یاری زە سابەتۆر

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-21:24:00 - کۆدی بابەت: 12685
یاری زە سابەتۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاری زە سابەتۆر (بە عەرەبی؛ سابتور، بە ئینگلیزی؛ The Sabateur) یارییەکی ئاکشن و سەرکێشیە لەلایەن ستۆدیۆی (پێندەمیک) کاری پەرەپێدانی بۆ کراوە و لەلایەن کۆمپانیای (ئەلیکترۆنیک ئارتس) بڵاوکراوەتەوە. لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ مایکرۆسۆفت ویندۆز و پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠ بڵاوکرایەوە. دواتر لەلایەن کۆمپانیای (هاندس ئۆن مۆبایل) بۆ مۆبایلی زیرەکی بڵاکبێری بڵاوکرایەوە لە ٢١کی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٠ و هەر لە ٢٤ مانگی سێ هەمان ساڵ بۆ سیستەمی (ئای ئۆ ئێس) بڵاوکرایەوە. چیرۆکی یارییەکە باسی ئەو کاتە دەکات کە لە میانەی جەنگی  دووەمی جیهانی ئەڵمانیا فەڕەنسای داگیرکردووە. کەسایەتی سەرەکی یارییەکە کە ناوی (شۆن دێڤلن)ە کە بە رەگەز ئیرلەندیە، پێشبڕکێکاری لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە و شارەزایەکی باشی لە میکانیک هەیە، دەچێتە پاڵ شۆرشگێرانی فەڕەنسا بە مەبەستی ئازادکردنی وڵاتەکەی لە دەستی نازییەکان، دوای ئەوەی نازییەکان یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دەکوژن. نووسەری یاریەکە بۆ کەسایەتی سەرەکی یارییەکە و چیرۆکی یارییەکە سوودی لە ژیاننامەی ڕاستەقینەی پێشبڕکێکاری بەناوبانگ (ویلیام گرۆڤەر ویلیامس) وەرگرتووە. 

شێوازی یاریکردنی یاریەکە خۆی لە تەقەکردن و لێخوڕین و گەڕانە و شەڕی دەستەویەخە و خۆشاردنەوە دەبینێتەوە. یاریکەر لە نێو یارییەکە دەتوانێت چەندین چەک و توانای جۆراوجۆر بەکاربهێنێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکانی یاخود گەڕان بەنێو جیهانی یارییەکە، وەکو بەهرە پارکۆرەکانی (شۆن) کە لەڕێیەوە دەتوانێت بەسەر شوێن و بینا بەرزەکان بکەوێت. جیهانی یارییەکە کراوەیە و لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسایە، هەندێک ناوچەی دەوروبەری پاریس کەوا دارستان و سەوزاین. لە سەرەتای یارییەکە زۆربەی نەخشەی یاریەکە لەلایەن نازیەکانەوە دەستی بەسەرگیراوە، جا ئەم شوێنانە بە ڕەش و سپی دەردەکەون کە بەدەستی نازیکانەوەن هەم جیهانەکە هەمیش نەخشەکە. دوای ئەوەی ئەرکە سەرەکییەکان و لاوەکییەکان تەواو دەکەی وردە وردە نەخشە و جیهانی یارییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەنگی سروشتییەکانی خۆیان. 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ستایش کرا و بە یارییەکی زۆر باش گوزارشتیان کرد. ئەو شتانەی ڕەخنەگران لە یارییەکە بە دڵیان بوو بریتین لە شێوازی دەرکەوتنی یارییەکە، تۆماری میوزیکی یاریەکە، جیهانی یارییەکە، جۆراوجۆری شێوازی یاریپێکردنی یارییەکە کە چەندین شتی جیاوازی لە خۆی گرتبوو. سەرەڕای ئەوەش ڕەخنەیان لە هەندێک شتی یارییەکە هەبوو ئەوانیش بریتی بوون لە هەندێک کێشەی تەکنیکی لە نێو یارییەکە، پەرەسەندن و گەشەسەندی کەسایەتیەکانی یارییەکە وەک پێویست نەبوو و دووبارەبوونەوەی لە سێدارەدان لە زۆربەی ئەرکەکانی یارییەکە وای کردبوو بێزارکەر بێت. یارییەکە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بە هەردوو یاری ئەساسن کرید و گراند زێفت ئۆتۆ چوێندرا، کە دەیانگووت تێکەڵەکە لە هەردوو یاری. بە هەمان شێوە دەیان وت بە یاری (ڤێلڤێت ئەساسن) دەچێت کە لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکرابووەوە. 

