ئایکیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-27-15:08:00 - کۆدی بابەت: 12699
ئایکیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایکیا یاخود ئیکیا (بە عەرەبی: إيكيا، بە ئینگلیزی: IKEA) کۆمپانیایەکی فرەچەشن و هەمەجۆرە کە دیزاین و فرۆشتنی کەلوپەلی ئامادەکراو و پێداویستی و ئامێرەکانی چێشتخانە و کەلوپەل و ئێکسسواراتی ماڵەوە دەکات، لەگەڵ دابینکردنی کاڵای بەسوود و هەمەجۆر و خزمەتگوزاری تر. ئایکیا لە ساڵی ١٩٤٣ لە سوید دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بە گەورەترین فرۆشیاری  کەلوپەلی تاک لە جیهان دادەنرێت.

تاکوو ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٤٣٣ لق و فرۆشگای سەرەکی ئایکیا لە ٥٢ وڵات و ناوچەی جیهاندا کراوەتەوە، بە بڕی ٣٨٫٨ ملیار یۆرۆ (٤٤٫٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی) شتومەکی فرۆشتووە و قازانج و داهاتی بەدەست هێناوە. ماڵپەری فەرمی ئایکیا زیاتر لە ١٢ هەزار بەرهەمی لەخۆگرتووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ساڵی ٢٠١٦ لە هەموو جیهاندا زیاتر لە دوو ملیار سەردانیکەری هەبوو.

مێژووەکەی

ئایکیا لە ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن کارسازێکی سویدی بە ناوی (ئینگڤار کامپراد) دامەزرا، لە سەرەتادا وەکوو کۆمپانیایەک دانرا کە بە کاری پۆستە و گەیاندن بەرهەم و کەلوپەلی ناوماڵی دەفرۆشت، دوای پێنج ساڵ دەستی کرد بە فرۆشتنی کەلوپەل و مۆبیلیاتی ماڵان و یەکەم فرۆشگای ئایکیا لە ناوچەی ئەلمۆلێت لە سمۆلاند لە ساڵی ١٩٥٨ کرایەوە، ناوی فرۆشگاکەش کرا بە (مۆبيل-ئايكيا).

ناوی ئایکیا (IKEA) کورتکراوە و کۆکراوەی ناوی بەرهەمهێنەر (Ingvar Kamprad) و ئەو کێڵگەیەیە کە سەرەتا تێیدا لە باشووری سوید ژیاوە و ڕەنگی لۆگۆکەیشی ڕەنگی شینی تۆخ و زەردی زەقە چونکە ئەم دوو ڕەنگە بە ڕەنگی نیشتمانی وڵاتی سوید دادەنرێن.

دوای ئەوەی کە بیرۆکەی ئایکیا نوێ بوو خەڵکی زۆر لایان پەسەند بوو و داواکاری لەسەر شتومەکەکان زیاتر بوون، بۆیە یەکەمین فرۆشگای ئایکیا لە دەرەوەی سوید کە دامەزرا لە ساڵی ١٩٦٣ بوو و لە وڵاتی نەرویج دامەزرا، پاشان لە ساڵی ١٩٦٩ لە وڵاتی دانیمارکیش فرۆشگاکە لقی کردەوە.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە چەند ناوچەیەکی ئەورووپا ئایکیا لقی کردەوە و ناوبانگی گەیشتە دەرەوەی سنووری وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، لە ساڵی ١٩٧٣ لقێکی لە وڵاتی سویسرا کردەوە و پاشان لە ساڵی ١٩٧٤ لە ئەڵمانیای ڕۆژاوا لقی ئایکیا کرایەوە. ناوبانگی ئایکیا گەیشتە وڵاتانی ئاسیا و لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان لە هۆنگ کۆنگ و ژاپۆن لقی کرانەوە.

لە ساڵانی هەشتاکان لقەکانی ئایکیا زیاتر بوون و لە ساڵی ١٩٨١ لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئیسپانیا لقی کردەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٤ لقەکانی گەیشتە وڵاتی بەلجیکا، دواتر لە ساڵی ١٩٨٥ لە ئەمریکا لقی ئایکیا کرایەوە لە ساڵی ١٩٨٧ گەیشتە شانشینی یەکگرتوو، هەر لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ئایکیا ٥١ فرۆشگای تاکی هەیە، لە ساڵی ٢٠١٠ لقەکانی ئایکیا گەیشتە ئەمریکای لاتین.
لە ساڵی ٢٠١٨ یەکەمین لقی ئایکیا لە وڵاتی هیندستان کرایەوە.

لقەکانی ئایکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بۆ یەکەم جار ئایکیا لقی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی سعوودیە کردەوە، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جددە لە ڕووبەرێکی ٧٠٠ مەتری چوارگۆشەدا یەکەمین فرۆشگای ئایکیا لە وڵاتی سعوودیە کرایەوە، دوای دوو ساڵ لە کردنەوەی ئەو لقە و گرنگی پێدانی دانیشتووانی سعوودیە بە ئایکیا، شوێنەکەیان گواستەوە بۆ باشووری جددە و ڕووبەری فرۆشگاکەیان فراوانتر و گەورەتر کرد و لەسەر ڕووبەری ٧٠٠٠ مەتری چوارگۆشە ئایکیا لقێکی گەورەتری کردەوە.

لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٤، ئایکیا دوو ناوەندی نوێی لە شارەکانی ڕیاز و جددە کردەوە کە ڕووبەری هەریەکەیان ٢٨ هەزار مەتر دووجا بوو، ئایکیا بە بڕی ٢٤٠ ملیۆن ڕیالی سعوودی (٦٤ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) خەرج کرد بۆ ئامادەکردنی ئەو دوو شوێنە. لە ساڵی ٢٠١٤ لقی سەرەکی ئایکیا لە وڵاتی ئوردن کرایەوە. لقەکانی ئایکیا لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین بە یەکێک لە گەورەترین لقەکانی ئایکیا دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە دوای کۆتایی هاتن بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ئایکیا لە زۆرێک لە وڵات و ناوچە عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لقی فرۆشتنی کردەوە.

بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی ئایکیا

ئایکیا بەوە ناسراوە کە لە فرۆشگاکانی بەرهەم و شتومەکی فرەچەشن و هەمەجۆر بە قەبارە و دیزاینی جیاواز بەردەست دەخات، کەلوپەل و شتومەک و ئێکسسوارات و مۆبیلیاتی ماڵ لە ئایکیا لە بەرهەمە پێشەنگەکانی فرۆشگاکەن، زۆرێک لە کەلوپەلەکانیان بە شێوەی تاک بەردەستە و خودی کڕیار پێویستە خۆی شتومەکەکان ڕێک بخات و بیانکڕێت، واتا بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئایکیا سێت نین بەڵکوو تاکن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە نرخ و تێچووی کەمترە بۆ کڕیار دەبێت و فرۆشگا قازانج زیاتر دەکات.

ناودارترین کەلوپەلەدیارەکانی نێوماڵ لە ئایکیا بریتین لە کورسی، مێز، ڕەفی کتێبخانە، قەنەفە، هەموو ئەم بەرهەمانە لە کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکانەوە لە ئایکیا زیاتر گرنگیان پێدرا و بە دەیان ملیۆنیان لێ فرۆشراوە. هەموو بەرهەمەکانی ئایکیا ناوێکی تاکیان هەیە و لە یەک وشە پێکهاتوون و ڕەچەڵەکی ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانە ئەسکەندەنافییەکان. ئێسکسسوارات و جوانکاری ناوماڵ و شتومەکی چێشتخانە و ژووری خەوتن لە بەرهەمەکانی ئایکیا بەردەستن. زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئایکیا لە دار دروستکراون، کۆمپانیای سویدوود یەکێکە لە لقەکانی ئایکیا کە زۆرێک لەو کەلوپەلانەی ئایکیا دابین دەکات کە لە دار دروستکراون، نزیکەی ١٦ هەزار کارمەند لە ٥٠ لقی ئایکیا لە دە وڵات ساڵانە ١٠٠ ملیۆن پارچەی کەلوپەل و کەرەستەی ناوماڵ دروست دەکەن و دەفرۆشرێن.

دیزاینی شوێنی فرۆشتنەکانی 

فرۆشگاکانی ئایکیا بە شێوەیەکی جیاواز و تایبەت دیزاین کراون، زۆرێک لە شوێنی فرۆشگاکان بە هەردوو ڕەنگی شین و زەردی زەق نەخشێنراون چونکە بە دوو ڕەنگی نیشتمانی سویدی ناسراون، ڕووبەری فرۆشگاکان فراوانن و بە شێوازی یەک ڕەهەندی بنیاتنراون و کەسی کڕیار بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر بە فرۆشگاکە دەگەڕێن و ئەمە یارمەتی کڕیار دەدات کە بە شێوەیەکی گشتی بە تەواوی ناوەوەی فرۆشگاکە ببینێت. لە ئایکیا دیزاینی ئامادەکراو هەیە و کەرەستە و کەلوپەلەکان بە شێوەیەک دانراون کە بیرۆکە دەبەخشنە کڕیار تاکوو سوودمەند بێت لە دیزاین کردنی ناوەوەی ماڵەکەی.

لە زۆرێک لە لقە سەرەکییەکانی ئایکیا چێشتخانە و بازاڕی خواردن هەیە و تەنانەت شوێنی دانیشتن و پشوودانیش هەیە. لە وڵاتە ئەسکەندەنافی و ئەورووپییەکان چێشتخانەکانی نێو ئایکیا خواردن و خواردنەوەی پەیوەست بە کولتووری وڵاتی سوید پێشکەش دەکەن، بەڵام لە لقە کانی وڵاتانی تر خواردنی خواردنگەکانی پەیوەستن بە کولتووری ئەو وڵاتەوە کە لقی ئایکیای تێدایە، لە وڵاتە ئیسلامییەکانیش ڕەچاوی خواردنی حەڵاڵ دەکرێت، هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لە هەموو لقەکانی ئەورووپا خواردنی ڕووەکی لە خواردنگەکانی فرۆشگاکانی ئایکیا بەردەستخران. فرۆشتنی خواردن و بوونی خواردنگەکان لە لقەکانی ئایکیا بڕی ٥٪ قازانجی گشتی فرۆشییەکانی ئایکیای دابین کردووە.


سەرچاوەکان



57 بینین