چەند ڕێگایەکی ژاپۆنییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەمبەڵی

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2023-11-13-19:38:00 - کۆدی بابەت: 11627
چەند ڕێگایەکی ژاپۆنییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەمبەڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەند ڕێگایەکی ژاپۆنییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەمبەڵی (بە عەرەبی: الطريقة اليابانية في التعامل مع الكسل، بە ئینگلیزی: The Japanese way of dealing with laziness)، تەمبەڵی کە بە بێهۆشی ناسراوە بریتییە لە بێ مەیلی بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە یان ماندووبوون سەرەڕای ئەوەی توانای کردار یان خۆ ماندووکردنیان هەیە. هەروەها هەموو کەسێک ئامانج  و ئاواتی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجانە پێویستە بە زەحمەت کاربکەین و هەموو توانامان بخەینەگەڕ، بەڵام زۆربەی کات دوایدەخەین و تەمبەڵی دەکەین و ئامانجەکانمان بەدی ناهێنین، یان لانیکەم لە کاتی خۆیدا ئامانجەکانمان بەدی ناهێنین.

هەرچەندە ئێمە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەست بە پڕۆژەیەکی نوێ دەکەین، لەگەڵ کەسانێک کە پاڵنەرمان بن بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئارەزوو و ویستمان لەدەست دەدەین بۆیان. لێرەدا ستراتیژییەکی سەرنجڕاکێشت بۆ دەخەینەڕوو کە ئەگەر دەتەوێت لە تەمبەڵی رزگارت بێت ئەوا دەبێت پەیڕەویان بکەیت وەک ژاپۆنییەکان کە تەمبەڵی لای ئەوان بە 'کایزن' ناسراوە، کە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لەسەر پێ بمانهێڵێتەوە و زاڵ بین بەسەر تەمبەڵیدا.

ئەو تەکنیکەی ژاپۆنییەکان بەکاریدەهێنن بۆ تەمبەڵی چییە؟

ژاپۆنییەکان لە هەموو خووەکان زیاتر ڕقیان لە تەمبەڵی و وەستانە لە کار و بار و پیشەکانیاندا، بۆیە هەمیشە هەوڵیانداوە کە تەمبەڵی لە وڵاتەکەیاندا نەهێڵن. هەروەها ژاپۆن تاکە وڵاتە کە ئاستی تەمبەڵی تێیدا زۆر نزمە، لە ژاپۆن تەکنیکێک بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە تەمبەڵی و دوور کەوتنەوە لە خۆیان و گەلەکەیان کە پێی دەوترێت (تەکنیکی کایزن)، ئەم تەکنیکە لە سەرانسەری وڵاتی ژاپۆندا کاری پێدەکرێت و هەر کەسێک بزانێت جەستەی خاو دەبێتەوە و بێتاقەت دەبێت لە کارکردن یەکەم شت تەکنیکی کایزن جێبەجێ دەکات.

تەکنیکی ژاپۆنی دەربارەی کایزن چییە؟

کایزن کە بە "بنەمایەکی یەک خولەکی" بۆ باشترکردنی خۆت ناسراوە، تەکنیکێکی گەورەی ژاپۆنییە بۆ لێدانی تەمبەڵی و ئەنجامدانی کارەکان. بیرۆکە یان چەمکی پشت ئەم پراکتیزەیە ئەوەیە کە مرۆڤەکان پێویستە لانیکەم بۆ ماوەی خولەکێک خۆیان پابەند بکەن بە چالاکییەکەوە، هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا. وشەکە بە واتای کای (گۆڕانکاری) و زین (حیکمەت) دێت، لە ژاپۆن کایزن تەکنیکێکە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەڕێوەبردن و هاندانی گەشەکردنی کەسی بەکاردەهێنرێت. هەروەها "پەیامی ستراتیژی کایزن ئەوەیە کە نابێت ڕۆژێک تێپەڕێت بەبێ ئەوەی جۆرێک لە پێشکەوتن لە شوێنێکدا ئەنجام بدرێت." دەشڵێت: "ناتوانیت جارێک یان دووجار کایزن بکەیت و چاوەڕوانی ئەنجامی دەستبەجێ بکەیت. دەبێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بیکەیت".

