زۆر چاودێریکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-10-15:33:00 - کۆدی بابەت: 11261
زۆر چاودێریکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زۆر چاودێریکردنی منداڵ (بە ئینگلیزی: Monitoring of a child، بە عەرەبی: كثرة متابعة و مراقبة طفل)، چاودێریکردنی منداڵ پێویستە، بەڵام نەک لە سنوور بەدەربێت بە ڕەنگێک هەمیشە بەدوایەوە بیت و بەردەوام بانگی بکەیت و بەدەوریەوە هەڵسوڕێیت. 

چاودێری زۆری منداڵ 

واتا لە جیاتی منداڵ هەموو شتێک بکەیت، خۆت لە هەموو کارێکی ئەو بەشداری پێ بکەیت، هیچ بوارێکی بۆ یاریکردن و بیرکردنەوە پێ نەدەیت، هیچ بوارێکی بۆ هەوڵدان و ئەزموون پەیداکردن پێ ڕەوا نەبینیت، هیچ مەشقێکی دەروونی و جەستەیی بۆ داهاتوو پێ نەکەیت، دەست بۆ هەر کارێک ببات هاوار بکەیت بەسەریدا، دنیای فراوانی لێ تەسک بکەیتەوە. 

پاڵنەرە نەستی و نانەستییەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ 

دایک و باوک بۆ زێدە چاودێریی منداڵەکانیان کۆمەڵێک پاساویان بە دەستەوەیە: 

  • ترسی زۆریان لە منداڵەکانیان هەیە: هەندێک جار ترس لە منداڵەکانیان لە سنوور دەردەچێت و دەبێتە هۆی جۆرێک لە نەخۆشی، بۆیە هەمیشە بە چڕی چاودێری دەکەن و بەدەوریەوەن. 
  • دڵەڕاوکێ: بەشێک لە دایک و باوکان بۆیە هەمیشە چاودێری منداڵەکانیان دەکەن، چونکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان، ناتوانن بۆ یەک چرکەش منداڵەکانیان بەجێ بهێڵن. 
  • هەندێک جار بۆیە بە توندی چاودێری منداڵەکانیان دەکەن، چونکە لە منداڵییەوە تووشی دەیان گرفتی جۆر بە جۆر بوون، نایانەوێت هەمان کێشە بۆ ئەوان دووبارە ببێتەوە. 

شوێنەوارە خراپەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ 

  • منداڵ توانای بەرگەگرتنی نامێنێت، چونکە هەلی ئەوەی پێ نەدراوە بە دەربڕینێکی دیکە هیچ ڕاهێنانێکی پێ نەکراوە. 
  • توانای هیچ هەنگاونانێکی نامێنێت، تەنیا لەژێر چاودێری دایک و باوکی دێت و دەچێت، لە کەوتن و سەرکەوتن ڕانایێت. 
  • توانای داهێنانی تێدا کەم دەبێت، چونکە ئەو هەر لەسەر ئەوە ڕاهاتووە کە شتەکانی خراوەتە بەردەست و بۆی ئامادەکراوە، نەک بە خۆ ماندوو کردن و داهێنان، نەک نواندی بەهرەکانی خۆی. 
  • هەمیشە تووشی شکست دێت، چونکە هیچ ئەزموونێکی پێشتری نییە. 
  • چاودێری زۆری دایک و باوک، وا لە منداڵ دەکات نەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت هەمیشە پشت بەم ئەم و ئەو دەبەستێت، هەرگیز باوەڕ و متمانەی بە خۆی نابێت. 
  • ترس، منداڵ بەهۆی ئەو چاودێرییە زۆرەی دایک و باوکی، ترسنۆک و کزۆڵ دەردەچێت، هەمیشە وا دەزانێت کەسێکی بە دواوەیە. 


سەرچاوەکان



559 بینین