ئایا ناپۆلیۆن باڵا کورت بووە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-05-13:52:00 - کۆدی بابەت: 11680
ئایا ناپۆلیۆن باڵا کورت بووە؟

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا

ئایا ناپۆلیۆن باڵا کورت بووە؟ (بە عەرەبی: هل کان نابلیون قصیرا؟، بە ئینگلیزی: Was Napoleon short?) بە درێژایی مێژوو کە کتێب لەسەر ناپۆلیۆن بۆناپارت، ئیمپڕاتۆری ڕەهای فەڕەنسا نووسراوە، مێژوونووسانی دابەشکردووە بۆ دوو گرووپ، هەندێک دەڵێن ناپۆلیۆن کورتە باڵا بووە! هەندێکی تریش بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە دەڵێن باڵای وەک مرۆڤێکی ئاسایی وابووە، ئەوەشی دەگوترێت بۆ کەم کردنەوەی بەهای کەسایەتی ئەوە کە دەڵێن باڵای کورت بووە.

ئایا ناپۆلیۆن بۆناپارت کورتە باڵا بووە؟

مێژوونووسی سۆڤێتی (تارلێ) لە وتارێکیدا لە بارەی کتێبەکەی لەسەر باڵای ئیمپڕاتۆرە فەڕەنسییەکە دەڵێت: ئیمپڕاتۆری فەڕەنسا باڵای کورت نەبووە، بەڵکو باڵای ئاسایی بووە. ئەوەی لە مێژوودا نووسراوە کە گوایە ئیمپڕاتۆر کورتە باڵا بووە، مێژوونووسە ئینگلیزەکانن کەوا بۆ سووکایەتی پێ کردن و ناوزڕاندن ئەو تۆمەتانە ئاڕاستە دەکەن.

ناپۆلیۆن لە نیگارەکانیدا

لە سەدەی نۆزدەیەمدا، پاشای ئیسپانیا چارلزی چوارەم داوا لە نیگارسازێک دەکات وێنەی ئیمپڕاتۆر ناپۆلیۆنی بۆ بکێشێت کە وێنای سەرکەوتنە گەورەکەی بکات لە جەنگی مارنگۆ ١٨٠٠، ئەویش بڕیاردەدات نیگارەکەی بەسەر ئەسپێکەوە بکێشێت، لە نیگارەکەدا کە هونەرێکی بەرزی تێدا بەکارهاتووە ناپۆلیۆن وەکو کورتە باڵایەک دەردەکەوێت چونکە تیشک لەسەر ڕوخسارییەتی وەک لە باڵای. ئەم نیگارە زۆر ناوبانگ بوو و لە ئاست چاوەڕوانی نیگارسازەکەدا نەبوو، گشت نیگارساز و هونەرمەندە جیهانییهکانی تر ئەم تابلۆیەیان کردە پێوەر بۆ باڵای ئیمپڕاتۆر کە نزیکەی ١٥٨ سەنتیمەتر دەکات. 

ئەو نیگارانەی لەلایەن ئینگلیزەکان کێشراون وەک نیگاری (هێرش بۆ میسڕ) باڵای لە ١٥٨ سەنتیمەتر کەمترە ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای نیگاری سەرکەوتن لە مارنگۆ کێشرا. 

ڕووسییەکانیش بەدەرنین لە کێشانی وێنەی ناپۆلیۆن، یەکێ لەو نیگارانە (ئاگرەکەی مۆسکۆ) کە گوزارشت لە کشانەوەی هێزەکەی فەڕەنسا لە مۆسکۆ پایتەختی ڕووسیای قەیسەری دەکات، بە تەکنیکێک باڵای ناپۆلیۆن لەو وێنەیەدا وەرگیراوە کە دەکاتە ١٦٨-١٧٥ سەنتیمەتر بەمەش باڵای ئەو سەرکردە فەڕەنسییە بەگوێرەی ڕووسییەکان نە ١٥٨ سەنتیمەترە و نە لەوەش کەمترە، بەڵکو زیاتر بووە لە ١٦٨ سەنتیمەتر. 

دەرئەنجام

وەکو تارلێ دەڵێت: باڵای ناپۆلیۆن بۆناپارت هەر چەندێک بووبێت گرنگ نییە، ئەو توانی پەیامی شۆڕش بە ئەورووپادا بڵاو بکاتەوە، وەکو سەرکردەیەک ڕۆڵی گێڕاوە جا باڵای کورت بووبێت یان بەرز لە نرخ و بەهای ئەم سەرکردەیە کەم ناکاتەوە.


سەرچاوەکان



233 بینین