شێوازی یاریپێکردنی یارییەکە (گەیمپلەی)

یارییەکی ئاکشن و سەرکێشی جیهانی کراوەیە و  کامێرای یارییەکە کەسی سێیەمە. لە نێو یارییەکەدا یاریکەر دەتوانێت بە ناو پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا بگەڕێت، کە لەلایەن نازیەکانەوە داگیرکراوە، و هەندێک ناوچەی گوندنشین فەرەنسا، وە یاریکەر دەتوانێت بچێت بۆ ناوچەیەکیش کە لە ئەڵمانیایە. ڕەنگ ئامرازێکی گرنگی نێو یارییەکەیە. ئەو ناوچانەی کە بە چڕی لەلایەن نازیەکانەوە دەستی بەسەرگیراوە ڕەنگی نەخشە و جیهانەکەیان ڕەش و سپیە هەر لە ڕووناکی تا ئاڵای نازیەکان و تەنانەت خوێنیش لەو شوێنانە هەر ڕەش و سپیە. لەو ناوچانەی کە نازییەکان بە چڕی لێین ژمارەیەکی زۆر هێز و سەربازی نازی لێیە، کە بۆ (شۆن) زۆر قورس دەبێت ئەرکە یاخیەکانی کە بۆ بەرژەوەندی شۆڕشە ئەنجام بدات. بۆ ئەوەی کاریگەریان کەمبکەیەوە لەسەر ناوچەکە دەبێت وردە وردە بنکەکانیان لەناوبەری جا بە ئەرکە سەرەکییەکان بێت یاخود لاوەکیەکان دەبێت هەردووکی ئەنجام بدەیت، بەمەش وردە وردە هیوای ئازادی بۆ خەڵک دەگەڕێنیەوە ناوچەکان وردە وردە پڕ دەبنەوە لە ڕەنگی سروشتی خۆیان. ئەو ناوچانە لە رێگای چاڵاکیەکانەوە ئازاد ناکرێن تەنها ئەوەیە چاڵاکی نازییەکان زۆر لاواز دەکات لەوێ بە جۆرێک شۆن دەتوانێت ئاسانتر لەو ناوچانە ڕابکات و لە دەست نازییەکان ڕزگاری بێت، چونکە بنکە و خاڵی پشکنین و خاڵی چاودێریان نەماوە لەو شوێنانە و هەمووی لەلایەن (شۆن) لەناوبدراوە. لەو ناوچانەی کە پاک کراوەتەوە ئەگەر (شۆن) تووشی شەڕ بێت لەگەڵ نازییەکان ئەوا خەڵکی ناوچەکە و شۆڕشگێڕان کە لەو ناوچەیە هەن یارمەتی (شۆن) دەدەن تا لەگەڵیاندا شەڕبکات.

کەسایەتی (شۆن) دەتوانێت خۆی بەهێز بکات و تواناکانی بەرەو پێشەوە ببات لە رێگای (پێرکس)ەکانی واتە بوژانەوە و گەشەسەندی، کە خۆی لە زیادکردنی خوێن و هەڵگرتنی فیشەکی زیاتر و توانای چەکەکانی خۆی دەبینێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامی تەواوکردنی ئەرکەکان بەدەستی دەهێنێت. ئەرکەکانیش بریتین لە لەناوبردنی ئامێری دەنگی ئاگاداکردنەوە، لەناوبردنی بارەگای نازییەکان، لەناوبردنی خاڵی چاودێری نازییەکان، وە ئەرکە سەرەکییەکان.

