دەربارەی ئیبن تەیمیە

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-03-23:00:00 - کۆدی بابەت: 58
دەربارەی ئیبن تەیمیە

ناوه‌ڕۆك

پێشەکییەک

لەناوچەیەكی كوردستانی ئازیز شارێك هەبوو پێی دەوترا حەران، ئەم شارە كاتی زوو نشینگەی پێغەمبەری خوا ئیبراهیم پێغەمبەر بووە، بەڵام دواتر كەسانی بێباوەڕ تیایدا دەركەوتن كەپێیان دەوترا صابیئیەكان، ئەمانە لەبری خوای گەورە ئەستێرەیان دەپەرست.
كاتێك ئایینی ئیسلام هات لەسەردەمی خەلیفەی موسوڵمانان عومەری كوڕی خەتابدا لەلایەن موسوڵمانانەوە شاری حەران ئازاد كرا، ئیتر ئاینی خوا گەیشتە ئەو شارەو ریشەی بتپەرستی تیایدا وشك بوو.
لەناو ئەم شارە كوردیەدا بنەماڵەیەكی گەورەو خواناس دەركەوت كەزۆربەی هەرە زۆری كەسەكانی زانای گەورە و هەڵكەوتەی ناو موسوڵمانان بوون.


بنەماڵەی تەیمیە

ئەو بنەماڵەیە بنەماڵەی تەیمیە بوو، ئەوانە دەیان زانای گەورەیان پێشكەش كرد بەموسوڵمانان‌و تا ئەمڕۆش موسوڵمانان قەرزاری زانست و خزمەتی ئەوانن.
لەو شارەداو لەناو ئەو بنەماڵەدا زانایەكی گەورە هەبوو كەناوی عەبدولحەلیم بوو، ئەو زانایە هەر لە منداڵیەوە لەسەر دەستی باوكی زانستی وەرگرت و پێگەیشت و دواتر كەوتە وانەوتنەوەو بڵاوكردنەوەی زانست‌و خزمەت كردن بەموسوڵمانان، تا كاتی خۆی هات ژنێكی هێنا بەناوی ستونیعەم كە ئافرەتێكی زیرەك و زانا بووە.
خوای گەورە چەند منداڵێكی بەخشی بەم ژن وپیاوە زاناو خواناسە، هەموو منداڵەكانیشیان كەسی دیار و زانا دەرچوون كە خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش كرد ،ناوی منداڵەكانی بریتی بوون لە (عەبدورحمان، عەبدوڵا، ئەحمەد).
لەهەموویان زیرەكتر و زاناتریان ئەحمەد بوو كە لەبەر زۆر زیرەكیەكەی بوو بەكەسایەتی هەرە دیاری بنەماڵەكەی، هەر لەبەرئەوەش بەناوی بنەماڵەكەیەوە ناسراوەو بە (ئیبن تەیمیە) ناوی دەبرێت.
ئیبن تەیمیە لەساڵی 661 كۆچی لەشاری حەران لەدایك بوو، لەوێ سەرەتای ژیانی دەستی پێكرد، هەر لەمنداڵیەوە دایك و باوكی گرنگییەكی زۆریان پێدا تا زانستی زۆری پێببەخشن، بەڵام هێندەی نەبرد باری ژیانیان تێكچوو و ناچار بوون شارو ناوچەی خۆیان جێبهێڵن، ئەوكات هێشتا تەمەنی ئیبن تەیمیە شەش ساڵ زیاتر نەبوو.


بۆچی ناچار بوون شارو ناوچەی خۆیان جێ بهێڵن؟ 

چونكە مەغۆلەكان كە خەڵكێكی دڕندەو پیاوكوژ و خراپەكار بوون هێرشیان هێنا بۆ سەر شارەكەیان، بۆیە ئەو خێزانە ناچار بوون كۆچ بكەن بۆ وڵاتی شام بۆ شاری دیمەشق، بۆئەوەی دەستگیر نەكرێن بەشەو كۆچیان كرد و هەرچی كتێبیان هەبوو بەچەند عەرەبانەیەك لەگەڵ خۆیاندا بردیان تا لەوێش لە زانست نەبڕێن.
كاتێك چوون بۆ شاری دیمەشق لەوێ باوكی لەمزگەوتدا وانەی دەوتەوەو ئیبن تەیمیەش بەردەوام زانستی وەردەگرت و لەخزمەت چەندین زانا و مامۆستادا زانستی وەردەگرت، بەوجۆرە گەورە بوو تا گەیشتە تەمەنی گەنجی.

