هەرزانترین وڵاتەکان بۆ گەشتکردن لە ئەورووپادا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-06-13:12:00 - کۆدی بابەت: 12769
هەرزانترین وڵاتەکان بۆ گەشتکردن لە ئەورووپادا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەرزانترین وڵاتەکان بۆ گەشتکردن لە ئەورووپادا (بە ئینگلیزی; The cheapest countries to travel in Europe، بە عەرەبی; أرخص الدول للسفر في أوروبا) ئەورووپا کۆمەڵێک وڵات و ناوچەی گەشتیاریی لێیە کە بە هەرزانترین نرخی گەشتیاری دانراون و خەڵکی لە پێش ناوچەکانی ترەوە دەتوانن بیر لە سەردانکردنی ئەم وڵاتانە بکەنەوە لەبەر هەرزانی و گونجاوی نرخیان.

هەرزانترین وڵاتەکانی ئەورووپا بۆ گەشتکردنی هاوین

پرتوگال

پرتوگال تاکە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەورووپایە کە لەم لیستەیا هەیە. لەگەڵ ئەوەش یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ناوچەکانی ئەورووپا. لەگەڵ ئەوەی لەم ساڵەنەی دواییدا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لەم وڵاتە دەکەن و پێشکەوتووتربووە لە ڕووی گەشت و گوزارەوە،  بەڵام هێشتا پرتوگال وەک یەکێک لەو وڵاتانە ماوەتەوە کە گەشتکردن بۆی تێچوویەکی کەمی هەیە. پرتوگال کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەورووپاوە، بەیەکێک لەو ناوچانە دانراوە کە باشترین و لەبارترین کەش و هەوای هەیە لە ئەورووپادا. ئەگەر دەتەوێت سەردانی ناوچەیەکی جوان و کۆن بکەیت لە پاییز و زستاندا، پرتوگاڵ لە باشترین هەڵبژێرەکانت دەبێت. هەروەها پرتوگاڵ کۆمەڵێک شاری سەرنج ڕاكێشی هەیە بۆ گەشتیاران، لەوانە کۆیمبرا، ئیڤۆرا و ئەوبیدۆس. لە پرتوگالدا دەتوانێت ژەمێک خواردن بە کەمتر لە پێنج یۆرۆ بدۆزیتەوە، کە زەحمەتە لە ناوچەلانی تری ڕۆژئاوای ئەورووپا بەو نرخە دەستبکەوێت. بودجەی ڕۆژانەی لە سی یۆرۆوە بەرەو سەر دەبێت.

پۆڵەندا

پۆڵەند لەو ناوچانەیە لە ڕووی گەشتیارییەوە نرخی زۆر نزمە لەچاو ئەو ناوچە گەشتیارییە بەنرخەی هەیەتی. شارەکانی بە هونەری تەلارسازی نایاب دەناسرێن، ژیانکردنێکی مەزن و هەروەها ئاو هەوایەکی لەبار و ئارامکەرەوەی هەیە. لە سەرووی هەموویەوە نرخی شت و مەکەکان لە پۆڵەندا نزمن و خواردنەکانیان بەتامن، بە تایبەتیش نرخی شوێنی مانەوە و گواستنەوەی جێی سەرنجیان دروستکردووە بەو نرخە کەمەی هەیانە. کراکاو یەکێکە لە شارۆچکە کۆنەکانی پۆڵەندا. تاکە کێشەی وڵاتی پۆڵەندا بۆ گەشتکردن لە ماوەی زستاندایە کە کەش و هەواکەی کەمێک توند و سەخت دەبێت. بەشێک لە شارە سەرنج ڕاکێشەکانی پۆڵەندا بۆ گەشتکردن بریتین لە کراکاو، رۆکلاو، زاکۆپەین و گدانسک. بوجەی ڕۆژانەی لە سەروو ٢٥ یۆرۆوەیە.

هەنگاریا

هەنگاریا یەکێکە لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییە ئەورووپا کە بەشێکی بەهۆی بوونی پایتەختە گەورە و سەرنج ڕاکێشەکەیەوە (بوداپێست). وڵاتەکە بۆ خۆی کۆمەڵێک شوێنەواری جوانی هەیە لەوانە دەریاچەی بالاتۆن کە یەکێکە لە نایابترین شوێنە گەشتیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. لەگەڵ ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بەلێشاو گەشتیار ڕوو لە وڵاتەکە دەکەن بەڵام هێشتا وەک ناوچەیەکی هەرزانی گەشتیاری ماوەتەوە. بوجەی ڕۆژانەی گەشتکردن لە هەنگاریا بە سەرووی ٢٥ دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ڕۆمانیا

