فان بۆی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-16-22:43:00 - کۆدی بابەت: 11299
فان بۆی

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا 

فان بۆی (بە عەرەبی: فان بوي، بە ئینگلیزی: Fan boy) فان بۆی، لایەنگر، هەواداری سەر سەخت، دیاردەیەکە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بوونی هەیە بەتایبەتی لە ناو کۆمەڵگەی یاری ڤیدیۆییدا کەوا ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییە دابەشدەکات لە نێوان ئەو پلاتفۆرمانەی یارییان پێ دەکرێت، هەر دەستەیەک و لایەنگری سەرسەختی کونسوڵەکانی خۆیانن و بەرگری تووندی لێدەکەن جا هەر ڕەخنەیەکیش لە کونسوڵ و یارییە تایبەتەکانیان بگیرێت بە تووندی وەڵامی کەسی ڕەخنەگر دەدەنەوە بە شێوەی سووکایەتی پێ کردن و ناو زڕاندن یاخود پەنا دەبەنە بەر میم کردن لە دژی یەکتر تەنها بۆ ئەوەی بیسلەمێنن پلاتفۆرم و یارییە تایبەتەکانی کونسوڵەکەیان باشترینە و هی کەسی بەرامبەر شایەنی هیچ شتێک نییە!

پێناسەی فان بۆی لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە

پێگەکانی تایبەت بە یاری ڤیدیۆیی وەکو IGN و VGC و Gamespot بەم جۆرە پێناسەی دەکەن: 
فان بۆی: وشەیەکە گوزارشت دەکات لەو کەسانەی بە شێوەیەکی شێتانە لایەنگری خۆیان دەردەبڕن بۆ بەرهەم و خزمەتگوزاری کۆمپانیایەکی بواری یاری ڤیدیۆیی، یاخود ڕەخنە دەگرن لەسەر بنەمایەک کە هەست و سۆز تێیدا زاڵە و ڕاستییەکان ناڵێن بەڵکو خۆیان بە دوور دەگرن لە ڕاستی بابەتەکان و ئەوەی دەیڵێن دەبێت لەلایەن کەسی بەرامبەر قبوڵ کراو بێت.

بۆچی یاریزانان دەبنە فان بۆی؟ 

ڕاپۆرتەکان سەلماندوویانە کە یاریزانان هۆکاری دەروونی بەسەریاندا زاڵ دەبێت کاتێک دەبنە فان بۆی، وا هەست دەکەن ئەم براندە هی خۆیانە و خۆیان بە بەڕێوەبەری براندەکە دەزانن، کاتێک باسی یارییەکیان لەگەڵدا دەکرێت یارییە تایبەتەکانی خۆیان بە باشترین و بێ ڕکابەر دەزانن بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی یارییەکە تێبگەن. یاخود کاتێک براندە ڕکابەرەکان یاری بڵاودەکەنەوە لە پێگەکانی دەنگدان وەکو گرێیەک لە ناخیان نمرەی کەمی دەدەنێ تاوەکو بە شکست وەسف بکرێت. 
شارەزا و پسپۆڕان دەڵێن: سەرەکیترین هۆکار بۆ بوون بە فان بۆی ئەوەیە لایەنی دەروونی کەسەکە تێکدەچێت، چونکە وا وێنا دەکەن هەموو شتێک بۆ ئەوان دەکرێت و خۆیان بە باڵا دەست دەبینن. سەبارەت بەو خاڵەش بۆچی دەبنە فان بۆی ئەوەیە دەیانەوێت ڕق و کینە دروست بکەن لە کۆمەڵگەی یاری ڤیدیۆییدا. 