کەسایەتی یارییەکە دەتوانێت بەسەر خانوو و باڵەخانەکانیش سەربکەوێت و هەندێک جار لەسەر ئەو بینا و خانووانە سندوقی یارمەتی بەریتانییەکان دەدۆزێتەوە، یاخود لەوێوە دەتوانێت باشتر دوژمنەکانی بپێکێ بە نیشانەشکێنەکەی. چەندین گەراجی ئۆتۆمبێل هەیە لە نێو یارییەکە، کەسایەتی یارییەکە دەتوانێت لە ڕێیانەوە ئۆتۆمبێلەکانی خۆی بەکاربهێنێت و باشتریان بکات و چاکیان بکاتەوە، و دەتوانێت ئۆتۆمبێلی نوێی بۆ بێنێ دوای ئەوە دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت ئۆتۆمبێلەکە بەکاربهێنێت. یاریکەر دەتوانێت شەڕی دەستەویەخە بەکاربێنێ تا ئاشکرا نەبێت و بە دزیەوە بچێتە ناو بنکەی نازییەکان، لە رێگای پۆشینی جلوبەرگی ئەوانەوە یان هەر بە دزی چوونە ناو بنکەکانەوە. ئەگەر بێت و یاریکەر بکوژرێ لەنێو یارییەکە، ئەوە دوای مردنی هەموو چەک و پێداویستییەکانی لایەتی نامێنن. دەتوانێت سەر لە نوێ بیانکڕێتەوە. 

چیرۆکی یاریەکە (پلۆت) 

(شۆن) کە گەنجێکی ئیرلەندییە و پێشبڕکێکاری ئۆتۆمبێلە خێراکانە و شارەزاییەکی باشی هەیە لە میکانیکی ئۆتۆمبێلەکان کۆچی کردووە بۆ شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا، ئارەزوویەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ مەی خواردنەوە. هۆکاری کۆچکردنەکەی بۆ فەرەنسا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە ژیانی ڕابردووی خۆی لە ئیرلەندا چەند تاوانێکی ئەنجام داوە و ویستوویەتی بە کۆچکردن بۆ فەرەنسا ڕزگاری بێت لێیان. لەگەڵ دەستەیەکی پێشبڕکێکارانی فەرەنسا (شۆن) گەشت دەکەن بۆ شاری (ساربرۆکن)ی وڵاتی ئەڵمانیا کە دەکەوێتە نێوان سنووری هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا تا لەوێ بەشداری لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێلە خێراکان بکەن. (شۆن) هەر یەک لە (ڤیتۆری مۆرینی) کە ڕاهێنەرایەتی و (جولس رۆسۆ) کە باشترین هاوڕێیەتی و لەگەڵ خوشکی جولێس کە ناوی (ڤێرۆنیکا)یە لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ پێشبڕکێکە کە لە شاری (ساربرۆکن)ی ئەڵمانیا ڕێکخراوە. لە شوێنی پێشبرکێکە چاوی دەکەوێت بە کچە خۆشەویستە دەم دەمیکەی دەکەوێت کە ناوی (سکایلەر سەینت کلێر)ە.

لەنێو پێشبڕکێکارەکان (کورت دیەکەر)ی تێدایە کە پاڵەوانی پێشبڕکێکارانی نازییەکان و ناوبانگێکی تۆقێنەری هەیە. سەرباری ئەوەی سکایلەر هۆشداری دەداتە (شۆن) کە وریای (دیەکەر) بێت، بەڵام (شۆن) و (جولس) دەچنە نێو کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەوە کە (دیەکەر) کاری لێدەکات تاوەکو تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و ئۆتۆمبێلەکەی تێکبشکێنن، چونکە لە پێشبرکێکەدا بە فێڵ لێیان دەباتەوە. (دیەکەر) هەردووکیان دەستگیریان دەکات، پێیان دەڵێت کە فەرماندەی هێزەکانی (ئێس ئێس)ی ئەڵمانییە و پێی وایە کە شۆن و هاوڕێ نزیکەکەی سیخوڕی وڵاتی بەڕیتانیان. (دیەکەر) تا مردن ئەشکەنجەی (جولس) دەدات و دەیکوژێت، بەڵام (شۆن) خۆی ڕزگار دەکات و هەڵدێت، هەر لەگەڵ هاتنەوەی دەبینێت کەوا فەڕەنسا بەبەر شاڵاوی داگیرکاری نازییەکان کەوتووە. (شۆن) بەر لە گەیشتن بە پاریس توانی (ڤێرۆنیکا) و (ڤیتۆرێ) رزگاربکات. دەچێتە لای خێزانی (جولس) پێیان دەڵێت کە چی ڕوویداوە و (جولس) چی بەسەرهاتووە، بەڵێن دەدات نەوەستێ تاوەکو تۆڵەی (جولس) لە (دیەکەر) نەکاتەوە. 