ڕۆمانیا لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەورووپا، یەکێکیشە لە ناوچە خێرا بەرەو پێشچووەکانی ئەورووپا. لە سەرووی ئەوانەشەوە قەڵای سەرنج ڕاکێشی لێیە لەگەڵ سروشتی جوان و ناوازە، هەروەها شارەکانی هێشتا سیمای سەدەکانی ناوەڕاستیان پێوە دیارە. لەگەڵ ئەوەی نرخی سەردانی کردنی وڵاتێکی بەو هەموو تایبەتمەندییە جوانە کەمە، هێشتا ئەم وڵاتە و سیما تایبەتەکانی بەتەواوی نەدۆزراوەتەوە بۆ گەشتیاران و بۆیە بەو شێوەیەش ماوەتەوە. وڵاتی ڕۆمانیا دەکەوێتەوە ڕۆژهەڵاتی باشوری ئەورووپاوە، هەروەها بە هەموو وەرزەکان و کاتەکانی ساڵ شوێنێکی گەشتیاری گونجاو و لەبارە بۆ گەشتیاران. ڕۆمانیا بەشێکی باشی کەناری دەریای ڕەش دەگرێتەوە کە لە هاوینانا خواستێکی زۆری گەشتکردنی لەسەر دەبێت. پایتەخەکەشی بە هەر کاتێکی ساڵ بێت دەتوانیت سەردانی بکەیت و چێژ لە دیمەنە سەرنج ڕاکێشەکانی ببینیت. نرخی گەشتکردنی ڕۆژانە بۆ ڕۆمانیا لە سەرووی ٢٣ یۆرۆوە مەزەندەکراوە.

ئەلبانیا

ئەلبانیا ناوبانگی خۆی وەک شوێنێکی گەشتیاری باشتر دەکات و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار وەردەگرێت. دیمەنەکانی ئەلبانیا بریتین لە بەشێک لە سەرسوڕهێنەرترین دیمەنەکانی ئەورووپا، ئەگەر لە جیهاندا نەبێت. ئەلبانیا کەنارە کۆنەکان و لادێیەکی تا ڕادەیەک نەدۆزراوە پێشکەش دەکات بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ئەورووپا. جگە لەوەی کە قەرەباڵغی کەمترە لە زۆربەی شوێنەکانی هاوینەی ئەورووپا، ئەلبانیا یەکێکە لە هەرزانترین وڵاتانی ئەورووپا. وڵاتەکە کەمترین داهاتی هەیە لە کیشوەرەکەدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو نرخە خزمەتگوزارییە گەشتیارییە هەرزانەیە. بودجەی ڕۆژانەی پێویست بۆ گەشتکرد بۆ ئەلبانیا بە سەروو ٢٠ یۆرۆ خەمڵێنراوە

بولگاریا

بولگاریا یەکێکە لە هەرزانترین شوێنەکانی هاوینە لە ئەورووپا، لەگەڵ کەنارە گەورە و مەزنەکان و هۆتێلی هەرزان. لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتەکە شوێنێکی زۆر باشە بۆ سەردانیکردنی بە درێژایی ساڵ، و پایتەختی سۆفیا شارێکی سەرنجڕاکێش و مۆدێرنە لە وڵاتەکەدا. بولگاریا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، هەروەها وڵاتی بولگاریا ژێرخانی گەشتیاری خۆی باشتر کردووە لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ چووە ناو یەکێتی ئەورووپاوە. گەیشتن بە وڵاتەکە زۆر ئاسانە و زۆربەی هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی ئەوروپا بە بودجەیەکی کەم گەشتی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سۆفیای پایتەخت و شارەکانی کەناری دەریا وەک ڤارنا و بورگاس. کەمترین نرخی گەشتکردن بۆ بولگاریا لە سەرووی بیست یۆرۆوەیە.

ئۆکرانیا

ئۆکرانیا بە هەرزانترین وڵات دادەنرێت بۆ گەشتکردن لە ئەورووپا و لە پێش هەموو وڵاتەکانی دیکەوە دێت. سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی زۆر کەمە بۆ سەردانیکەران، وڵاتەکە پێشینەیەکی کلتووری دەوڵەمەندی هەیە، تەلارسازییەکی جوان و دیمەنی ژیانی شەوانەی سەرنجڕاکێشی هەیە. هەروەها وڵاتەکە شارەکانی بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەون. لە کاتێکدا کە کیێڤ شارێکی جیهانییە و ژیانی شەوانەی گەورەی هەیە، هەروەها لڤیڤ بە شارە کۆنە پارێزراوەکەی ناسراوە. لە کۆتاییدا ئەگەر سەردانی ئۆکرانیا بکەیت لە هاویندا سەردانی شاری بەندەری ئۆدێسا و شارۆچکەکانی تری گەشتیاری بە درێژایی کەناری دەریای ڕەش بکە. تێچووی ڕۆژانەی گەشتکردن بۆ ئۆکرانیا بە سەرووی پانزە یۆرۆ خەمڵێنراوە.


سەرچاوەکان



30 بینین