گۆڕستان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-11-01-22:55:00 - کۆدی بابەت: 11578
گۆڕستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڕستان یان قەبرسان (بە عەرەبی: مقبرة، بە ئینگلیزی: graveyard) بریتییە لە ڕووبەر و پانتاییەکی فراوان کە تەرمی مردووانی تێدا دەنێژرێت. لە ئایینە ئاسمانییەکان مردوو لە خاکێکی تایبەت دەنێژرێت و هەر ئایین و ڕێبازێک گۆڕستانی تایبەت بەخۆی هەیە.

مێژووی گۆڕستان

مێژووی کۆنترین گۆڕستان لە شارستانییەتی چینی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردین. لە شارستانییە دێرینەکانەوە گۆڕستان بوونی هەبووە و گرنگییان پێداواە، شارستانییەتی میسری کۆن گۆڕستانی پاشا و کەسە خانەدانەکانیان جیاواز بووە، بە خشڵ و زێڕ گۆڕی پاشاکانیان ڕازاندووەتەوە و شوێنی تایبەتیان هەبووە، بۆیە لە ئەهرامەکانی میسر گۆڕی بەکۆمەڵ و گۆڕستان دۆزرانەتەوە و بوونیان هەبووە، نموونەی (گۆڕی تووت ئانخ ئاموون) کە بە گەورەترین گۆڕی نێو ئەهرامەکانی جیهان دانراوە.

ناودارترین گۆڕستانەکانی جیهان

  • ئەهرامەکانی میسر بە یەکێک لە کۆنترین گۆڕستانەکانی جیهان دادەنرێن.
  • گۆڕستانی (کۆم شەقافە) شوێنەوارێکی دێرینی میسرە و لە ساڵی ١٩٠٠ لە شاری ئەسکەندەرییە دۆزراوەتەوە و بە یەکێک لە ناودارترین گۆڕستانە کۆنەکانی جیهان دادەنرێت.
  • گۆڕستانی (خەیزەران) لە عێراق کە دەکەوێتە ناوچەی ئەعزەمییە لە بەغداد بە یەکێک لە گۆڕستانە ناودارەکانی جیهان دادەنرێت، ناوەکەی لە ناوی دایکی خەلیفە هاروونە ڕەشید ورگیراوە کە ناوی (خەیزەرانی کچی عەتا) بووە و لەو گۆڕستانە نێژراوە، یەکێکە لەو گۆڕستانانەی عێراق کە ژمارەیەک گۆڕی زانا و مامۆستای ئایینی سوننە مەزهەبی ناوچەکەی لەخۆگرتووە.
  • گۆڕستانی (وادی سەلام) یان (گۆڕستانی گەورەی نەجەف) لە پارێزگای نەجەف لە عێراق بە گەورەترین گۆڕستان لە جیهان دادەنرێت و نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن گۆڕی لەخۆگرتووە، گۆڕستانەکە تایبەتە بە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە لە عێراق و مێژوویەکی کۆنی هەیە.
  • گۆڕستانی بەقیع لە سعوودیە کە لە شاری مەدینەی پیرۆزە و لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ ئەو گۆڕستانە بوونی هەیە و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ و زۆرێک لە هاوەڵان و ئالوبەیتی پێغەمبەر ﷺ لەخۆگرتووە.
  • گۆڕستانی کەسیب لە پارێزگای حومس لە سووریا گۆڕی ژمارەیەک پیاوچاکان و هاوەڵانی لەخۆگرتووە.

گۆڕستانی موسڵمانان

لە ئایینی ئیسلامدا ناشتنی مردوو ئەرکێکی ئایینییە و فەرزە، گۆڕستانە ئیسلامییەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازن، واتا سیما و شێوەی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام هەموو گۆڕستانێکی ئیسلامی لەوەدا هاوبەشە کە پانتاییەکی فراوانی بێ بەرانبەرە و تایبەتە بە موسڵمانان.

زۆرێک لە گۆڕستانەکان لەلایەن کەسێکی خێرخواز دابین دەکرێت، ئەوان پارچە زەوییەکی فراوان دەکڕن و دەیکەن بە "وەقف" بۆ موسڵمانان و ناشتنی هەر موسڵمانێک لەو زەوییە بێ بەرانبەر دەبێت.

هەندێک شوێن سیاج و پەرژینی تایبەتی بۆ گۆڕستانەکان دروست دەکەن، هەندێک ناوچە گرنگی بە سەوزایی و ناشتنی درەخت و گوڵ لە گۆڕستانەکان دەدەن. لە هەندێک ناوچەی تر ئامێر و کەرەستەی تایبەت بە هەڵکەندنی گۆڕ بۆ گۆڕستانەکان دابین دەکەن.

چەند مەرجێکی گرنگ لە گۆڕستانەکان

  • هەموو مردوویەک پێویستە ڕووەو قیبلە بنێژرێت.
  • پێش ناشتنی هەر مردوویەک پێویستە ئەو کەسەی پرۆسەی ناشتنەکە ئەنجام دەدات دەستنوێژی هەبێت.
  • هەموو گۆڕستانەکان بۆ مسڵمانان بۆ هەردوو ڕەگەز بێ بەرانبەرە.
  • قووڵی قەبرەکان لە دوو مەتر تێپەڕ ناکات.
  • ڕووبەری گۆڕستان پێویستە فراوان و گەورە بێت.

ئادابەکانی سەردانیکردنی گۆڕستان لە ئیسلامدا

  • سەردانیکردنی گۆڕستان لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە، بە مەبەستی بیرهاتنەوەی ڕۆژی دوایی و وەرگرتنی پەند و کەمبوونەوەی وابەستەبوونی مرۆڤ بە دونیاوە لەگەڵ پاڕانەوە بۆ کەسی مردوو ڕێگەدراوە سەردانی گۆڕستان بکرێت.
  • نابێت بەسەر گۆڕەکانا هاتووچۆ بکرێت و پێیان پێدا بنرێت.
  • دروست نییە لەسەر گۆڕەکان دابنیشیت.
  • دیاری نەکردنی ڕۆژێکی تایبەت یان بۆنەیەکی تایبەت بۆ سەردانیکردن، هەرکاتێک بێت دەتوانیت سەردانی گۆڕستان بکەیت.
  • زیارەت کردنی گۆڕەکان بە مەبەستی پاڕانەوە و فەراهەم کردنی داواکاری دروست نییە و بە هاوبەش دانان بۆ خودا دادەنرێت.

نزای سەردانیکردنی گۆڕستان

هەرکاتێک پێغەمبەر ﷺ سەردانی گۆڕستانی بکردایە ئەم نزایەی دەخوێند و دەیفەرموو: (السَّلَامُ علَيْكُم أَهْلَ الدِّيَارِ مِنَ المُؤْمِنِينَ وَالْمُسْلِمِينَ، وإنَّا، إنْ شَاءَ اللَّهُ لَلَاحِقُونَ، أَسْأَلُ اللَّهَ لَنَا وَلَكُمُ العَافِيَةَ.)


سەرچاوەکان



420 بینین