ئایا فان بۆیەتی کردن سوودی هەیە بۆ کۆمەڵگەی یاری ڤیدیۆیی؟ 

لە زۆرێک لە وڵاتان بابەتی فان بۆیەتی کردن بۆ براندێکی دیاریکراو بووەتە دیاردەیەکی ناشرین بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە بواری یاری ڤیدیۆیی هێشتا نوێن لە پیشەسازییەکەدا و بە شێوەی ئەکادیمیانە شارەزای بوارەکە نەبوون. 
بێگومان کاتێک تۆ بە شێوەیەکی ئەکادیمی نەهاتبیتە پیشەسازییەکی دیاریکراو و تەنها لە ڕێگەی بازرگانەکانەوە ئاشنا بووبیت پێی ئەوا بە شێوەیەکی خراپ بڵاو دەبێتەوە. بوونی ئەو کەسانەی فان بۆیی دەکەن و ڕەخنە دەگرن بە شێوەی لایەنگری کردنی شێتانە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاستییەکان بشاردرێنەوە و زانیاری ناڕاست بڵاو ببێتەوە. بۆیە فان بۆیی کردن هیچ سوودێکی نابێت. 

زیانەکانی فان بۆیی کردن 

  • فان بۆیی کردن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە لە نێوان یاریزانان، یەکتری دەشکێننەوە بە وشەی نەشیاو و نابەجێ. ئەمە یەکێکە لە ناشرینترین لێکەوتەکانی. 
  • کاتێک یارییەک بڵاو دەکرێتەوە لە تۆڕە بێ سەنسۆرەکانی وەکو تویتەر و ڕێدێت ئەو کەسانەی فان بۆیی دەکەن زانیاری ناڕاست بڵاودەکەنەوە بە ناوی دەنگۆ و دزەپێکراو کە ئەو کەسانەی دەیبینن یارییەکەیان لەبەرچاو ناشرین دەبێت. یان بۆ نموونە وێنەی قۆناغی سەرەتای گەشەپێدان بڵاودەکەنەوە و دەنووسن وێنەی فەرمی کە ئەم وێنانە لە ڕووی کوالێتی گرافیک ئاستیان نزمە بۆیە ئەوەی ویستوویەتی یارییەکە بکڕێت کە نووسینی ئەو کەسە دەبینێت شکاندوویەتی ناچێت یارییەکە بکڕێت. 
  • کاتێک یارییەکەش بڵاو دەکرێتەوە گەر یاری تایبەت بە کونسوڵێک بێت هەوادارانی کونسوڵی بەرامبەر دەگەڕێن بۆ خاڵە لاوازەکانی یارییەکە. بۆ نموونە کە لە کۆمەڵگەی یاری ڤیدیۆییدا مشتومڕ لەسەر یارییەکی وەکو Starfield هەیە کە مانگی ئەیلوول بڵاودەبێتەوە و تایبەتە بە XBOX و PC، جا لایەنگرانی کونسوڵی پلەیستێشن کە هێشتا یارییەکە بڵاو نەبووەتەوە و کاتی ماوە تا کارە تەکنیکییەکان چاک بکرێت ڕەخنە دەگرن لە فرەیمی یارییەکە کە ٣٠ فرەیمە، هەروەها دیزاینی دەموچاوی کارەکتەرەکان کە دەڵێن لە یارییەکی ساڵی ٢٠٢٣ ناچێت، لە هەمان کاتدا هەوادارانی XBOX ڕەخنەیان دەگرت لە Spider man 2 کە ئەویش لە ڕووی گرافیک ئاستی نزم بوو هەوادارانی پلەیستێشن دەیان گوت ئاساییە هێشتا تەواو نەبووە و کاتی ماوە تا ئەم هەڵەیە چاک بکرێت بەر لە بڵاوکردنەوە چاک دەکرێت. بەڵام کاتێک هەوادارانی ئێکس بۆکس بەرگریان لە یاری ستارفێڵد دەکرد لەو کاتەی نیشاندرا ڕووبەڕووی گاڵتە پێکردن دەبوونەوە. 