حەوت تەکنیکی ژاپۆنی بۆ زاڵبوون بەسەر تەمبەڵی

ئەگەر لەگەڵ دواخستن و نەبوونی پاڵنەردا کێشەت هەبێت، ئەوا دوودڵ مەبە و خەمبار مەبە چونکە زۆرێک لە مرۆڤەلان هەندێک جار پاڵنەریان نامێنێت، بەڵام ڕێگا هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر تەمبەڵیدا و ژاپۆنییەکان هەندێک تەکنیکیان هەیە کە دەتوانن یارمەتیدەرت بن. لێرەدا حەوت ڕێگەی ژاپۆنی دەخەینەڕوو بۆ پاڵنانی  خودی خۆت کاتێک هەست بە تەمبەڵی دەکەیت.

فەلسەفەی کایزن (Kaizen)
ئەم فەلسەفەیە بریتییە لە باشتربوونی بەردەوام و هەنگاوی بچووکی ڕۆژانە، تەنانەت ئەگەر زۆر بچووکیش بن. بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەنگاوە بچووکەکان دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات کۆببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو و دروستبوونی هەنگاوی گەورە.

ئیکیگای (Ikigai)
ئەم چەمکە لە دەوری دۆزینەوەی ئامانجەکەت لە ژیاندا کۆدەبێتەوە، کە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە پاڵنەر و سەرنجتدا بمێنیتەوە. کاتێک هەست بە هەبوونی ئامانجێک دەکەیت لە ژیانتدا ئەوا کەمتر هەست بە تەمبەڵی یان بێ پاڵنەری دەکەیت.

وەبی-سابی (Wabi-sabi)
ئەم بنەما جوانکارییە جەخت لەسەر دۆزینەوەی جوانی لە ناتەواویدا دەکاتەوە. لەبری ئەوەی هەوڵبدەیت بۆ کامڵبوون، لایەنە ناوازە و ناتەواوەکانی کارەکەت یان پڕۆژەکەت پەسەند بکە، کە ئەمەش وادەکات بەدوور بیت لە تەمبەڵی و بێ توانایی.

گامان (Gaman)
ئەم زاراوەیە بە واتای "بەرگەگرتنی ئەو شتانەی کە بەڕواڵەت بەرگە نەگیراون بە ئارام و کەرامەتەوە" دێت. بەشێکی سەرەکییە لە پڕۆژەی کارکردنی ژاپۆنییەکان، و دەتوانێت یارمەتیت بدات کە پاڵ بە کاتە سەختەکانەوە بنێیت کاتێک هەست بە تەمبەڵی یان بێ پاڵنەر دەکەیت.

کینتسوگی (Kintsugi)
ئەم فۆرمە هونەرییە لەلای ژاپۆنییەکان بریتییە لە چاککردنەوەی هەموو شکاوییەکانی ژیان بۆ جوانیەکانی ژیان، بۆ ئەوەی هەمووان تیشک بخەنە سەر ئەو  جوانییانەی کە لە شتێکی شکاو و ناتەواوەوە دروست بووە. هەروەها فۆڕمێکە بۆ لە ئامێزگرتنی کەموکوڕیەکانی ژیانت و گۆڕینیان بۆ شتێکی جوان.

گانبارو (Ganbaru)

ئەم ڕێبازە هاندەرە بۆ خۆڕاگری مرۆڤەکان لە هەموو بارودۆخێکی سەخت و دژواردا. هەروەها ئەم ڕێبازە پەیوەندی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانەوە هەیە و هەروەها وات لێدەکات هەوڵی باشترکردنی شتەکانت بدەیت هەرچەندە ئەگەر قورسیش بێت.

مۆنۆزوکوری (Monozukuri)
ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ ڕێبازی ژاپۆنی بۆ کاری دەستی، کە جەخت لەسەر گرنگیدان بە وردەکاری و گرنگیدان بە هەموو پرۆسەکانی ژیان دەکاتەوە نەک تەنها ئەنجامی کۆتایی. ئەم ڕێگایە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی بە بەهێزی بمێنیتەوە و دوورت بخاتەوە لە تەمبەڵی. بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە ژاپۆنییانە دەتوانیت بەسەر تەمبەڵیدا زاڵ بیت و لە ژیانی کەسی و پیشەیی خۆتدا بە بەهێزی بمێنیتەوە.


سەرچاوەکان



414 بینین