسی مەمک بەکاردێت، توێژینەوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە کوالێتی بەرز بێت، بەڵام ژەمی تیشکدانەوە کەمە.

جۆرەکانی مەمۆگرافی

  • سکرینینگ مەمۆگرافی (Screening Mommogrphy): ئەم جۆرەیان بۆ ئەو خانمانە ئەنجامدەدرێت کە لە سەروو ٤٠ ساڵەوە پێویستەکات ئەم پشکنینە بکەن بە بێ بوونی هیچ گرفت و نیشانەیەک.
  • دایگنۆستیک مەمۆگرافی یان مەمۆگرافی دەستنیشانکەر (Diagnostic Mammography): بەکاردێت بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییە گوماناویەکانی مەمک، وەک گرێی نوێی مەمک، ئازاری مەمک، ئەستووربوونی مەمک یان چوونەناوەوەی سەرگۆی مەمک. هەروەها بەکاردێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان لەسەر پشکنینەکە. کەواتە ئەم جۆرەیان بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە هێما و نیشانەی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە.

چۆن خۆت ئاماددە دەکەیت بۆ ئەم پشکنینە

  • مەمک دەتوانێت هەفتەی پێش و لە کاتی سوڕی مانگانە نەرم بێت، بۆیە هەوڵبدە مەمۆگرافیەکەت بۆ ماوەی یەک بۆ دوو هەفتە دوای دەستپێکردنی سوڕی مانگانەت ڕێکبخەیت. ئەگەر چاندنەوەی مەمکت بۆکراوە، تکایە کلینکەکە ئاگادار بکەرەوە کاتێک پشکنینەکە ڕیکدەخەیت.
  • وێنەکانی پێشووی مەمۆگرافیت بهێنە ئەگەر دەچیت بۆ شوێنێکی نوێ بۆ مامۆگرافیەکەت، داوای ئەوە بکە کە هەر مەمۆگرافییەکی پێشووت لەسەر سی دی دابنرێت. سی دیەکە لەگەڵ خۆت بهێنە بۆ ژوانەکەت بۆ ئەوەی تیشکناس بتوانێت پشکنینی ڕابردوو بەراورد بکات لەگەڵ وێنە نوێکانت.
  • تەنۆلکە کانزاییەکان لەوانەیە لەسەر مەمۆگرامەکەت دیاربن و ببنە هۆی سەرلێشێواوی هەر بۆیە پێش پشکنینەکە خۆت بەدووربگرە لە بەکارهێنانی:
    • بۆنبڕ
    • ئارەق لابەر
    • پاودەر
    • لۆشن
    • کرێم یان بۆن لە ژێر بن باڵت یان لەسەر سنگت.
  • ئەگەر دووگیانن یان شیر دەدەن، پێش پشکنین بە پزشکی تیشکناس بڵێن، بە گشتی لەم قۆناغەدا ناتوانن پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام بدەن.

مەمۆگرافی چۆن ئەنجام دەدرێت؟

لەبەردەم ئامێرێکی تیشکی ئێکسدا وەستاویت پاش لابردنی بەشی سەرەوەی جلەکانت و لابردنی هەر جۆرە ملوانەکە و کەلوپەلێکی جوانکاری کە دەبێتە هۆی شێواندنی وێنەکە پزیشکێک سنگت دەخاتە سەر پلێتێکی پلاستیکی. پلێتێکی تر بە توندی سنگت لە سەرەوە تەخت دەکات و دەیگرن هەتا تیشکی ئێکس وەردەگیرێت. هەست بە هەندێک فشار دەکەیت هەنگاوەکان دووبارە دەکرێنەوە تاکوو ڕوانگەی جیاواز دەربخەن و ئەگەر شتێک ناڕوون بێت، زیاتر سەرنجی بخەنەسەر. پاشان چاوەڕێ دەکەیت تا پشکنینەکە دڵنیابوون دەدات لەوەی کە وێنەکان پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات. لەبیرت بێت کە ڕادیۆلۆجیست ناتوانێت ئەنجامەکانی مەمۆگرافیەکەت پێ بڵێت. مەمۆگرافی هەر ژنێک لەوانەیە کەمێک جیاواز بێت چونکە هەموو مەمکەکان کەمێک جیاوازن.