مەترسییەکانی فان بۆیی کردن لە کوردستان

لە کوردستان بەشێوەیەکی گشتی یاریزانن بەهۆی یوتیوبەرەکانەوە ئاگاداری هەواڵەکانن یاخود لە ڕێگەی پەڕە و گرووپەکانی یاری ڤیدیۆیی ئاشنان بە هەواڵ و کاتی بڵاوبوونەوەی یارییەکان. ئەمانەش دابەشبوون گرووپ هەیە لە بری خزمەتکردن و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروستی یاری ڤیدیۆیی ڕێگە دەدەن پۆست و دەربڕینی فان بۆیانە بکرێت کە دەبێتە هۆی بریندارکردنی لایەنی بەرامبەر. 
لە زۆر بابەتیشدا لە بری ڕوونکردنەوەی بابەتەکان فان بۆیەکان چەواشەکاری زیاتر دەکەن. بۆ نموونە لە بارەی کەیسی کڕینەوەی کۆمپانیای ئەکتیڤشن بلیزارد کینگس لەلایەن مایکڕۆسۆفت هیچ کەسێک لە ڕاستی بابەتەکە شارەزانەبوو کەوا بۆچی کەیسەکە ساڵێک بوو لە دادگا مایەوە و لەلایەن دامەزراوەکانی CMA و FTC بلۆک کرابوو. هەمووان دەیان گوت ڕەت دەکرێتەوە چونکە بەشێک لە یوتیوبەرەکان بە فان بۆیی کردن بۆ لایەنێک ڕاستییەکانیان نە دەگوت بە بینەرانیان. دواتر کە کڕینەوەکە پەسەند کرا ڤیدیۆکان و پۆستەکانیان سڕیەوە کە گوتبوویان ١٠٠٪ شکست دەهێنێت. 
مەترسییەکە لێرەدا ئەوەیە کە سەرچاوەکانی ناساندنی یاری ڤیدیۆیی و هەواڵ زیاتر یوتیوبەرەکانن کە بە شێوەی پیشەیی کار دەکەن، بەڵام هەندێک جار لە کاری پیشەیی لادەدەن و هەواڵی ناڕاست و فان بۆیی بڵاودەکەنەوە کە ئەم ڤیدیۆ و پۆستانەی دەیکەن دەیان هەزار بینەری هەیە، زۆر جاریش بینەرەکانیان کەسانی خوار ١٨ ساڵن کە ئەم زانیارییانە دەبیستن ڕاستەوخۆ لە ڕووی دەروونییەوە حەز دەکەن هێرش بکەنە سەر یاریزانانی کونسوڵەکە و تانەیان لێ بدەن. 

چارەسەری نەمانی فان بۆیی چییە؟ 

  • ئەگەر ڕێگە چارەیەکی گونجاو بدۆزرێتەوە دەبێت خودی کەسە پیشەگەرەکان هەستن بەم کارە بەتایبەتی یوتیوبەرەکان لە بری چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە نێوان یاریزانانی پلاتفۆرمە جیاوازەکان هەوڵی لێک نزیک کردنەوەیان بدەن و گرووپ و پەڕەکانیش هەوڵ بدەن بێ بەڵگە بابەت بڵاو نەکەنەوە و لایەنگری نەکەن لە بڵاوکراوەکانیان. 
  • ئەو کەسانەی ڕەخنە دەگرن یان پێداچوونەوە بۆ یارییەکان دەکەن بە شێوەی پیشەگەرانە و زانستیانە ڕەخنە بگرن و لە بنەماکانی ڕەخنەگری بزانن. کاتێک ڕەخنە لە یارییەک دەگرن لە ئەنجامی ڕق و کینەوە نەبێت بەڵکو ڕاستییەکان بڵێن و بۆ سەلماندنی قسەکانیان بەڵگەی کەسێکی شارەزاتر لە خۆیان بهێننەوە بۆ ئەوەی گرژی دروست نەبێت.


سەرچاوەکان



330 بینین