زوچون

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-04-14:58:00 - کۆدی بابەت: 7921
زوچون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زوچون ( بە ئینگلیزی: zuchonسەگێکی بچووکە و لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندایە، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو جۆری جیاوازی سەگەکانەوە دروستبووە، ئەم سەگە لە تیرەیەکی نوێیە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دروستبووە، پاشان زۆر بە خێرایی بە زۆرینەی ناوچە جیاوازەکاندا بڵاوبووەتەوە، لە کۆمەڵەی سەگە ماڵییەکاندایە و شێوەیەکی جوانی هەیە، گونجاوە بۆ زۆرینەی ئەو خێزانانەی کە منداڵیان هەیە و ئارەزووی ئاژەڵی ماڵی دەکەن، چونکە گیانەوەرێکی بێ زیان و خۆشەویستە، لەگەڵ هەموو تەمەنەکاندا دەگونجێت و شێوازێکی ژیانکردنی تایبەت و جیاوازی نییە، سەرەڕای ئەوەی جۆرێکی نوێیە بەڵام ناوبانگەکەی بە خێرایی بڵابووەتەوە و هەوادارێکی زۆری هەیە، دەکرێت لە لایەن خاوەنەکەیەوە مەشقی پێبکرێت و فێری جووڵەی جیاواز بکرێت، چونکە زوچونەکان سەگی زیرەکن و ئاستی زیرەکی مێشکیان بەرزە، جگە لە یاریکردن و دڵخۆشکردن دەتوانێت لە هەمان کاتدا پاسەوانی جێگەکەی بکات و دەوربەری ئاگادار بکاتەوە، کە باوەڕ وایە زوچونەکان تەنها لە ئەم کاتەدا دەوەڕن، واتە تەنها کاتێک کە دەیانەوێت بەرامبەرەکەیان ئاگادار بکەنەوە.

شێوەی دەرەوەی

لەگەڵ ئەوەی گیانەوەرێکی نوێیە و سروشتی نییە بەڵام جەستەی تەندروستە، تەنانەت دوورە لە هەندێک لە ئەو جۆرە نەخۆشییانەی کە تووشی باوانە سەرەتاییەکەی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت بۆیان، زوچون گیانەوەرێکی ڕووخسار جوانی سەرنجڕاکێشە، جەستەی بە فەروویەکی درێژ داپۆشراوە کە هەندێک کەس لە سەرەتای بینینیدا بە هەڵە تێدەگەن و واهەست دەکەن کە بێچووی ورچە، فەرووە درێژەکەی دەکرێت لوول بێت و دەکرێت خاویش بێت بە گوێرەی زوچونەکە، ڕەنگەکەشی دەکرێت هەریەک لە سپی، ڕەش، زیوی، ڕەساسی، کرێمی یان ئەسمەر بێت یاخود تێکەڵەیەک بێت لە ئەم ڕەنگانە، هەردوو نێرینە و مێینەکان قەبارەیان لەیەکترییەوە نزیکە، کێشیان بە نزیکەیی لە نێوان ٦-٧ کیلۆگرام دەبێت، و بەرزییەکەشیان لە نێوان ٢٨-٣٠ سانتیمەتر دەبێت، بە دەگمەن دەوەڕێت و زۆر هێمن و بێدەنگە، جۆرێکی زۆر هەستیارە  و بە گوێرەی دۆخ و کاتەکان چالاکییەکەی دەگۆڕێت.   

خۆراک

ئەم جۆرە سەگە دەتوانێت هەردوو ڕووەک و ئاژەڵیش بخوات، واتە لە هەمان کاتدا گیانەوەرێکی ڕووەکخۆر و گۆشتخۆریشە، بەڵام خۆراکی زوچونەکان لە ئێستادا تایبەتە و دیاریکراوە، خۆراکێکی وشککراوەیە کە بۆ سەگە قەبارە بچووک و چالاکەکان گونجاوە، لە هەمان کاتدا دەبێت دووربخرێتەوە لە خۆراکە تەڕ و شێدار و لە قوتونراوەکان، چونکە ئەم جۆرە خواردنانە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ددانەکانی، و بەدوایدا لەدەستدانی ددانەکانی و توشبوونی بە نەخۆشییەکانی پوک، کە ئەمانەش پێکەوە دەبنە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم.  

یەکگرتن و زۆربوون

لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە سەگە لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆری جیاوازەوە دروستبووە، بۆیە هەرچەند نەوەکانی ئەم سەگە زیاتر یەکگرتن بکەن ئەوا شێوەی بێچووەکانیان زیاتر لە باوانە سەرەتاییەکان نزیک دەبێتەوە نەک شێوەی زوچونەکان خۆیان، بێچووەکان لەگەڵ گەورەبووندا ڕەنگی فەرووەکەیان تۆختر دەبێت، بەجۆرێکە کە ساڵەکانی سەرەتای لەدایکبوونیان ڕەنگیان کاڵە، بەڵام دواتر ڕەنگیان تۆختر و تاریکتر دەبێت، هەروەها شێوەیان دەکرێت بە ئەگەری زۆرەوە لە باوانە سەرەتاییەکان بچێت یاخود لە زوچونەکان، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی زوچون تا ڕادەیەک زۆرە و لە نێوان ١٥-١٨ ساڵ دەبێت.  

ماڵیکردن و گرنگی پێدانی

زوچون گیانەوەرێکی هێمن و جوان و گونجاوە بۆ ماڵیکردن، بەڵام پێویستە هەموو پێویستییەکانیشی دابین بکرێت، چونکە سەگێکی زۆر هەستیارە، پێویستییەکانیشی تەنها بریتین لە چەند خاڵێکی سادە و سەرەتایی، بەم شێوەیە:

  • خۆراکی گونجاو، بڕێکی کەمی پێبدرێت و دابەشبکرێت بۆ زیاتر لە یەک ژەم.
  • یاریکردن لەگەڵیدا
  • ڕاهێنانکردن لەگەڵیدا
  • خاوێنکردنەوەی فەرووەکەی بە شێوەیەکی گونجاو
  • گرنگیدان بە تەندروستی (دەکرێت هەر ئاژەڵێکی ماڵی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نەخۆشی باو ببێتەوە).


سەرچاوەکان



684 بینین