 

فێربوون و پێگەشتنی

رۆژێك عەبدولحەلیم منداڵەكانی كۆكردەوە تابیانبات بۆ سەیران و گەڕان، بەڵام ئیبن تەیمیە داوای كرد لەباوكی رێی بدات نەچێت بۆ سەیرانەكە، باوكیشی رازی بوو، تا باوكی و براكانی چوون بۆ گەڕانەكەیان و هاتنەوە ئیبن تەیمیە كتێبێكی گرنگ و گەورەی زانایەكی لەبەركردبوو، كەباوكی هاتەوەو ئەوەی بینی تەواو سەرسام بوو بەتوانای كوڕەكەی، بۆیە ترسا خەڵكی زیانی پێبگەیەنن، بە ئیبن تەیمیەی كوڕی وت رۆڵە شیرینەكەم ئەمە بۆ كەس باس نەكەیت.
جارێك زانایەكی حەلەبی هاتە دیمەشق و بیستبووی ئیبن تەیمیە زیرەكە، بۆیە چوو بۆلای تا تاقی بكاتەوە، كاتێك پرسیاری لێكرد و ئیبن تەیمیە وەڵامی دایەوە هێندە زیرەكانەو بەهێز وەڵامی دایەوە كەزاناكە تەواو پێی سەرسام بوو، زاناكە یەكسەر وتی ئەگەر ئەم كوڕە بمێنێت لە داهاتوودا رۆڵی زۆر گەورەی دەبێت.
ئیتر هێندە زیرەك بوو تاخێرا بوو بەزانایەكی دیارو لەتەمەنی حەڤدە ساڵیدا فەتوای دەدا لەسەر مەسەلەكان، فەتواكانیشی راست بوون و زانایان رەخنەیان لێ نەدەگرت.
ئیبن تەیمیە هیچ كات پارەو شتی لەخەڵك وەرنەدەگرت چونكە هەر لەمنداڵییەوە بەڵێنی دابوو بەخوای گەورە كە لەسەر قورئان پاداشت وەرنەگرێت، بۆیە كاتێك قورئانی لەبەردەكرد و كەسێك بیویستایە خەڵاتی بكات وەری نەدەگرت، چونكە دەیوت من تەنیا لای خوا پاداشت وەردەگرم.
هیچ كات ئیبن تەیمیە رەخنەی نەدەگرت لەخواردن، بەڵكو بەهەر خواردنێكی حەڵال رازی بوو و نارەزاییشی دەرنەدەبڕی.
لە ساڵی 692 كۆچیدا واتە تەمەنی 31 ساڵی ئیبن تەیمیە لەگەڵ كاروانێكدا چوو بۆ حەج، لەرێگەی سەفەریاندا رەشەبایەكی توند هەڵیكرد كەژمارەیەكی زۆری خەڵكەكە بەو هۆیەوە مردن، بەڵام ئیبن تەیمیەو ژمارەیەكی تر لەخەڵكەكە رزگاریان بوو.
دوای ئەوەی باوكی كۆچی دوایی كرد ئیبن تەیمیە لەشوێنی باوكیدا لەمزگەوتدا وانەی دەوتەوە، هێندە زیرەك بوو كەكاغەزو نووسینی لەبەردەستیدا نەبوو و هەموو شتەكانی لەبەر بوو، ئیبن تەیمیە لەوتارەكانیدا زۆر گرنگی دەدا بە فەرموودە و لەرێبازی راستی زانایانی پێشوو لای نەدەدا، دوای وتارەكەش گوێی دەگرت لە پرسیاری خەڵك و وەڵامی پرسیارەكانی دەدایەوە.
جارێك ئیبن تەیمیە نەخۆش كەوت، كاتێك چوو بۆ لای پزیشك پزیشكەكە پێی وت زۆر مەخوێنەرەوەو خۆت ماندوو مەكە، لە وەڵامدا ئیبن تەیمیە وتی مەگەر ئێوە ناڵێن ئەگەر كەسێك حەزەكەی بێتەدی‌و خۆشی بێت ئەوە بۆ تەندروستی باشە، دەی من لەكاتی خوێندنەوەو زانستدا تەواو خۆشیمە و دەبێت باش بێت بۆم، بۆیە هۆكاری نەخۆشیەكەی من ئەوە نیە.
ئیبن تەیمیە لەبەرگریكردنی لە موسوڵمانان زۆر دلێر و نەترس بوو، كاتێك مەغۆلەكان هاتن و شامیان داگیر كرد، سەكردەكەیان ناوی (غازان) خان بوو، ئیبن تەیمیە لەگەڵ ژمارەیەك زانای تر چوون بۆ لای، ئیبن تەیمیە هێندە بەرەقی قسەی لەگەڵ كرد كەهەموو زاناكانی تر ترسان، ئەو داوای كرد هەموو بەندكراوانی موسوڵمانان و بەندكراوە ناموسوڵمانەكانیش ئازاد بكرێن، ئەویش رازی بوو، پاشان هەموویانی ئازاد كرد، كاتێك گەڕانەوە زاناكانی تر وتیان لەگەڵ ئەو ناچینەوە تووشی شتێكمان دەكات، كەچی ویستی خوا وابوو ئیبن تیمیە بەسەلامەت گەیشتەوە، كەچی ئەوان تووشی دەستەیەكی مەغۆلە رێگرەكان بوون كە چییان پێبوو لێیان سەندن و ئازاری زۆریشیان دان.
كاتێك جارێكی تر مەغۆلەكان هاتن تا خاكی شام داگیر بكەن ئیبن تەیمیە هانی موسوڵمانانییدا تا رێیان پێنەدەن و وتاری بۆ دەدان، خۆیشی چوو بۆ لای سەركردەی موسوڵمانان لەمیصر تا رازی بكات بێت بۆ هاوكارییان، ئەوەبوو بەسوپایەكەوە هاودەم بەسوڵتان گەڕایەوە‌و لەجەنگەكەدا خۆیشی بەشداری كردو خوای گەورەش سەركەوتنی بەخشی بەموسوڵمانان، لەجەنگەكەشدا ئیبن تەیمیە بەردەوام موسوڵمانانی هاندەدا تا نەترسن و لەرێی خوادا بەگەرمی بجەنگن چونكە خوا موسوڵمانان سەردەخات.
هەمیشە هەندێك كەس هەن كە حەز ناكەن كەس لەوان گەورەتر بێت و خۆیان بەگەورە دەزانن، بۆیە ژمارەیەك لەو جۆرە كەسانە كەوتنە پیلان گێڕان دژ بەئیبن تەیمییەو لای دەسەڵاتداران تۆمەتیان بۆ دروست دەكرد تا ئەوەی بوونە هۆكاری بەندكردنی ئیبن تەیمیە، سێ جار لەدادگای دیمەشق دادگایی كرا، بەڵام لەهیچ كامیاندا نەیانتوانی بیسەلمێنن كە تاوانبارە و كاتێك زانییان بێتاوانە ئیبن تەیمیەیان ئازاد كرد.
بەڵام جارێكی تر كەسانێكی ناو میصر كە رقیان لەناوبانگی ئیبن تەیمیە بوو، تۆمەتیان بۆ دروست كردو داوایان كرد لەمیصر دادگایی بكرێت، خەلیفەش ئەوكات لە میصر بوو، ئەوان سەركردەی وڵاتیان رازی كرد تا داوا لەدەسەڵاتداری شام بكات ئیبن تەیمیە بنێرێت بۆ میصر، هەرچەند ئەو رازی نەبوو بەڵام ئیبن تەیمیە خۆی بڕیاریدا بچێت و لەوێیش وەڵامی گومانەكان بداتەوە.
ئیبن تەیمیە بەڕێكەوت بەرەو میصرو لە كۆتاییەكانی مانگی رەمەزاندا گەیشتە شاری قاهیرە، كاتێك گەیشت رۆژی هەینی بوو، لەدوای نوێژی هەینی لەگەڵ زاناو كەسە دیارەكان مشتومڕی ئەنجامدا، بەڵام دواجار لەوێش بەندكراو دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەیەك كە پێی دەوترا (جب)، بەڵكو دوو برایشی لەگەڵ خۆیدا بەند كران.
هێندە دژایەتی ئەو زانایە كرا كە تەنانەت ئەوانەش شوێن نووسینەكانی بكەوتنایە ئەو كەسانەش بەند دەكران.


