درۆنی گەیاندن

له‌لایه‌ن: - هێدی إبراهیم هێدی إبراهیم - به‌روار: 2024-05-06-18:44:00 - کۆدی بابەت: 12789
درۆنی گەیاندن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

درۆنی گەیاندن (بە عەرەبی: توصيل الطائرات بدون طيار، بە ئینگلیزی: delivery drone) لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ڕۆژانە دەیان ملیۆن پاکێج بۆ کڕیارەکان دەگەیەنرێت، هەندێ جاریش لە کاتی گەیاندندا توشی دەردەسەری دێن هەم گەیەنەر و هەم وەرگر، جار هەیە وەرگر چەند میلێک ئەبڕێ بۆ ئەوەی ئەو کاڵایەی داوای کردووە بە دەستی بگات.

درۆنی گەیاندن چییە؟

درۆنی گەیاندن بنەمای بەکارهێنانی ئەم درۆنە بۆ ئەوەیە کە کاڵاکان بگەیەنێت لە جیاتی شۆفێری مرۆڤ. ئەم درۆنانە زۆر بە ئاسانی دەتوانن شوێنی داواکردنی کاڵاکە دیاری بکەن و بیگەیەنن بە دەستی کڕیارەکە و پاشان بە ڕێکاری خودکارانە (ئۆتۆماتیکی) درۆنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی فڕیبوو.

لە سەردەمی هاوچەرخ کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکانی بواری درۆن ئەیانەوێ ئەوە بسەلمێنن کە متمانەی خەڵکی بە دەست بهێنن لە پشت بەستن بە درۆنەکان و دڵنیاییان لە گەیاندنی کاڵاکان بە سەلامەتی، ئەم سەلماندنەش بۆ ئەوەیە کە بتوانن شوێنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان بگرنەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

چۆن درۆنی گەیاندن کار دەکات؟

پرۆسەی گەیاندنی کاڵا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە لایەن کڕیارەوە دەست پێدەکات، کاتێک کڕیارەکە داوای کاڵاکەی دەکات دواکاریەکەی ئامادە دەکرێ و دەخرێتە پاکەت و دەخرێتە ناو درۆنەکەوە، پاشان درۆنەکە دەڕوات تاکو پێش دەرگای ماڵەکە و پاکەتەکە دادەنێ و دەگەڕێتەوە.

بەڵام گەر بێت و بە وردی لێی بکۆڵینەوە ئاڵۆزترە. بۆ نموونە کۆمپانیای مانا گەیاندنەکانی ناوچەی بلانچاردستاون دەکات لە دبلنی ئێرلەندا کڕیارەکە ئەپی کۆمپانیاکە دادەبەزێنێ کە نەخشەی ناوچەکەی تێدایە، کڕیارەکە لە کاتی داواکردندا شوێنی خۆی بە وردی دیاری دەکا وەک حەوشەی پێشەوە بۆ نموونە، بۆیە درۆنەکە زۆر بە باشی دەزانێ لە کوێ بنیشێتەوە پێش هەڵفڕینی ئەمەش بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و نەخشەی کۆمپیوتەری. لە بەرزی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ لەسەر ئەو شوێنەی کە کڕیارەکە دیاری کردووە درۆنەکە ژێرەوەی خۆی بە جوانی دەپشکنێ بۆ ئەوەی بزانێ هیچ ڕێگریەک هەیە لە پێشی، دواتر دادەبەزێ بۆ ٦٠ پێ و پاشان باکێجەکە بە پەتێکی تایبەت و بە خاوی شۆردەکاتەوە تاکو بەرزی ٦ ئینج بۆ ئەوەی زیانی بەر نەکەوێ دواتر دایدەنێ و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.