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک (شۆن) لە یانەیەکی شەوانە دەمێنێتەوە کە ناوی (لە بێلا دێ نویی) کە لەلاین خێزانی (جولس) خاوەنداریەتی دەکرێت. لەوێ چاوی بە پیاوێک دەکەوێت بە ناوی (لوک گوادیان) کە وا (ڤێرۆنیکا)ی خۆشدەوێت و سەرکردەی رێکخراوەکە کە کار لە دژی نازییەکان دەکەن. (لوک) داوا لە (شۆن) دەکات بێتە نێو رێکخراوەکەیەوە، کە لەوێ ئەرکی کوشتنی فەرماندە گەورەکانی نازییەکان، تەقاندنەوەی بنکە گەورە و گرنگەکانی نازییەکان بکات تا لەڕێیەوە چاڵاکی نازییەکان پەک بخەن ئەویش داواکەی پەسند دەکات. (شۆن) لەو ڕێگاوە چەند سەرکردەیەکی رێکخراوەکانی تر و ئەندامانی تر دەناسێت لە وانە (باوکە دێنیز، کە قەشەکی کاسۆلیکە و دژی نازییەکانە)، ( دوڤال مینگۆ، کە خۆشەویستەکەی خیانەتی لێکردووە و بووەتە دۆستی فەرماندەیەکی گەورەی نازییەکان)، (فیلێکس وۆنگ، کە دەرونناسە)، (مارگۆت بۆنایرێ، کە دەیەوێت پارێزگاری لە کلتوری فەڕەنسی بکات کە نازییەکان خەریکە لەناوی دەبەن). لە ڕێگای ئەو کارانەی کە (شۆن) بۆ رێکخراوەکەی ئەنجام دەدات ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات و دەبێتە ئەندامێکی دیاری نێو دەستەکە.

هۆشیاکردنەوەی خەڵک لەلایەن ئەو کارانەی کە (شۆن) ئەنجامی دەدا نازییەکانی زۆر تووڕە دەکات بۆیە پارێزگاری نازییەکان لە شاری پاریسی فەرەنسا بانگی دەستەیەکی تایبەتی کرد لە هێزەکانی ئەڵمانیا کە فەرماندەیەک سەرکردایەتی دەکرد کە دواتر دەردەکەوێت کە(دیەکەر)ە. 

(شۆن) دیسانەوە چاوی بە (سکایلەر) دەکەوێتەوە، (سکایلەر) پێی دەڵێت کەوا کاری سیخوڕی بۆ بەریتانیا دەکات و (شۆن) دەباتە لای بەرپرسەکەی خۆی. ئەوانیش هەندێک ئەرکی تایبەتی پێدەدەن، وەک دزینی گەنجینەیەکی شاراوەیی نازییەکان. (شۆن) و (سکایلەر) لە ئەرکێکی هاوبەشدا کە پێیان دراوە زانایەکی ئەڵمانی ڕزگاردەکەن بەناوی ( دکتۆر کێسلەر). بۆیان دەردەکەوێت کەوا ئەم کارگەیەی(شۆن)ی لێ دەست بەسەرکرابوو لە سەرەتای یارییەکە نازییەکان لەوێ خەریکی پڕۆژەیەکی دروستکردنی ئەتۆمین و بە زۆر دەیانویست بە (دکتۆر کێسلەر)ی دروست بکەن. دوای ئەوەی (دکتۆر کێسلەر) ڕزگاردەکەن ڕەتیدەکاتەوە کار بۆ هیچ لایەنێک بکات تا ئەو کاتەی کچەکەی کە ناوی (ماریا)یە ڕزگارنەکەن. (شۆن) کچەکەی دکتۆر (ماریا) رزگاردەکات و دەیهێنێتەوە بۆ بنکەی سەرەکی شۆڕشگێران، بەڵام یەکسەر نازییەکان هێرش دەکەنە سەر بنکەکە و شۆڕشگێرەکان ناچاردەکەن بۆ خۆحەشاردان بخزێنە نێو زێرابەکانی ژێر پاریسەوە. لە کاتی هێرشی نازییەکان بۆ سەر بنکەکە (ڤێرۆنیکا) بە دیل دەگرن و بڕیاردەدەن لە سێدارەی بدەن لە بەردەم کلێسای نۆتردامی شاری پاریسی فەرەنسا. (لوک) ئامادەنییە شۆڕشگێران بخاتە مەترسیەوە بۆ ڕزگارکردنی یەک زیندانی، داوای (شۆن) رەتدەکاتەوە کە بەهێرشێکی هاوبەشانە (ڤێرۆنیکا) رزگاربکەن. بۆیە (شۆن) ناچار دەبێت بەتەنیا بە خۆی ڕزگاری بکات، سەرکەوتووش دەبێت لە ڕزگارکردنی. 

