شوێنەواری ئوور

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-27-16:21:00 - کۆدی بابەت: 12704
شوێنەواری ئوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوێنەواری ئوور یان شاری ئوور یاخود پەرستگای ئوور کە بە ئۆریش ناسراو بووە (بە عەرەبی: اثار أور، بە ئینگلیزی: Ur state) شوێنەوارێکی مێژوویی عێراقییە و لە ساڵی ٢١٠٠ـی پێش زایین وەکوو پایتەختی سۆمەرییەکان دانراوە، بە یەکێک لە کۆنترین و دێرینترین شارستانییە مێژووییە ناودارەکانی جیهان دادەنرێت. شوێنەوارەکە بە دووریی ٤٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژاوای پارێزگای زەی قاڕ لە باشووری عێراق و بە دووری ٣٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری بەغدادی پایتەختەوە دوورە.

مێژووەکەی

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان شوێنەواری شاری ئوور لە سەردەمی کۆیلایەتییەوە (ساڵانی ٦٥٠٠ بۆ ٣٧٠٠ پێش زایین) مرۆڤی لێ نیشتەجێ بووە، شوێنەکە وەکوو شوێنی نیشتەجێبوونی کشتوکاڵی سوودی لێ بینراوە چونکە لە ڕابردوودا خاکەکەی بە پیت بووە و چەند لقێکی ڕووباری فوڕاتی لێوە نزیک بووە. لە سەردەمی ساڵانی ٢٦٠٠ پێش زایین و لە سەردەمی دەسەڵاتی سۆمەرییەکان شوێنەکە کرا بە پایتەختی دەسەڵاتی سۆمەرییەکان بووە شوێنیکی پیرۆزی چەند خواوەندێکیان.

سۆمەرییەکان گرنگییەکی زۆریان بە شاری ئوور دەدا و تەلار و شوێنەواری زۆریان تێدا دروست دەکرد، زۆرێک لە خانوو و تەلارەکان بە قووڕی سووتاو لەگەڵ کەرپووچ بنیات دەنا و زۆر گرنگیان بە تەلارسازی شارەکە دەدا، لە شارەکەدا چەندان پەرستگا دروستکران و شارەکەیان کردبوو بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بۆ خانەدان و دەسەڵاتدارەکان و پیاوانی ئایینی بوو، بەشەکەی تریان بۆ خزمەتکار و کۆیلەکان بوو کە لە نزیک دەوروبەری شارەکە زیاتر کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییان دەکرد.

ڕووبەری شارەکە فراوان بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەردەمی سۆمەرییەکان بە نزیکەی ٢٤ هەزار کەس خەمڵێندراوە.
چەندان شوێنەوار و پەیکەری خواوەندەکانی سۆمەرییەکان لە شاری ئوور دۆزراوەتەوە، گرنگترینی شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئوور شوورا و دیوارێکی پتەون بە دەوری کۆمەڵێک پەرستگای کۆن کە بە زەقورە ناسراون، زەقورە بریتییە لە پەرستگایەکی پلیکانەدار زیاتر لە شارستانییەتەکانی عێراق و شام ناسراون، لە زمانی ئەکەدی کۆن زەقوە  واتای کێوی پیرۆز دەبەخشێت و شێوەیەکی هەڕەمی هەیە و شوێنی پەرستگای خواوەندەکان بووە.

زەقورەی ئوور و پیرۆزی شوێنەوارەکە 

زەقورەی ئوور پەرستگایەکە لە شاری ئوور، پەرستگایەکی پلیکانەداری هەڕەمییە و بەرزییەکەی لە بنەڕەتدا ٧٠ پێ بووە، لەلایەن پاشا ئۆرنمۆ لە ماوەی ساڵانی ٢١٠٠ـی پێش زایین دروستکراوە کە ناودارترین پاشا و دەسەڵاتداری خێزانی سۆمەرییەکان بووە، پەرستگاکە تایبەت کراوە بە خواوەندی مانگ کە بە (خواوەند ئینیانا) ناسراو بووە.

تەلاری پەرستگاکە لاکێشەییەکی هاوشێوە چوارگۆشەیە و ڕووبەری گشتییەکەی نزیکەی ٢٠٠ × ١٥٠ مەترە و بەرزییەکەی بووە بە ٤٥ پێ، درێژی هەر لایەکی ٤٢ مەترە. بیناکە بە کەرپووچی سوور و قوڕی سووتا و بەردی پتەو لەلایەن کۆیلە و ژێردەستەکانیسەردەمی سۆمەرییەکان دروستکراوە. پەرستگاکە لە سێ لاوە پلیکانەی هەیە و هەر لایەکی لە سەد پلیکانە پێکهاتووە، بەشی ڕووی پێشەوەی شێوەکەی سەرەنج ڕاکێشە و شێوەیەکی نیمچە هەڕەمی هەیە.

تەلارەکە لە سێ نهۆم پێکهاتووە، بەشی سەرەوە و کۆتایی پەرستگاکە لە ڕابردوودا مەراسیمی ئایینی سەیروسەمەرەی تێدا ئەنجام دراوە و بۆ پەرستنی گەورەی خواوەندەکانی (خواوەندی سین) تەرخان کراوە. پەرستگا و زەقورەکە بە شوورایەکی درێژ و بەتین دەوردراون، لە نزیک شوێنەکە گۆڕستانێک هەبووە کە گۆڕی خانەدان و پاشاکانی سۆمەرییەکانی تێدا نێژراوە. ئەستووری دیواری دەوری شوێنەواری زەقورە ٢٫٤ مەترە، ڕووبەری دیوارەکانی دەرەوەی شوێنەوارەکە ٦١ × ٤٥٫٧ مەترە و بەرزییەکەی دەگاتە ١٥ مەتر.

سەردانی پاپا فڕانسیس بۆ شوێنەکە

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئایینی مەسیحی شوێنەوارەکە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە و لەلای ئەوان زەقورەی ئوور لە شاری ئور مەزارگەیەکی پیرۆزە، لە دوای کۆتایی هاتن و سستبوونی ڕووداوەکانی پەتای کۆڕۆنا لە جیهاندا، پاپا فڕانسیسی ڤاتیکان لە ڕۆژی پێنج بۆ هەشتی مارسی ساڵی ٢٠٢١ سەردانی عێراقی کردووە و لە میانەی سەردانەکەیدا سەردانی زەقورەی ئووری لە شاری ئوور کردووە. دوای سەردانەکەی پاپا بۆ شوێنەوارەکە ژمارەی سەردانیکەرانی بیانی بۆ شوێنەکە زیادی کردووە و شوێنەواری ئوور و مەزارگەکەی بووە بە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بۆ عێراق.

زیانگەیاندن بە شوێنەوارەکانی ئوور

شاری ئوور و زەقورەی ئوور بەهۆی ڕووداو و جەنگەکانی عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە، لە جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ زیانێکی زۆر بە پەرستگای ئوور کەوتووە و بەهۆی بەرزی دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیکی شوێنەکە تووشی لەرینەوە و لەرزین بووە، بەوهۆیەوە بەشێک لە دیواری زەقورە درز و کون و شوێنەواری گوللـەی پێوەیە.


سەرچاوەکان



84 بینین