بۆچی ئەدەبیاتی چینی گرنگە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-21-21:48:00 - کۆدی بابەت: 12603
بۆچی ئەدەبیاتی چینی گرنگە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی ئەدەبیاتی چینی گرنگە؟ (بە عەرەبی: لماذا الأدب الصيني مهم، بە ئینگلیزی: Why Chinese literature is important) دیارە گرنگترین خەسڵەت یان تایبەتمەندی ناسینەوەی مێژووی وڵاتێک بریتییە لە زمانەکەی. زمان هۆکارێکی گرنگی بە شارستانی بوونی نەتەوەیەکە. گەر ورد بینەوە لە مێژووی گەلانی خۆرهەڵاتی ئاسیا خاوەنی کەلەپووریان لە چینی نزیکە وەک لەوەی خۆیان خاوەنی قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان بن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری کولتوور و هونەر و ئەدەبی چینی بەسەر گەلانی وەک (ژاپۆنی، کۆری، ڤێتنامی و چەندانی تر) کە تا سەدەی ٢٠ یش ئەدەبیاتی چینی باڵادەسترین و کاریگەرترین ئەدەبیاتی گەلانی خۆرهەڵاتی ئاسیا بوون. 

ئەدەبیاتی چینی چ جۆرە بابەتێک دەگرێتەوە؟ 

ئەدەبیاتی چینی خۆی لە هۆنراوە، پەخشان، فەلسەفە و بابەتە ڕۆحییەکان دەبینێتەوە. بەتایبەتیش بابەتەکانی پەیوەست بە دانایی و تێگەیشتن لە نهێنییەکانی ژیان. لە ئەدەبیاتی چینیدا جۆرە بابەتێک زۆر دەبینرێت لە نووسینەکانیاندا "گفتوگۆی خوێندکار و مامۆستاکان" کە بە شێوازێکی فەلسەفی گفتوگۆ دەکەن، لەم جۆرە نووسینانە گرنگیان لەوەدایە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن بە جۆرێک لە کۆت و بەند ڕزگاری بێت و بتوانێت پەی بە ژیان بەرێت و چاک و خراپ لێکبداتەوە. 

گرنگی ئەدەبیاتی چینی لە چیدایە؟ 

کاتێک نووسراوێکی ئەدەبی دەخوێنیتەوە سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار نووسراوەکە خەیاڵییە و بەرهەمی ئەندێشەی نووسەرە، بەڵام لە نووسراوە چینییەکاندا دەبینین تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی خوێنەر لە ڕووی هزر و ڕۆحییەوە بکرێتەوە. بابەتەکان لە چەشنی دانایین بۆ نموونە گەر سەیری کتێبێکی وەک "Art of war" بکەین لە نووسینی سەن زوو کە پێک دێت لە ٨٢ بەند و سەدان هەزار وشە، بەڵام لە نێویدا ٨٠٠٠ وشە هەیە لە بارەی ئەوەی چۆن ببینە کەسێکی دانا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ژیری بنوێنین. سەرەڕای ئەوەی کتێبەکە لە ژانرای سەربازییە بەڵام کاتێک دەیخوێنیتەوە هەرگیز هەست بەوە ناکەیت کتێبێکی سەربازی دەخوێنیتەوە. 

نووسەرانی چینی ببوونە قوتابخانە و ڕێبەر بۆ بنەماڵە شاهانەییەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا، کاتێک شاژن یان دۆستێکی پاشا کوڕێکی دەبوو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە کتێبەکانی نووسەر و فەیلەسووفە چینییەکان پەروەردە دەکرا. یان بابەتە ڕۆحییەکان لە دانانی ڕێبەرە چینییەکان یان بودیزمەکان هۆکاری ئەمەش ئەوەبوو بەبڕوای فەیلەسووفە چینییەکان "مرۆڤ هەرگیز پێش ناکەوێت، گەر بابەتە ئاقڵانی و فەلسەفییەکان نەخوێنێتەوە و شرۆڤەی دەقەکان نەکات" هەر لەبەر ئەوەی شازادەکان لە داهاتوودا ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێ دەسپێردرا دەبوو زۆر بە وردی لە پەیامی کتێبە ئەدەبی و فەلسەفییەکان تێ بگەن. و لە هەمان کاتدا شیکردنەوە بکەن بۆ ڕۆحی یاساکان. تا لە هەر بارودۆخێکدا هەوڵ درا شکۆیان بشکێنرێت بتوانن وەڵامی خێرا و دڵنیاکەرەوە بدەن بە کەسی بەرانبەر. 

مێژووی ئەدەبیاتی چینی کەی دەستی پێکردووە؟ 

بەبڕوای مێژوونووس و لێکۆڵەرەوەکان مێژووی ئەدەبیاتی چینی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ی پێش زایین. کاتێک لەو سەردەمەدا نووسینی هۆنراوە و بابەتە ئەفسانەییەکان باو بوون چەندین کەسایەتی دەرکەوتن کە بە دامەزرێنەرانی ڕەوتی ئەدەبی چینی دادەنرێن لە بواری نووسینی هۆنراوەدا. بەڵام ئەوەی لە ئەدەبیاتی چینی زۆر بەناوبانگە و ناوی دەهێنرێت یان پێی ئاشناین و نووسینەکانی تاوەکو سەدەی ٢٠ زایینی هۆکاری پێگەیاندنی زۆرێک لە سەرکردەکان بووە بریتییە لە (کۆنفشیوس) کە فەیلەسووف و ڕێبەری بنەماڵەی شاهانەی چین بووە.

نووسینەکانی کۆنفشیوس نەک تەنها بۆ شازادەکان بنەمای فێربوون بوون بەڵکو بۆ هەر کەسێک بیخوێندبایە و پلەی باڵای لە بوارێکدا هەبایە دەبوو کار بە دەق و یاساکانی بکات. بە نموونە لە جۆسۆن (وڵاتێکە دەکەوێتە نێو باکووری کۆریا) تەنانەت بۆ دادوەر، وەزیر، پزیشک، هونەرمەند دەبوو بەرهەمە ئەدەبییەکان و یاساکانی کۆنفشیوس بخوێننەوە. تا بتوانن دانایی بنوێنن لە کارەکانیاندا کۆنفشیوس دەڵێت (ژیری لەوەدا نییە توڕە بیت کاتێک کەسێک شتێکی وت بە دڵت نەبێت، ژیری لەوەدایە وەڵامی کەسەکە بدەیتەوە بەجۆرێک هەست بە شەرمەزاربوون نەکات و لە هەمان کاتیشدا بزانێت کە هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامداوە).


سەرچاوەکان



33 بینین