شاژنە ڤیکتۆریا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-23:30:00 - کۆدی بابەت: 12693
شاژنە ڤیکتۆریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شاژنە ڤیکتۆریا (بە عەرەبی؛ الملكة فيكتوريا، بە ئینگلیزی؛ Queen victoria) یەکێکە لە شاژنە هەرە بەناوبانگەکانی شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانی کە سەردەمەکەی بە ڕەوتێکی تایبەت دادەنرێت کە پێی دەوترێت Victorian era واتا چاخی ڤیکتۆریا، کە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و فەلسەفە دەگرێتەوە کە نووسەرەکان و بیرمەندانی ڤیکتۆریان لە ڕووی ناوەڕۆکی کارەکانیان جیاوازن لە هی نووسەرانی تر و سەردەمەکانی تر. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواو ئەلیکساندەرینیا ڤیکتۆریا.
بەرواری لە دایکبوون ٢٤ی مانگی ٥ی ساڵی  ١٨١٩.
بەرواری مردنی ٢٢ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٠١.
شوێنی لە دایکبوونی کۆشکی کینزنتۆن لە شاری لەندەن.
شوێنی مردن ئۆسبۆرن لە رۆژئاوای کۆوێس.
ئایین و مەزهەبی کریستیانی پرۆتێستانت
شوێنی ناشتن لە ئارامگەیەکی تایبەت لە تەنیشت هاوسەرەکەی ئەلبێرت بە خاک سپێردرا کە دەکەوێتە ویندسۆر.

ناوەڕۆک

شاژنە ئیلیزابێس کچی شازادە ئیدوارد، کە قازی کێنت و سترازن بوو. شازادە ئیدوارد چوارەم کوری پاشا جۆرجی سێیەم بوو. شاژنە ڤیکتۆریا لە ٢٠ی مانگی ٦ی ساڵی ١٨٣٧ دەسەڵاتی گرتە دەست، دوای ئەوەی هەر سێ براکەی باوکی واتە مامەکانی مردبوون و هیچ میراتگرێکی شاهەنەیان لە دوای خۆیان جێنەهێشت بوو بۆیە راستەوخۆ تەختی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٨ ساڵی. شاژنە ڤیکتۆریا بەوە ناسرابوو زۆر زیرەک نەبوو وەک شاژنە ئیلیزابێسی یەکەم، بەڵام زۆر توند بوو. هەستی بە بەرپرسیارێتی خۆی دەکرد وەک فەرمانڕەوایەک کە ئەمەش دوو خاسیەتی هەرە گرنگن بۆ کەسێک کە بیەوێت فەرمانڕەوایەتی بکات. سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا بەریتانیا لە لوتکەی پێشکەوتنی پیشەسازی بوو و خاوەنی ئیمپراتۆریەتیەکی زۆر گەورەبوو بۆیە زۆر کات وەک داپیرەی ئەورووپا ناوی دەهات. شاژنە ڤیکتۆریا شوو دەکات بە شازادە (ئەلبێرت)ی ئەڵمانی کە لە هەمان کاتدا ئامۆزای خۆی بوو (زۆربەی خێزانە شەهاناکانی ئەورووپا لەو کاتە خزمایەتی لە نێوانیان هەبوو). 

شازادە ئەلبێرت لەلایەن خەڵکی بەریتانیای ئەوکات لەبەر دڵان نەبوو؛ چونکە رەفتاری زۆر ئەڵمانی بوو ئەمەش بە دڵی خەڵکی بەریتانیا نەبوو. شاژنە ڤیکتۆریا زۆر دڵخۆش بوو لەگەڵ شازادە ئەلبێرت چەند منداڵکیان خستەوە لەوانە ئیدواردی حەوتەم، شازادە ڤیکتۆریا، شازادە ئالێس، شازادە بیەترێس، شازادە لیۆپۆلد، قازی ئەلفرێد، شازادە هێلێنا، شازادە ئارسەر، شازادە لویز. شازادە ئەلبێرت لە ساڵی ١٨٦١ کۆچی دوای دەکات ئەمەش کاریگەریەکی یەکجار خراپ لەسەر شاژنە ڤیکتۆریا جێدێلێت و دەرکەوتنی یەکجار زۆر کەم دەکاتەوە. ئەمەش بووە ڕێگا خۆشکەر بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی دیموکراسی لە بەریتانیا. دوای ئەوە لە کاتی شۆڕش لە ئیرلەندا و ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم وڵاتە شاژنە ڤیکتۆریا بڕیاردەدات سەردانی ئەم وڵاتە بکات سەرباری مەترسییەکی زۆر کە ئەمەش ئەمەی بۆ ڕای گشتی دووپات کردەوە کە شاژنە ڤیکتۆریا لە ئاست ئەرکەکەی خەمخۆرە و چاونەترسە. 

گرنگی سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا

سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا بەریتانیا لە سەردەمێکی مەزندابوو بە جۆرێک خاوەنی ئیمپراتۆریەتیەک بوو خۆری لێ ئاوانابوو، جگە لەوەی سەردەمی ئەو داهێنانی هەڵمی لە بواری میکانیک و بیردۆزی پەرەسەندن داروین بڵاوکرایەوە کە گۆڕانکاریەکی گەورەی لەسەر جیهان بەجێهێشت. لە ٥٠ ساڵەی فەرمانڕەوایەتیدا مەراسیمێکی تایبەتی بۆ رێکخرا ئەویش (ڤیکتۆریان گۆلدن جونێل) بەبۆنەی گەیشتنی بە ٥٠ ساڵ فەرمانڕەوایی. ساڵێک بەر لە مردنی واتە لە ساڵی ١٩٠١ کوڕەکەی ئەلفرێد مرد، کە شاژن ڤیکتۆریا زۆری پێ ناخۆش بوو. 

سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا لای شارەزایان زۆر گرنگە چونکە شاژنە ڤیکتۆریا کاری زۆری کرد بۆ ئەوەی بەریتانیا بخاتە سەر رێچکەی دیموکراسی ئەوە بوو دوای مردنی بەریتانیا بەم ئامانجەی خۆی گەیشت. ئەگەر چی لە سەردەمی ئەودا وڵات بەهۆی نوێگەریەکانی شۆرشی پیشەسازی لە بارودۆخێکی پشێو دابوو بەڵام ژیرانە توانی چارەسەریان بکات. بۆیە سەردەمەکەی بە سەردەمێکی زۆر باش دادەندرێت لە مێژووی شانەشینی یەکگرتووی بەریتانیا. 

مردن

شاژنە ڤیکتۆریا لە ساڵی ١٩٠١  مرد کە تەمەنی ٨١ی ساڵ بوو پزیشکەکان هۆکارەکەیان بۆ خوێنبەربوونی مێشک گەڕاندەوە، خاوەنی درێژترین ماوەی فەرمانڕەوایەتی بوو لە بەریتانیا تا ئیلیزابێسی دووەم پێوانەکەی شکاند کە ٦٤ ساڵ فەرمانڕەوایی کرد. دوای مردنی ئیدواردی حەوتەم کە کوڕی بوو شوێنی گرتەوە و تەختی پاشایەتی وەرگرت. 


سەرچاوەکان



49 بینین