دووپشک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-06-26-17:28:00 - کۆدی بابەت: 795
دووپشک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دووپشک (بە عەرەبی: العقرب، بە ئینگلیزی: scorpion)، بە یەکێک لە خشۆکە ژەهراوییەکان پۆلێندەکرێت، کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان، نشینگەکەی بە زۆرینەی وڵاتە جیاوازەکاندا بڵاوبووەتەوە و جێگەی ژیانکردنیشی لە نێوان بەرد و درز و جێگە گەرم و وشکەکانە، بەڵام زۆرینەیان لە ناوچە گەرمەکانی هێڵی کەمەرەیی دەژین، دووپشک نزیکەی ١٥٠٠ جۆری هەیە و لە نێوانیشیاندا ٤٠ جۆریان ژەهراوین و ژەهرەکەشیان بەڕادەیەک زۆرە کە توانای کوشتنیان هەیە.

شێوەی دەرەوەی

درێژی دووپشک بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی لە نێوان ٢.٥-٢٥ سانتیمەتر دەبێت، جەستەی پێکهاتووە لە دوو بەش سەر لەگەڵ سنگ هەروەها هەشت پەلیشی هەیە، دوو پەلی پێشەوەی درێژدەبنەوە و چنگەکانی لێ دەبێتەوە کە بەهۆیانەوە خۆراک دەگرێت، شەش پەلەکەی تریشی بۆ ڕۆشتن و جووڵە بەکاردێن، هەروەها لە کۆتایی کلکییەوە بەشی پێوەدانی هەیە، لە بەشی ژێرەوەی جەستەیدا ئەندامی هەستکردنی هەیە کە وەک شانە دەردەکەون، ئەم ئەندامانە بەکاردێن بۆ هەستکردن بە جێگەی خۆراک و دۆزینەوەی.  

خۆراک

دووپشک گیانەوەرێکی شەوانەیە واتە بە ڕۆژدا خۆی حەشاردەدات و پاشان بە شەودا بۆ گەڕان بە دوای خۆراک لە جێگەی مانەوەکەی دەردەچێت، ژەمە خۆراکی سەرەکیی بریتین لە مێرووەکان و جاڵجاڵۆکەکان، بەڵام هەندێک لە دووپشکە قەبارە گەورەکان دەتوانن گیانەوەری خشۆک و قرتێنەری بچووکی وەک مشکەکان بخۆن، هەروەها جگە لە ئەمانەش دووپشکەکان دەتوانن دووپشکی تر بکەن بە ژەمی خۆراکی.

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی زۆربوونی دووپشکەکان بە لەدایکبوونی بێچووە، ماوەی سکپڕیش دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری دووپشکەکە کە لە چەند مانگێکەوە دەستپێدەکات هەتا زیاتر لە ساڵێک، لە کۆتایی ماوەی هەر دووگیانییەکدا مێینەکە ٢٥-٣٥ بێچووی دەبێت، لە سەرەتادا بێچووەکان کاڵ و لاوازن دایکەکە پەروەردەیان دەکات و چاودێرییان دەکات هەتا دەگەنە قۆناغی پشتبەخۆبەستن، کە باوەڕ وایە دایکەکە هەموو بێچووەکان دەخاتە سەر پشتی و لەگەڵ خۆیدا دەیانگێڕێت و خۆراکیان بۆدابین دەکات.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • دووپشکی ئیمپراتۆر: لە کیشوەری ئەفریقادا دەژی و یەکێکە لە گەورەترین دووپشکەکان کە درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر، بەڵام ڕادەی ژەهرەکەی نزمترە بە بەراورد بە زۆرینەی جۆرەکانی تر.
  • دووپشکی دارستان: جۆرێکی ڕەنگ قاوەییە کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوستورالیا دەژی، لە ژێر قەدی درەخت و کۆمەڵە گەڵاکاندا دەژی، هەروەها دەکرێت ئەم جۆرە لە نزیک شارەکانیش بوونی هەبێت.
  • دووپشکی عەرەبی: ئەم جۆرەیان تایبەتمەندە بە قەبارە بچووکەکەی، ڕەنگی لە زەردی کاڵەوە نزیکە و ڕادەی ژەهرەکەشی کەم و لاوازە، لە ئەو ناوچانەدا ژمارەیان زیاترە کە درەختی زۆر یاخود زبڵ و خاشاکی زۆری هەیە.
  • دووپشکی ڕەش: ئەم جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا بوونی هەیە، جۆرێکی ژەهراوییە و چەندین جۆری تری هەیە هەروەها درێژییەکەشی دەگاتە نزیکەی ٩ سانتیمەتر.


سەرچاوەکان



3734 بینین