(لوک) پلانێک دادەنێت تا لەڕێیەوە سەرکردەکانی نازیەکان لەناو ببەن بدەن، کەوا خەریکی رێکخستنی پێشبڕکێکی ئۆتۆمبێلە خێراکانن. ئەویش بە دانانی بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکانیان بە بۆمبی نهێنی. (شۆن) پێشبرکێکە دەباتەوە، زۆرێک لە سەرکردەی نازییەکان بە تەڵەکە دەبن و دەمرن، بەڵام (دیەکەر) ڕزگاری دەبێت و هەر خۆی سەرکردایەتی نازییەکان دەگرێتە دەست. لە بەرامبەر ئەو کارەدا نازییەکان یانە شەوانەکەی خێزانی (جولس) لە ناودەبەن، خێزانەکەی (ڤێرۆنیکا) و (ڤیۆری) دەکوژن. شۆن بە خێرای خۆی دەگەیەنێتە (کات کۆمبس) کە لەلایەن نازییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر، شەڕ لەگەڵ نازییەکان دەکات و لە ناوچەکە دووریان دەخاتەوە. (لوک) لە ژێر دار و بەردی رووخاو دەدۆزێتەوە و کە وا داوای لە (ڤێرۆنیکا) کردبوو بیکوژێت تاوەکو بە زیندووی نەکەوێتە دەست نازییەکانەوە. لە رێگای ئەم هێرشەوە نازیەکان دیسانەوە دکتۆر (کێسلەر) و کچەکەی (ماریا) دەست بەسەردەکەنەوە. 

(شۆن) و (ڤێرۆنیکا) و (سکایلەر) یەک دەگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کارگەیەی کە دکتۆر ( کێسلەر) و کچەکەی (ماریای) لێ دەست بەسەر کراوە. دوای ئەوەی دکتۆر (کێسلەر) ڕزگار دەکەن، (شۆن) و دکتۆر (کێسلەر) بەیەکەوە دەرۆن و ئەو چەکەی کە دروست کراوە دەتەقێنەوە و دواتر پێکەوە ڕادەکەن. دوای ئەوەی کارگەکە دەتەقێنەوە و چەکەکەیان لەناوبرد و خێزانی (کێسلەر)یان رزگارکرد (شۆن) و (ڤێرۆنیکا) دەگەڕێنەوە پاریس و دەبینن خەڵک رادەپەرن لەژێر دەسەڵاتی خۆسەپێنی نازییەکان. (ڤێرۆنیکا) دەچێتە شوێنی (لوک) و دەبێتە سەرکردەی رێکخراو و شۆڕش. دوای ئەوەی (شۆن) ماچی خۆشەویستی لەگەڵ (ڤێرۆنیکا) دەگۆرێتەوە، دەچێت بە دوای (دیەکەر) کە گووایە لە تاوەری ئیڤڵە. دوای گەیشتنی بە تاوەری ئیڤڵ (شۆن) بۆی دەردەکەوێت کە درەیدەر هەندێک لە پیاوەکانی خۆی لە سێدارەداوە، چونکە نەیانتوانیوە ناڕەزایەتی خەڵک سەرکووت بکەن. لەسەر سەرەوەی تاوەری ئیڤڵ (شۆن) (دیەکەر) دەبینێتەوە، کە بژاردەی ئەوەی دێتە پێشەوە کە خۆی تەقە لە (دیەکەر) بکات یان چاوەڕێ بکات خۆی لە تاوەری ئیڤڵ بخاتە خوارەوە و خۆی بکوژێت. دوای ئەوەی (دیەکەر) دەمرێت، (ڤێرۆنیکا) بە (شۆن) دەڵێت ئایە ئەمە کۆتایی چیرۆکەکەمانە؟ (شۆن) دەڵێت نەخێر تازە سەرەتامانە.

ئەو خەڵاتەی کە یارییەکە بەدەستی هێناوە

  • براوەی باشترین دیزاینکردنی هونەری بۆ ساڵی ٢٠٠٩ بردۆتەوە لە ئاهەنگی (E3).


سەرچاوەکان



49 بینین