دامەزراندن

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-30-02:26:00 - کۆدی بابەت: 6100
دامەزراندن

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی دەستەواژەی دامەزراندن

دامەزراندن (بە ئینگلیزی: Installation)ـی نەرمەواڵەیەکی کۆمپیوتەرە و بریتییە لە کرداری ئامادەکردنی نەرمەواڵەکە بۆ کارپێکردن، دامەزراندن واتا ڕێکخستنی نەرمەواڵەیەک یان ڕەقەواڵەیەک بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت لەلایەن کۆمپیوتەرەوە، بۆ دامەزراندنی پڕۆگرامێک ئەوا پێویستە لەبەرگرتنەوەیەکی ڕەق یان نەرمی نەرمەواڵەکە بەردەستبێت، چەندین شێوازی جیاواز هەیە بۆ دامەزراندنی نەرمەواڵە کە بەپێی سیستم و نەرمەواڵەکە دەگۆڕێت، نەرمەواڵە و سیستمە کارپێکەرەکان زۆرجار خۆیان پڕۆگرامێکیان لەگەڵدا دێت کە پێیدەوترێت دامەزرێنەر (installer)، ئەم پڕۆگرامە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەموو ڕێکارەکان بۆ دامەزراندنی نەرمەواڵەکە.

دامەزراندن زۆرجار بریتییە لە لەبەرگرتنەوەی کۆد لە سەرچاوەی فایلەکانی دامەزراندنەکەوە بۆ شوێنێکی نوێ لەناو کۆمپیوتەرەکە، هەروەها لەکاتی دامەزراندنی نەرمەواڵەیەکدا نەرمەواڵەیەکی تر دروستدەکرێت کە بەکاردەهێنرێت بۆ سڕینەوەی نەرمەواڵە دامەزرێنراوەکە، چونکە سڕینەوەی نەرمەواڵە هێندە ئاسان نییە کە تەنها ئەو فۆڵدەرە بسڕیتەوە کە نەرمەواڵەکەی تێدایە و ئیتر نەمێنێت چونکە چەندین کۆدی تر هەیە دەبێت بسڕێنەوە و هەروەها چەندین فایل هەن کە لە بەشی تۆمارگە (registry)ـی کۆمپیوتەرەکەدا هەن کە بەهەماشێوە دەبێت بسڕێنەوە.

جۆرەکانی دامەزراندن

دامەزراندنی چاودێریکراو - Attended installation

لەسەر سیستمە کارپێکەرەکانی ویندۆوسدا ئەم جۆرە دامەزراندنە لە هەموو جۆرەکانی تر باوترە، لەم جۆرە دامەزراندنانەدا بەکارهێنەر چەند هەڵبژاردنێکی پێدەدرێت بۆ دامەزراندنی نەرمەواڵەکە، وەک قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی یاساکانی بەکارهێنانی نەرمەواڵەکە (EULA)، هەروەها دیاریکردنی شوێنی دامەزراندنی نەرمەواڵەکە، و چەندین ئاگادار کردنەوەی تر، لە هەندێک حاڵەتدا نەرمەواڵەکە داوا دەکات لە بەکارهێنەرەکە لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکدا کۆمپانیاکە ئاگادار بکرێتەوە یان لەوانەیە نەرمەواڵەکە بێ بەرامبەر نەبێت و داوای پارە بکات و هەندێکجار لەبەر پڕبوونی ئەو هاردەی کە هەڵبژێردراوە دامەزراندنەکە ئەنجام نادرێت و داوا لە بەکارهێنەر دەکرێت کە شوێنێکی نوێ هەڵبژێرێت بۆ بەردەوامبوون.

