کیا بوزوورگ ئومید

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-15:16:00 - کۆدی بابەت: 12792
کیا بوزوورگ ئومید

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کیا بوزوورگ ئومید (بە عەرەبی؛ کیا بوزورک امید، بە ئینگلیزی؛ Kiyā Buzurg-Ummīd) دووەم سەرکردەی باڵای حەشاشییەکان بووە، ڕاستەوخۆ دوای مردنی حەسەن سەباح بووەتە سەرۆکی حەشاشییەکان. لە مێژووی حەشاشییەکاندا جگە لە حەسەن سەباح سێ کەس هەن کە بە پایە گرنگەکانی حەشاشییەکان و ئایینی باتینی دادەنرێن ئەوانیش (کیا بوزوورگ ئومید، ئەبو حەمزەی کەفشگەر، ئەحمەد سینان) کیا بەوە ناسراو بوو کە لە ڕەوانبێژیدا وێنەی نەبوو و لە هەمان کاتدا زۆر قسەی نەدەکرد بەڵام کە قسەی دەکرد ڕاستەوخۆ بە وەڵامێکی بەهێز بەرانبەرەکەی تووشی شەرمەزاری دەکرد.

زانیارییە گشتییەکان

ناو کیا بوزوورگ ئومید 
نازناو بانگهێشتکاری گەورە 
بەرواری لەدایکبوون نادیار 
مردن ٩-٢-١١٣٨ 
ئایین ئیسلام 
مەزهەب نیزاری ئیسماعیلی 
نەتەوە فارس 
خولیا قووڵبوونەوە لە فیقهی ئیسلامی، زانستی کەلام 
ئەو بوارەی تێیدا نووسیویەتی یەکتاپەرستی 
منداڵەکانی محەمەد کیا، کیا عەلی 

سەرەتای ژیان 

کیا بوزوورگ ئومید لە بارەی سەرەتای ژیانیەوە هیچ زانیارییەک نییە تەنها ئەوە نەبێت کە لە دەیلەمییەکان بووە هۆزێکی شیعە مەزهەب بوون. لە چەند وڵاتێک خوێندوویەتی وەک عێراق و میسڕ. ئەوەی زۆر گرنگە لە بارەی ژیانی ئەو ساتە بوو کە وەک فەرماندەی حەشاشییەکان هێرشی کردە سەر قەڵای لەمسەر و بە کەمترین زیان داگیری کرد و بووە بانگهێشتکاری گەورەی قەڵاکە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ. 

فەرمان ڕەوای ئەلەموت ١١٢٤-١١٣٨ زایینی

پاش ئەوەی حەسەن سەباح نەخۆش دەکەوێت هەموو بانگهێشتکارە گەورەکان کۆدەکاتەوە و بەتەنها لەگەڵ هەر یەکەیان لە بارەی جێنشین قسە دەکات. کاتێک نۆرەی بوزوورگ ئومید دێت قسە بکات لە بارەی بۆچوونی خۆی دەڵێت: "ئەو کەسەی پێویستە ببێتە جێنشین پێویستە خۆت هەڵیبژێریت بۆچوونی من گرنگ نییە". بەم شێوەیە حەسەن سەباح لەگەڵ هەمووان گفتوگۆ دەکات هەموویان خۆیان پێ شیاو بوو جگە لە کیا نەبێت کە خۆی بە شیاو نەزانی. 

بەڵام حەسەن سەباح بڕیاریدا کە دوای مردنی کیا بوزوورگ ئەرکی داعی یاخود سەرکردەی حەشاشییەکانی پێ بسپێردرێت. کیا بوزوورگ لە ڕووی سیاسەت کەسێکی کەم وێنە بوو لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی بە پلە و پۆست نەدەدا هەموو کەسێکی وەک یەک هەژمار دەکرد. لە گفتوگۆدا زۆر بە کەمی دەبینرا قسەیەک بکات بەڵام کە قسەی دەکرد بە وەڵامەکانی کەسی بەرانبەری شۆک دەکرد و شەرمەزار دەکرد. 

لە کتێبی ئیسماعیلییەکاندا هاتووە " ساڵی ١١٢٧ کاربەدەستێکی سەلجوقی دێت بۆ لای کیا بوزوورگ ئەم کاربەدەستە زۆر داخ لە دڵە لە حەشاشییەکان کاتێک دەچێتە ژوورەکەی کیا بوزوورگ دەبینێت لەبەردەم دەرگاکە و لە ژوورەوەش هیچ پاسەوانێکی تایبەتی لێ نییە. کاربەدەستەکە دەڵێت: سەیرە ئێرە ئەلەموتە و بارەگای حەشاشییەکانە بەڵام هیچ پاسەوانێکی تایبەت نابینم  ئایا ناترسی بتکوژم؟ کیا بوزورگیش دەڵێت: گەر ترسم هەبایە لە یەکەم دەروازەی قەڵاکە دەمکوشتیت! کاربەدەستەکەش دەڵێت لەسەرخۆ گاڵتەم کرد، ئەویش دەڵێت بەڵام من بەڕاستم بوو!

گۆڕانکارییە گرنگەکانی سەردەمی کیا بوزوورگ

یەکەم: سەردەمی بوزوورگ ئومید بە سەردەمێکی گرنگی حەشاشییەکان دادەنرێت چونکە لە سەردەمی ئەودا هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کوشتن کەمی کردبوو بە بەراورد بە سەردەمی دامەزرێنەر حەسەن سەباح کە خۆبەختکارەکان هەمیشە لە ئەرکدا بوون چونکە حەشاشییەکان دوژمنیان زۆر بوو. بەڵام لە سەردەمی کیادا خۆبەختکاران ئەرکیان کەمتر بوو لە بری ئەوە حەشاشییەکان خەریکی کاری سیاسەت و بازرگانی بوون. 

دووەم: ئارامی و ئاسایش گێڕانەوە بۆ ئەسفەهان کە پێشتر بەهۆی ململانێی کوڕەکانی سوڵتان مەلیک شای یەکەم نائارامی بەخۆوە بینیبوو. 

سێیەم: دەوڵەتی عەباسی لە سەردەمی کیا بوزورگدا گەرچی لە ڕووی سنوورەوە دوور بوون لە یەکتر بەڵام کیا هەوڵی ئارامی عێراقیشی دابوو کە لە ماوەی دەسەڵاتیدا هیچ ڕووداوێکی نائاسایی لە عێراقدا نەبینرا. 

گرنگترین نووسراوی کیا بوزورگ

کیا بوزوورگ ئومید دوو کتێبی گرنگی هەیە کە وەک پڕۆگرام لەلایەن باتینییەکان خوێندراوە ئەوانیش " نوێژی پێش خەوتن" و " بەرەو یەکتاپەرستی ". 

مردن

کیا بوزوورگ لە بەرواری ٩-٢-١١٣٨ زایینی کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەشی حەشاردرا لە جێگەیەکی نهێنێ و گڵکۆیەکیشی بۆ دروستکرا لە ئەلەموت. سێ ڕۆژ پێش مردنی داوای هەڵبژاردنی داعی نوێی کرد بە زۆرینەی دەنگ محەمەدی کوڕی بووە سێیەم سەرکردەی حەشاشییەکان. 


سەرچاوەکان



65 بینین