ئەو خۆراکانەی دەبنە کێشە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-05-21:53:00 - کۆدی بابەت: 12763
ئەو خۆراکانەی دەبنە کێشە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو خۆراکانەی دەبنە کێشە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە (بە عەرەبی: الأطعمة التي يمكن أن تشكل مشكلة للأشخاص الذين يعانون من أمراض القلب، بە ئینگلیزی: Foods that can be a problem for people with heart disease)، ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە پێویستییان بە خۆراکی هاوسەنگ هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکانی دڵ کە لەوانەیە ڕووبدات، نەخۆشانی دڵ پێویستە ئەو خۆراکە تەندروستانە بخۆن کە ماددەی خۆراکی گرنگیان تێدایە، وەک سەوزە و میوە و پرۆتینی بێ چەوری و گوێز و ماسی، لە لایەکی ترەوە پێویستە دوور بکەوێتەوە لەو خۆراکانەی کە  باری تەندروستیان خراپتر دەکات.

ئەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی کێشەکانی دڵ و خوێنبەرەکان

١- چەوری تێر و کۆلیسترۆل: وەک ئەو گۆشتانەی کە چەوری زۆری تێدایە، کە پێویستە نەخۆشانی دڵ خۆیان لە خواردنی ئەو گۆشتانە بەدوور بگرن کە ڕێژەیەکی بەرزی چەوری تێر لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا بەرزدەکاتەوە.

٢- زۆر خواردنی سۆدیۆم (خوێ): ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە خوێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمەش هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هەروەها جەڵتەی مێشک.

٣- شیرینی و شەکر: کاتێک ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەوری زیاتر دەربچێت بۆ ناو خوێن، ئەمەش لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشیەکانی تری دڵ زیاد بکات.

٤- خواردنەوەی گازی و وزەبەخشی زۆر: خواردنەوە گازییەکان لە زیانبەخشترین خواردنەوەکانن بۆ تەندروستی گشتی جەستەی مرۆڤ، هەربۆیە زیانی زیاتری هەیە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە.

٥- نانی سپی و برنج و مەعکەرۆنی: دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە لە ئاردی سپی دروستکراون، وەک نانی سپی و برنج و مەعکەرۆنی چونکە چەوری ناتەندروست و کاربۆهیدراتی پرۆسێسکراویان تێدایە، بە پێچەوانەوە ئەم خۆراکانە هیچ ڤیتامین و ڕیشاڵ و کانزایەکی تەندروستیان تێدا نییە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن، بەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زیاد دەکات، کە مەترسی لەسەر نەخۆشانی دڵ دروست دەکات.

٦- خواردنی سورکراو: خواردنی سورکراو بڕێکی زۆر چەوری و خوێی تێدایە، هەربۆیە بەیەکێک لە خۆراکە زیانبەخشەکان دادەنرێت بۆ تەندروستی دڵ، وەکو پەتاتەی سوورکراو یان مریشکی سورکراو.

٧ زۆر خواردنی خۆراکە پرۆسێس کراوەکان (واتا ئەو خۆراکانەی ماددەی پارێزەرییان تێدایە).

٨- زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول.

ئەو خۆراکانەی کە سوودیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی دڵیان هەیە

بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان، پێشنیار دەکرێت خۆراکی تەندروست بۆ دڵ بگیرێتەبەر کە بریتین لە:

  • سەوزە و میوە
  • دانەوێڵەی تەواو: دانەوێڵەی تەواو هەڵبژێرە لە جیاتی دانەوێڵە پاڵاوتەکان بۆ زیادکردنی وەرگرتنی ڕیشاڵ.
  • پرۆتینی بێ چەوری
  • چەوری تەندروست: وەک ئەڤۆگادۆ و گوێز و زەیتی زەیتوون.
  • ئاو: ئاو وەک خواردنەوە سەرەکییەکان هەڵبژێرە و خواردنەوە شەکردارەکان سنووردار بکە.


سەرچاوەکان



60 بینین