هێزی نووسین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-23-00:57:00 - کۆدی بابەت: 12238
هێزی نووسین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نووسین (بە عەرەبی: الكتابة، بە ئینگلیزی: Writing) بریتییە لە ڕێگایەکی کاریگەر بۆ دەربڕینی هەست و سۆزی ناخ و بیرۆکەکانی مرۆڤ و تێگەیشتن لە خوود. لە سەردەمی هاوچەرخدا چارەسەرکردن بە نووسین کە بە هێزی نووسین ناسراوە بە ڕێگایەکی کاریگەر دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر دەروون و دەربڕینی هەستە نەرێنییەکان.

چی بنووسین و کەی بنووسین؟

نووسین کات و ساتێکی دیاریکراوی نییە دەکرێت بە شێویەکی ئاسان و سادە و بە بەکارهێنانی پەڕەیەک و پێنووسێک ئەوەی مەبەستە بینووسیت، بەهرە و توانای زمانەوانی لەگەڵ خەتخۆشی و ڕێکخراوی شوێنەکەت گرنگ نییە لەو جۆرە نووسینەی کە مەبەست لێی ئارامکردنەوەی دەروون و خاڵیکردنەوەی هەستەکانە، تەنها ئەوەی هەستی پێدەکەیت بینووسەرەوە، بە هەر زمانێک کە ئاسوودەیت دەکرێت پرۆسەی نووسینەکەت ئەنجام بدەیت.

بۆ نووسین و ئەنجامدانی پرۆسەکە تەنها پێویستت بە پێنووس و پەڕەیەک یان تێنووسێک دەبێت. نووسینەوەی ڕۆژانە لە کۆتایی ڕۆژەکەت و تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژ هاوکاریت دەکات کە دەروون و ناخت خاڵی بکەیتەوە لە فشار و ڕووداوە نەرێنییەکانی ڕۆژەکەت. نووسین لە بەیانیان یان نووسینی دوای هەستان لەخەو کە بە نووسینی "پەڕەکانی بەیانیان" ناسراوە یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی فشار و دەستپێکردنی ڕۆژەکەت بە ئارامی، هاوکاریت دەکات لەوەی ڕۆژەکەت ڕێکخراو بێت و ڕووداوەکانی ڕۆژ زۆر کاریگەری لەسەر دەروونت نەکەن.

دەکرێت دوای تەواوبوون لە نووسینەکەت ئەوەی کە نووسیتە بیهێڵیتەوە و وەکوو یادگاری پارێزگاری لێ بکەیت یان بە پێچەوانەوە، دەکرێت نەیهێڵیتەوە و هەر دوای تەواوبوون لە نووسینەکەت ئەوەی نووسیوتە لە پەڕەکەتدا بیدڕێنیت و لەناویبەریت. باشترە ئەو نووسینەی کە بە مەبەستی خاڵی کردنەوەی هستە نەرێنییەکانی ناخت نووسیت جارێکی تر نەیخوێنیتەوە. کاتی نووسین دیاریکراو نییە و بە ئارەزووی کەسەکە خۆیەتی لە ڕۆژەکەیدا چەندێک کات دابین بکات بۆ نووسین، هاوکات نووسینی بەیانیان هاوشێوەی خاڵیکردنەوەی وزەی نەرێنییە و پاڵنەرە بۆ دەستپێکی ڕۆژەکەت بە بەهێزییەوە، هەروەها نووسینی ئێواران هەروەکوو پێداچوونەوەیەکە بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژەکە و زیاتر بۆ ئارامکردنەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژەکەیە.

گرنگترین سوودەکانی نووسین

  • یارمەتیدەرە بۆ دەربڕینی هەستەکان، نووسین ڕێگایەکی زۆر کاریگەر و پەسەندە بۆ دەربڕینی هەستە نەرێنییە کەڵەکەبووەکانی ناخی مرۆڤ، نموونەی هەستی تووڕەبوون، هەستی ڕق و کینە، بێزاری، ڕاڕایی و بێ ئۆقرەیی و دوودڵی، پەشۆکاوی و شپرزەیی دەروون، هەستی گریانی پەنگخواردوو و چەندان هەستی نەرێنی تر.
  • ئارامکردنەوەی دەروون و نەمانی ئاڵۆزی هەست و ناخ، بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نووسینەوەی ئەو هەستەی کە هەتە و خاڵیکردنەوەی دەروون لە هەستە نەرێنییەکان ئارامی و ئاسوودەیی دەبەخشێتە کەسەکە، لە ڕێگەی نووسینەوەی ڕۆژانەت یان دەربڕینی هەستێکت لە ڕێگەی نووسینەوە ناخ و مێشک و دەروونی مرۆڤ ئارام دەبێتەوە.
  • یارمەتی کەمردنەوەی فشار و ڕاڕایی دەدات.
  • هاوکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی زیرەکی و ژیری.
  • یارمەتیدەرە لە بەرزبوونەوەی ئاستی زمانەوانی و وشەسازی و خەتخۆشی.
  • هۆکارە بۆ ناسینی خوود و دیاریکردنی کێشەکان.


سەرچاوەکان



56 بینین