پێشنیاری مەمۆگرافی بۆ کێ دەکرێت

  • کۆلێژی ئەمریکی بۆ تیشکناسی (ACR) و کۆمەڵەی وێنەگرتنی مەمک (SBI) پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ژنان ساڵانە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیەوە دەست بە وێنەگرتنی مەمۆگرافی بکەن.
  • هەبوونی ڕژێن لە مەمکدا، یان دەرکەوتنی گرێ و وەرهەم لە بن باڵدا.
  • ئازاری مەمک.
  • چوونەناوەوەی گۆی مەمک.
  • دەرکەوتنی بەشێکی ئاوساو لە سنگدا.
  • بوونی دەردراوەکانی گۆی مەمک.
  • گۆڕینی قەبارە و شێوازی سنگ.
  • هەست بە قورسبوون لە سنگدا.
  • سوورهەڵگەڕان، زیپکە و ئاڵۆشی مەمک یان گۆی مەمک.

جێی ئاماژەیە کە مەمۆگرافی بۆ هەر دوو ڕەگەز خانمان و پیاوانش پێشنیار دەکرێت و پیاوانیش دەتوانن هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک بن. (ئەگەر چی شێرپەنجەی سنگی پیاوان زۆر کەمترە لە شیرپەنجەی سنگ لە خانماندا).

مەترسییەکان

مەترسی و سنووردارکردنی مەمۆگرافی بریتین لە:

  • مەمۆگرافییەکان دەتخاتە بەردەم تیشکدانەوەی ژەمی کەم. ژەمەکە زۆر کەمە، هەرچەندە بۆ زۆربەی خەڵک سوودەکانی مەمۆگرافی ئاسایی زیاترە لەو مەترسییانەی کە بەهۆی ئەم بڕە تیشکدانەوە دروست دەبن.
  • هەبوونی مەمۆگرافی لەوانەیە ببێتە هۆی تاقیکردنەوەی زیاتر. ئەگەر شتێکی چاوەڕوان نەکراو لەسەر مەمۆگرافییەکەت دۆزرایەوە، لەوانەیە پێویستت بە پشکنینی تر بێت. ئەمانە لەوانەیە پشکنینی زیاتری وێنەگرتن لەخۆ بگرێت وەک سۆنەر، وە پرۆسەیەک (بایۆپسی) بۆ لابردنی نموونەی شانەی مەمک بۆ شیکاری تاقیگە.
  • ئەگەر دووگیانیت یان گومانت هەیە کە لەوانەیە دووگیان بیت، پێویستە چاودێریکەری تەندروستیت ئاگادار بکەیتەوە. بەرکەوتنی تیشکدانەوە لە کاتی دووگیانیدا لەوانەیە ببێتە هۆی کەم و کوڕی لەدایکبوون. ئەگەر پێویست بکات کە مەمۆگرافیت هەبێت، ڕێوشوێنی تایبەت دەگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی تیشکدانەوە بۆ کۆرپەلەکە.
  • ئەو ئافرەتانەی کە لە مەترسییەکی زیاتردان (مێژووی خێزانی، مەیلی بۆماوەیی، هەبوونی شێرپەنجەی مەمک لە ڕابردوودا) پێویستە لەگەڵ پزیشک قسە بکەن دەربارەی سوودەکان و سنووردارییەکانی دەستپێکردنی پشکنینی مەمۆگرافی زووتر یان پشکنینی زیاتریان هەبێت (سۆنەر، ئێم ئاڕ ئای).
  • هەندێک نائاسوودەیی لەوانەیە هەست پێبکرێت کاتێک مەمکەکە پەستێنراوە بەرامبەر بە پەڕەی تیشکی ئێکس لە کاتی پشکنینەکەدا، بەڵام ئەم پەستانە زیان بە سنگ ناگەیەنێت.


سەرچاوەکان



376 بینین