بۆچی دەسەڵاتداران وایان دەكرد لە كاتێكدا موسوڵمانیش بوون

لەبەرئەوەی هەندێك كەس كەحەزیان نەدەكرد ئیبن تەیمیە وەك زانایەكی گەورە دەربكەوێت وایان وتبوو بەدەسەڵاتداران كە ئیبن تەیمیە خەڵكی گومڕا دەكات، بەڵام ئیبن تەیمیە رێی نەدەدا كەس لەدژی دەسەڵاتدارانی موسوڵمانان هیچ بكەن چونكە نەبوونی ئاژاوەو پاراستنی یەكڕیزی و ئاشتی ناو موسوڵمانانی لەلا گرنگتر بوو تا ئازادبوونی خۆی.
ئیبن تەیمیە پاش ماوەیەك ئازاد كراو ئەو ماوەیەی ئازاد كرا لەمزگەوتەكاندا وانەی دەوتەوەو خەڵكی فێری زانست دەكرد، هاوكات نامەی دەنارد بۆ دایكی خۆشەویستی و بۆ خەڵكی دیمەشق و خۆشەویستی خۆی بۆیان دەردەبڕی.
هێندەی نەبرد جارێكی تر ئیبن تەیمیە بەند كرا، ئەمجارەش یەكێك لەبراكانی لەگەڵیدا بەندكرا، بەڵام هێندەی پێنەچوو كە سوڵتانی موسوڵمانان خۆی هات بۆ بەندیخانە بۆ لای ئیبن تەیمیەو ئازادی كرد.