کۆمپانیای فلایترێکسیش کار لەسەر هەمان بەرنامە دەکەن بۆ گەیاندنی خۆراک کە بنکەی سەرەکیان لە تەل ئەبیبی ئیسرائیل، خزمەتگوزارییان هەیە لە ئەمەریکا لە سێ ناوچەی کارۆلینای باکوور و یەک ناوچەی تێکساس. باسیشیان لەوە کردووە کە مانگانە هەزاران فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کاری گەیاندن دەکەن و زۆر سەلامتن، بە گوتەی خۆیان خەریکە دەیسەلمێنن کە درۆن جێگرەوەیەکی گونجاوترە بۆ گەیاندنی خۆراکەکان وەک لە مرۆڤ.

چۆن درۆنی گەیاندن بەکارهێنراوە؟

تەنها لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٠٠٫٠٠٠ گەیاندن بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوە، لێرەدا هەندێک لەو شێوازی گەیاندنانەی بە درۆن کراوە دەخەینە ڕوو.

گەیاندنی خواردن

کۆمپانیاکانی خواردن زیاتر بە دوای درۆنی گەیاندن دەڕۆن بۆ ئەوەی خواستی کڕیارەکانیان زیاتر بکەن ئەمەش لەبەر گەیاندنی خێرا چونکە لەم ڕۆژگارەدا قەرەباڵغی شارە گەورەکان تا دێ ڕوو لە زیاد بوون دەکەن، دووەم لەبەر ئەوەی خواردنەکە بە فرێشی بگاتە دەستی کڕیارەکان، سێیەمیش لەبەر ئەوەی نموونەییە کە کەسێک لەم سەردەمەدا بە درۆن خواردب بگاتە دەستی، وەک ئاشکرایە خەڵکیش حەزی لە نموونەییە.

گەیاندنی باکێج

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەستێکی باڵای هەبووە لە گەیاندن بۆ بازاڕە ئەلیکترۆنیەکانی وەک ئەمازۆن. ئەمازۆن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێن، کە داواکارییەکان لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێریک دەگەیەنێت بە کڕیارەکە. ئێستاش بە تەمان زیاتر پەرە بە بێدەنگییەکەی بدەن بۆ ئەوەی ژاوەژاوی کەمتر دروست بکات

گەیاندنی پێداویستی پزیشکی

ڕۆژ بە ڕۆژ بە دوای خێراترین ڕێگاکاندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانرێ بە خێراترین کات دەرمان بگەیەنرێ بە نەخۆش، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوە تەندروستییەکان هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دەکەن.

سوودەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بواری گەیاندندا

گەیاندنی خێراتر

لە هەر بوارێک بێ هیچ پێداگرییەک ناکرێ کە گەیاندن بە درۆن خێراترین ڕێگایە لە ئێستادا، هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەمەش ئەوەیە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پێویست ناکات لەگەڵ ئەو بەربەستانەدا بجەنگن کە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی گەیاندن خاو دەکەنەوە، وەک هاتوچۆ، دروستکردنی ڕێگاوبان، چەندین وێستگە.

پاکڕاگرتنی ژینگە

لە هەموو کاتێکدا کە باسی سوودی درۆن دەکرێ پاکڕاگرتنی ژینگە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی درۆن. بێگومان لە بواری گەیاندنیشدا درۆنەکان وەکو ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل و بارهەڵگرەکان دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ناکەنە هەواوە و کاریگەری خراپیان نابێ لەسەر ژینگە.

گەیاندن بۆ ناوچەیەکی بەرفراوانتر

بێگومان درۆنەکان دەتوانن بگەنە شوێنگەلێک کە بۆ ڕێگایی زەمینی سەختە بگەن پێی. بۆ نموونە لە وڵاتی ڤانواتو کە وڵاتێکە زیاتر لە ٨٠ دورگە پێکدێ کە پێشتر بە بەلەم و کۆمەڵێک وەستان بەڕێکەوتن دەیان توانی ڤاکسین و دەرمان دابین بکەن بۆ منداڵان و نەخۆشەکان بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شتەکان زۆر ئاسان بووە.


سەرچاوەکان



62 بینین