دامەزراندنی چاودێرینەکراو - Unattended installation

لەم جۆرەدا نەرمەواڵەکە یان سیستمە کارپێکەرەکە دادەمەزرێت بەبێ ئەوەی بەکارهێنەر هێچ کارێک ئەنجامبدات، یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی چاودێرینەکراو بریتییە لە دامەزراندمی ژمارەیەکی زۆر لە سیستمەکان، لەم جۆرە دامەزراندنەدا پێویست ناکات بەکارهێنەر زانیاری بدات بە پڕۆگرامەکە یاخود لەسەرەتای دامەزراندنەکەدا هەموو زانیارییەکانی پێدراوە لەڕێگەی فایلێکی کۆدەوە کە پێیدەوترێت فایلی وەڵام (answer file)، ئەم فایلە هەموو پێویستییەکانی دامەزراندنەکەی تێدایە، بۆ نموونە سیستمی کارپێکەری ویندۆوس ئێکس پی (Windows XP) و لینوکس (Linux) نموونەن بۆ ئەو نەرمەواڵانەی کە بە فایلی وەڵام دادەبەزێنرێن، لەکاتی بوونی کێشە لە دامەزراندنەکەدا پڕۆسەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە و دامەزراندنەکە ئەنجام نادرێت چونکە وا دروستکراون کە بەبێ ئامادەبوونی بەکارهێنەر کاربکەن، هەروەها ئەو هەڵە و کێشانەی کە توشی دامەزراندنەکە بوون لە فایلێکی تۆماری کۆمپیوتەر (computer log)ـدا هەڵدەگیرێن.

دامەزراندنی بێدەنگ - Silent installation

دامەزراندنی بێدەنگ بریتییە لەو دامەزراندنەی کە هیچ نامە یان ئاگادارکردنەوەیەک نیشانی بەکارهێنەر نادرێت، دامەزراندنی بێدەنگ جیاوازە لە دامەزراندنی چاودێرینەکراو، هەموو دامەزراندنێکی بێدەنگ دامەزراندنی چاودێرینەکراون، بەڵام هەموو دامەزراندنێکی چاودێرینەکراو دامەزراندنی بێدەنگ نییە، هەروەها مەبەست لەم جۆرە دامەزراندنە بۆ فێڵکردنە، چونکە ٪98 نەرمەواڵە گوماناوییەکان بەم ڕێگەیە دادەمەزرێن.

دامەزراندنی بێ سەر - Headless installation

بریتییە لە دامەزراندنی نەرمەواڵە و سیستم بەبێ ئەوەی شاشە یان مۆنیتەر بە سیستمەکەوە هەبێت، لە دامەزراندنی چاودێریکراوی بێ سەردا سیستمەکە لەلایەن سیستمێکی ترەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و شاشەکەی بەکاردەهێنرێت، هەروەها لە دامەزراندنی چاودێرینەکراوە بێ سەردا یەک کۆمپیوتەر بەکاردەهێنرێت بۆ دامەزراندنی نەرمەواڵە لەسەر چەندین کۆمپیوتەر لەیەک کاتدا.

دامەزراندنی بەرنامە بۆ داڕێژراو - Scheduled installation

لەم جۆرە دامەزراندنەدا بەکارهێنەر هەڵدەستێت بە دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ دامەزراندنی نەرمەواڵەیەک یان لەکاتی ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو، بۆ نموونە کاتێک وەشانێکی نوی بۆ نەرمەواڵەیەک بڵاودەکرێتەوە، بەکارهێنەر دەتوانێت نوێکردنەوەی نەرمەواڵەکە ڕابگرێت تا ئەوکاتەی کە لە بەکارهێنانی تەواودەبێت، هەروەها دەکرێت نەرمەواڵەی گوماناوی بەمشێوەیە بڕۆنە ناو کۆمپیوتەرەوە.

دامەزراندنی خاوێن - Clean installation

دامەزراندنی خاوێن بریتییە لە دامەزراندنی نەرمەواڵەیەک یان سیستمێکی کارپێکەر کە پێشتر پاشماوە یان وەشانی کۆنی ئەو نەرمەواڵە یان سیستمە لە کۆمپیوتەرەکەدا نەبووبێت، دامەزراندنی خاوێنی سیستمی کارپێکەر بریتییە لە فۆڕمات یاخود سڕینەوەی هەموو ئەو زانیاری و داتایانەی کە لە هاردەکەدا هەیە پێش ئەوەی سیستمەکە دابمەزرێنرێت.

دامەزراندن بە نێتۆرک - Network installation

لەم جۆرە دامەزراندنەدا نەرمەواڵەیەک بەدەستدەهێنرێت و دادەمەزرێنرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی سەرچاوەیەکی بڵاوکراوەی نێتۆرکەوە، زۆرجار ئەم جۆرە دامەزراندنە لە کۆمپانیاکاندا بەکاردەهێنرێت کە نێتۆرکێکی تایبەتیان هەیە بۆ فەرمانبەرانیان، بۆ ئەوەی بەئاسانی بتوانن نەرمەواڵە پێویستەکانیان بەدەستبهێنن.


سەرچاوەکان



1681 بینین