یوونس مەحموود

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-13-22:54:00 - کۆدی بابەت: 10896
یوونس مەحموود

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یوونس مەحموود خەڵەف (بە عەرەبی: يونس محمود یان يونس السفاح، بە ئینگلیزی: Younis Mahmoud) یاریزانی پێشووی تیمی تۆپی پێی نیشتمانی عێراقە و یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی عێراق، بۆ ماوەی دە ساڵ لەسەریەک کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق بوو و وەکوو هێرشبەری سەرەکی بۆ تیمی تۆپی پێی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق یاری کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ یەکەم جار نازناوی جامی ئاسیای لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەست هێنا، هاوکات هەر لەو پاڵەوانێتییە خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتی ئاسیا و دووەم باشترین یاریزانی ئاسیایی لەدوای یاسر قەحتانی یاریزانی سعودییە بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١٥ بە فەرمی دوورکەوتنە و وازهێنانی لە یاریکردن و تۆپی پێ ڕاگەیاند.

زانیاری گشتی

ناو یوونس مەحموود خەڵەف
ڕێکەوتی لەدایکبوون سێی شوباتی ساڵی ١٩٨٣
شوێنی لەدایکبوون شارۆچکەی دبس لە پارێزگای کەرکووک
ئایین ئیسلامی سوننە
نەتەوە عەرەب
شوێنی یاریکردن هێرشبەر
نازناو ئەلسەفاح
پیشە جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی

ژیان و ئەزموونی ورزشی

یوونس مەحموود موسلیم خەڵەف لە سێی شوباتی ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی دبسی سەر بە پارێزگاری کەرکووک لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی لاوییەوە خولیای وەرزشی تۆپی پێی هەبووە و لە ناوچەکەی خۆیان ڕاهێنانی کردووە، تاکوو لەساڵی ١٩٩٧ وەکوو یەکەم ئەزموونی چووەتە یانەی کارەبای دبس و بە یەکەم ئەزموونی وەرزشی دادەنرێت.

پاشان بەهۆی بەرزی ئاستی وەرزشییەوە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە گوێزراوەتەوە بۆ یانەی کەرکووک. لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە چووەتە یانەی تەڵەبە لە عێراق و لە هەموو عێراقدا وەکوو لاوێۆی تازە پێگەشتووی بەتوانا ناسرا. لە ساڵی ٢٠٠٣ چووەتە نێو یانەی وەحدەی ئیماراتی و لەنێو جیهانی عەرەبی ناسرا، ساڵێک دواتر چووە یانەی خۆری قەتەڕی.

لە ساڵی ٢٠٠٦ چووەتە یانەی غەڕافەی قەتەڕی و لەو یانەیە سەرکەوتنی تۆمارکرد و لە ماوەیەکی کەمدا نزیکەی ٧٢ گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٣ چووەتە چەند یانەیەکی ناوداری خولی قەتەری، بۆیە چەند جارێکیش وەکوو گۆڵکاری یەکەمی خولی قەتەری هەڵبژێردراوە.

پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ماوەیەکی کاتی کەم بڕیاری وازهێنان و دوورکەوتنەوەی لە وەرزش دا، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و چووە نێو یانەی ئەهلی سعوودییەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ بە یەکجاری بڕیاری دەسبەرداربوونی لە وەرزشی تۆپی پێ هێنا و ڕوویکردە بواری سیاسی و وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی بواری وەرزش لە عێراق، لە ئێستادا بەرپرسی جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراقییە.

بەشداری کردنی لە جامەکان

جامی کەنداوی عەرەبی

یوونس مەحموود پێنج جار بەشداری لە جامی کەنداوی عەرەبی کردووە، لە کەنداوی ١٧، کەنداوی ١٨، کەنداوی ١٩، کەنداوی ٢٠ لەگەڵ کەنداوی ٢١ وەکوو یاریزانی هێرشبەری سەرەکی بۆ تیمی تۆپی پێی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق یاری کردووە و بەشداربووە. لە جامی کەنداوی ٢١ لە لیستی باشترین گۆڵکارانی یاریزانەکانی وڵاتانی کەنداو بوو.

جامی ئاسیا

لە ساڵی ٢٠٠٤ وەکوو یاریزانی سەرەکی بۆ تیمی تۆپی پێی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بەشداری جامی ئاسیای کردووە و گەشتوونەتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، بەڵام لەو قۆناغەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی چین سێ بە سفر هەڵبژاردەی عێراق دۆڕا و دەرکرایە دەروە. لە جامی ئاسیای ساڵی ٢٠٠٧ هەڵبژاردەی عێراق بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا توانی جامەکە بەدەستبهێنێت، یوونس مەحموود لە یارییەکانی ئەم پاڵەوانێتییە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە یەکەم یاری بەرانبەر هەڵبژاردەی تایلەند گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ عێراق تۆمار کردووە، پاشان کاتێک بەرانبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام کەوتن یوونس توانی دوو گۆڵی سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمار بکات. پاشان لە یاری کۆتایی بەرانبەر هەڵبژاردەی سعوودییە توانی بە تاکە گۆڵێک بردنەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەستەبەر بکات، بۆیە وەک باشترین دووەم یاریزانی ئاسیایی پاڵەوانێتییەکە هەڵبژێردرا.

دەستکەوت و خەڵاتەکانی یوونس مەحموود

  • یوونس مەحموود لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨ وەکوو باشترین یاریزانی لاوی عێراق هەڵبژێردراوە.
  • بچووکترین یاریزان بووە کە لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق دەستی بە یاری کردن کردووە.
  • لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ بۆ ١٩٩٩ وەکوو یەکەمین گۆڵکاری خولە نایابەکانی عێراق بە ١٩ گۆڵ هەڵبژێردرا. 
  • لە ساڵی ٢٠٠٤ وەکوو گۆڵکاری پاڵەوانێتی جامی ئاسیا دەستنیشانکرا و لەو پاڵەوانێتییەدا حەوت گۆڵی کردبوو.
  • بۆ ماوەی سێ خول لەسەر یەک وەکوو باشترین گۆڵکار لە خولی پلە نایابەکانی قەتەڕ هەڵبژێردرا.
  • لە ساڵی ٢٠٠٦ وەکوو باشترین یاریزانی عەرەبی و باشترین یاریزانی ئاسیا کاندید کرا.
  • وەک باشترین یاریزانی لاوی ئاسیا بۆ وەرزی تۆپی پێی ٢٠٠٣ ۆ ٢٠٠٤ دەستنیشانکرا و لە هەمان وەرزدا وەک یەکێک لە باشترین پێنج یاریزانی ئاسیا دەنگی بۆ درا.
  • لە پاڵەوانێتی جامی ئاسیای ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتی ئاسیا و دووەم باشترین یاریزانی ئاسیایی لەدوای یاسر قەحتانی یاریزانی سعودییەوە بەدەست هێنا.
  • بردنەوەی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ڕۆژئاوای ئاسیا لەگەڵ تیمی تۆپی پێی نیشتمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٢.
  • بەدەستهێنانی مەدالیای زێڕ لە یارییەکانی ڕۆژاوای ئاسیای ٢٠٠٥ لەگەڵ تیمی تۆپی پێی نیشتمانی عێراق  بەدەستهێنا.
  • پلەی چوارەمی لە یارییەکانی ئۆڵمپی ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستهێنا.
  • بردنەوەی جامی ئاسیای ساڵی ٢٠٠٧.
  • پلەی دووەمی لە جامی کەنداوی ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستهێنا.


سەرچاوەکان



232 بینین