یاریی دۆمینە 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-12-13:59:00 - کۆدی بابەت: 7809
یاریی دۆمینە 

ناوه‌ڕۆك

دۆمینە چییە؟

دۆمینا یان دۆمینه (بە عەرەبی: دومینو، بە ئینگلیزی: Dominos) یەکێکە لە یارییە باوەکان، بریتییە لە کۆمەڵێک پارچەی لاکێشەیی بچووک و تەخت لە کەرەستەی ڕەقی وەک دار یان پلاستیک یاخود بەرد دروست کراوە، لە دوو ڕوو پێکهاتووە ڕوویەکی بەتاڵە، ڕووەکەی تری بە خاڵی ڕەش نەخشێنراوە هێڵێک ئەم ڕووەیان دەکاتە دوو بەشەوە، هەر بەشەی ژمارەیەک خاڵی ڕەشی لەسەر نەخشێنراوە کە ژمارەی خاڵەکان لە نێوان یەک بۆ شەش خاڵن، بەم پارچە لاکێشەییانە دەوترێت پووڵ، ژمارەی پووڵەکانی دۆمینە 28 پووڵن، ئەم یارییە لە نێوان دوو تاکو چوار کەس ئەنجام دەدرێت.
یاری دۆمینە ڕۆڵی هەیە لە زیادکردنی ئاستی زیرەکی و توانای سەرنجدان و بەهێزکردنی مێشک، دەکرێت لە کۆبوونەوەی خێزانی لەگەڵ دۆست و هاوڕێکان یاری دۆمینە ئەنجام بدرێت، زۆر کەس بۆ کات بەسەر بردن چێژ و خۆشی زۆری لێدەبینن، بە تایبەتی لە کافێ و شوێنە میللیەکانی وەکوو چایخانەکان ئەم یارییە بە زۆری دەکرێت.
لە ئێستادا زۆرێک لە پڕۆگرام و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەم یارییەیان فەراهەم کردووە، لە تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان بەردەستە. 

مێژووی یاری دۆمینە

ـ مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوازدەیەم لە وڵاتی چین، پاشان لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم لە وڵاتی فەڕەنسا و ئیتاڵیا بڵاوبووەوە، هەروەها لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم لە ڕێگەی زیندانییە فەڕەنسییەکانەوە ئەم یارییە لە بەریتانیا بڵاوبووەوە لەوێوە بە هەموو ئەورووپا و  جیهاندا تەشەنەی کرد.
ـ هەندێک بۆچوون مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی میسڕییە کۆنەکان و شارستانییە عەرەبییە دێرینەکان.
ـ واتای "دۆمینە" یاخود "دۆمینۆ" وشەیەکی فەڕەنسییە، کە هێما و گوزارشتە بۆ ئەو پۆشاکە سپی و ڕەشەی کە ڕەبەنەکان لە زستاندا لەبەریان کردووە، چونکە ڕەنگ و شێوەی دۆمینەش ڕەش و سپی بووە بۆیە ئەو ناوەیان لێناوە.


سەرچاوەکان



3253 بینین