 

ئەو سوڵتانە كێ‌ بوو كە ئیبن تەیمیەی ئازاد كرد

ئەوسوڵتانە ناوی سوڵتان ناصر بوو كە كاتێك توانی بێتە سەر دەسەڵات خێرا ئیبن تەیمیەی ئازاد كرد.
پاش حەوت ساڵ مانەوە لەمیصر دواجار ئیبن تەیمیە لەگەڵ سوڵتانی موسوڵماناندا گەڕایەوە بۆ شام، لەوێ پێشوازیەكی گەرمی لێكراو خێرا ئەویش دەستی كردەوە بەوانە وتنەوە.
بەڵام هێندەی نەبرد جارێكی تر ئەو زانایە كەوتە بەر پیلانی ناحەزان و سەرلەنوێ تۆمەتیان بۆ دروست كرد و ئیبن تەیمیەی زانای بێتاوان جارێكی تر بەند كرا،  ئیتر لەو بەندیخانەیەدا مایەوە تا ئەوەی دواجار لەوێ نەخۆش كەوت و كۆچی دوایی كرد.
لە ماوەی ئەو بەند بوونەیدا ئیبن تەیمیە هەشتاو یەك جار هەموو قورئانی پیرۆزی خوێندەوەو زیكرو پەرستشی زۆری دەكرد.
كاتێك كۆچی دوایی كرد هەمووان بەمردنی دڵتەنگ بوون تەنانەت ئەوانەش كە دژی بوون، شار تەواو قەرەباڵغی دایگرت و هەموان هاتن بۆ نوێژكردن لەسەر تەرمەكەی و مەراسیمی ئەسپەردەكردنەكەی، هێندە قەرەبالغ بوو كە بازاڕی شار داخرا، نزیكەی پێنج سەد هەزار كەس نوێژیان لەسەر تەرمی ئیبن تەیمیە كرد.
پاش خۆی ئیبن تەیمیە نووسین و كتێبی زۆری جێهێشت بۆ موسوڵمانان، كتێبەكانی نزیكەی سەد كتێب زیاتر دەبوون كە تا ئەمڕۆش موسوڵمانان دەیانخوێننەوەو سوود لە زانستەكەی وەردەگرن.

 

پەند و وانە

زۆر پێویستە حەز بكەین بەدوای زانستدا بگەڕێین و هەمیشە لەگەڵ كەسانی زیرەك و زانادا هەڵسوكەوت بكەین.
سوپاسی خوای گەورە بكەین كە لەناڕەحەتی و ستەم و هێرشی دوژمنان بمانپارێزێت، نابێت موسوڵمان  ئاوات بە بەرەنگاربونەوەی دوژمن بخوازێت و داوا لە خوا بكات سەلامەتی پێببەخشێت، چونكە ئاژاوەو جەنگ هۆكاری وێرانییە.
گەورەترین سامانی بەنرخ و نەفەوتاو بریتیە لەزانست و دەبێت لەهەموو كاتێكدا هەوڵی زانستخوازی بدەین،  بەراستی كتێب هاوڕێیەكی خۆشەویست‌و دڵسۆزەو دەبێت بەجوانی كتێبەكانمان بپارێزین.
جیهاد كردن لەڕێی خوای گەورەدا فەزڵی زۆری هەیەو بەردەوام هاوەڵان و زانایانی ئیسلام ئەگەر جیهاد كردنیان بەدی كردبێت تیایدا بەشدار بون.
نابێت هەرگیز رەخنە بگرین لەخواردن و بەهەموو بەخششێكی خوا رازی بین، ئەگەر بەدڵمان نەبوو خواردنەكە نەخۆین و بێگلەیی كردن بگەڕێینەوە دواوە.
هەمیشە پشت بەخوای گەورە ببەستین و دڵنیابین خوای گەورە ئاگای لەهەموو شتێكەو هەرچییەك خوا بیەوێت تەنیا ئەوە دەبێت.
دەبێت هەمیشە وریای ئاشتی و خۆشی موسوڵمانان بین و خۆمان بپارێزین لە فیتنەو ئاژاوەنانەوە وەك چۆن ئیبن تەیمیە هەرچەندە بەندیش كرابوو كەچی نەیدەهێشت بەهۆی ئەوەوە موسوڵمانان كێشە بكەوێتە نێوانیانەوە.
خوای گەورە پاڵپشتی موسوڵمانانەو هەركات موسوڵمان راستیەكی زانی و پێویست بوو بیڵێت نابێت بترسێت و دەبێت بیڵێت بەتایبەت وتنی راستی لەبەردەم كەسی ستەمكاردا گەورەترین جیهادی رێی خوایە.


سەرچاوەکان



3411 بینین