الرحمن ـ بە بەزەیی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-27-18:48:00 - کۆدی بابەت: 12708
الرحمن ـ بە بەزەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتاکەی

ئەلرەحمان یان ڕەحمان یان بە بەزەیی (بە عەرەبی: الرحمن، بە ئینگلیزی: Ar-Rahmaan, Al-Rahman) دووەم ناوە لە ناوەکانی خوای گەورە و ناوێکی گشتگیر و ڕەهایە و تەنها تایبەتە بە خوای گەورە. وشەی ڕەحمان واتای بەبەزەیی ڕەها دەبەخشێت، لە زمانی عەرەبیدا ناوی (الرحمن) لە وشەی (الرحمة) وەرگیراوە کە واتای سۆز، بەزەیی، میهرەبانی، نەرم و نیانی دەبەخشێت، واتا خوا بەبەزەییە بۆ هەموو دروستکراوەکانی خۆی.

ئەم ناوە  تایبەتە بە خوا و ناتوانرێت وەسفی هیچ دروستکراوێکی تر بە ناوی ڕەحمان بکرێت چونکە ناوەکە تایبەت و سیفەتی ڕەهایە بە خوا. ناوی ڕەحمان پەیوەست کراوە بە عەرشی، خوای گەورەوە و لە  سوورەتی (طه) ئایەتی ٥ خوای گەورە دەفەرموێت (ٱلرَّحْمَـٰنُ عَلَى ٱلْعَرْشِ ٱسْتَوَىٰ)، واتا پەروەردگاری ئێوە كە (الرَّحمن)ـە بەسەر عەرشدا بەرز و بڵند بووەتەوە، بەرزبوون و بڵندبوونەوەیەك كە شایستەی بەرزی و بڵندی و شكۆداری و گەورەیی ئەوە.

ناوی ڕەحمان لە قور‌‌ئانی پیرۆزدا

  • ناوی ڕەحمان لە دەقی (بسم الله الرحمن الرحیم) هاتووە کە جگە لە سوورەتی (التوبة) پێش خوێندنی سەرەتای هەموو سوورەتەکانی قورئان دەخوێندرێت.
  • لە ٧٥ شوێن لە قورئاندا ناوی ڕەحمان هێنراوە و لە شەش شوێن پەیوەستکراوە لەگەڵ ناوی ڕەحیم، جگە لەگەڵ ناوی ڕەحیم لەگەڵ هیچ ناوێکی تری خوای گەورە پەیوەست نەکراوە و ناوەکە لەگەڵ ناوی تردا نەهێنراوە، بەڵکوو ناوەکە سەربەخۆیە.
  • سوورەتی (الرحمن) کە سوورەتی ژمارە ٥٥ـە لە قورئانی پیرۆز، لەو سوورەتانەی قورئانە کە بە ناوی خوای گەورەوە ناونراوە و تەنها یەک جار ناوی ڕەحمان لە سەرەتای یەکەم ئایەتی سوورەتەکە هێنراوە.

تایبەتمەندییەکانی ناوی ڕەحمان

  • ناوێکی تایبەتمەندە بە خوای گەورە و بۆ ناوی مرۆڤ بە تەنها بەکارنایەت، لە سوورەتی (الإسراء) ئایەتی ١١٠ خوای گەورە دەفەرموێت: (قُلِ ادْعُوا اللَّهَ أَوِ ادْعُوا الرَّحْمَنَ أَيًّا مَا تَدْعُوا فَلَهُ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى) واتا: پێیان بڵێ ئێوه‌ له‌ نزاو دوعاکانتاندا داوا له‌ (الله‌) بکه‌ن، یان به‌سیفه‌تی پیرۆزی (الرحمن) هانای بۆ به‌رن، به‌هه‌ر ناو و سیفه‌تێکی به‌رز داوای لێبکه‌ن و نزا بکه‌ن دروسته‌، چونکه‌ ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو سیفات و ناوه‌ پیرۆز و جوانه‌کانه‌، به‌هه‌ر سیفه‌تێك که‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌کانتاندا گونجا داوای لێ بکه‌ن، له‌کاتی داواکردنی ڕزق و ڕۆزیدا به‌ (یا ڕزاق، یا وهاب)، له‌کاتی داوای سه‌رکه‌وتندا به‌ (یا قوی یا متین یا عزیز) داوا بکەن.
  • ناوی ڕەحمان واتا سۆز و بەبەزەیی ڕەها بۆ هەموو کەسێک، واتا بەزەیی خودا بێ باوەڕ و باوەڕدار و هەموو دروستکراوەکانی خوا دەگرێتەوە.
  • هەمیشە بەزەیی و سۆزی خوای گەورە پێش تووڕەییەتی، بۆیە ئەم ناوە لە سەرتاکانی ناوەکانی خوایە.

جیاوازی نێوان ناوی ڕەحمان و ڕەحیم

  • ناوی ڕەحمان بە تەنها بۆ مرۆڤ بەکارناهێنرێت، چونکە وەسف و تایبەتمەندییەکانی ناوەکە ڕەهایە و تەنها تایبەتمەندە بە خوای گەورە و وشەکە تەنها بۆ وەسفی خوای گەورەیە، بەڵام ناوی ڕەحیم کە واتای بەخشندەییە بۆ مرۆڤ بەکاردێت چونکە تایبەتمەندییەکانی وشەی ڕەحیم گشتگیرە و ناوەکە بۆ وەسفی کردارەکانی خوای گەورە بەکاردێت.
  • واتای ڕەحمان بریتییە لە بە بەزەیی کە ئەم سۆز و بەزەییەی خوا گشتگیرە و هەموو دروستکراوەکانی خوی دەگرێتەوە. بەڵام وشەی ڕەحیم وشەیەکە واتای بەخشندەیی دەبەخشێت و تایبەتە بە باوەڕدار، واتا بەخشندەیی خوا باوەڕدار دەگرێتەوە.
  • ناوی ڕەحمان (صفة ذاتية)ـەیە واتا بۆ خودی خوا خۆیەتی، بەڵام ناوی ڕەحیم (صفة فعلية/ وەسفی کردار)ـەکەیە تایبەتە بە ئیمانداران کە سۆز و بەزەیی خوایان پێ دەبەخشرێت.


سەرچاوەکان



98 بینین